2017-07-17
نەخێر، کوردستان دەوڵەتێکی سەرکەوتوو دەبێت
سێس جەی فرانتزمان
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی
وتارێك نووسراوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، کە گوایە کوردستان دەوڵەتێکی سەرکەوتوو نابێت. ئەم وتارە لە لایەن "نیوزویک و ئەمێریکان ئینترپرایز"ەوە دووبارە بڵاو کراوەتەوە. ئەم وتارە بەدروستی ئاماژەی بەوە کردووە، کەوا "کوردەکان مافی خۆیانە سەربەخۆ بن"، بەڵام سەربەخۆییی کوردستان دەبێتە هۆکاری ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا. نووسەرەکەی هاتووە، ئاماژەی بە خاڵە لاوازەکانی سەربەخۆییی کۆسۆڤۆ و باشووری سوودان و ڕۆژهەڵاتی تەیموور کردووە. ئەو نووسەرە دەڵێت کێشەی ئاو دەبێتە هۆی نەگەیشتن و تێکچوونی خەونی سەربەخۆیی. هەروەها، گرفتی دیاریکردنی سنوورەکانی ئەو دەوڵەتە نوێیە بۆ چەندین ساڵ دەبێتە مایەی ئاژاوە و ناکۆکی. لە بەشێکی وتارەکەدا، نووسەرەکەی ئەوە دەخاتە ڕوو، کە گوایە "گەندەڵی و خزمخزمێنە" دەبنە هۆکاری هەڵدێری ئابووریی نەوت و، دواجار کوردەکان ڕەگەزنامەی عێراقیی خۆیانیش لەدەست دەدەن. زیاد لەوەیش، ئەم نووسەرە لەم وتارەدا دەڵێت "هێزە کوردییەکان و میلیشیا شیعەکان وەك یەکن و هیچ جیاوازییەکیان نییە" و، ئەو هێزە ئەوەندەی هێزێکی میلیشیایییە، هێزێکی نیزامی نییە. دراوسێکانی گرفت و کۆسپ لە بەردەم کوردستاندا دروست دەکەن. هەروەها، نووسەر لەم وتارەدا دەپرسێت: "ئەی هەڵسوکەوت و مامهڵهی ئێران و تورکیا چۆن دەبێت؟" ئەو دەڵێت لەبەر ئەوەی ئێران دژی سەربەخۆییی کوردستانە، کوردستان دەبێتە مەیدانی جەنگێکی داردەستەییی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دواتر نووسەر هاتووە سەرکردە کوردەکانی بە "یاسر عەرەفات"ی سەرۆکی فەڵەستین چوواندووە.
بەڵام کە دێیتە سەر واقع، ئەوەی کە دەگوترێت، زۆر جیاوازە لەوەی کە هەیە. ئەوە عێراقە، کە دەوڵەتێکی شکستخواردوو و سەرنەکەوتووە نەك کوردستان. هەموو ئەو نووسین و گوتراوانەی لە دژی مافەکانی کورد و سەربەخۆییی کوردستان دەنووسرێن و دەگوترێن، دەڵێن کوردستان دەبێتە ئیسڕائیلێکی نوێ. لە ڕابردوویشدا دەیانگوت کوردستان شیرێکە لە یەکگرتووییی عەرەب دەدرێت. ئێستا ئەو گوتن و بەیت و بالۆرانە گۆڕاون و، ئێران و شیعە داردەستەکانی ناو عێراقی لە دژی سەربەخۆییی کوردستانن. لەم ماوهیهدا، یەکێک لە سەرکردە شیعەکانی عێراق کە ناوی "عەممار حەکیم"ە گوتی: "ئیسڕائیل بۆ دابەشکردنی خاکی عێراق پشتیوانی لە سەربەخۆبوونی کوردستان دەکات."
هەموو ئەو شتانەی کە لە دژی مافەکانی کورد دەگوترێن، وەك پاساوێکە بۆ ڕێگریکردن لە سەربەخۆبوونی هەر گرووپ و نەتەوەیەك. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە لە ساڵی ١٧٧٦دا سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاند لایەنێکی ئابووریی سەرکەوتوو و هێزێکی نیزامیی نەبوو. مافەکانی لە لایەن دراوسێکانییەوە قبووڵ نەدەکران و سنوورەکانیشی ناڕوون بوون. جا چییە؟ پێش سەربەخۆبوونی کوردستان، عێراق هەمان گرفتی ئاوی لەگەڵ ئێراندا هەبووە و، لەمەیشدا ئەو ناوچەیەی کە ڕووبەڕووی مەترسیی بێئاوی بووەتەوە، هەر کوردستان بووە.
عێراق دەوڵەتێکی شکستخواردووە. عێراق لە لایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە بەڕێوە دەبردرێت. یەکەمجار دوای تاوانەکانی سەددام و ڕووخانی سەددام لە ساڵی ٢٠٠٣دا، لە لایەن گرووپە ناڕازییەکان و دواتر داعشەوە دەستی بەسەردا گیرا و، ئێستایش بە هەمان شێوە لە لایەن میلیشیا شیعەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و حوکم دەکرێت. لە ساڵی پار فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەغە کرا و، لە لایەن حزبە دینییە سیاسییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە. کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان و چەوساندنەوە و دەربەدەریی مەسیحی و کاکەیییەکان و هەموو کەمە نەتەوایەتییەکانی تر، لەسەر بنەمای قبووڵنەکردنی بەرامبەر لە لایەن عەرەبە سوننەکانەوە ئەنجام درا. پێشمەرگە و میلیشیا شیعەکان ڕووبەڕووی داعش بوونەوە، بەڵام ئەو عەرەبە سوننانەی لەو ناوچانەی ژێردەستی داعش، کە لە لایەن میلیشیا شیعەکانەوە دەچەوسێنرانەوە، بەرەو کوردستان ڕۆیشتن و، لە کوردستان ژیانیان پارێزراو بوو. ئەوە کوردستان بوو، کە ئێزدی و ئاشووری و مەسیحییەکان لە کاتی جەنگ و دەربەدەریدا ڕوویان تێ دەکرد. ئەوە هەولێرە ڕێگە بە بنیاتنانی کەنیسە دەدرێت و کەنیسەی تێدا دروست دەکرێت، نەك بەغدا و مووسڵ و بەسرە.
کوردستان تاكه شوێنه لە عێراق، کە کاروبارەکانی بەدروستی تێدا بەڕێوە دەچێت و ژیانی تێدا دەکرێت. شوێنێکە هەموو ڕەنگ و ئایین و کەمایەتییەکانی تر تێیدا پێکەوە بە شەقامەکانیدا پیاسە و گوزەر دەکەن. هەرچەندە کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە پڕاوپڕ و تەواو نییە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ عێراق و دەوڵەتەکانی دەوربەری، شوێنێکی زۆر ئارامتر و سەقامگیرتر و پەسەندترە. گرووپە توندڕەوە ئێرانییەکان و گرووپی وەك حزبوڵڵا و، سوننە توندڕەوەکان و یاسا سەرکوتکەرەکانی وەک یاساکانی سعوودیی عەرەبیی تێدا نییە. شان بە شانی شوێنەکانی وەك ئۆرشەلیم و بەیروت و دوبەی، ڕۆژنامەنووسان لە سەرتاسەری جیهانەوە ڕووی تێ دەکەن و لەوێ دەمێننەوە. ئەو شارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانە تێیدا دەمێننەوە، شاری هەولێرە، نەك بەغدا و دیمەشق و تاران. هەرچەندە ئێستا کوردستان وەك ساڵی ٢٠١٣ی لێ نەهاتووەتەوە، بەڵام وردەوردە لە دوای نەمانی داعشەوە دیسان گەشتیارگەلێکی زۆر خەریکن ڕووی تێ دەکەنەوە. ئایا ئەو گەشتیارانە ڕوو لە ڕومادی دەکەن؟ ئایا گەشتیارەکان دەچنە لیبیا؟
لەم چەند ساڵەی جەنگی داعش خەڵکێکی ئاوارەی زۆر لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقەوە ڕوویان کردووەتە کوردستان و، کاریگەریی لەسەر ئابووریی کوردستان هەبووە. بەڵام بۆچی ڕوو لە کوردستان دەکەن و دێنە کوردستان؟ لەبەر ئەوەی شوێنێکی ئارام و سەقامگیرە و، بووەتە جێگەی ڕێکخراوە ناحکوومییە نێودەوڵەتییەکان و بەگەرمی پێشوازییان لێ دەکرێت. خەڵک لە ئێران و سووریا هەڵدێن و پەنا بۆ کوردستان دەهێنن. وەبەرهێنەرهکان ڕوو لە هەولێر دەکەن و، دەیانەوێت لە کوردستان سەرمایهی خۆیان بخەنە گەڕ.
ئەوە ئەوروپییەکان بوون، بەتایبەت فەڕەنسا و بریتانیا، کە وایان کرد ئەو سنوورانە دابنێن؛ کوردستان بە عێراقەوە بنووسێنن و بیکەنە ئەو عێراقەی کە ئێستا هەیە. ڕۆژێك لە ڕۆژان تورکیا حکومڕانیی بەشێك لە مووسڵ و هەرێمی کوردستانی کردووە. دوای سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی سایکس-پیکۆ و دوای تاوانەکانی سەددام و گرووپێکی توندڕەوەی وەك داعش، ئایا ئێستا کاتی ئەوە نییە کە کوردەکانیش هاوشێوەی نەتەوەکانی تری دونیا هەمان مافی خۆیانیان پێ بدرێت؟ کۆسۆڤۆ و ڕؤژهەڵاتی تەیموور دەوڵەتێکی بەتەواوەتی سەرکەوتوو نین، بەڵام فەڕەنسا لە دوای شۆڕشی فەڕەنسی و، ئەمریکا لە دوای سەربەخۆبوونی لە ساڵی ١٧٧٦ بە هەمان شێوە دەوڵەتێکی بێکەموکوڕی نەبوون. بەڵام هەبوونی ئەو کەموکوڕییە، مانای ئەوە نییە کە ئەو دەوڵەتانە ئیتر مافی سەربەخۆبوونیان نەبێت. زۆربەی خەڵکی دونیا دەیانهوێت خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، نەك کەسێك بێت داگیریان بکات و بە کەیفی خۆی حوکمیان بکات. ئەو کۆڵۆنییە ئاسیایی و ئەفریقییانە ڕاستیی ئەوەیان سەلماند، کە باشترە خۆیان حوكمی خۆیان بکەن وەك لەوەی دەوڵەتێکی ئەوروپی، یان هەر کەسێکی تر حکومیان بکات. بەڵام هەموو کەسێك، دهكرێ هەوڵ بۆ شتێك بدات و سەرکەوتوویش نەبێت.
ئەو کۆسپ و تەگەرانەی سەبارەت بە سەربەخۆییی کوردستان دەخرێنە ڕوو، کە گوایە کوردستان ڕووبەڕووی تەنگ و چەڵەمە دەبێتەوە، بۆچوونێکی هەڵەن. لەبارەی شەش قەیرانەوە، بە قەیرانی ئابووری و قەیرانی کەمئاوییشەوە، کە ڕووبەڕووی کوردستان دبنەوە، لە نووسینێکمدا خستوومەتە بەر دیدی خوێنەران. بەڵام ئەوە تەنیا کوردستان نییە ڕووبەڕووی ئەو قەیرانانە دەبێتەوە، بەڵکوو چەندین دەوڵەت و وڵاتی تر ڕووبەڕووی هەمان ئەو قەیرانانە بوونەتەوە. ئەو خاڵانەی لەبارەی ئەوەوە کە گوایە کوردستان دەوڵەتێکی شکستخواردوو دەبێت، بەئاسانی ڕەت دەکرێنەوە و، دەسەلمێنرێت کە وا نین.
بیرۆکەی ئەوەی کە گوایە کوردستان "دەوڵەتێکی شکستخواردوو" دەبێت، پشتگوێخستن و فەرامۆشکردنی ڕاستیی ئەو بارودۆخەیە لە عێراق دەگوزەرێت. ئەگەر کوردستان ناوچەیەکی نائارام و بەکێشەیە، بۆچی ڕۆژنامەوانان لە هەموو دونیاوە ڕووی تێ دەکەن و لە هەولێر دەمێننەوە و ناچنە شارەکانی نەجەف و فەللوجە و بەسرە و بەغدا؟ ئەوان ڕوو دەکەنە هەولێر یان سلێمانی و، ناچنە بەغدا. ئەو ڕۆژاوایییانەیش، کە لەگەڵ یەکگرتووییی خاکی عێراقن و لەگەڵ سەربەخۆبوونی کوردستاندا نین، خۆیان بە پێی خۆیان دەنگ لەسەر ئەو ڕاستییە دەدەن، کە کوردستان شوێنێکی ئارامە و، دەچن له کوردستان دەمێننەوە؛ کەچی ئەوانە لە دژی مافەکانی ئەو شوێنە دەوەستن، کە تێیدا دەمێننەوە و هەست بە ئازادی و ئارامی دەکەن. کاتێك دەچن ڕاپۆرت لەبارەی مووسڵەوە ئامادە بکەن، لە هەولێر دەمێننەوە و ناچنە مووسڵ لەوێ بمێننەوە و بخەون، کەچی باس لە یەکگرتووییی خاکی عێراقیش دەکەن. هەموو کەسێك دەزانێت کوردستان شوێنێکی سەرکەوتوو و خۆش و ئارامە. شوێنێکی سەرەکییە بۆ بازرگانی لە عێراق و لانەی مانەوەی ڕۆژنامەنووسانە لە عێراقدا. ئەگەر کوردستان شوێنێکی ناسەقامگیر و شکستخواردووە، ئەدی بۆچی ئەوانە ناتوانن بڕۆن لە ڕومادی بمێننەوە؟
کوردستان هەر لە سەرەتای بنیاتنانییەوە دەوڵەتێکی سەرکەوتووە و، دەبێتە سەرچاوەی ئارامی و سەقامگیری و بە ڕێکوپێکی کارەکانی بەڕێوە دەچێت و ژێرخانی ئابووری گەشە پێ دەدات. کوردستان بووەتە خاوەنی فڕۆکەخانەی خۆی و، بووەتە سەنتەری بازرگانی لە ناوچەکەدا. لە ڕووی ئابوورییەوە گەشەی کردووە و توانیویەتی مەترسیی داعش لەسەر خۆی لا بدات و ببێتە پەناگەیەك بۆ ئاوارەکان. بەپێچەوانەی دەوڵەتانی تری ناوچەکەوە، کوردستان شوێنێکە لەگەڵ ڕۆژاوادا هاوڕایە و بەگەرمی پێشوازی لە بێگانە و کەمە نەتەوایەتییەکان دەکات.
کوردستان نابێتە هۆڵەندا، بەڵام کوردستان لەناو ئەوروپادا نییە و، دەبێت بە دەوڵەتە دراوسێکانی بەراوردی پێ بکرێت. وەك دوبەی دەوڵەمەند نییە، بەڵام لە ناوچەکانی تری عێراق باشترە (تێکڕای داهاتی تاکەکەس لە کوردستاندا نزیکەی ٤٥٠٠ دۆلارە، کە ئەم ڕێژەیەیش ٥٠%یه لە بەشەکانی تری عێراق) و له زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەکە زیاترە (دەکرێت دەوڵەتی کوردستان هاوشێوەی میسر و ئۆردن بێت و، بە شێوەی ئێران و تورکیای دراوسێی لە ڕووی ئابوورییەوە گەشە بکات). لەوانەیە هەر بە هەمان شێوەی ئەو دەوڵەتانهیش ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو و گەندەڵی و گرفتی دەوڵەتانی دراوسێ و لایەنی ئاسایش ببێتەوە. بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کوردستان لە زۆر ڕووەوە توانایەکی باشتری هەیە. لە سەروو هەموو شتێکیشەوە مافی ئەوەی هەیە لەسەر ئەو ڕێگەیە بڕوات، کە خودی خۆی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەڵی بژاردووە. کوردستان کهلتووری تایبەت بە خۆی هەیە و لە دوای ساڵانی ١٩٩٠و ٢٠٠٣وە خەریکی دروستکردنی پەیوەندییە و، لە ڕووی ژێرخانی ئابووری و بنیاتنانەوە خەرجێکی زۆری کردووە و بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیكهی عێراق زۆر لەپێشە. بۆیە کوردستانیش وەك کیوبیک و سکۆتلاند و کۆسۆڤۆ مافی سەربەخۆبوونی هەیە. لە جیاتی ئەوەی لە خواستی کوردەکان بترسێن، کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت هاوکاری ئەو خواستەی کوردەکان بێت. دەبێت لە ڕیفراندۆمهکەیدا هاوکار بن و دەرەنجامەکەی بە شێوەیەکی یاسایی جێبەجێ بکەن. کوردستان دەبێت لە ڕووی ئاوارەکانەوە هاوکاری بکرێت تا ئەو کاتەی دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان. دەبێت کوردستان لە ڕووی ئاسایشەوە بپارێزرێت و، جارێکی تر کوردستان ناگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٩٠. کەسە بیانییەکان دەبێت لەگەڵ سەربەخۆییی کوردستان بن. بیانییەکانیش ئەرکی سەرشانیانە، کە بەدروستی ئەوەی دەبینن شایەدیی لەسەر بدەن. ئەگەر کوردستان سەرکەوتوویش نەبوو، ئەوا دەبێت دەوڵەتانی خۆراوا چاویان لە کوردەکان بێت و زیاتر هانیان بدهن.
سەرچاوە: