2017-04-08
یارمەتیی کوردە هاوپەیمانەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بدەن
(چیتر خواستی سەربەخۆبوونیان، بە کێشە و گرفت دامەنێن)
سێس جەی فرانتزمان
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی
بۆ ماوەی دوو ساڵە هێزەکانی ئهمریکا لە نزیکەوە لەگەڵ کوردەکان لە دژی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پێکەوە کار دەکەن. سەرەتا ئەم پێکەوەکارکردنەیان، لەگەڵ پێشمەرگە، کە هێزێکی چەکداری هەرێمی کوردستانن لە باکووری عێراق، دەستی پێ کرد و، دواتر بەرفراوانتر بوو و، وای لێ هات ئهمریکا هاوشانی یەکینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) جەنگی داعش لە سووریایشدا بکات. هەم لە باشووری کوردستان و هەم لە ڕۆژاوای کوردستان، ئهمریکا هاوپەیمانێکی باش و دروستی دۆزییەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە واشنتۆن زۆر بەئاگایانە مامەڵە لەگەڵ پرسی سەربەخۆبوونی کورد دەکات و، دەیەوێت باڵانسێك لە نێوان پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا و ئانکارادا ڕابگرێت. بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەو هەڵە مێژوویییە ڕاست بکرێتەوە.
لە مانگی چواردا، ئهمریکا ڕەزامەندیی لەسەر ئەوە دەربڕی، کە بە بڕی ٤١٥ ملیۆن دۆلار هاوکاریی دارایی پێشکەشی پێشمەرگە بکات. وەزیری بەرگریی ئهمریکا، ئاش کارتەر، بەم شێوەیە باسی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت: "هێزی پێشمەرگە یەکێکە لە بەهێزترین و کاریگەرترینی ئەو هێزانەی کە ڕووبەڕووی داعش بوونەتەوە و لە دژی داعش دەجەنگن." ئەم کۆمەکە دارایییەی ئهمریکا بۆ پێشمەرگەی کوردستان، لە مانگی شەشی ساڵی ٢٠١٦دا بە شێوەیەکی فەرمی جێبەجێ کرا؛ کاتێك یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئهمریکا، ئێلیسا سلۆتکین، ڕێککەوتنێکی مێژووییی لەگەڵ "سەرۆك بارزانی"دا واژوو کرد.
پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئهمریکا لەسەر هاندانی کوردەکان بۆ هاوکاریکردن و پێکەوەکارکردنی کوردەکان لەگەڵ سوپای عێراق لە جەنگی ئازادکردنەوەی مووسڵ، بنیات نرا. برێت ماكگۆرك، کە وەك لێپرسراو و نوێنەری سەرجەم هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دەستنیشان کرا، ڕۆڵێکی گرنگی لە دروستکردنی ئەم پەیوەندیییەی نێوان کورد و ئهمریکادا هەبوو. بە مەبەستی هاوکاریکردن و بووژاندنەوەی لایەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردوو، ماكگۆرك هەوڵێکی زۆری دا بۆ ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت. هەروەها پنتاگۆن سەنتەرێکی هەماهەنگیی ڕاهێنان و پێکەوەکارکردن و سێ بنکەی ڕاهێنانی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان دروست کرد. تاوەکوو مانگی هەشتی ساڵی ٢٠١٦، شەش هەزار پێشمەرگە لەو بنکەی ڕاهێنانە سەربازییانە ڕاهێنانیان پێ کرا و، دواتریش ئەم ڕاهێنانە هەر بەردەوام بوون و، هەوڵ درا تیمی تایبەتیی پێشمەرگە وەك ڕاهێنەر لەوێ کار بکەن.
لە ئێستادا کوردەکان چاویان بڕیوەتە ئاسۆی چارەنووسیان و سەیری داهاتووی خۆیان لە دوای کۆتاییهاتنی داعش دەکەن. وەزیری دەرەوەی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا بەکر، دەڵێت: "ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا سەرکەوتوو نەبوو و، ئێستا کاتی ئەوەیە، کە پرسی سەربەخۆیی بخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ و قسهی لهسهر بكهین." کوردەکان خەمی ئەوەیانە کە لە داهاتوودا ئهمریکا لە ڕووی سەربازییەوە پشتیوانی لە بەرژەوەندییەکانی کورد نەکات و، هەمان ئەوە دووبارە ببێتەوە کە لە ڕابردوودا ئهمریکا دەستی لێ بەردان و تا سەر پشتیوانیی نەکردن.
لە ئەنجومەنی پاشایهتیی ئیدن بێرگ لە ساڵی ٢٠٠٨، ژەنراڵ سایمۆن مایاڵ، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق، باسی بزووتنەوەی جیهادی و بزووتنەوە و جووڵانەوەکانی تری کرد و، گوتی: "هەرێمی کوردستان شوێنێکی تەواو ئارامە و، لە ساڵی ٢٠٠٣وە تەنانەت یەك قوربانییشمان لەو ناوچەیە نەبووە و، هیچ گرفتێکی ئەمنیمان بۆ نەهاتووەتە پێش." هەر لە درێژەی گوتارەکەیدا و دوای ئەوەی مایاڵ بەدرێژی باسی هێرشی عەرەبەکانی بۆ سەر هێزی هاوپەیمانان کرد، گوتی: "یەکێك لە پرسەکانی عێراق، پرسی پێداگریی سیاسیی کوردەکانە لهسهر خۆڕێوهبهری و جیابونهوهیان له عێراق، کە گوشارێکی زۆریان خراوەتە سەر بۆ ئەوەی خۆیان وەك بەشێك لە عێراق لە قەڵەم بدەن."
ناڕێکی و ناهەماهەنگیی ئەم بابەتە، نیشاندەری سیاسەتی ئهمریکایە لە ناوچەکەدا. هەتاوەکوو کوردستان ئارامتر و سەقامگیرتر بێت، دەتوانێت نزیکتر و باشتر لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژاوادا کار بکات و هاوکار بێت، کەچی تاوەکوو زیاتر پێداگریی لەسەر سەربەخۆبوون و جیابوونەوەی لە عێراق بکات، ئەم خواستەی کوردەکان وەك کێشە و گرفت سەیر دەکرێت. بەڵام تاوەکوو شیعە و سوننە عەرەبە توندڕەوەکان زیاتر دژایەتیی ئهمریکا بکەن، ئهمریکا زیاتر لەگەڵیاندا دەبێت و، هانیان دەدات بەشێك بن لە چارەسەری کێشە و گرفتەکانی ناوچەکە. ئهمریکا تا ئێستایش لەگەڵ یەکگرتوویی و یەكپارچەییی خاکی عێراقدایە و، سەرەڕای ئەوەی کە دەیان ساڵە لەگەڵ کوردەکان کار دەکات، کەچی هێشتایش دوودڵە لەوەی کە بەتەواوەتی پشتیوانیی کوردەکان بکات.
لە ساڵی ٢٠١٤ و دوای ئەوەی داعش پەلاماری کورد و ئێزیدییەکانی دا، پیتەر بینارت لە ئەتڵانتیك گوتی كه بەرهنگاربوونەوە و جەنگان لەگەڵ داعش ئەوەیە، دەبێت پەیوەندی و هاوپەیمانی لەگەڵ کوردەکان دروست بکەین. بینارت نووسیویەتی: "هێزی پێشمەرگە، هێزێکی سەربازیی بەجەرگ و خاوەن متمانەن و خاوەنی بەرنامەیەکی کاری سیاسیی خۆیانن، کە لە هەموو هێزەکانی دیكهی ناوچەکە زیاتر لایەنگریی ئهمریکا و ئازادیخوازین. بەڵام ئەگەر بێت و ئهمریکا هاوکارییان بکات و پشتیوانیان بێت، ئەوا پرسی سەربەخۆییی کوردەکان زیاتر بەرەو پێشتر دەبات و، کۆتایی بە یەکپارچەییی خاکی عێراق دەهێنێت."
بەڵام بۆچی ڕەخنەگران و سیاسەتوانانی ئهمریکا زیاتر بە عێراقەوە نووساون و لایەنگری عێراقن، لە کاتێکدا زۆربەی حزبە سیاسییەکانی عێراق، وەك ئەو حزبەن کە مهلا و پیاوێکی ئایینیی وەك "موقتەدا سەدر" سەرکردایەتیی دەکات و دژی بەرژەوەندییەکانی ئهمریکایە لە عێراقدا؟ باشتر وایە ئهمریکا سیاسەت و پەیوەندییەکانی پێچەوانە بکاتەوە و، لە ڕووی سەربازییەوە یارمەتیی عێراق بدات بۆ بەرهنگاربوونەوەی داعش و، لە ڕووی سیاسییەوە پەیەوەندییەکانی لەگەڵ هەولێردا توندوتۆڵ بکات. بەرژەوەندییەکانی کوردستان، کە ڕووبەڕووبوونەوەی داردەستەکانی ئێرانە لە عێراقدا، هەمان بەرژەوەندیی ئهمریکایە. وەزیری دەرەوەی ئهمریکا، ڕێکس تەڵەرسۆن، پێشتر لە گرێبەستە نەوتییەکان و بابەتی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دهستی هەبووە و، دەزانێت هەرێمی کوردستان بۆ ئهمریکا چەندە گرنگە. بەڵام هەموو هاوکاری و پێکەوەکارکردن و پهیوهندییهکی ئامریکا لەگەڵ کوردەکان لەسەر بناغەی جهنگی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بنیات نراوە؛ کهچی هێشتایش ئهمریکا لە تێڕوانینی تورکیاوە لە بابەتەکە دەڕوانێت و بهههمان تێڕوانینهوه لەگەڵ کوردەکاندا کار دەکات.
پەیوەندییەکانی نێوان یەپەگە و هێزە دیموکراتخوازەکانی سووریا، زیاتر پەیوەندیی لاواز و ژێربەژێرن. تاوەکوو ساڵی پاریش ئهمریکا بە چەکی سووك و هێزی سەربازی، یارمەتیی هێزە دیموکراتخوازەکانی سووریای دەدا. لە دانیشتنەکانیاندا بەرپرسانی ئهمریکی، بەئاگا بوون لەوەی کە ئەم کۆمەك و هاریکاریکردنەیان بەرەو چ ئاقارێك دەڕوات. ساڵی پار ژەنراڵێکی ئهمریکی بە ناوی جۆزێف ڤۆتێڵ، کە چەندین گەشتی بە مەبەستی چاودێریکردنی هاوکاریکردنەکەیان بۆ سووریا ڕێک خستبوو، گوتی: "ئێمە لە توانای ئەوان و هاوکاریکردنی ئەوان دڵنیاین...پێم وایە ئەم جۆرە کارکردنە زۆر باشە."
دوو هەفتە دوای ئەوەی مایك پۆمپیۆ وەك بەرپرسی سی ئای ئەی دەستنیشان کرا، سەردانی تورکیای کرد. لە ٢٨ی فیبرایەر سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەییب ئهردۆغان، هەڕەشەی هێرش و پەلاماری لە هێزە دیموکراتخوازەکانی سووریای لە مهنبج کرد. هەروەها، ئهردۆغان یەپەگەی بە هێزێکی تیرۆریستی لە قەڵەم دا و، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە: "ئەوە نەگونجاوە تورکیا ئەوە قبووڵ بکات هێزێکی چەکداری تیرۆریستی لەسەر سنوورەکانیدا بوونی هەبێت." ئهمریکا دەبێت باڵانسێك لە نێوان هاوپەیمانێتی لەگەڵ تورکیا و کارکردن لەگەڵ کوردەکاندا ڕابگرێت، بەڵام نابێت دواتر واز کوردەکان بێنێت و خیانەتیان لێ بکات. لە جیاتی ئەمە، دەبێت ئهمریکا پەیوەندیی سیاسیی کراوەتر و باشتر ڕەچاو بکات.
لە سەردەمی دەسەڵاتی ئۆبامادا، ساڵانێکە ئهمریکا خەریکی چاککردن و برەوپێدانی بەربەستێکە لەگەڵ ڕژێمگەلێکی وەك ئێران، کە بەئاشکرا دژایەتیی ئهمریکا دەکات و ڕقی لە ئهمریکایە. لە پاکستاندا بەپێی ئەو ئامار و نموونانەی کە بەردەستە لەبارەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئهمریکا، زیاتر لە دوو لەسەر سێ (٣/٢)ی خەڵك، وەك دوژمن لە ئهمریکا دەڕوانن. (٨٥%)ی ئۆردنییەکان و (٧٣%)ی تورکهکان ڕایان لە ئهمریکا نییە، بەڵام لە کاتێکدا هەر کەسێك گەشتی بۆ کوردستان کردبێت، لەوە تێ گەیشتووە و هەستی بەوە کردووە کوردەکان زۆر لەگەڵ ئهمریکادان و هەست بە ئارامی دەکەن.
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئهمریکا وەڵامدانەوەیەکی بۆ ئەم کاردانەوەی كوردهكان هەبێت. لەم ڕووەیشەوە زیادکردنی ئاستی هاوکاریکردن و پشتیوانیی سەربازی، دەستپێکێکی باشە. بەڵام دەبێت بە شێوەیەکی فەرمی، بەرپرسانی ئهمریکایش پشتیوانیی خۆیان بۆ سەربەخۆبوونی کوردەکان ڕابگەیەنن و، چیتر وەك کێشە و گرفت سەیری نەکەن. هیچ ناسازگاری و ناڕێکییەکی کورد لەبارەی سەربەخۆبوونیانەوە بوونی نییە. کوردەکان تەنیا داوای ئەوە دەکەن، کە نەتەوەکانی تریش هەیانە؛ ئەوان داوای مافی بڕیاردانی چارهنووسی خۆیان دەکەن. ئەوان دەیانەوێت لە دەوڵەتانی وەك سووریا و عێراق و ئێران جیا ببنەوە، کە ساڵانێکە بە دڕندانەترین شێوە کوردەکانیان سەرکوت کردووە. پشتیوانی و هاوکاریکردنی کوردەکان لە لایەن ئهمریکاوە، ئەوە دەردەخات کە ئهمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدایە.
سەرچاوە: