2017-07-18
بێرنارد هێنری لیڤی: لەدایکبوونی کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازاد، بەهێزترین هۆکاری ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا
بە قەڵەمی: شاڕوخی بێهزادی
وەرگێڕانی: ساماڵ ئەحمەدی
بێرنارد هێنری لیڤی، فەیلەسووفی فەڕەنسی، لە وتارێک، لە حەفتەنامەی ''لی پوەن''ی فەڕەنسادا باسی شهڕی مووسڵ و ڕزگارکردنی ئەو شارەی لە بن دەستی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کردووە و، ئەو سەرکەوتنەی لە ڕێزی سەرکەوتنە سەیروسەمەرە و غەریبەکاندا وەسف کردووە. بێرنارد هێنری لیڤی، هەر لەو وتارەدا قسەی لەسەر بابەتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ٢٥ی سێپتهمبهری داهاتوودا کردووە و نووسیویەتی: لە دیدی ئەوروپییەکانەوە، سەرباری ئەوەی کە عێراق وڵاتێکی هەڵبەستراو و دروستکراوی سەردەمانی ئیستیعماری و بشێوییەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم بووە و بە دەوڵەتێکی هەڵبەستراو و جەڵەبی دەناسرێت، کەچی هەرێمی کوردستان، وەکوو نەتەوە-دەوڵەتێکی ڕاستەقینە، ڕەسەنایەتیی هەیە. کوردستان بنج و ڕەگی فەرهەنگیی قووڵی هەیە و ڕێز لە بنەما و ڕێساکانی دیموکراسی و لائیسیتە، ئازادی و یەکسانیی ژن و پیاو و مافەکانی کەمینەکان دەگرێت و، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەو بنەما و ڕێسایانەی لە دامەزراوە دیموکراتیکەکانی خۆیدا بە دروستی ئەزموون كردووه و خستوونییەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو فەیلەسووفە فەڕەنسییە دەڵێت، بە لای ئەوەوە هیچ گومانی تێدا نییە کە لەدایکبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ و ئازادی کوردستان، دەتوانێت ڕۆڵێکی ڕەها و چارەنووسساز لە سەقامگیری و ئاشتیی ناوچەکەدا بگێڕێت.
بێرنارد هێنری لیڤی، ئاماژە بە ڕۆڵی کوردانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و دەڵێت، لە ڕاستیدا پێشمەرگە کوردەکانی ئەو هەرێمە بوون کە لە مانگەکانی ئۆکتۆبهر و نۆڤەمبهری ڕابردوودا دەروازەکانی شاری مووسڵیان بۆ هێزە عێراقییەکان کردەوە. هەر کوردەکانیش بوون کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵە ڕەش و تاریکەدا، وەکوو تاکە بەرگریکەر لە بەرامبەر داعشدا خۆڕاگری و بەرگرییان کرد، هەروەکوو بریتانییەکان لە جەنگی جیهانیی دووەمدا و تا ساڵی ١٩٤١ بە تەنیا لە بەرانبەر نازییەکاندا لە ئەوروپا بەرگرییان کرد. بێرنارد هێنری لیڤی دەڵێت: لە کاتێکدا کە لە مانگی ئۆگوستی ساڵی ٢٠١٤دا هێزە عێراقییەکان مووسڵیان بەجێ هێشت و هیچ بەرگرییەکیان لە هەمبەر هێزە توندڕەوەکانی داعشدا نەکرد، ئەوە پێشمەرگە دلێرەکانی کوردی هەرێم بوون، کە لە ماوەی دوو سێ ساڵی ڕابردوودا پێشڤەچوونی داعشیان لە بەرەیەکی بە پانتاییی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتردا پەک خست و، پاشانیش بۆ پاشەکشەکردن بە هێزەکانی داعش لە ناوچەکەدا دەستیان بە جەنگێکی دلێرانە و ئازایانە کرد. ئاخۆ ئەوان لەبیرکراوانی شهڕەکەی مووسڵ دەبن؟
بە بیانووی ئەوەی کە لە بەرەبەری دوایین شهڕی مووسڵدا هێزەکانی هاوپەیمانان نەیانویست کوردەکان لەو شهڕەدا بەشدار بن، ئاخۆ ئێمە دەتوانین ڕێگه بە خۆمان بدەین، پشکی گەورەی کوردان لەو جەنگەدا پشتگوێ بخەین؟
بێرنارد هێنری لیڤی دەڵێت، ڕۆژی ٢٥ی سێپتهمبهری دابێ، کوردانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، کە سەدەیەک لەمەوبەر بەڵێنمان پێ دابوون، دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. ئەوان هەست دەکەن کە ئێستا لە هەموو سەردەمانێکی دیکە پتر مافی ئەوەیان هەیە، تا لەبارەی دواڕۆژی نەتەوەی خۆیانەوە، هەر خۆیان بە تەنیا بڕیار بدەن.
ئەو فەیلەسووفە فەڕەنسییە نووسیویەتی، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە کوردانی هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە دەبەن، وڵاتانی دنیایش بە جۆرێک کەوتوونەتە بەردەم ئەم پرسیارەوە: ئاخۆ دەبێ وەکوو ئانکارا، تاران و مۆسکۆ بە دیدەی گومانەوە سەیری ئەم ڕیفراندۆمە بکرێت و، هەوڵ بدرێت بۆ ئەوەی وا لە خەڵکی دنیا بگەیەنرێت، کە ئەم ڕیفراندۆمە دەبێتە خاڵی دەستپێکی گرژییهكی نوێ لە ناوچەکەدا؟
بێرنارد هێنری لیڤی دەڵێت: هاوکات لەوبەری دەریاکانەوە کۆمەڵێک دەنگ بەرز بوونەتەوە کە پشتیوانی لە خەڵکی کوردی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەو دەنگانەی کە دەڵێن، سەرباری ئەوەی کە عێراق وڵاتێکی هەڵبەستراو و دروستکراوی جەنگە ئیستیعمارییەکانە و هیچ ڕەسانەیەتییەکی نییە، کەچی خەڵکی هەرێمی کوردستان، وەکوو نەتەوەیەک، کە کۆمەڵێک ڕەگوڕیشەی قووڵی مێژووییی هەیە، نەتەوەیەکی خودان ڕەسەنایەتییە. پشتیوانیکردن لە گەڵاڵەی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، پشتیوانیکردنە لە دیموکراسی و لائیسیتە؛ پشتیوانیکردنە لە ڕێزگرتن و پاراستنی مافەکانی کەمە نەتەوەکان، کە بەڕوونی لە ڕەفتاری کوردانی هەرێم لەگەڵ خەڵکانی غەیرەکورددا دیتوومانە. پشتیوانی لە سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، پشتیوانییە لە یەکسانیی ژن و پیاو و ئەو بههایانەی دیکەی کە وڵاتانی ئەوروپی لەسەر بناغەی ئەوانە دانراون. لە کۆتاییدا و سەرباری بۆچوونی دوژمنانی سەربەخۆییی کوردستان، ئەم سەربەخۆیییە هۆکارێکی زۆر بەهێزە بۆ دابینکردنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا.
بێرنارد هێنری لیڤی دەڵێت، دوو جۆرە ڕزگارکردنمان پێ شک دێت: یەکیان، ڕزگارکردنی تێکەڵ بە شادی و تامهزرۆیی، وەکوو ڕزگارکردنی پاریس لەژێر دەسەڵاتی ئەڵمانیای نازیدا له ساڵی ١٩٤٤ و؛ ڕزگارکردنی تێکەڵ بە هەستێکی سەیروسەمەرە و غەریب، وەکوو ڕزگارکردنی شاری ڤارشۆی پایتەختی پۆڵۆنیا (لێهستان) لە ساڵی ١٩٤٤دا و، ڕزگارکردنی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەژێر دەستی نازییەکاندا، ساڵی ١٩٤٥. لیڤی پێی وایە ڕزگارکردنی مووسڵ، لە ڕزگارکردنی جۆری دووەم دەچێت.
لەم جۆرە ڕزگارکردنەدا، وێڕای هەستکردن بە دڵخۆشی و سووکبوون لەژێر ئەو بارەدا کە بەسەر شانمانەوە قورسایی دەکات، هەستی نیگەرانییەکی قووڵیش دامان دەگرێت. کە سەیری وێنەی ئازارچەشتووی خەڵکی مووسڵ دەکەین، وا ماوەی هەشت مانگ لە جەهەننەمێکدا بە ناوی ڕۆژاوای مووسڵ ژیاون؛ ئەو خەڵکەی لەژێر هەڕەشەی توندڕەوە ئیسلامییەکانی داعش و بۆمبارانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ ڕزگارکردنی شارەکەدا بوونە؛ کە بیر لە کوژراوەکانی ئەو جەنگە دەکەینەوە؛ کە چاو بەو هەموو کەلاوە وێرانەی ئەو شارە مێژوویییەدا دەگێڕین، بۆ هەر مرۆڤێک زۆر زەحمەتە، کە بەقووڵی هەست بە نیگەرانی نەکات. ئەم هەستی نیگەرانییە قووڵە لەگەڵ شادمانیی ڕزگاربوونی مووسڵ لە بن دەستی داعش تێکەڵ دەبێت و، هەستێکی سەیروسەمەرە و غەریب لە ناخی مرۆڤدا پێک دێنێت.
ئەو فەیلەسووفە فەڕەنسییە دەپرسێت، ئاخۆ ئەو هەموو کات و چاوەڕوانییە پێویست بوو، تا وەخۆ بێینەوە و بزانین کە دەبێ مووسڵ ڕزگار بکەین؟ ئاخۆ دەبوو هێندە دەست ڕاگرین تا هێزە توندڕەوەکانی داعش خویان لە شارەکەدا بەتەواوی جێگیر و قایم بکەن، چەکی قورسیان وەدەست بکەوێت و لەوێوە دەست بکەن بە پەرەدان بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە وڵاتانی دیکەدا و لە هەموو شوێنێک مەکینەی مەرگ وەگهڕ بخەن؟
بێرنارد هێنری لیڤی دەڵێت، چ چارەنووسێک چاوەڕوانی خەڵکی مووسڵە. ئاخۆ بە چاوی هاوکارانی داعش هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو کەسانە ناکەین، کە تا کۆتایی لەنێو شاری مووسڵدا مانەوە؟ چۆن دەکرێ ڕێگه له تۆڵەکردنەوە بگرین؟ کێ تێچووی ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەم شارە کۆنە وەئەستۆ دەگرێت، ئەو نۆژەنکردنەوەیەی کە دەشێ بە دووەمین ڕزگارکردنی ئەم شارە کۆنە لە قەڵەم بدرێت.
سەرچاوە: