هۆکارگەلێكی سەرەکی، ئاماژەن بۆ ئەوەی هاوکاریی کوردەکانی عێراق بکرێت

2017-08-02

هۆکارگەلێكی سەرەکی، ئاماژەن بۆ ئەوەی هاوکاریی کوردەکانی عێراق بکرێت

 

جەی گارنەر

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

هەر ئەو کاتەی جەنگی داعش کۆتایی هات، عەرەبەکان، بە سوننە و شیعەوە داوا دەکەن عێراق بەجێ بهێڵین و، تەنیا کورد دەیەوێت ئێمە لەوێ بمێنینەوە. هەروەها ئەوەیش ڕوون و ئاشکرایە، کە هەر ئێمە عێراقمان بەجێ هێشت، ئێران زیاتر لە ماوەکانی ڕابردوو کۆنترۆڵی بەغدا دەکات.

پێش ئەوەی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا ئەو ناوچانەی عێراق داگیر بکات، ئێرانییەکان خەریکی دروستکردنی نیوەبازنەیەکی شیعی بوون، کە لە تارانەوە بۆ بەغدا و دیمەشق و بەیروت سەرچاوەی دەگرت. لەمڕۆیشدا، بە هەبوونی هاوپەیمانێتییه‌کی بەهێز لەگەڵ حزبوڵڵای لبنان، ڕووسیا و هێزه چەکداری و لەشکرکێشییەکانی حزبوڵڵا لە سووریا و میلیشیا شیعە عێراقییەکان، کە ئێران ڕابەرایەتییان دەکات، خەریکە ئەو نیوەبازنە شیعییە تەواو دەبێت و، بە ڕێگەیەکی وشکانیدا تێ دەپەڕێت، کە ئێرانییەکان بەتەواوەتی بەسەر وڵاتی شامدا زاڵ دەبن و دەبنە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خەڵکی ئیسڕائیل. چارلز کراوزەمێر لە نووسینێکدا دەڵێت: "ئەم نیوەبازنە شیعییە (هیلالی شیعی) لە ئێرانەوە بەرەو عێراق درێژ دەبێتەوە و بە سووریا و لوبناندا بەرەو دەریای ناوەڕاست تێپه‌ڕ ده‌بێت و، فارسەکان بە دەریای ناوەڕاست دەگەیەنێت، کە ٢٣٠٠ ساڵە فارس دەستی بە دەریای ناوەڕاست نەگەیشتووە."

ئێمە بە هۆی هاوڕابوونمان لەگەڵ سیاسەتی "یەکپارچەییی خاکی عێراق"، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هاوکاریی ئێران دەکەین. چونکە ئەم سیاسەتە وا دەکات، کە حکوومەتە داردەستەکەی ئێران، کە حکوومەتی بەغدایە، زیاتر کوردەکان پشتگوێ و دوورەپەرێز دەخات و، ڕێگە لە هاوکاریکردنی ڕاستەوخۆی کوردەکان دەگرێت و لە داهاتی وڵات بێبەشیان دەکات. ئەگەر ئێمە بەم سیاسەتە بێمانایەمانەوە هاوکاریی ئێران بکەین، ئیتر گرنگ نییە چەند خوێنی بۆ بدەین و چەند پارە بەهەدەر بدەین، ناتوانین هیچ لە دەرەنجامەکەی بگۆڕین.

کەوابوو، دەبێت ئێمە برەو بە ستراتیژییەتێك بدەین کە یارمەتیی مانەوە و هەبوونی کاریگەریمان لە ناوچەکەدا بدات. ئەم ستراتیژییەتەیش بە وازهێنانمان لە سیاسەتی "یەکپارچەیی خاکی عێراق" و، هاوکاریکردنی کوردەکان و ڕیفراندۆمی کوردەکان دەبێت. ڕیفراندۆم ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نییە؛ ڕیفراندۆم دەربڕینی مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی نەتەوەیەکە. ئەمە تاكه‌ سەرکەوتنێکە کە ئێمە بتوانین بەدەستی بهێنین... بەڵام سەرکەوتنێکی ستراتیژییە بۆمان. کوردستانی عێراق چەندین بژاردەی ستراتیژی و ئابووریمان ده‌خاته‌ بەردەست. چەندین هۆکار و فاکتەری گرنگ هەن، وا دەکەن پشتیوانی لە کوردەکانی عێراق بکەین:

  • بە هۆی جەنگی کەنداوی ساڵی ١٩٩١ه‌وە، کە کوردەکانی لە برسێتی و لەناوچوون پاراست و جەنگی ساڵی ٢٠٠٣وە، کە کوردەکانی لە ڕژێمەکەی سەددام ڕزگار کرد، کوردەکان لەگەڵ ئەمریکادان و بۆ ئەمریکا بەوەفان.
  • کوردەکان حکوومەتێکی سەربەخۆی خۆیانیان هەیە، کە بە هەڵبژاردن دروستیان کردووە و، ئەم حکوومەتە، مەسیحی و ئایینه‌ جیاجیاکانی تری لە ناوچەکەدا پاراستووە. هێزەکانی پێشمەرگە خاچی کەنیسەیەکیان گەڕاندەوە بۆ سەر کەنیسەکە، کە لە لایەن داعشەوە وێران کرابوو.
  • ئەو شوێنەی کوردەکانی لێیە شوێنێکی ستراتیژییە: لە ڕۆژهەڵاتی ئەو شوێنەوە ئێرانی نەیارمانە، لە باشوورەوە عێراقی داردەستەی ئێران، لە ڕۆژاواوە سووریای نەیارمان و لە باکوورەوە تورکیای هاوپەیمانی ناتۆمانە. ئەمەیش دەبێتە خاڵێکی پەیوەندیی بەهێز بۆمان.
  • لە ڕووی سامانی سروشتییەوە، بەتایبەت نەوت و گازی سروشتی، ناوچەیەکی دەوڵەمەندە و یەکێکە لە ناوچە هەرە دەوڵەمەندەکانی نەوت و گاز لە جیهاندا.

لەبەر ئەو هۆکارانەی لەسەرەوە باس کران و، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت برەو بە ستراتیژییەتێك بدەین کە پشتگیری لە سەربەخۆییی کوردستان بکات. لە ڕووی کردارییشەوە سنوورەکانی پێشووتری عێراق تێک چوون و، جارێکی تر ناگەڕێنەوە شوێنی جارانیان. کوردەکانیش لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە نیمچە-سەربەخۆ بوون و، لە دوای ساڵی ٢٠١٤ه‌وە بەتەواوەتی وەك دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوون.

دەبێت بە شێوەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی ئەکادیمیای هێزی ئاسمانیی ئەمریکی و سوپای بەرگری و مارینزەوە پێگەیەکی سەربازی و بنکەی ڕاهێنانی سێ بۆ چوار مانگی لە ناوچەکەدا دابمەزرێنین. ئەم جۆرە ڕاهێنانانە گرفت و مەترسیی داگیرکردن ناهێڵن. هەروەها دەتوانرێت لەم ڕێگەیەوە هێزی دەریاییی ئێران و دوورهاوێژە بالستیکییەکانی ئێران، کە مەترسین بۆ سەر ئەوروپا و ئەمریکا، لێکۆڵینەوەی زیاتریان لەبارەوە بکرێت. ئەمەیش تەنیا وەستانەوە نییە لە بەردەم مەترسییەکانی ئێراندا، بەڵکوو وەستانەوەیشە بەرامبەر بە ڕووسیا، کە خەریکە پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێز دەکات. ئەم ڕێگەیە ناوچەکە لە مەترسیی نەیارەکانمان ڕزگار دەکات. کوردەکان دەتوانن هێزێکی هاوکاری باش بن لە ناوچەکەدا و، ئەمەیش دەبێتە ئاماژەیەك بۆ نەیار و دۆستە سوننەکانمان، کە ئێمە گرنگی بەو ناوچەیە دەدەین و ڕووبەڕووی مەترسییەکانی ئێران دەبینەوە.

هەرێمی کوردستان تەنیا لە ڕووی نەوەتەوە گرنگ نییە، بەڵکوو لە هەبوونی گازی سروشتیشدا ناوچەیەکی دەوڵەمەندە و، ڕێژەی گازە سروشتییەکەی بە زیاتر لە ٢ تریلیۆن پێ سێجا مەزندانە دەکرێت. ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەتوانین برەو بە لایەنی نەوت و گازی کوردستان بدەین و بە هۆی بۆڕییەوە بیگەیەنینە ئەوروپا و، ئەمەیش دەسەڵاتی ئێمە لە ناوچەکەدا بەرفراوانتر دەکات و، دەتوانین ڕووبەڕووی سیاسەتە ئابوورییەکەی ڤلادیمیر پووتین ببینەوە.

لە کۆتاییدا، بەم ستراتیژییەتە و بە ڕزگاربوونی کوردەکان لە حکوومەتی بەغدای داردەستی ئێران، کوردەکانیش دووەم دەوڵەتی ناوچەکە دەبن، کە لە دوای ئیسڕائیل لەگەڵماندا ده‌بنە هاوپەیمانێکی بەوەفا. هەروەها، ئەم ستراتیژییەتە ڕێگەخۆشەر دەبێت بۆ ئەمریکا، کە پێگەیەکی سەربازیی لە ناوچەکەدا هەبێت و، بۆ هەموو دونیای بسەلمێنێت کە ئەمریکا هێشتا لەو ناوچەیەدا هەیە و دەمێنێت. زیاد لەوەیش، ستراتیژییەتی هاوکاریکردنی سەربەخۆبوونی کوردستان لە ڕووی بەرهەمە هایدرۆکاربۆنییەکان و وزەوە، ئابووریی ئەوروپا لە بەرامبەر ڕووسیادا دەپارێزێت؛ کە ئەمەیش سەرکەوتنێکی ترە.  

 

سەرچاوە

http://www.washingtontimes.com

 

 
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples