سیاسەتی سەرۆك ترامپ بەرانبەر بە کوردەکان لە عێراق و سووریادا شێوە دەگرێت و دەردەکەوێت

2017-04-20

سیاسەتی سەرۆك ترامپ بەرانبەر بە کوردەکان لە عێراق و سووریادا شێوە دەگرێت و دەردەکەوێت

 

زاك دی هەف

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

هەر دوا بە دوای هەڵبژاردنەکان، "بریتبارت" لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەیەکی بڵاو کردبووەوە و، تێیدا ئاماژە بەوە درابوو کەوا سەرۆك "دۆناڵد جەی ترامپ"، هیوایەکە بۆ به‌ره‌وپێشبردنی دۆزی نەتەوەی کورد. بەڵام لە دوای ٨١ رۆژ لە دەستبەکاربوونی سەرۆك ترامپ وەك سەرۆکی ئه‌مریکا، ئایا ئەم تێڕوانینەی کە گوایە سەرۆك ترامپ هیوایەکە بۆ پێشڤەچوونی دۆزی نەتەوەی کورد، لە شێوازی بنیاتنانی هاوپەیمانێتی لە نێوان کورد و ئه‌مریکادا دەردەکەوێت؟

لەگەڵ ئەم سیاسەتە نوێیەی ئه‌مریکا، کە بڕیاری دا هەرچی زووترە داعش لەناو ببات و نەیهێڵێت، پرسیاری بێوەڵامی ڕۆڵی کورد لە جەنگی دژی داعش بە نەزانراوی و بێ وەڵام ماوەتەوە. کاردانەوە و دەرەنجامی چۆنێتیی سیاسەتی ئیدارەی ترامپ بەرانبەر بە دەسەڵاتدارانی کورد لە عێراق و سووریادا بەتەواوەتی ڕوون نییە، بەڵام ڕاستیی دەرکەوتنی شێوازی ئەم سیاسەتەی نێوان هەر دوو لا لە جێبەجیکردن و کردار و کاردانەوەی ڕۆژانەدا وردە وردە دەردەکەوێت.

یارمەتیدانی کوردەکان لە لایەن ئه‌مریکاوە، کە لە هەوڵی دروستکردنی لانەیەکن بۆ خۆیان و، پەیوەندیی ئه‌مریکا لەگەڵ تورکیا و ڕژێمی سووریادا ناڕوونییەکی دروست کردووە. بژاردەی ئەمریکا و ستراتیژیی ئه‌مریکا لە عێراق و سووریا تا ئێستایش نادیارە و، هێشتا بەڕوونی ڕانەگەیەنراوە. لە بڵاوکراوەیەکیدا، "واشنتۆن پۆست" باس لەوە دەکات، کەوا ئیدارەی ترامپ پلانەکەی سەرۆك ئۆبامایان بۆ پڕچەكکردنی کوردەکان وەلا ناوە و، ئەو پلانە پشتگوێ خراوە.

لەوکاتەدا تورکیا هەڕەشەی زیادکردنی هێرشەکانی بۆ سەر هێزە کوردییەکانی سووریا کرد، کە تورکیا بە "تیرۆریست"یان دەزانێت، کوردەکانی سووریایش ناچار بڕیاری ڕاگرتن و کۆتاییپێهێنانی جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشیان دا بۆ ئەوەی بتوانن بەرپەرچی هەڕەشە و هێرشەکانی تورکیا بدەنەوە و بەرگری لە خۆیان بکەن. لەبەر ئەم هۆکارە، بۆ ماوەیەك وا دادەنرا کەوا ئه‌مریکا خەریکی پڕچەكکردنی هەر دوو لایە (مەبەست لە کوردەکان و داعشە) و، ئەمەیش بووە هۆی دەرکەوتنی دیوێکی تر لە ڕووبەڕووبوونەوە و ناڕەزایی بەرانبەر بە ئه‌مریکا.

لە ماوەی سەردانەکەم بۆ لای کوردەکانی سووریا و عێراق، کە مانگێکی خایاند، بەتایبەت سەردانی ئەو کەسانەم کرد کە ڕاستەوخۆ هەر پەیوەندی و سیاسەتێکی ئه‌مریکا هەبێت لەگەڵ ئەوان دەبێت، بۆ ئەوەی ئاڕاستەی دروستیی شێوازی سیاسەتی ئه‌مریکام لەناوچەکەدا بۆ دەربکەوێت. لێرەدا پرسیارگەلێك دێنە ئاراوە و، دەکرێت بپرسین: ئایا ئه‌مریکا لەگەڵ پلانەکەی تورکیایە بۆ ئازادکردنەوەی ڕەققە، یان لەگەڵ هێزە دیموکراتخوازەکانی سووریایە کە لە لایەن کوردەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێن؟ ئایا لە دوای کۆتاییپێهێنانی داعش لە عێراقدا، ئه‌مریکا ئاستی هاریکاریی سەربازی بۆ کوردەکانی عێراق، بۆ ئاستێکی نزمتر دادەبەزێنێت؟

هێڵ و سنوورەکان دووبارە دەکێشرێنەوە، بەڵام ئەمە تەنیا کاردانەوەیەك لە بەرانبەر بەکارهێنانی چەکی کۆکوژ و چەکی کیمیاییدا نییە کە لە ماوەی جەنگی ناوخۆی سووریادا بەکار هێنراوە. ئەو کاتەی من لە سووریا بووم، ئه‌مریکا هێزی پشتیوانیی بۆ یارمەتیدانی کوردەکانی سووریا لە نزیك ڕەققە نارد و، چەند ڕۆژێك دوای ئەمە، ئەوە ڕاگەیەنرا، کەوا هێزە دیموکراتخوازەکانی سووریا، کە لە لایەن کوردەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێن، لە مانگی چواردا دەست بە هێرشێکی نوێ بۆ سەر ڕەققە دەکەن. دواتر ئەوەیش ئاشکرا بوو، کە ئه‌مریکا ڕاهێنان بە پۆلیس دەکات و خەریکی دروستکردنی دەسەڵات و ئەنجومەنێکی نیشتمانییە بۆ ئەوەی لە دوای ئازادکردنەوەی ڕەققەی پایتەختی داعش، بتوانن شارەکە بەڕێوە بەرن.

 دیارە دوای ئازادکردنەوەی ڕەققە، شاری ڕەققە دەکەوێتە ناو سنووری ئیدارەی کوردەکانەوە و ئەوان بەڕێوەی دەبەن. لە ئێستادا، چەك و تفاقی جەنگ و جبەخانە دەگەیەنرێتە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ و، لەو کاتەدا کە من سەردانی ئەو ناوچەیەم کرد، ئۆتۆمبێل و تانکە جەنگیییەکان قەتاریان بەستبوو و یەك لە داوی یەك دەهاتن و پێداویستیی جەنگیان دەگەیاند. لە بەرانبەر ئەمەدا تورکیا بێهیوایی و ناڕەزاییی خۆی دەربڕی و، لەگەڵ ئەوەدا نەبوو کە ئه‌مریکا بەشداریی ڕزگارکردنەوەی ڕەققەی پێ نەکات. هەر لەبەر ئەمەیش بوو تورکیا هەڕەشەی دەکرد و دەیگوت دەبێت پێداچوونەوە به‌ پەیوەندیییەکانی نێوان ئانکارا و ئه‌مریکا بکرێت. لە دەرەوەی ئەم سنوورەیش، لەناو هەرێمی کوردستانی عێراق، بە هەمان شێوە هۆکارگەلێکی نوێ بۆ هەمان هیوا و گەشبینی، لە ئارادان.

لەسەرەتای ئەم مانگەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چاوی بە ئەنتۆنیۆ گاتێرێسی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کەوت و، لەو دیدارەدا، ئەنتۆنیۆ گاتێرێس ئاماژەی بەوە کرد، کەوا نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی ڕیفراندۆمی چاوەڕوانکراوی سەربەخۆییی کوردستان دەکات. دوا بە دوای ئەمەیش، هەر دوو حزبە باڵادەستەکەی هەرێمی کوردستان، کە پێک دێن لە "پارتی دیموکراتی کوردستان" و "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"، پێکەوە کۆ بوونەوە و، پێکەوە کات و میکانیزم و شێوازی دەستپێکردنی ڕیفراندۆمیان تاووتوێ کرد، کە بڕیارە لە ساڵی ٢٠١٧دا ئەنجام بدرێت.

لە هەمان کاتدا، بۆ یەکەم جار دەنگ لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگا حکوومییەکان لە شاری کەرکووك (ئەو شارەی کە دەکەوێتە شوێنە جێناکۆکەکانەوە و بووەتە کێشەیەکی گەورە لەسەر دوا شێوازی شێوەگرتنی سنووری کوردستان) درا و، سەرقاڵییەکی زۆری تووشی کوردەکانی باکووری عێراق کرد. لە هەمان کاتدا، دکتۆر فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە واشنتۆن چاوی بە سەرۆك ترامپ کەوت و، گوتی سەرۆك ترامپ پشتیوانیی سەربازیی ئه‌مریکای بۆ کوردەکانی عێراق دووپات کردووەتەوە.

لە ماوەی سەردانەکەی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دکتۆر فوئاد حوسێن، بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی فەرمی لە کۆنفڕانسی هاوپەیمانێتیی دژی داعش بەشداریی کرد. ئەمەیش خۆی لە خۆیدا جێگەی سەرنج و بایەخپێدانە، چونکە پێشتر لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا بەم شێوەیە و بەفەرمی کوردەکان لە کۆنفڕانسی هاوپەیمانێتیی دژی داعش بەشدارییان پێ نەکراوە. هەڵبژاردنی ڕێك تێڵەرسۆن وەك وەزیری دەرەوە، نیشانەیەکی سەره‌تاییی ئەرێنیی ئیدارەکەی ترامپ بوو. کاتێك بەڕێز تێڵەرسۆن لە کۆمپانیای "ئیكسۆن مۆبیل" کاری دەکرد، وەك یەکەم کۆمپانیایەکی گەورەی نەوت، لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا گرێبەستێکی دوولایەنەی واژوو کرد بۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و گوێی بەوە نەدا، کە بەغدا چی دەڵێت و لەم ڕووەوە بەره‌نگاری بەغدایش بووەوە. ئەم هەناردەکردنە، بووە هۆی ئەوەی کوردەکان زیاتر هاوکاری بکرێن، بەتایبەت لە کاتی جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا، کە عێراق هیچ بوودجەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەدەنارد. لە ماوەی وەرگرتنی پۆستەکەیدا، تێڵەرسۆن گوتی كه‌ کوردەکان "گەورەترین هاوپەیمانی" ئێمەن و، ئێمەیش لە هاوکاریکردنی هێزی سەربازیی کوردەکان "بەردەوام دەبین".

لەوەی کە ئێستا بەردەستە، دەتوانین بڵێین ئیدارەی ترامپ لە پلانی ماوەکورتیدا پشتیوانی و هاوکاریییەکانی خۆی بۆ کوردەکان زیاد کردووە. لە کاتێکدا سەرۆك ترامپ سەرقاڵی داڕشتنی ستراتیژیی درێژخایەنی خۆیەتی و چاوەڕێی بۆچوون و پەسەندکردنی ستراتیژییەکەیە لە لایەن کاربەدەستانی ئیدارەکەیەوە، بەڵام وا دەردەکەوێت کە ئیدارەی ترامپ چاوی لەسەر هاوپەیمانیی زیاتری نێوان کورد و ئه‌مریکا بێت. ئەوەی تا ئێستا نادیارە، کات پێمان دەڵیت و، بۆمان دەردەخات.

 

تێبینی:

زاک دی هەف، شارەزا و پسپۆڕی پرس و کێشەی کوردە و، پێشتر لەناو هێزی بەرگریی ئیسڕائیلدا بووە.

سەرچاوە:

http://www.breitbart.com

 

 
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples