2017-04-26
بۆ کوردەکانی عێراق: ترامپ بۆ سەربەخۆییی کوردستان هیوابەخشە
مۆرگان کاپلان
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی
بۆچی ئیدارەی نوێی ئهمریکا، گەشبینیی لێ بەدی دەکرێت؟
لە دووی مانگی چواری ئەمساڵدا، هەر دوو حزبە کوردییەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی کوردستان ڕاگەیاند. هەندێك جار ئەم دوو حزبە ناکۆکییان هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە وا دەردەکەوێت شهڕی مووسڵ دەرهنجامێکی باشی نەبێت و، دوای سێ ساڵی بەردەوام لە جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، ئێستا کوردەکانی عێراق پێیان وایە کاتی ئەوە هاتووە سەربەخۆییی سیاسیی خۆیانیان هەبێت.
سەرکردە کوردەکان ئەوە دەزانن کە سەربەخۆیی، وا بەئاسانی دەستەبەر نابێت. بەتایبەت ئەو کاتەی تورکیا و ئێران کۆکن لەسەر ئەوەی، کە ڕێگری لە سەربەخۆییی کوردستان بکەن بە بیانووی ئەوەی، نەکا سەربەخۆییی کوردستان ببێتە خولیا و هاندەرێك بۆ کوردەکانی ناو ئێران و تورکیا. لە هەمان کاتدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئهمریکا بیرۆکەی جیابوونەوەی کوردەکان و دابەشبوونی عێراقیان ڕاگرتووە و، ترسی ئەوەیان هەیە ئەم جیابوونەوەیە ببێتە پێشینەیەك بۆ دابەشبوون و جیابوونەوەی زیاتر لە ناوچەکەدا. هەروەها ناکۆکیی ناوخۆییی کوردەکان خۆیان، لەسەر کاتی جیابوونەوە و سەربەخۆییی کوردستان، ڕێگر بووە لە بەردەم بیرۆکەی سەربەخۆییی کوردستاندا. بەم جۆرە لە ئێستایشدا دەسەڵاتدارانی کورد، هاوڕان لەسەر ئەوەی ڕیفراندۆم بکرێت بۆ نیشاندانی ئەوەی کە پلانی سەربەخۆبوونیان هەیە و، دەڵێن مەرج نییە لە دوای ڕیفراندۆمەکە کاتی ئەوە هاتبێت سەربەخۆیی ڕابگەیەنین و، هێشتا کاتی ماوە بگەینە ئەوەی سەربەخۆیی ڕابگەیەنین.
ئەمە یەکهم جار نییە باسی ڕیفراندۆم بخرێتە بەرباس و ڕابگەیەنرێت. بەڵام ئەم جارەیان جیاوازە لە جارانی پێشتر و، کوردەکانی عێراق گەشبینن بەوەی، کە ئەم جارەیان کەوتوونەتە سەر ڕاستەڕێی گەیشتن بە سەربەخۆیی و، پلانی سەربەخۆبوونیان سەرکەوتوو دەبێت. ئەم جیاوازییەی ئەم جارەیش سەرۆکی ئهمریکا، "دۆناڵد جەی ترامپ"ە.
لە سەردانێکمدا بۆ کوردستان، چاوم بە کۆمەڵێك سیاسەتوان و کاربەدەستی حکوومی و بازرگانیی کورد کەوت. ئەوان هەموو پێیان وابوو سەرۆكایەتیی ترامپ هەلێکی باشی بۆ سەربەخۆبوونی کوردەکان ڕهخساندووه. هەر لە سەرەتای هەڵبژاردنی سەرۆك ترامپەوە وەك سەرۆکی نوێی ئهمریکا، بەگشتی خەڵک و هاونیشتمانیانی کورد بەرانبەر بە سەرۆك ترامپ گەشبینن. کەچی هێشتایش سیاسەتەکانی ئیدارەکەی سەرۆک ترامپ، کە مایەی گەشبینیی کوردەکانە، هەمان ئەو سیاسەتەی پێشوترە، کە شارەزایانی سیاسەتی دەرەوەی ئهمریکا جەختی لەسەر دەکەنەوە.
ئایا سیاسەتی دەرەوەی ئهمریکا دووبارە ڕێك دەخرێتەوە و گۆڕانکاریی نوێی تێدا دەکرێت؟
یەکەم جار، سەرۆك ترامپ شێوازی کۆنی سیاسەتی دەرەوەی ئهمریکای خستووەتە کەنارەوە. لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە، کۆشکی سپی لە هەوڵی کەمکردنەوە و وەلانانی کەسایەتی و شارەزایانی سیاسەتی دەرەوە و، کەمنرخاندنی پۆست و پلەی کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوە و لاخستنی شارەزا کۆمارییەکان بووە. بۆ ماوەی چەند مانگێك وەزارەتی دەرەوەی ئهمریکا بەبێ کارمەندی باڵا و پلەدار مابوویەوە. خاڵیبوون و بۆشاییی ئەو پلەدار و کارمەندە باڵایانە لە وەزارەتی دەرەوە لە لایەن شارەزایانی هەر دوو لاوە (مەبەست لە کۆماری و دیموکراتەکانە) وەك مەترسییەك دەبینرا، چونکە کارمەندانی ئەم وەزارەتە هەر لە کۆنەوە وەك بەردی بناغەی پەیوەندیی ئهمریکا لەگەڵ جیهانی دەروەدا دەبینران. بەکورتی، ئەوەی گرنگ بێت مانەوەی دامەزراوەکەیە وەك خۆی و، ئەم دامەزراوەیەیش لە چەندین ساڵی ڕابردووی کارکردنیدا زانیاریی دامەزراوەییی لەسەر دەوڵەتانی جیهان و زانیاریی لەسەر ناوچە و سەرکردە و جۆری پەیوەندی، کۆ کردووەتەوە و، بە هاتنەسەرکاری ئەم ئیدارە نوێیە ئەو زانیارییانە ماونەتەوە و نەفەوتاون.
هەرچەندە ئەگەر لە ڕوانگەی مێژووەوە لەم بابەتە بڕوانین، کاری دیپلۆماتکاریی ئەم وەزارەتە تاوەکوو ڕاپەڕینی کوردەکان لە ساڵی ١٩٩١ و دواتر جەنگی داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئهمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣، لە بەرژەوەندیی کوردەکاندا نەبووە. لەگەڵ ئەوەدا، کە ئێستا ئهمریکییەکان سەردان و دەستخستنەناودەست و بەئاشکرا کۆبوونەوەی کوردەکان و دیپلۆماتکارە ئهمریکییەکانیان بەلاوە ئاسایی بووەتەوە و، بووەتە بەشێك لە کاری دیپلۆماتکاریی ئهمریکییەکان، بەڵام لە ڕوانگەی دیپلۆماتکاریی کوردەکانەوە، بەتایبەت لە دوای نزیکەی ٦٠ ساڵ لە شۆڕش و ناڕەحەتی و خەباتی بێوچانیان لە پێناو سەربەخۆییی کوردستاندا، ئەم کۆبوونەوە و دەستخستنەنێودەستی یەکتریان بۆ شتێکی نوێیە. ئەگەرچی کەسانێکی ناوازە و شارەزا لەم وەزارەتەی ئهمریکادا کاریان کردووە، بەڵام کاری دیپلۆماتکاریی ئەم دامەزراوەیە بە درێژاییی سەدەی بیستەم، کۆتایییەکی تاڵ و ناخۆشی بۆ کوردەکان هەبووە. سوپاس بۆ ئەو ڕێسا و دەستوورە ڕیشەیییانەی پشتیوانی لە ئاسایش و ئارامیی دەوڵەتان و، ئەو شوێنانەیش کە وەك دەوڵەتی سەربەخۆ بەفەرمی دانیان پێدا نەنراوە، دەکەن. چونکە دەرەنجامی ئەم ڕێسا و دەستوورانە لەسەر ئەوە بەند نییە کە داخۆ کوردەکانی عێراق لە دوای ساڵانی ١٩٧٠وە تاچەند بۆ ئهمریکا بەسوود بوون و، بەند نییە لەسەر ئەوە کە تا چەند پەیوەندیی کورد و ئهمریکا لە دوای جەنگی کەنداوەوە گەشەسەندنی بەخۆوە بینیوە؛ پشتیوانی لە سەربەخۆییی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێك، تەنیا ئەوەی ماوە بە شێوەیەکی فەرمی ڕابگەیەنرێت.
سەرۆك ترامپ ئەوەی بەڕوونی نیشان داوە، کە خۆی بە سیاسەت و پەیوەندییە بنیاتنراوەکانی ئهمریکاوە نابەستێتەوە؛ وەك ئەوەی لەبارەی وڵاتی چینەوە لە مانگی دوازەی ساڵی ٢٠١٦دا پێشنیاری کرد و گوتی ئهمریکا تەنیا بە یەك جۆر سیاسەتەوە لەگەڵ وڵاتی چین کار ناکات و، چەند مانگێك دواتر ئەو شێوازەی بەکرداری نیشان دا و گۆڕیی. هەرچەندە لەوانەیە ئەم شێوازی کارکردنەی سەرۆك ترامپ مایەی نیگەرانی بێت بۆ ئەوانەی کە لە سیاسەتی پێشتری ئهمریکا سوودمەند بوون، بەڵام بۆ زۆربەی کوردەکان ئەم شێوازی کردارانەی ترامپ مایەی دڵخۆشین و، پێیان وایە ترامپ ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دانپێدانان و دروستکردنی هەندێك دەوڵەتی نوێ. زیاد لەوەیش، بژاردەکەی ترامپ بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئهمریکا، کە "ڕێکس تێلەرسۆن"ی سەرۆکی پێشووی ئیكسۆن مۆبیل بوو، سوودێکی باشی بۆ کوردەکان دەبێت. هەرچەندە وا پێدەچێت تێلەرسۆن دیپلۆماتکارێکی بەئەزموون نەبێت، بەڵام لەگەڵ کوردەکاندا ڕووخۆش و کراوەیە و، لە ساڵی ٢٠١١دا کۆمپانیای ئیكسۆنی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، بردە ناو کوردستان. وەك کەسێکی بواری کارکردن لە نەوت، تێلەرسۆن لە واشنتۆن ناوبانگی خۆی هەیە، بەڵام ئەمە، وەك بەرژەوەندی و لایەنێکی ئەرێنی بۆ ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە نەوتی وەك کوردستان، دەبینرێت.
دووەم، شارەزایانی بواری ئاسایشی نەتەوەیی لەوانەیە دڵگران بن بەوەی کە سەرۆك ترامپ ژەنراڵە خانەنشینەکانی گەڕاندوەتەوە و، دەیەوێت لایەنی سەربازی بگەیەنێتە بەرزترین ئاستی خۆی، بەڵام کوردەکان ئەم ڕەفتارەی ترامپ بە ئەرێنی لە قەڵەم دەدەن. بە هۆی ئەوەی سەرۆک ترامپ "ژەنراڵ ماتیس"ی کردووە بە سکرتێری وەزارەتی بەرگری و، "ئەدیمیراڵ مایکڵ ڕۆجێرس"ی کردووە بە سەرۆکی دەزگهی ئاسایشی نەتەوەیی و، "ژەنراڵ جۆن کێڵی"ی وەك سەرۆکی ئاسایشی ناوخۆ و "ژەنراڵ ماكماستەر" ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و، "مایك پۆمپیۆ"ی کردووە بە سەرۆکی سی ئای ئەی، هاونیشتمانیانی ئهمریکا پێدەچێت سڵ لەوە بکەنەوە کە لایەنی سەربازیی ئهمریکا، لەمە بەدواوە سیاسەتی ئهمریکا دیاری بکات، بەڵام دیسان ئەمە بۆ کوردەکان شتێکی باش و ئەرێنییە.
پەیوەندییەکانی پێنتاگۆن بەراورد بە وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ کوردەکان زۆر گەرموگوڕتر و توندوتۆڵترە و، سوپاس بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی لایەنی سەربازیی ئهمریکا، کە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی جارانی و، لە ئێستادا زۆر بەهێزە. پێنتاگۆن و سی ئای ئەی لە سەردەمی عێراقی دوای ٢٠٠٣وە لە سەرەتای سەرههڵدانی داعش لە عێراق لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤وە لە نزیکەوە سەروکاریان لەگەڵ کوردەکاندا هەیە و لەگەڵ کوردەکاندا پێکەوە کار دەکەن. له نێوهندی ئەم پێکەوەکارکردن و نزیکییەوە، سەربازانی ئهمریکا و پێشمەرگە پەیوەندییەکی پتەویان پێک هێناوە. هەتاوەکوو کوردەکانی عێراق لە لایەن سەربازانی ئهمریکییەوە زیاتر بەئەرێنی باس بکرێن، لە بازنەکەی ترامپ نزیكتر دەبنەوە و زیاتر سەرنجی واشنتۆن بە لای خۆیاندا ڕادەکێشن. هەر لەم ڕوانگەیەیشەوە، ماتیس و ماكماستەر هەردووکیان ئەزموونێکی باشیان لە عێراقدا هەیە.
کاتێك لە مانگی سێدا ماتیس و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی، پێکەوە کۆ بوونەوە، "کەناڵی ڕووداو" لە ڕاپۆرتێکیدا سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە ڕای گەیاند، کە: "ماتتیس جەختی لەسەر پشتیوانیی کوردەکان کردووەتەوە و گوتوویەتی ئاگاداری کێشە و گرفتەکانی کوردە و، ئاماژەی بەوە داوە کەوا کورد و ئهمریکییەکان شان بە شانی یەک قوربانییان داوە." کوردەکانیش لە لایەن خۆیانەوە، هیواخوازن کە ئەم متمانەیە تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە نەبێت و، بۆ لایەنی سیاسی و ئابوورییش بە هەمان شێوە بێت.
لە کۆتاییدا، کوردەکان کەمئەزموونیی سەرۆک ترامپ سەبارەت بە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی دەرەوەی ئهمریکا بە ئەرێنی دەزانن. کەمئەزموونی لەبارەی سیاسەت و ئابووری و کۆسپ و تەگەرەکانی عێراق و ناوچەکە بەگشتی ئەوە دەردەخەن، کە سەرۆك ترامپ بەئاسانی لە کێشە و گرفتەکانی ناوچەکە تێ ناگات و، ئەمەیش وا دەکات پێشکەوتن و نوێگەریی زیاتر بکات و، هەنگاوی زیاتر هەڵبنێت بۆ ئەوەی لەو کۆسپ و گرفتانە شارەزا ببێت و بۆی ڕوون ببێتەوە. لەگەڵ کەمکردنەوە و کارپێنەکردنی سیاسەتی دەرەوە و هەوڵدانی سەرۆك ترامپ بۆ تێگەیشتن لە سیاسەت و ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی کوردەکان چیرۆکی خۆیان و بابەتی سەربەخۆیی بخەنە بەردەمی کۆشکی سپی و گفتگۆی لەسەر بکەن. هەروەها زۆر گرنگینەدان بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی پێشویی ئەمریکا لەوانەیە دەرەنجامێکی باش و ئەرێنیی لێ بکەوێتەوە (بیر لەوە بکەرەوە کاتێك سەرۆك هەڵبژێردرا، سەرۆکی تایوان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزباییی لێ کرد و، ئەو پیرۆزبایییە سیاسەتی دەیان ساڵی سەبارەت بە تایوان سەرلەبەر گۆڕیی.)
دەتوانرێت پێشبینیی ئەوە بکرێت، کە لەوانەیە بە هەمان شێوە سەرۆك ترامپ بڕیارێکی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراو و لەناکاو لەبارەی سەربەخۆییی کوردستانەوە بدات؛ تەنانەت ئەگەر ئەم بڕیارەیشی دژی سیاسەتی دەرەوەی ئهمریکا بێت. ئەم جۆرە گوتە و دەربڕینانەیش، هەرچەندە ئەگەر یاساییی نەبن، بەڵام سیستهمێکی بەرگریی باش دەبێت بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لەبەرانبەر بەغدایش.
بە شێوەیەکی گشتی، دەکرێت بگوترێت ئەو هۆکارانە، هۆکارگەلێکی باشن بۆ پێشڤەچوون و هاندانی سەربەخۆییی کوردستان. هەرچەندە ئەم هۆکارانە وەك دانپێدانانی سەربەخۆییی کوردستان هەژمار ناکرێن، بەڵام لە ئێستادا هاندەرێك و هیوابەخشێکی باشن بۆ کوردەکانی عێراق. سیاسەتی دەرەوەی ئهمریکا و گونجاویی ئەو شێوازی سیاسەتە، دەکرێت بۆ کوردەکان زۆر بەسوود بێت، بەڵام هەر زوو هەولێر لەوە تێ گەیشتووە، کە هەندێك جار پێشبینییەکان دەرەنجامێکی پێچەوانە نیشان دەدەن. لەوانەیشە هەڵسوکەوت و شێوازی سیاسەتی سەرۆك ترامپ ئاڕاستەیهکی پێچەوانەی سیاسەتەکانی پێشووی ئهمریکا وەربگرێت و، ئەمەیش ڕێگهی سەربەخۆییی کوردستان دوورتر دەخاتەوە و، ناڕوونی و تەنگوچەڵەمەی زیاتر بۆ کوردەکان دروست دەکات. بەڵام بە هەر جۆرێك بێت، لە ئێستادا ئەم هۆکار و کردارانە، بۆ کوردەکان هیوابەخشن.
سەرچاوە:
https://www.foreignaffairs.com/articles/2017-04-12/iraqi-kurds-trump-brings-hope-independence