ڕیفراندۆمی کوردستان لەسەر پایەیەکی یاساییی پتەو بنیات نراوە و ڕاوەستاوە

2017-08-01

ڕیفراندۆمی کوردستان لەسەر پایەیەکی یاساییی پتەو بنیات نراوە و ڕاوەستاوە

 

دەیڤد تەفوری

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

دوو سەد و چل و یەك ساڵ پێش ئێستا و لەم مانگەدا، باوباپیرانی ئێمە سەربەخۆییی ئەمریکایان ڕاگەیاند. کاتێك پرسی سەربەخۆیییان خستبووە بەر باس و گفتوگۆیان لەسەر دەکرد، هێشتایش لەسەر ئەوە کۆدەنگ و کۆک نەبوون کە داخۆ ئەم کۆڵۆنییانە دەتوانن خۆیان بەڕێوه‌ بەرن و ئامادەییی ئەوەیان تێدایە و، ئایا دەتوانن گرفت و جیاوازی و کێشە نێوخۆیییەکان چارەسەر بکەن، یان ئایا دەتوانن ڕووبەڕووی دەسەڵات و هێزە دەرەکییەکان ببنەوە. بەڵام ئەوەیان دەزانی، کە ئاوان مافێکی بنچینەییی یاسایی و ئاکارییان هەیە بۆ ئەوەی لە بریتانیا جیا ببنەوە و سەربەخۆ بن. گوتەکەی تۆماس جێفرسن، کە دەڵێت "[خەڵك] مافی خۆیانە، کە دەسەڵاتی دادوەریی خۆیان حوکمیان بکات"، هەڵقووڵاوی ناو یاسا بنچینەیییەکانە و لەو یاسا و پره‌نسیپانەوە ڕەگوڕیشەی داکوتاوە و سەرچاوەی گرتووە.

لە ٠٦-٠٧-٢٠١٧دا هەرێمی کوردستانی عێراق لە هەرێمە نیمچە-ئۆتۆنۆمییەکەی خۆیەوە پلانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاند. ئەم ڕیفراندۆمەی هەرێمی کوردستان، دەبێتە سەرەتای ژیانێکی نوێ و خاڵێکی وەرچەرخان لە ژیانی سەد ساڵەی پڕ لە مەینەتی و ناڕەحەتی و چەوسانەوەی کوردەکانی عێراق لە لایەن حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە کە بژاردەی خۆیان نەبوون و، دەبێتە کۆتاییی نەهامەتییەك کە کۆڵۆنییە ئەمریکییەکانیش ئەو نەهامەتییەیان لە دەستی بریتانیا بەسەر نەهاتبوو. ڕیفراندۆم هەنگاوێکی زۆر سەرەتاییی ڕێگەی سەربەخۆبوونە و، مەرج نییە بە هاوێشتنی ئەم هەنگاوە، دەمودەست دەوڵەتێکی نوێ ڕابگەیەنرێت. بەڵام ڕیفراندۆم هەنگاوێکی گرنگە لە مافە سروشتی و گەردوونییەکانی مرۆڤ بۆ دیاریکردنی مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی خۆیان و، ئەو مافەیە کە باوباپیرانی ئێمە لە ساڵی ١٧٧٦دا بۆ خۆیان دەستەبەریان کرد. ئەم هەنگاوەی کوردەکانیش بۆ ڕیفراندۆم لەسەر پایەیەکی یاساییی پتەو بنیات نراوە و ڕاوەستاوە.

لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان، دەبێت هەنگاو بەرەو سەربەخۆبوون بهاوێژێت، لە دەستووری عێراقدا ئاماژەی پێ کراوە. دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراق بەڕوونی باس لە هەرێمی کوردستان دەکات وەك هەرێمێکی نیمچە-ئۆتۆنۆمی دەناسێنێت، بەڵام لەو کاتەوە هیچ هەنگاوێك بۆ ئەم جیابوونەوەیە لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە نەنراوە. لەبەر ئەوە، پێویستە پەنا بۆ یاسای نێودەوڵەتی ببەین و بزانین چی لەمبارەیەوە دەڵێت. لە یاسای نێودەوڵەتیدا، مافی بڕیاردانی چاره‌نووس بەم جۆرە پێناسە کراوە و دەڵێت مافی بڕیاردانی چاره‌نووس پرۆسەیەکە، کە دەوڵەتێك دەوڵەتبوونی خۆی ڕادەگەیەنێت و پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتەکانی تردا دروست دەکات و حکوومەتی خۆی دروست دەکات. بەم جۆرە مافی چارەنووس لەژێر ڕۆشناییی یاسا نێودەوڵەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەك مافێکی گرنگ و بنچینەیی لە قەڵەم دراوە.

ماددەی یەکەمی ڕێککەوتننامەی مۆنیڤیدیۆ (Monevideo Convention ) لەژێر ڕۆشناییی یاسای نێودەوڵەتی سەبارەت بە سەربەخۆبوون مەرجەکان دەخاتە ڕوو. بەپێی ئەم بەندەی ڕێککەوتننامەی مۆنیڤیدیۆ، ئەوانەی دەیانەوێت سەبەخۆ بن، دەبێت ئەم مەرجانەیان تێدا  بێت:

١- دانیشتووانێکی هەمیشەیییان هەبێت.

٢- ناوچەیەکی جوگرافیی دیاریکراویان هەبێت.

٣- حکوومەتیان هەبێت.

٤- توانای دروستکردنی پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتانی تردا هەبێت.

لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی کارکردنەوە لە ساڵی ١٩٩١وە لە عێراق جیا بووەتەوە و بە شێوەیەکی یاسایی و بەپێی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراق وەك هەرێمێکی نیمچە-ئۆتۆنۆمی ناسێنراوە، دەکرێت بگوترێت هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە گەیشتن بەو مەرجانە و لە هەندێک ڕووەوە بەتەواوەتی ئەو مەرجانەی تێدایە.

زۆر گرنگە لێره‌دا چاوێك بەسەر هەر یەکە لەو مەرجانەدا بخشێنرێتەوە. جیا لەو جووڵانەنەوە سەربەخۆیییانەی تر، هەرێمی کوردستان دانیشتووانێکی هەمیشەییی خۆی هەیە و لە تەواوی دانیشتووانی تری عێراق جیاوازە. ئەم دانیشتووانە لە ڕووی ئیتنیکییەوە لە دانیشتووانی تری عێراق جیاوازە و، که‌لتوور و زمانی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەمەیش وای کردووە، کە لە لایەن کەسانی ترەوە زوڵمیان لێ بکرێت، بەڵام زیاد لە ١٠٠٠ ساڵە ئەم ناوچەیەی باشووری ڕۆژاوای ئاسیا ماڵی کوردەکانە و ئەوان لێی دەژین. لە ڕووی ناوچەی جوگرافییەوە، کوردەکان لە هەر سێ پارێزگه‌کانی هەولێر و دهۆک و سلێمانیدا بوونیان هەیە. لە ڕووی سنوورەوە ناوچەی جێناکۆکیان هەیە، کە دەکەوێتە سنووری پارێزگه‌ی چوارەمەوە، کەرکووك، کە دەبێت لە داهاتوودا وتوێژیان لەبارەوە بکرێت و یەکلایی بکرێنەوە. بەڵام بە شێوەیەکی بنچینەیی، کورد لەو ناوچەیەدا دەژیت و لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە کارەکانی بەڕێ دەکرێت.

هەرێمی کوردستان لە ماوەی ١٧ ساڵی ڕابردوودا و لە دوای جەنگی یه‌كه‌می کەنداوەوە وەك حکوومەتێکی یاسایی برەوی پێ دراوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەڵبژاردن دروست کراوە و بەشە جیاجیاکانی حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ و پەرلەمان و دامەزراوەکانی تری هەیە، کە لە داهاتوودا وەك حکوومەتێکی پێگەیشتوو دەتوانێت پێداویستییە بنچینەیییەکانی خەڵکەکەی دابین بکات. لەناو عێراقێکی پڕ لە ئاژاوە و توندوتیژیدا، هەرێمی کوردستان شوێنێکی ئه‌من و ئارامی بۆ خۆی بنیات ناوە. چیتر هیچ شتێکی ئەو حکوومەتە و ژیانی کوردستان لە لایەن حکوومەتی ناوەندیی عێراقەوە دەستی بۆ نابردرێت. دواتر لە ڕووی توانای دروستکردنی پەیوەندییەوە لەگەڵ دەوڵەتانی تردا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە کاری دیپلۆماتی و پەیوەندییەکانی خۆی کردووە و لە ١٤ وڵاتدا نوێنەری خۆی هەیە و، كونسوڵخانە و ئۆفیسی ٣٥ دەوڵەت لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە و کراونەتەوە.

زیاد لە هەبوونی ئەو مەرجە یاسایییانەی سەربەخۆبوون (کە هەموو ئەو مەرجانە لە خەڵکی هەرێمی کوردستاندا هەن)، لە لایەن دەوڵەتانی ترەوە دان بە سەربەخۆییی کوردستاندا وەك دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەنرێت. تا ئێستایش هەندێک لە دەوڵەتانی وەك سعوودیا و ئیمارات و هەنگاریا و ئیسڕائیل، ئامادەییی ئەوەیان نیشان داوە کە وەك دەوڵەتێکی سەربەخۆ، دان بە سەربەخۆییی کوردستاندا دەنێن. چه‌ند دەوڵەتی دیكه‌یش، بە هەندێك دەوڵەتی ئەوروپییشەوە، بە شێوەیەکی گشتی پشتیوانیی خۆیان بۆ مافی بڕیاردانی چارنووسی کورد دەربڕیوە، بەڵام هێشتا ڕاستەوخۆ نەیانگوتووە وەك دەوڵەتێکی سەربەخۆ، دان بە سەربەخۆییی کوردستاندا دەنێن. هەندێك دەوڵەتی تریش وەك دەوڵەتە دراوسێکانی کوردستان، بە ئێران و سووریا و تورکیاوە، ناڕەزایی و دژایەتیی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم لەسەر مافی چارەنووسی کوردستان دەربڕیوە. دەبێت ناڕەزاییی ئەم دەوڵەتە دراوسێیانەی کوردستان حسابیان بۆ بکرێت، بەڵام لەبەر گرفتی ناوخۆییی خۆیان و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، ناتوانن تاسەر دژایەتیی سەربەخۆییی کوردستان بکەن. هەندێکیش دەڵێن کوردستان هێشتا ئامادەییی سەربەخۆبوونی نییە و، دەڵێن گرفتە سیاسییەکانی ناوخۆی کوردستان، ئەوە دەردەخەن کە کوردستان هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بتوانێت خۆی حوکمی خۆی بکات. بەڵام ئەمانە هەموو هەمان ئەو گرفتانەن، کە باوباپیرانی ئێمە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و بەسەریاندا زاڵ بوون و سەربەخۆییی ئەمریکایان ڕاگەیاندووە.

وا دەردەکەوێت پرۆسەی ڕیفراندۆم بەباشی بەڕێوه‌ بچێت. هەرێمی کوردستان دەڵێت ئەگەر ڕیفراندۆم تەواو بوو، دەست بە وتوێژی سەربەخۆیی دەکەین. تا ئێستایش لەگەڵ بەغدا ئەو وتوێژە کراوە. لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، وتوێژەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان چڕتر دەبنەوە و، دەکرێت وتوێژ لەسەر کات و شێوەی جیابوونەوه‌یان بە شێوەیەکی سوودمەند بۆ هەر دوو لا بکرێت.

سەرکەوتنی کوردستان لە سەربەخۆبوون لەسەر چەند فاکتەرێك وەستاوە، کە هەندێکیان فاکتەری سیاسین، بەڵام لەڕووی یاسایییەوە و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، هەموو ئەو مەرجانەی تێدایە بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.    

 

سەرچاوە:

http://www.washingtontimes.com

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples