2017-07-06
پێشبڕکێ بەرەو سنوورەکانی عێراق دەستی پێ کرد
ئۆمەر لامرانی (لێکۆڵەری پێشکەوتووی بواری سەربازی، ستراتفۆر)
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی
یەکێك لە باشترین ڕێگهکان بۆ دیاریکردن و دەستنیشانکردنی خواستە لەپێشینەیییەکانی ئێران لە عێراق و سووریادا، کەوتنەشوێنپێی جووڵەکانی یەکێك لە گەورە سەرکردە سەربازییەکانی ئێرانە، کە ژەنراڵ "قاسم سولەیمانی"یە. لە مانگی ٩ ساڵی ٢٠١٦ فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، کە سەرکردایەتیی سوپای قودس دەکات، لە باشووری شاری حەلەب دەرکەوت؛ ئەمەش لە ماوەیەکی کورتی پێش دوایین هێرشی لایەنگرانی ئەسەد بوو، کە دووبارە دەستیان بەسەر شارەکەدا گرتەوە. لە دوای حەوت مانگ، دووبارە لە یەکێك لە پارێزگهکانی باکووری سووریادا، لە حەمما، دەرکەوتەوە و، ئەم دەرکەوتنەیشی لەو کاتەدا بوو هێزە لایەنگرەکانی ئەسەد، کە ئێران پاڵپشتیی دەکردن، بەرەو جەنگێکی سەخت لە دژی یاخیبوو و شۆڕشگێڕەکان لە سنووری پارێزگهکە دەڕۆیشتن و پێشڕەوییان دەکرد.
هەر لەو مانگەدا "قاسم سولەیمانی"، بەرەو شوێنێکی تر لە جووڵەدا بوو. لە ١٢-٠٦-٢٠١٦دا، "سولەیمانی" لەسەر سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا سەردانی ئەو میلیشیایانەی کرد کە ئێران سەرپەرشتیی دەکردن و، دوعای بۆ کردن و سوپاسی خوای کرد بۆ ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستیان هێنابوون. ئەم جووڵە و دەرکەوتنانەی "قاسم سولەیمانی"، قۆناغێکی تری جەنگی درێژخایەنی ناوخۆی سووریا نیشان دەدەن، کە ئەویش پێشبڕکێیە بەرەو سنوورەکانی عێراق.
یەکەمین لایەن بەرەو هێڵی کۆتایی (کۆتایی پێهێنانی داعش)
لەگەڵ ئەوهدا کە داعش بەرەو نەمان و هەڵدێر دەڕوات، دوژمنەکانی هەوڵی بەدەستخستنی ئەو ناوچانە دەدەن کە داعش لە دوای خۆی بەجێیان دەهێڵێت. ئەو هێز و لایەنانەی کە ئەمریکا و هاوپەیمانان پشتگیرییان لێ دەکەن ڕووبەڕووی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد دەبنەوە (کە ئێران و ڕووسیا پاڵپشتیی لێ دەکەن) بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو شوێنانەی داعش لە دوای خۆیەوە بەجێیان دەهێڵێت. لەگەڵ ئەوەیشدا کە هەموو ئەو لایەنانەی دژی داعش لە جەنگدان بەرەو هێڵی کۆتاییپێهاتنی داعش، هەر یەکە لەو لایەنانە لەگەڵ ڕکابەرەکانیدا، جەنگی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا دەکەن.
لە ڕوانگەی حکوومەت و ئیدارەکەی دیمەشقەوە، هەرچەندە هەندێك لە هێزەکانی لە "دێرەزۆر" لە ساڵی ٢٠١٤هوە لە لایەن داعشەوە گەمارۆ دراون و پێویستییان بە هەرچی زووتری شکاندنی ئەو گەمارۆیەیە، کەچی جووڵهكردن بەرەو سنوورەکانی ڕۆژهەڵات لە پێشینەی هەموو شتێکە بۆی. شکستی هێزەکانی بەشار لە بەرەکانی تردا، سەرنجی لایەنگران و هاوپەیمانەکانی ڕژێمەکەی ئەسەدیان بە لای خۆدا ڕاکێشاوە و، بووەتە هۆی گلە وگازندەی زارەکی لە نێوانیاندا، بەڵام وەستانەوە بەڕووی ڕژێمەکەی ئەسەددا و بەگژداچوونی، کارێکی مەترسیدارە بۆیان.
زیاد لەوەیش، بەپێچەوانەی ئەو گوتنانەی کە گوایە حکوومەتەکەی دیمەشق تەنیا گرنگی بە دەستبەسەرداگرتنەوەی ئەو ناوچە و نیشنگانەی کە ژمارەی دانیشتووانیان زۆرە دەدات، لایەنگرانی ئەسەد هەوڵێکی زۆریان داوە و تێچوونێکی زۆریان هەبووە بۆ دەستبەسەراگرتنەوەی هەموو ناوچەکانی وڵات و، بە مافی خۆیانی دەزانن هەموو ناوچەکان بگەڕێننەوە ژێر دەستەڵاتی خۆیان ( بۆ نموونە، دەتوانیت سەرنج بدەیتە ناوچەکانی "دیرهزۆر" و حهسهكه)، کە لایەنگرانی ئەسەد زۆر بەچڕی هاوکاری کراون و گوشاریان لەسەر دروست کراوە بۆ دەستگرتنەوە بەسەر ئەو ناوچانەدا، کە شۆڕشگێڕ و یاخیبووەکانی لێ بووە). هەرچەندە حکوومەتەکەی دیمەشق سەرچاوەکانی وزە و کشتوکاڵی لە بەرەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی قەدەغە کردووە، بەڵام دەیەوێت هێزەکانی لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵات تێکەڵ بکاتەوە و پێكەوەیان ببەستێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت دەست بەسەر هەموو سووریادا بگرێتەوە.
هاوپەیمانە گەورەکەی ئەسەد، کە ئێرانە، ئامانجێکی تری لە ناوچەکەدا هەیە. لە ڕێگەی ناردنی ئازۆقە و پێداویستی و هێزەوە بۆ ئەو ناوچانە، تاران بەهیوایە بتوانێت دەروازە و ڕێڕەوێك لە تارانەوە بۆ دیمەشق و دواتر بۆ سەر کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست دروست بکات و، بۆ ئەمەیش پشتیوانیی لایەنگرانی ئەسەد دەکات و بەرەو سنوورەکانیان دەنێرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئامانجەکەی بگات. هۆکاری دروستکردنی ئەم گوزەرەیش، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێران دەبێت لە ڕێگەی دەریایییەوە هاوکاری بۆ لایەنگرانی و حزبوڵڵا لە لوبنان بنێرێت و، ئەمەیش دەکرێت لە لایەن هێزی دەریاییی ئیسڕائیلەوە ڕێگریی لێ بکرێت و، بۆ ڕێگەی هەواییش دەسەڵاتی سنووردارە و، ناتوانێت بهم شێوازە، کۆمەک و هاوکارییەکانی بگەیەنێتە لایهنگرانی و حزبوڵڵا. بە هۆی ئەم گوزەرەوە ئێران دەتوانێت بەئاسانتر و زیاتر کۆمەك و هاوکارییەکانی بگەیەنێت و، دەیشتوانێت هاوکێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەبەری بگۆڕێت. دەمێکە ئێران لەسەر ئەم پرۆژەی دروستکردنی ڕاگوزەرە (گوزەر و ڕێڕەوێکی وشاکانییە) لە نێوان تاران و دیمەشقدا دەکات، بەڵام ئەم پرۆژەیەی، ئەو کاتە سەرکەوتوو دەبێت کە هاوکارەکانی سووریای بتوانن، بەتەواوەتی دەست بەسەر سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریادا بگرن.
لە هەمان کاتدا، ڕووسیا لەم یارییەدا دەستکەوتێکی کەمتری لە هەر دوو هاوپەیمانەکەی، ئێران و سووریا، دەبێت. لە نێوهندی تێوەگلان و دەستێوەردانەکانی لە هێرشەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕووسیا هاوکارییەکانی بۆ سووریا ئاگایانە و سنووردارن. بەپێچهوانەی ئێرانەوە، کە بەرژەوەندیی لە دروستکردنی ڕاگوزەرێکدایە بەرەو سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕووسیا هیچ بەرژەوەندییەکی لە وەها ڕاگوزەرێکدا نییە. بەڵام ئیتر ئەمەیش مانای ئەوە نییە، کە ئیتر ڕووسیا دەستەوەستان لەو ئۆپهراسیۆنانەدا بمێنێتەوە، بەتایبەت لە بەرامبەر ئەو بەرژەوەندییانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا هەیەتی. ڕاستییهكهی، سوپای ئەمریکا و هێزەکانی ڕووسیا لە ڕهوتی پەیوەندییەکی تایبەتی نێوان خۆیانەوە و بەبێ هیچ گرژییەك، لە چەند شوێنێك و چەند جارێك پێك گەیشتوون و، بوونەتە ڕێگر لە بەردەم ئەو هێزانەی، کە ئێران پشتیوانیانە و ڕێگهیان نەداوە بگەنە شوێنی مەبەستی خۆیان. هەرچەندە تا ئێستایش ئەوە ڕوون نییە، کە تاچەند ڕووسیا لەگەڵ ئێران و لایەنگرانی ئەسەد، لە هێرشەکانیان بەرەو ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرژەوەندی و کاریگەریی هەیە، بەڵام چەند جارێك هێزەکانی ڕووسیا ئەوەیان ڕەت کردووەتەوە، کە لە بەرامبەر سوپای ئەمریکادا بوەستن، یان پاشەکشە بکەن؛ ئەمە سەرەڕای هەبوونی هەوڵێکی زۆر لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی دژەئالۆزی لە سنوورەکانی نێوان سووریا و ئۆردندا.
لە سەرانسەری گۆڕەپانی جەنگەکەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی سەرەکی جەخت لەسەر ئامانجە سەرەکییەکەی خۆی دەکاتەوە، کە ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و کۆتاییپێهێنانییەتی. تەنیا تێبینییەکی گرنگی ئەمریکا لەبارەی لایەنگرانی ئەسەد و هاتنیان بەرەو سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەوەیە، کە ئەمریکا پێی وایە ئەگەری ئەوە هەیە ئەم هێزانە ڕووبەڕووی هاوپەیمانانی ئەمریکا ببنەوە، کە جەنگی دژی داعش لەو وڵاتەدا دەکەن. ئەو هاوپەیمانەی ئەمریکایش لە ئێستادا بەسەر دوو بەرەدە دابەش دەبن: بەرەی ڕۆژهەڵات، کە جەنگی ئازادکردنەوەی ڕەققە دەکەن و لە لایەن هێزە دیموکراتخوازەکانی سووریاوە ڕابەرایەتیی هێرشەکە دەکرێت و، بەرەی باکووری ڕۆژاوا، کە جەنگی ئازداکردنەوەی دۆڵی فورات دەکەن و لە لایەن چەند گرووپێکی شۆڕشگێڕی وەك كۆماندۆكانی شۆڕش (مغاویر الثورة)وە ڕابەرایەتی دەکرێت. تاوەکوو هێزە لایەنگرەکانی ئەسەد لەو ناوچانە زیاتر نزیك ببنەوە، ئەگەری پێکدادان لە نێوان سوپای ئەمریکا و ئەو هێزانە زیاتر دەبێت.
لە ڕاستیدا و لە ئێستادا هەندێك لەو نیشانانە ڕوویان داوە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی پێشڤەچوونی هێزە دیموکراتخوازەکان لە ڕۆژاوای شاری "ڕەققە"، چەکدارانی هێزە لایەنگرەکانی ئەسەد بە هێرشی زەمین و ئاسمانی پەلاماری بارەگاکانی هێزە دیموکراتخوازەکانی سووریایان لە شارۆچکەی "تەبەق" داوە. لە ١٨-٠٦-٢٠١٧دا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فڕۆکەیەکی جەنگیی لە جۆری Su-22ی سووریایان خستە خوارەوە، کە هێرشی کردبووە سەر هێزە شۆڕشگێڕەکان لە نزیك شارۆچکەی تەبەق. ڕۆژی دوای ئەوە ڕووسیا ڕایگەیاند، گومانی لەو ناوچەی دژەئاڵۆزییەی نێوان سوپای ڕووسیا و سوپای ئەمریکا هەیە و، هەڕەشەی لە هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان لە ڕۆژاوای فورات کرد. لە باشووریشەوە لە نزیك سنووری ئۆردن، سوپای ئەمریکا سێ جار هێرشی کردووەتە سەر هێزە لایەنگرەکانی ئێران لە نزیك بارەگاکانی سوپای ئەمریکا لە "ئەلتەنف" و، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە، کە بارەگای سوپای ئەمریکای کردبووە ئامانج.
پێشبڕکێ سێقۆڵییەکە
لە بەرەوپێشچوونەکانی هێزەکانی سووریا بەرەو سنوورەکان، هێزەکانی سووریا لە سێ قۆڵەوە هێرش دەکەن: بەرەی یەکەمیان، کە لە لایەن یەکەیەکی سەربازیی لایەنگرانی ئەسەدەوە بە ناوی هێزەکانی پڵنگ ڕابەرایەتی دەکرێت، لە تەنیشت هێزە دیموکراتخوازەکانەوە لە ڕەققە بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات پێشڕەوی دەکەن.
بەرەی دووەم، کە پێدەچێت بەهێزترین و گرنگترینیان بێت و، لە لایەن ڕووسیا و ئێرانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، بە درێژاییی ڕێگهی سەرەکیی M20 لە پاڵمیراوە بەرەو دیرهزۆر پێشڕەوی دەکات. لە دەستبەسەرداگرتنەوەی ئاراکەوە لە ١٤-٠٦-٢٠١٧ دەستی بە جووڵە و پێشڕەوییەکانی کردووە. ئەگەر بتوانێت لە پێش ڕکابەرەکانییەوە دیرهزۆر بگرێتەوە، ئەوا دەتوانێت بەرەو سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا پێشڕەوی بکات و، بگاتەوە بەو گوزەرەی، ئێران لە تارانەوە بەرەو دیمەشق دروستی کردووە. قۆڵی سێیەم، کە لە هێزە چەکدارە لایەنگرەکانی ئەسەد پێك دێت، بەرەو ئەلتەنف پێشڕەوی دەکات، کە دەکەوێته نزیك سنووری نێوان سووریا و ئۆردن و عێراقەوە و، دەکەوێتە سەر ڕێگهی سەرەکیی نێوان بەغدا و دیمەشق. بەڵام تا ئێستا هێزەکانی ئەمریکای لێیە و ڕێگری لە هاتنەناوەوەی ئەو هێز و لایەنانە دەکەن.
کێبڕکێی کۆتایی
هێزی هاوپەیمانان و شۆڕشگێڕە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، بوونەتە کۆسپ لە بەردەم هێزە لایەنگرەکانی ئەسەد لە پێشڕەوییان بەرەو سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵام ناتوانن ببنە بەربەست و ڕێگرێکی تەواو لە بەردەم لایەنگرانی ئەسەددا. ئەمەیش چەند هۆکارێکی هەیە: یەکەم، لەوانەیە هێزە دیموکراتخوازەکانی سووریا نەیانەوێت بۆ چەندین مانگی تر لە جەنگی ئازادکردنەوەی ڕەققەدا بن و، ڕێگە بە هێزەکانی ئەسەد بدەن لە تەنیشتیانەوە بەرەو دیرهزۆر بڕۆن. دووەم، گەیشتنی هێزەکانی ئەسەد، کە لە لایەن "سولەیمانی"یەوە پشتیوانی دەکرێن، بۆ سەر سنووری عێراق لە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی ئەلتەنف و چاودێریکردنی ڕێگه سەرەکییەکان، بەوەیشەوە کە ئێران دروستی دەکات، جگە لە پرۆپاگەندە هیچیتر نییە و، ئەمەیش لاوازیی ئەو هێزانە لە ناوچەکەدا نیشان دەدات. ڕاستییەکەی ئەوەیە، کە ئەو هێزە لایەنگرانەی ئەسەد تاڵاوی جەنگی داعشیان چەشتووە و، ناتوانن وەك شۆڕشگێڕە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی داعش ببنەوە.
گرنگ ئەوە نییە کە کێ پێشبڕکێی گەیشتن بە سنوورەکانی عێراق دەباتەوە، ئەوەی مەترسیدارە، ئەگەری پێکدادانی نێوان هێزە لایەنگرەکانی ئەسەد و هێزە شۆڕشگێڕە هاوپەیمانەکانی ئەمریکایە لە چەند مانگی داهاتوودا لەسەر ئەو ناوچانەی داعش بەجێیان دەهێڵێت. لە کاتی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، ئەم جەنگەی نێوان ئەو هێزانە، دەبێته هۆی زیادبوونی دوژمنایەتی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا. سوپای پاسدارانی ئێران ئەمریکای تاوانبار کرد بەوەی، کە ئەمریکا لە پشت دوو پەلامارە تیرۆریستییەکەی ٧-٦-٢٠١٧ی تارانەوە بووە و، ئەمریکایش بەردەوام دەیەوێت گەمارۆکانی سەر ئێران زیاتر بکات. هەرچەندە دەکرێت بگوترێت جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بە لەناوچوونی دەسەڵاتی داعش کۆتاییی پێ دێت، بەڵام جەنگێکی وێرانکەری هاوشێوەی جەنگی داعش لە ڕۆژهەڵاتی سووریادا دووبارە ڕوو دەدات ئەگەر ئەو هێزانە وریا و بەئاگا نەبن.
سەرچاوە: