2017-07-25
ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دوای هاوڕێدا دەگەڕێیت، ئەوە هەوڵ بدە لەگەڵ کوردەکاندا، ببە بە هاوڕێ
دەیڤد ئێڵ فلیپز
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی
لە شوێنە جیاجیاکان خەڵکانێکی توڕە، هێرشیان کردە سەر بارەگا و شوێنە دیپلۆماتییەکانی ئەمریکا، بەڵام هەموو کەسێکی ناو جیهانی ئیسلامی ڕقی لە ئەمریکا نییە. کوردەکان، کە ژمارەیان دەگاتە سەروو 25 ملیۆن لە عێراق و ئێران و سووریا و تورکیادا، بە شێوەیەکی گشتی خەڵکێکی سێکیولار و هاوڕای دەوڵەتانی ڕۆژاوان. کوردەکان لەوە تێ دەگەن، کە دیموکراسی و مافی تاکەکەس لەگەڵ بەهاکانی ئایینی ئیسلامدا دێتەوە و هاوگونجاوە. ئەمریکا، دەبێت هەنگاو بەرەو پەیوەندییەکی هاوڕێیەتیی باشتر لەگەڵ کوردەکاندا بنێت. ئەم پەیوەندیی نزیکبوونەوەیەی نێوان ئەمریکا و کوردەکان، دەبێتە هۆکارێكی باش بۆ کەمکردنەوە و بەرپێگرتنی گەندەڵیی سیاسی و توندەڕهویی ئیسلامی. هەروەها ئەم پەیوەندییە، دەتوانێت ببێتە هەوێنی چاکسازی لەو ناوچانەی کوردەکانی تێدا نیشتەجێن.
بەڕچاوڕوونی و چاودێرییەکی ورد بۆ سەرنجدان لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە، زۆر پێویستە. نووری مالکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بووە ڕێگر و کۆسپ لە بەردەم بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا. هەروەها بووە هۆکاری بارگاویکردنی سیاسی و ئاشوبی سیاسی و گرژی لە نێوان مەزهەب و کەمایەتی و ئیتنیکە جیاوازەکانی ناو عێراقدا. بەغدا بەپێی دەستووری عێراقی کار ناکات و، ئامادەییی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی نییە. حکوومەتی بەغدا بە شێوەیەکی سیستهماتیک و پلانڕێژكراو، دەستی بە ژێردەستەکردنی ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان کوردستان و عێراق کردووە و خەریکی جۆشدانی ئاگری ناکۆکییە لەگەڵ کوردەکاندا. هەروەها، حکوومەتی عێراق هێزەکانی ئاسایش بۆ زەوتکردنی مافی سوننەکان بەکار دەهێنێت. زیاد لەوەیش، حکوومەتی عێراق وەك داردەستێکی ئێران کار دەکات و، ڕێگەی بۆ گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی لە تارانەوە بۆ سووریا خۆش کردووە. لە بەرامبەر ئەمەدا، کوردەکانی عێراق بەئاشکرا و ڕاشکاوانە لەگەڵ ئەمریکادان. تەنانەت یەك سەربازی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠٠٣وە لە سەردەمی جەنگی کۆتاییپێهێنانی سەددامەوە، لە کوردستان نەکوژراوە. کوردستان پەیڕەوی سیستهمی دیموکراتی و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات و میدیای ئازادی هەیە. هەرچەند هێشتا گەندەڵیی زۆر لە ناوچهکەدا بەربڵاوە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ دراوسێکانیدا، کوردستان کەمتر گەندەڵیی تێدایە.
کوردەکانی عێراق تەنیا باشترین هاوڕێی ئەمریکان لە عێراقدا. بۆ زیاتر بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە هاوڕێیەتییەی نێوان ئەمریکا و کوردەکان، دەبێت ئەمریکا لایەنی ئاسایش لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بەهێزتر بکات و پێکەوە هاوکار بن. لە کاتێکدا، کە حکوومەتەکەی بەغدا هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا و پێکەوەکارکردن ڕەت دەکاتەوە، کەچی کوردەکان بەخۆشحاڵییەوە دەیانەوێت پێکەوە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا کار بکەن. دەبێت پێنتاگۆن چیتر تانکی جۆری Abrams-A1 و فڕۆکەی جۆریF16 بە بەغدا نەفرۆشێت و، کۆتایی بەو مامەڵەیە بهێنێت. ئەو چەك و کەرەستە جەنگییانە، زیاتر پێشبینیی ئەوەیان لێ دەکرێت کە حکوومەتی عێراق لە دژی عێراقییەکان بەکار بهێنێت وەك لەوەی لە دژی ئێران و حکوومەتە نەیارەکانی تر بەکاریان بهێنێت، کە لە ئێستادا عێراق پەیوەندیی لەگەڵیاندا هەیە.
لەو کاتەوەی کە هەرێمی کوردستان زانیاریی مۆڵگە و بارەگاکانی پەکەکەی لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ تورکیا ئاشکرا کردووە، پەیوەندییەکی زۆر بەهێز لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستاندا دروست بووە. بەو شێوازەی، کە ئێستا کوردستان شان بە شانی تورکیا کار دەکات، دەکرێت لە داهاتوودا کوردستانیش ببێتە ئەندامێکی بەرەی ڕۆژهەڵاتی ناتۆ.
هەروەها، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت لە ڕووی ئابوورییەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا پەیوەندی دروست بکات و پێگەی ئابووریی خۆی بەهێز بکات. کوردستانی عێراق ئاستێکی بەرزی ئابووریی هەیە و، خاوەنی سەرچاوەیەکی زۆری وزەیە و، بەرهەمی نەوتی بە 45 ملیۆن بەرمیل نەوت مەزندە دەکرێت. بەم جۆرە، کۆمپانیا ئەمریکییەکان، دهبێت گرنگی بە گەشەسەندنی بەرهەمهێنانی نەوت و کێڵگەکانی گازی سروشتی لە کوردستاندا بدەن، بەبێ گوێدانە بەغدا، کە چی دەڵێت و چ هەڵوێستێکی دەبێت.
کە دێینە سەر بابەت و باسی سووریا، دەبینین کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مهسعوود بارزانی، کارێکی گرنگی کردووە و هاوکارێکی باش بووە بۆ نەهێشتنی کەلێنی نێوان کوردەکانی سووریا. لە ساڵانی ١٩٩٠دا، باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بووبووە مۆڵگەی پەکەکە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا بە ڕیکخراوێکی تیرۆریستییان لە قەڵەم دەدا. بۆ ئەمەیش، دەبوو ئیدارەکەی ئۆباما بەبەردەوامی کاری لەگەڵ ئەو حزبە کوردییانەی سووریادا بکات بۆ ئەوەی ببنە لایەنگری سیستهمی ڕامیاریی ڕۆژاوا لە سووریادا. لەم ڕووەیشەوە، دەتوانین بڵێین خواستی دیموکراتخوازیی کوردەکان، دەکرێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە لەگەڵ تورکیا و ڕۆژاوادا جێبەجێ بکرێت.
جیا لەوەیش، کە داخۆ دەرەنجامی جەنگی ناوخۆی سووریا چی دەبێت، ئەمریکا تەنیا هاوڕێ و هاوکارێکی لەناو سووریادا، کوردەکانن. عەلەوییەکان بەچڕی کار دەکەن و بەوە زۆر نیگەرانن، کەوا ڕۆژاوا هاریکاریی کوردەکان دەکات و، دەیانەوێت بەر بەم هاوڕێیەتییە بگرن و کۆتاییی پێ بهێنن. یاخیبووە سوننە عەرەبەکان وا هەست دەکەن، کە لە لایەن ئەمریکاوە گرنگی و قورسایییان کەم کراوەتەوە و، ئەمریکایش دوودڵە لەوەی چەك و کەرەستەی جەنگ بۆ ئەو یاخیبووانەی سەر بە ئیخوان موسلمین دابین بکات، چونکە پێی وایە ڕۆژێك دێت لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەکاری دەهێننەوە.
لە ئێرانیشدا، دەکرێت کارێکی باش بکرێت و یارمەتی بۆ کوردە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران دابین بکرێت. کوردەکانی ئێران دەیانەوێت ئەو سیستهمە ئایینییەی حوکمی ئێران دەکات، بیگۆڕن بە سیستهمێکی دیموکراسیی فیدراڵی. کوردەکانی ئێران هاوکاریی شۆڕشی سەوزی ساڵی ٢٠٠٩یان کرد و، پەیوەندییان بە ئۆپۆزیسیۆن و کەمە نەتەوایەتییەکانی تری وەك عەرەب، بەلووچ و ئازەرییەکانی ئێرانەوە هەبوو. کۆتاییپێهێنانی حوکمی مەلاکان لە ئێراندا، باشترین ڕێگهیە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران سنووری دیاریکراوی بەکارهێنانی وزەی ئەتۆم نەبەزێنێت.
لێکنزیكبوونەوەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کورد، دەبێتە مایەی نیگەرانییەکی زۆر بۆ تورکیا. بەڵام دەبێت ئیدارەکەی ئۆباما تورکیا لە ڕاستی و دروستیی ئەوە بگەیەنێت و، دڵنیایی بدات بە تورکیا، کە هاوکاریکردنی کوردەکان مانای دروستبوونی کوردستانی گەورە نییە و، ئەو خاڵە هاوبەش و ستراتیژییانەی نێوانیان وەك خۆی دەمێنێتەوە.
دەکرێت لە کۆتاییدا گرنگیدان بە کوردەکان سوودێکی زۆری بۆ تورکیا هەبێت. سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ڕەجەب تەییب ئهردۆغان، لە ساڵی ٢٠١٠دا باسی لە "دیموکراتییەکی کراوە" بە ڕووی تورکیادا کرد. هەرچەندە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بۆ مافی زیاتری سیاسی و کهلتووریی کوردەکان سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام لەو کاتەدا مەبەستی جەختخستنە سەر ئازار و ناڕەحەتییەکانی چەندین ساڵەی کوردەکان بوو. هەر کاتێك واشنتۆن کێشەی کوردی کردە بابەتی پێشەنگ لە ناوچەکەدا و گرنگیی پێ دا، لەوانەیە ئهردۆغانیش مافی سیاسی و کهلتووریی کوردەکان تازە بکاتەوە و بەگرنگ لێی بڕوانێت و، بتوانن ڕیشەی ئەو دووبەرهکی و ئاڵۆزییەی نێوان کوردەکانی تورکیا و حکوومەتی تورکیا، پێکەوە چارەسەر بکەن.
کوردەکانی عێراق، سەلماندیان کە هاوپەیمانی متمانەپێکراون. واشنتۆن، دەبێت گرنگیی زیاتر بەو هۆگرییەی کوردەکان بە ڕۆژاوا بدات و، هەوڵ بدات ئەو لایەنگریییە زیاتر بێت. ئەمریکا نابێت دۆستەکانی بەکەم بزانێت، لە کاتێکدا دەخوازێت دوژمنەکانی تووڕە نەکات.
سەرچاوە: