سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان و ئاشتی و پەرەسەندن لە ناوچەکەدا

2017-07-05

سەربەخۆییی ''هەرێمی کوردستان'' و ئاشتی و پەرەسەندن لە ناوچەکەدا


نووسەر: محەمەد ئەرەسی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ساماڵ ئەحمەدی

کوردستانی عێراق بە ناوەندێتیی هەولێر، بیست و پێنج ساڵە بەکردەوە لە بەغدا جودا بووەتەوە؛ واتای ئەو بەرنامەی ڕیفڕاندۆمەی رێکیش خراوە، بابەتێکی فەرمییە لە پێناو سەلماندنی ئەو جودابوونەوەیەدا، کە زلهێزەکانی دنیا، بەتایبەت ڕۆژاوا و ئەمریکا پشتیوانیی لێ دەکەن. لەم ڕوانگەیەوە، دەکرێ بڵێین: ڕەتکردنەوە و پەسندکردنی ئەو ڕیفراندۆمەی بۆ بەفەرمیناسینی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوە دەچێت، بابەتی سەرەکیی ئێمەی ئێرانی نییە؛ بابەتی سەرەکیی ئێمە، ڕاددە و شێوەی پشتیوانیکردن لە کوردستانێکی سەربەخۆیە، کە گەلێک هاوبەشیی جۆربەجۆری مێژوویی و نەتەوەیی و فەرهەنگی و خاکمان پێکەوە هەیە و، لە هەموو گەل و وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە زیاتر لە ئێمەوە نزیکە. هەر بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هۆکار و خاڵانەی لە خوارەوە باسیان لێوە دەکرێت، دەبێ بەرگریکردن لە ئازادی و سەربەخۆیی و پێشکەوتنی کوردستانی عێراق بە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و ناوچەییی ئێران و ئێرانی لە قەڵەم بدرێت و، بەبێ ئەوەی بە دوژمنایەتیی بەغدا لێک بدرێتەوە، یان دوژمنایەتیی بەغدای لێ بکەوێتەوە، پێویستە پشتیوانی و پشتگیری لە کوردستانی سەربەخۆ بکرێت:

١.‌ بەفەرمیناسینی سەربەخۆییی کوردستانی عێراق، لێدانی زەنگی کۆتاییی ئەو جەنگ و تێکهەڵچوونە نەتەوەیییە خوێناوییەیە، کە لە جەنگی جیهانیی دووەم دەستی پێ کردووە و هەتا ئێستایش بەردەوامە. سەرهەڵدانی ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیەی کوردستان، خاڵی کۆتاییهێنان بەو کۆنترین جەنگە سەربازی‌-سیاسی و نەتەوەیییەیە لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە لە لایەن زلهێزەکان و دەسەڵاتەکانی ناوچەکەوە کەڵکاوەژووی لێ کراوە و پەرەی بە ئازار و ڕەنج و تاوانێکی گەورە لە ناوچەکەدا داوە.

٢. سەربەخۆییی کوردستانی عێراق، واتە وتووێژی ئاشتیی سەرانسەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و، ڕەخساندنی بوارێکی خۆش بۆ گەشە و پەرەسەندنی سیاسی-ئابووریی بەردەوامی هەموو گەلانی تێکهەڵچووی ئەو ناوچە لەجەنگەوەگلاو و تیرۆریستپەروەر و پڕ لە بشێوییە؛ بەتایبەتی ئەوەی کە پێوەندیی باش و تەندروستی بەرپرسان و هەڵسووڕێنەرانی کوردستانی عێراق لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەیییەکان دۆخێکی تاقانەی بە کوردستان بەخشێوە، کە دەتوانێت ببێت بە ناوەندێکی ڕێکخەری ئاشتی و ئاوەدانی و بەدیهێنانی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. پێوەندیی ئاشتییانەی کاربەدەستانی ئەو هەرێمە کوردستانییە لەگەڵ ئێران و تورکیا، هەروەها لەگەڵ عەرەبستان و ئیسڕائیل لە ناوچەکەدا و، دۆستایەتیی بەربڵاویشی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا و، تەنانەت لەگەڵ چین و ڕووسیایش سەلمێنەری ئەو ئیدیعایەیە، کە هەموو دەسەڵاتێکی ناوچەکە، لەوانە ئێران، دەتوانێت بە یارمەتیی هەولێر لە پانتای تێکهەڵچوونە توندەکانی ناوچەکە کەم بکاتەوە و، بکەوێتە سەر هێڵی پێکەوەهەڵکردن و هاوکاری لەگەڵ خەڵک و گەلانی دیکە.

٣. فەرمیبوونی سەربەخۆییی کوردستانی عێراق، کۆتاییی دەسەڵات و نفووزی ناسیۆنالیزمی بەدفەڕ و ئازاردەری بەعسییە بەسەر ئەو ناوچە کوردستانی و ناعەرەبییانەدا، کە دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی ئەوروپا بۆ لاوازکردنی عوسمانییەکان، لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، پێشکەشی دیمەشق و بەغدایان کرد و ئاکامەکەیشی ئەو دەرفەتەی بە ناسیۆنالیستە دەسەڵاتخواز و توندڕۆکانی عەرەب، بەتایبەت عێراقییەکان بەخشی، کە بە زەبری زۆر و ملهوڕی بەسەر بەشێک لە خاکی کورداندا زاڵ بن و لەمەڕ بەشێک لە خاکی ئێرانیشەوە ئیدیعای پووچیان هەبێت. بە سەربەخۆییی کوردستانی عێراق، عەرەب دەگەڕێتەوە ئەوبەری سنوورە سروشتی و کۆنەکانی خۆی و، بە دۆستایەتیی نێوان ئێران و کوردستانە تازەسەربەخۆکەیش، پێداویستیی سەربەخۆیی و هێز و ئاسایشی نیشتمانیی هەردوو وڵاتی هاوڕەنگ و هاوفەرهەنگی ئێران و کوردستان زۆر زیاتر دابین دەبێت.

٤. ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق، دوو دەسەڵاتی سەرەکیی نەبەردی چارەنووسن، لە بەرەنگاربوونەوەی بەڵایەک بە ناوی تیرۆریزمی داعشیدا، کە هەڵی کوتاوەتە سەر گیانی هەموو خەڵکی دنیا و لە ناوچەکەدا شوێنێکی ئەمن و ئەمانی بۆ هیچ دەوڵەت و گەلێک نەهێشتووەتەوە. ئەمە دزێوترین جۆری تاوانی ڕێکخراوە، کە ژیانی خەڵکی بێتاوانی ناوچەکەی وێران کردووە، نسیبەت و بەڵایەکی نێودەوڵەتییە و، تەنیا بە یاوه‌ری و هاوکاریی ڕژدی گەلانی لێبڕاوی خەبات دژی داعشە، کە دەشێ بەڵای ئەو دێوەزمەیە لە بن و بناوانەوە هەڵکەنرێت و دنیا لەو خوێنڕێژانە پاک بکرێتەوە. ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوو لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە ئیسلامیست-تیرۆریستێک، بەتایبەت داعشییەکان، ئەوەمان پێ نیشان دەدات کە بەرەنگاربوونەوەی داعش بەبێ ئێران و هەرێمی کوردستان، ئەنجامێکی هەستپێکراو و بەرچاوی لێ ناکەوێتەوە. هەر لەم سۆنگەیەیشەوەیە کە دەکرێ بڵێین: ئێران و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی سەخت و درێژخایەن و ئه‌ستەم لەگەڵ تیرۆریزمی بەدفەڕ و زیانباری داعشیدا، زیاتر لە ڕووسیا و ئەمریکا پێویستییان بە یەکتر هەیە و لەم بەرەنگاربوونەوە مەزنە دەگەڵ میکرۆبی داعشیدا، دەبێ یەکگرتوویییەکی ستراتیژیک دەستەبەر بکەن...

٥. پشتیوانی لە کوردستانی سەربەخۆ، پشتیوانییە لە دیموکراسی و جۆراوجۆریی ئایینی و فەرهەنگی؛ چونکە ئایین و داب و نەریتی خەڵکی کەونارا و پێش ئیسلام، وەکو زەردەشتی و مێترایی و یەزدانی، گەلێک لایەنگری ڕژدی لە ناوچەکەدا هەیە؛ گرووپە جۆربەجۆرە عیرفانییەکان و ئایینی سۆفیگەری، لە سۆهرەوەردییە (سوورەبەردییە) و مەولەوییەوە بگرە تاکوو تەیفوورییە و چشتییە و جوندییە و قادری و نیعمەتوڵڵایی و...، بەگوێرەی پێگە پتەوەکانیان لە ناوچەکانی کوردستاندا، بەریان بە گرژی و توندڕۆییی ئایینی و ئایینزایی، بەتایبەت ئیسلام گرتووە؛ سەما و شیعر و مۆسیقا و هەموو چەشنە داب و نەریتێکی ئایینی-هونەریش کە لەگەڵ ژیانی ڕۆژانە و هەبوونی خەڵکی ئەو نیشتمانەدا تێکەڵ بە یەکتر بوونە، بەش بە حاڵی خۆی، ڕۆڵ و دەورێکی شایان و شایستە لە پێشخستنی فەرهەنگی و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆڕاگری و پێکەوەهەڵکردنی باوەڕەکاندا دەگێڕن. لە ڕوانگەی سیاسیشەوە گەلێک حزب و بیروڕا و دکتۆرینی سیاسی لەو ناوچە خۆبەڕێوەبەرەدا بەکردەوە ئازادیی زیاتریان هەیە، لەچاو ناوچەکان و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕاستییه‌كه‌ی، سەرباری وەبەرچاوکەوتنی کۆمەڵێک سنووردارێتی و کردەی نادیموکراتیی نێو دەزگه‌کانی حکوومەتی کوردستانی عێراق، کەچی لەو ناوچەیەدا نەمامی ئازادی و دیموکراسی خەریکە هەڵدەدات و گەشە دەکات. لەبەر ئەمەیش، دەکرێ بڵێین: بەرگری لە سەربەخۆییی کوردستانی عێراق، بەرگریکردنە لە ئازادی و دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە ستەمکاری و تیرۆریزم گەمارۆیان داوە و مۆخیان چنیوە؛ بە زمانێکی دی؛ یارمەتیدانی دیموکراسیسازی لە ''کوردستان''، یارمەتیدانی دیموکراتیزاسیۆنی ئێران و، پشتیوانییە لە پەرەسه‌ندنی سیاسی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەندیدا...

٦. ئەمریکا، ئەوروپا، ئیسڕائیل و سعوودییەکان... هەر یەکەو بە شێوەیەکی تایبەت پشتیوانی لە سەربەخۆییی کوردستانی عێراق دەکەن؛ نابێ بە دڕدۆنگی لە پشتیوانیکردنی هەولێردا، یان بۆ پاراستنی دۆستایەتیی بەغدا، ئەو ناوچەیە بە خەنیم (حه‌ریف)ەکانمان بسپێرین، کە هەزار چەشنە پێوەندی و پێکەوەگرێدراویی لەگەڵ ئێران هەیە و، چاودێری ئەوە بین کە ئەوان لە پشت دیواری ماڵەکەمانەوە ئەسپی دەسەڵاتی خۆیان لینگ بدەن. محەمەدڕەزا شا، تووشی هەمان هەڵەی مێژوویی هات، لەگەڵ بەغدا و سەددام حوسێن لەسەر ئاوی ڕووباری ''ئەروەند'' سازا و، پشتی کردە ''ڕێبەری کوردان'' و خەڵکی کوردستانی عێراق، کە هیوایان بە پشتیوانیی دەوڵەتی ئێران هەبوو، پاشان ئەو گشت کارەساتە بەسەر کوردان هات؛ لەبیرمان بێت، کە پێنج ساڵ دوای هێرشەکەی بۆ سەر ئێران، سەددام، خۆی ناجوامێرانە ئەو گرێبەستەی – ١٩٧٥ی زایینی-  دڕاند و بێبایەخی کرد، کە لە نێوان خۆی و شادا مۆر کرابوو. لە ڕاستیدا ئەوە هیچ، کە هیچمان لەو پەیماننامەیە نەچنییەوە، دۆستایەتیی ''سەرلەبەری کوردان''یشمان لەدەست دا. با دیسان ئەو هەڵە مێژوویییە دووپات نەکەینەوە و، لەم قۆناغە هەستیارەی زەمەندا لە گرینگیی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستانی عێراق تێ بگەین و بە شێوەیەکی ڕژد و ڕاستگۆیانە پشتیوانی لە سەربەخۆییی کوردستانی عێراق بکەین، کە ئەمە خواست و ئارەزووی زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستانی ئێرانە. با ڕێز لەو خواست و ئارەزووە بگرین و بەکردەوە بەجێی بێنین...

سەرچاوە:

http://www.iran-emrooz.net

جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی / جوونی ٢٠١٧

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples