به‌جیهانیبوون و گەردەلوولى تیرۆر

2017-04-08

به‌جیهانیبوون و گەردەلوولى تیرۆر

 

نووسینی: ئه‌لسه‌یید یاسین

وه‌رگێرانی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: چرا عومه‌ر 

ئێمە لەسەردەمى بەجیهانیبووندا دەژین؛ ئەمە بووه‌تە دەربڕینێکى نه‌ریتی بۆ وەسفکردنى ئەو گۆڕانکارییە گەورانەى کە لە کۆمەڵگەى جیهانیدا ڕوو ده‌دات. ئەمەیش لە گرێى کۆتاییى سەدەى بیستەمەوە،‌ هه‌روه‌ها له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م، کاریگەرییەکانى قووڵ بوونەوه‌. دەربڕینێکی دیکه‌یش هەیە وەسفى دیمەنەکانى توندوتیژى دەکات لەسەر ئاستى کیشوەرە جیاوازەکانى جیهان، ئەویش ئەوەیە: "لە ئێستادا لە زەمەنى تیرۆردا ده‌ژین.

گومانی تێدا نییه‌،  دیاردەى تیرۆر کە پێشتر لەسەر ئاستى ناوخۆییی چەند شوێنێکى دیاریکراودا بوونى هەبوو، لە ئێستادا سنوورى کیشوەرەکانى جیهانى بڕیوە. ڕووداوەکانى یازدەى سێپتێمبەر کە کۆمەڵێک تیرۆریستى ئیسلامی ئه‌نجامیان دا،  کارى کردە سەر هێزى ئابوورى و سیاسیى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، کە دیارترین نموونەیە لەسەر مەترسییەکانى دیاردەى تیرۆر. ئه‌وه‌ بووە هۆى ڕووداوى مێژووییی گەورە؛ له‌وانه‌یش هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازیی ئه‌مریکا له‌ ئەفغانستان، هاتنی لەشکرى سه‌ربازیی ئەمریکا بۆ عێراق و سه‌رهه‌ڵدانی گرووپه‌کانی تیرۆر له‌و وڵاتانه‌. 

جگە لەوەیش هەڵمەتەکانى تیرۆر،  پشکى شێرى له‌ وڵاتانی عەرەبیدایه‌  و وێرانکه‌رانه‌یه‌. ئەوەى ئێستا عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت، لەو کردارە تیرۆریستییانەى هەموو ڕۆژ ڕوو دەده‌ن، سەدان کوژراو و بریندارى لێ دەکەوێتەوە.  بەڵام، له‌ حاڵه‌تی  سووریادا  ئه‌وه‌ی ڕوو دەدات لە سەرووى باسکردنەوەیە، کە تاوانەکانى سیستەمە سیاسییەکە تێکەڵ بە کردارە تیرۆریستییەکانى گرووپه‌ چەکدارییەکان بووە؛ بە شێوەیەک سووریا بۆتە هێماى پێشێلکردنى مافە سەرەکییەکانى هاووڵاتییان، کە گرینگترینیان مافى ژیانە.

میسریش لەو کردارە تیرۆریستییانە بێبەش نەبووه‌. هەرچەندە پێشتر ئەم دەوڵەتە ڕەگەکانى تیرۆرى ڕیشەکێش کردبوو و، ئه‌وه ‌بوو لە ساڵانى نەوەدەکان هه‌ڵمه‌تێکی بۆ لە ناوبردنى کۆمەڵەى "جیهاد" و کۆمەڵەى "ئیسلامى" ده‌ست پێ کرد، بەڵام لەم دوایییانەدا دووبارە دروست بوونەوە و، ڕۆژانە کارى تیرۆریستی و دڕندانه‌یان  ئەنجام دەدا؛ بە شێوەیەک کە تەقینەوە تیرۆریستییەکان و کوشتنى پیاوانى پۆلیس و هێزە چەکدارییەکان بۆتە ڕووداوى ڕۆژانە.

لێره‌دا،  پرسیارێکى سەرەکى دروست دەبێت کە پەیوەندارە بە سروشتى کۆمەڵگەى ئێستا و بە هۆکارە قووڵەکانى سەرهەڵدانى ئەم دیاردەیە، لەژێر ڕۆشناییى تیۆریى زانستى کۆمەڵایەتیی نوێ، هەروەها هەوڵدان بۆ دۆزینەوەى باشترین ئامراز بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و دانانى سنوورێک بۆ کاریگەرییەکانى.

سەرەتا،  دەکرێت بڵێین ناتوانین لە دیاردەى تیرۆر تێ بگەین، تەنیا بە دانانى نەبێت لە ئاستى دیارده‌یه‌کی جیهانیدا؛ واتە وەسفکردنێکى ورد بۆ ئەو گۆڕانە گەورانەى کە له‌ کۆتایییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م لە جیهاندا ڕوویان داوە. لە گرینگترین ئەو گۆڕانکارییانە، گۆڕانە لە شێوازی کۆمەڵگەى پیشەسازیدا،‌ کە ‌بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک لە دواى بەرپابوونى شۆڕشى پیشەسازییه‌وه بەردەوام بوو؛ ‌ بۆ نموونە، کۆمەڵگەى زانیاریى جیهانی. دەکرێت بڵێین ئەم نموونە نوێیە نەدەکرا دروست ببێت، تەنیا به ‌هۆی هەڵگیرسانى شۆڕشى پەیوەندییە گەورەکانه‌وه‌ و، به‌ هۆی یه‌کێک له‌ ئامێره‌ سەرەکییەکانیەوە نه‌بێ؛ ئەویش بریتییە لە تەلەڤزیۆن، کە بۆتە هۆى ئەوەى مرۆڤه‌كان لە هەر شوێنێکی جیهاندا بن،  سەڕەڕاى ڕۆشنبیریى جیاوازیان، بە شێوەیەکى واقعى و لە کاتى خۆیدا لە گه‌رمه‌ی ڕووداوە سیاسى و ئابوورى و ڕۆشنبیرییه‌كاندا بژین.

هەروەها، هەموو بەشەکانى جیهانى پێکەوە بەستۆتەوە. لە گرنگترین دەستکەوتەکانى شۆڕشەکانى پەیوەندی، بریتییە لە تۆڕى ئینترنێت، کە ژیانى ملیۆنان کەسى گۆڕى و، کاریگه‌ریی لەسه‌ر هەموو دەوڵەتەکانى جیهان دانا.  بە شێوەیەک بۆتە بوارێکى گشتى، کە بە هۆیەوە هەموو کردارە سیاسى و ئابوورى و ڕۆشنبیرییەکان ئەنجام دەدرێت. ئینترنێت، ڕێگەى دا وێنەیەکى نوێ لە هەڵمەتى سیاسى بێته‌ كایه‌وه‌، کە بە حوکمى سروشتى تۆڕەکەوه‌ شێوەى بلۆگنووسینی  وەرگرت. هەروەها دەرکەوتنى فەیسبووک و تویته‌ر؛ وەکوو ھۆیەکانی پەیوەندیکردنى کۆمەڵایەتى و سیاسى، هەتا شۆڕشەکانى (بەهارى عەرەبى) ڕوویان دا، ئەگەر لە ڕووى هەڵچوونى جەماوەر دژى سیستەمى سیاسیى گشتگیر و دەسەڵاتدار، پشتى بەم تۆڕە ئەلیکترۆنییانە نەبەستایە.

پرسیارى سەرەکى ئەوەیە: چۆن لە کۆمەڵگەى زانیاریى جیهانى تێ بگەین، لە کاتێکدا ئەم ئامرازە نوێیانە و پەیوەندیى نێوان سه‌رچاوه ‌و وەرگر لەخۆ دەگرێت؟ زۆر تیۆری (بیردۆز) لەسەر ئەم بابەتە دروست بوون، کە هەوڵ دەدەن باسى چۆنیەتیى کارکردنى کۆمەڵگەى زانیارییە جیهانییەکان بکەن؛ دیارترینیان تیۆریی "کۆمەڵگەى تۆڕ"، کە زاناى کۆمەڵناسى ئەمریکى، کاستڵز، خاوەنیەتى؛ لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە هەر سێ بەرگییەوە: "کۆمه‌ڵگه‌ی تۆڕ"، "هێزی ناسنامه‌" و "کۆتاییی ساڵی2000 واتە تەواوکردنی ساڵی دیکە". کاستڵز لە باسى ناوەڕۆکى تیۆرییه‌کەى دەڵێت: "دواى پەیدابوونى ئینترنێت، ناکۆکییەکى دووانەیى لە نێوان تۆڕ و کەس دروست بوو."

مەبەستى لە تۆڕ، پێکهاتەکانى سیستەمى نوێیە و لەسەر بنەماى بەکارهێنانى فراوان دروست کراوه‌، کە زۆربەى کەرتە ئابوورییە پێشکەوتووەکان جیا دەکاتەوە. لەسەر کۆمپانیا گەورەکانیش کە ڕکابەریی توندیان هەیە جێبەجێ دەبێت و، هەروەها لەسەر کۆمەڵە ناوخۆیییەکان و جووڵانه‌و‌ە کۆمەڵایەتییەکان؛ دیارترینیان ئەو جووڵە سیاسییانەن کە ڕووبەڕووى سیستەمى گشتگیر و دەسەڵاتدار دەبنەوە، لەگەڵ ئەو جووڵە تیرۆریستییانەى کە هەن، بە شێوە جیاوازەکانییانەوە.

لە لایەکى ترەوە، "کەس" خۆی هێمایەکە بۆ ئەو چالاکییانەى کە خەڵک هەوڵ دەدەن جەخت لە ناسنامەى خۆیان بکەنەوە؛ بەتایبەت لە ئێستادا کە لە سەردەمی بەجیهانیبووندا دەژین، کە هەوڵ بۆ یەکخستنى سیستەمى ئابووریى جیهانى لەژێر ڕۆشناییى فەلسەفەى لیبراڵى نوێدا دەدات؛ هەروەها هەوڵ بۆ سەپاندنى رۆشنبیریی ڕۆژاوایی دەدات، کە دەبێتە هۆى نەمانى ڕۆشنبیریى ناوخۆیى (نیشتمانى).

لێرەوە بابەتى ناسنامە ڕۆڵى سەرەکیى خۆى دەگێڕێت، چونکە خەڵک لە کۆمەڵگە جیاوازەکان (ناڕۆژاوایییەکان) هەوڵ دەدەن بەرگرى لە ناسنامەى خۆیان بکەن؛ کە ئەمەیش ئامرازێکى نموونەیییە دژى ئەو هەڵمەتە جیهانییەى کە هەوڵ دەدات تایبەتمەندیی ڕۆشنبیرى لەناو ببات، بەتایبەت بۆ گەلانى جیهانى سێیەم. پاشان پێکهاتەى کۆمەڵایەتیى نوێ دروست بوو، جەخت لە ناسنامەى سەرەتایی و ئایین و میانڕەوى و هاونەتەوەیى دەکاتەوە. ئەم ناسنامانە، وەکوو خانەى بایۆلۆژیی کۆمەڵایەتى کە جێگیرن، بەکاردێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەى کە لە ئاکارە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕوو دەدەن.

کاستڵز پێناسەیەکى وردى ناسنامەى کردووە: "کردارى بنیاتنانى مانایە‌ بەپێى خەسڵەتی ڕۆشنبیری، یان بۆ کۆمەڵێک تایبەتمەندیى ڕۆشنبیری کە پێشینەیان له‌و‌ پێکھێنەرانەدا ھەیە که مانایان بنیات ناوه‌‌." ئه‌و زانایه‌ جیاوازیی لە نێوان سێ جۆرى ناسنامەدا کردووە، ئەوانیش ناسنامەی شه‌رعی، کە دامەزراوە گەورەکانى کۆمەڵگە پشتى پێ دەبەستن بۆ ئەوەى لە کۆنترۆڵکردنى ئەوانى دیکەدا ئاسانکاریان بۆ بکات‌؛ دیارترین نموونەى بەخشینى شەرعییەتە لە سیستەمى گشتگیر و تاکڕەودا. هەروەها ناسنامەى "به‌رهه‌ڵستی‌" بەرهەمى ئەوانەیە کە وا هەست دەکەن بارودۆخیان دەبێتە هۆى دوورخستنەوەیان بە حوکمى لۆژیکى "زاڵبوون"؛ دیارترین نموونەى بریتییە لە خۆبەدەستەوەنەدانى دەوڵەتى فەلەستین بەرامبەر ئیسڕائیل.

دوایین جۆریان بریتییە لە ناسنامەى "پرۆژه‌ی ئایینده". ئەمەیش ئەو جووڵە کۆمەڵایەتییانە دروستى کردووە کە هەوڵ بۆ گۆڕانکاریى گشتگیر و  کودەتا لە کۆمەڵگەدا دەدەن؛ نموونەیش بۆ ئەم جۆرە، "ناسنامەى کۆمەڵەى ئیسلامى سیاسى"یه‌، کە دەیەوێت کۆتایى بە دەوڵەتى شارستانى بێنێت و، دەوڵەتى ئایینی جێگەى بگرێتەوە. ئەم کۆمەڵانە لە قۆناغێک لە قۆناغەکان گەشە دەکەن و کرده‌وه‌ی تیرۆرستى ئه‌نجام ده‌ده‌ن؛ به‌ئاشکرا دژى دەوڵەت بێت، یان دژى جەماوەر.

بەم جۆرە، لە یاساى "کۆمەڵگەى تۆڕ"یدا، کە جەخت لە ناکۆکیى نێوان "تۆڕ" و "خود" دەکاتەوە، دەکرێت لە دیاردەى تیرۆر تێ بگەین؛ کە لە ڕاستیدا ناکۆکییەکە لە نێوان "کۆمەڵگە" و "خودى تیرۆر"دا، کە هەوڵ دەدات جیهان بگۆڕێت تەنانەت ئەگەر بە خوێنڕشتنیش بێت.​​

 

سەرچاوە:

www.alhayat.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples