هۆکار و لێکەوتەکانی سەرهەڵدانی دەوڵەتی کوردستان

2017-07-06

هۆکار و لێکەوتەکانی سەرهەڵدانی دەوڵەتی کوردستان

 

نووسەر: سادق مەلەکی / پسپۆڕ و لێکۆڵەری کاروباری سیاسی

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ساماڵ ئەحمەدی

دەبێ بە شێوەی جیاواز بیر بکەینەوە و خۆمان لە لێکدانەوەی دوور لە ڕاستەقینە لا بدەین. پەژراندنی تاڵاییی ڕاستییەک، باشترە لە دڵخۆشکردن بە درۆیەک. تەنگژەکان و گۆڕانەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا نیشان دەدەن، کە ئەم جوگرافیایە ڕووبەڕووی گۆڕانێکی جیۆپۆلیتیکی دەبێتەوە، کە کاریگەریی قووڵ لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە دادەنێت. سەرباری ئەوەی کە داعش زۆری وێرانیی بەسەردا سەپاندن، کەچی کوردەکان گرینگترین براوەکانی سەرهەڵدانی داعشن.

کوردەکان پێش هەر ناسنامەیەک، کوردن. بە لایشیانەوە جیاواز نییە، کە کوردی عێراقی، ئێرانی، تورکی، یان سووری بن. دیاریکردنی ٢٥ی سێپته‌مبه‌ر (٢٦ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی) بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستانی عێراق، هەواڵێکی خۆش و دڵخۆشکەر بوو بۆ زۆربەی هەرە زۆری کوردان. بەشێکی گرینگی ناسنامە، ڕوانگە و هەڵسەنگاندنی مرۆڤەکان سەبارەت بە خۆیان و دەوروبەریان و هەموو دنیا، پێوەندیی بە شوێنی ژیانیانەوە هه‌بووە و، ئەوەیش سەلماوە و حاشای لێ ناکرێت. هەڵبژاردنی ئەوەی کە کورد بیت، یان تورک، شیعە بیت، یان سوننە، پێش هەموو شتێک، بەرهەمی ئەو ناچارەکییانەیە کە لە جوگرافیا دەکەونەوە. کەواتە پێویستە خۆ لە دەرماگرژیی کوێرانە دوور بخەینەوە و بە پەژراندنی ناسنامە جیاوازەکان، بگەین بە دانوستانێک، کە پێکەوەژیانێکی ئاشتییانەی بۆ هەموو ناسنامەکان و هزره‌كان تێدا بێت. حاشالێکردن و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەکان بوار بۆ ململانێ و قەیران خۆش دەکات. ئەو ڕوانگە و دنیابینییەی لە هەولێر، دیاربەکر، کۆبانێ، یان مەهاباد خۆی پاراستووە، لەگەڵ ڕوانگەی زاڵ بەسەر بەغدا، ئانکارا، دیمەشق و تاراندا یەک نەبووە و یەکیش نابێت. ئەگەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستانی عێراق وەدوایش بکەوێت، هیچ گۆڕانێک بەسەر بڕیاری شێلگیری کورداندا بۆ وەڕاستگێڕانی دەوڵەتی کوردستان ناهێنێت.

کورد، ئەو گەورەترین نەتەوە بێدەوڵەتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە نزیکەی سەدەیەکە بۆ دەستەبەرکردنی دەوڵەتێک بۆ خۆی خەبات دەکات. ئەو لاوازی و تەنگژانەی لە سۆنگەی بۆشاییی دوورکەوتنەوەی دەوڵەتانی ناوچەکە لە جوگرافیای کورداندا هەڵکەوتوون، هەردەم دەرفەتێکیان بۆ کورد ڕەخساندووە، تاکوو بە کەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتە بۆ وەڕاستگێڕانی نۆستالژیی دەوڵەتی کوردستان هەوڵ بدات. ڕاپەڕینی کوردانی تورکیا لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیادا و بەردەوامبوونی هەتا ئێستایش، دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە کەشی جەنگی جیهانیی دووەمدا و تێکهەڵچوونەکانی ناوچە کوردستانییەکان دوای شۆڕش لە ئێراندا، پێکهێنانی دەوڵەتی فیدراڵیی کورد پاش گۆڕانەکان لە عێراقدا و، ئێستایش سەرهەڵدانی بەهێزی کوردانی سووریا لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا، پاش ئەوەی دیمەشق وەلەرزە کەوت، هەمووی ئەمانە نیشاندەری ئیرادەی هاوبەشی کوردان بۆ کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی بووە و، ئێستایش هەر وایە. لێکدابڕان و هۆگریی نیشتمانی، وێنە و نیشانەی خۆیان لە قەیراندا نیشان دەدەن. لە جوگرافیای کورداندا، سەرلەبەری دەوڵەتەکانی ناوچەکە، هەر یەکەو بە ڕێژەی جودا، زۆر بە لای کوردەوە پەسند نەبوونە. پێویستە ئەوە بپەژرێنین کە لە نێوان حزووری دەسەڵاتدارانەی دەوڵەتەکان لە ناوچەکانی کوردستاندا، جیاوازی هەیە لەگەڵ پەسندبوونی کۆمەڵایەتیی ئەو حزوورە و، پێویستە بە شێوەیەکی ستراتیژی لە ئەنجامەکانی ئەو حزوورە ورد بینەوە و لێی تێ بگەین. حزووری ئێران، تورکیا، سووریا و عێراق لە جوگرافیا و ناوچەکانی کوردستاندا زیاتر لەوەی کە بەرهەمی پەسندی و خوازراویی ئەو حزوورە بێت و تەنانەت ڕەواییی کۆمەڵایەتیی هەبێت، قەرزباری حزووری سەربازی و سیاسەتە ئاسایشی و ئەمنییەکان بووە.

ناوچەکە دووگیانە بە لەدایکبوونی دەوڵەتی کوردستان. درەنگ و زووی هەیە، بەڵام ئەو ئاڕمانجەی کوردان هەر وەبەر دێت. ئیتر کوردان کەمتر دەکەونە نێو قەفی کەمەندهاوێشتنەکانی ناوچەکە و جیهانەوە و، بەو پێگەیشتوویی و کاردابەشکردنەی لێی ڕاهاتوون، سەرەنجام دەبنە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ.

کەسانێک لە ئێران هێشتا دڵیان بەو خەیاڵە خۆشە، کە پێی وایە هەر کوێ کوردی لێ بێت، ئەوێ سنووری ئێرانە! ئەم ڕوانگەیە كورده‌كانی میدیا بە تۆرەمەی ئێرانی دەزانێت و بە بەراورد لەگەڵ ئێران هیچ خزمایەتییەک بۆ کوردان لەگەڵ تورک و عەرەب ناسەلمێنێت و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە سەرهەڵدانی دەوڵەتی کوردستان بۆ ئێران دەرفەتە. ئەو ڕوانگەیەی کە لە ئێران دەوڵەتی کوردستان بە دەرفەت دەزانێت، لە تەنیشت وەپشتگوێخستنی تێبینییە نێودەوڵەتییەکانەوە، سەبارەت بە داوای میراتگریی ئێرانێتی و جیاوازیی ئایینیی کوردان لەگەڵ ئێران خۆی دەخەڵەتێنێت. کوردان، هەر تەنیا خۆیان بە میراتگری جوگرافیای میدیا و سیمبۆلە نیشتمانییەکەی دەزانن. لە ڕوانگەی کوردانەوە پارچەبوون و دابەشبوونیان لەژێر دەسەڵاتی وڵاتانی جیاوازدا بە زەبری زۆر بووە و بەرهەمی چەندین پیلان و پەیمانی جیهانی و ناوچەیییە، کە دەبێ کۆتاییی پێ بێت و ببڕێتەوە. ڕوانگەی جیاوازی کوردان سەبارەت بە تاران، ئانکارا، بەغدا و دیمەشق، جودا لەو هەستیاریییانەی کە کاریگەرییان لە لایەنگریی باوەڕە ئایینی و فەرهەنگییەکان وەرگرتووە، بواریشیان خۆش کردووە بۆ ئامانجە دوور و نزیکەکانی کوردان لە پێناو بەدیهێنانی ئەو نەخشەیەی لە خەیاڵ و بیری خۆیاندا کێشاویانەتەوە.

کوردان، بە لای دەستووری ئەو وڵاتانەوە کە تێیاندا دەژین، بێگانەن. دەستووری تورکتەوەر له‌ تورکیا، عەرەبتەوەر لە عێراق و سووریا (هەڵبەت عێراق تا ڕاددەیەک چاکسازیی تێدا کراوە) و دەستووری شیعەتەوەری ئێران، هەرکامیان بەتەنیا، هۆکارێکی گەورەیە بۆ لێدابڕان و ڕوولێوەرگێڕانی کوردان لەو وڵاتانە. ناسنامەی تورکیا لە دەستوورەکەیدا لەسەر تەوەری تورک پێناسە کراوە و، لە دەستووری ئێرانیشدا ناسنامەی شیعەتەوەری وڵاتەکە ڕۆڵی سەرەکی و ناوەندێتی دەگێڕێت. کەواتە نابێ دڵ بە هۆگریی زیاتری کوردان بە ئێران خۆش بکەین. دەستووری سووریایش لە هەمووان خراپتر، هەر لە کوولەکەی تەڕێشدا هاووڵاتییەک بە ناوی کورد بەفەرمی ناناسێت.

کوردەکان لە سەراولێژییەکی ئارامدا، ناوچەکە و سیستەمی نێودەوڵەتییان ڕازی کردووە، کە ئامادە بن بۆ پەژراندنی دەوڵەتی کوردستان. نابێ دژکردەوە دیپلۆماسییەکان و ڕادەربڕینە سیاسییەکان زۆر بەجددی وەربگرین. نە تورکیا، نە ئێران و تەنانەت بەغدایش سەبارەت بە دیاریکردنی ڕێکەوتی ڕیفراندۆمی کوردستانی عێراق دژکردەوەی توندیان نەنواند. هێڵی سووری تورکیا ڕەوتی هەنگاونانی کوردانی عێراقی بەرەو  سەربەخۆیی بووە و بە هۆکارێکی هه‌ڵگیرسانی جەنگیان باس لێوە کردووە، کەچی ئەوەتا ئەمڕۆ ئانکارا لەگەڵ هەولێر زار و نەردی ئەڤین هەڵداوێت و، خۆی ئامادە کردووە پاش سەربەخۆیییەکەی، باوەشی پێدا بکات.

ئەمریکا وەکوو سەرەکیترین گەمەکەری ناوچەکە، گرینگترین هۆکاری سەرهەڵدانی دەوڵەتی کوردستان لە عێراق و دواتریش لە سووریا دەبێت. سەربەخۆییی کوردانی عێراقی، دەتوانێ بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە لەخۆگری هەڕەشە و دەرفەت بێت. چۆنێتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ سەرهەڵدانی دەوڵەتی کوردستان لە عێراقیشدا وەکوو هۆکاری هەڕەشە و دەرفەت، خۆی جێی تێڕامانە. ستراتیژی و سیاسەتەکانی ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ کورداندا، گەورەترین هۆکاری هەڕەشە، دەرفەت، یان تێکەڵاوێک لەو دوو سیاسەتە دەبێت بۆ وڵاتانی ناوچەکە.

هەبوونی پارێزگە، فڕۆکە و ئۆتووبان (گەورەڕێ / جووتساید)ێک بە ناوی کوردستانەوە، ئیدی نابێ جێی دڵخۆشی بێت بۆ گرێدراویی زیاتری کوردان بە ئێرانەوە. ناوچەکە گۆڕاوە و زیاتریش دەگۆڕێت. دەبێ لەو گۆڕانانە و کاریگەرییەکانیان تێ بگەین و پێش ئەوەی بمانگۆڕن، خۆمان بگۆڕێین و چاو بە پێکهاتەکاندا بخشێنینەوە و بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕانەکان بکەین. دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێت، ئەو کوردانەی لە تورکیا خۆیان لە بەر گەورەترین سەرکوتدا ڕاگرتووە و ئێستایش هەروا سەرکوت دەکرێن، ئەمڕۆ بە ناسنامەی کوردییەوە حزروورێکی زۆر پڕڕەنگ و دیاریان لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا هەیە. ئەگەر گۆڕانەکانی سووریا نەبوونایە، ئێستا زۆربەی داواکارییەکانی کوردانی تورکیا وەڵامیان پێ دەدرایەوە. سەرباری سەرلەبەری ئەو گرفتانەی هەن، ماوەیەکی دیکە تورکیا پێڤاژۆی ئاشتی لەگەڵ کوردانی خۆی دەست پێ دەکاتەوە و سەرهەڵدانی هەرێمێکی کوردانیش لە سووریا دەپەژرێنێت. ئەو پرسیارەی کە هەیە و، دەبێ لە سیاسەتداناندا لەبەرچاو بگیرێت، ئەوەیە کە کوردان لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا کامیان بۆ پێوەندیی ستراتیژی هەڵدەبژێرن؟ وێدەچێت کوردانی عێراقی هەر لە به‌ره‌به‌یانی سەربەخۆبوونیانەوە و، کوردانی سووریایش لە گۆڕانەکانی دواڕۆژدا بە لەبەرچاوگرتنی کۆی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان، هۆگرییەکانی سیستەمی سەرمایەداری، بابەتی ستراتیژیی وزە و ئاو، هۆگریی ئایینزایی و ڕژێمی سیاسیی وڵاتان (سێکیولار و ناسێكیولار)، لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا، تورکیا هەڵبژێرن.

سەرهەڵدانی دەوڵەت و سەربەخۆییی کوردان لە عێراق، دەتوانێت ببێتە هۆی هاتنەگۆڕێی دۆمینۆیەک، کە لە سۆنگەیەوە سایکس-پیکۆیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی بێت. گۆڕانە جیۆپۆلیتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکوو جودابوونەوەی چێک و سڵۆڤاکیا نابێت و، وەکوو بۆسنیا خوێناوی و پڕتێچوو دەبێت.

خاڵی کۆتایی ئەوەیە کە لە كاتێکدا ئەوروپا، وەک سەرچاوەی ناسیۆنالیزم، بەدوای تێپەڕبوون لە نەتەوەخوازییەوەیە بۆ بەربڵاوترکردنەوەی یەکێتیی ئەوروپا، کەچی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو جەنگانەی کە سەرچاوەکەیان هۆگریی ئایینی-نەتەوەیییە، خەریتەی ئاییندەیەکی تاریک بۆ ئەو قوژبنەی جیهان دەکێشنەوە. ڕەنگە تێپەڕبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەزموونی تاڵی جەنگە ئایینی و نەتەوەیییەکان، بتوانێت بەستێنسازی هیوایەک بۆ دواڕۆژانێکی یەکگرتوو بێت. خۆزگە بکرایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەبێ جەنگ و بە وەپشتگوێخستنی دەرمارگرژی و هه‌ستیارییه‌ ئایینی-نەتەوەیییەکان، عەقڵانییەتێک دەستەبەر بکرێت، کە ببێتە ڕابەری لێکنزیکبوونەوە و بەرژوەندیی یه‌كسانی هەموو وڵاتانی ناوچەکە لە چوارچێوەی یەکێتییەکدا، بەبێ خەرجکردنی ئەو تێچووە.

سەرچاوە:

http://www.irdiplomacy.ir

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples