ڕووسیا: کوردەکانی عێراق مافی خۆیانە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدەن

2017-08-08

ڕووسیا: کوردەکانی عێراق مافی خۆیانە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدەن

 

سێس ئدوین مۆرا

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

لە چاوپێکەوتنێکد لەگەڵ کەناڵێکی کوردی، کەناڵی ڕووداو، سێرگێی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گوتی: "دەبێت ڕێگە بە کوردەکانی هەرێمە ئۆتۆنۆمییەکەی کوردستانی عێراق بدرێت بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، چونکە کوردەکان مافی ئەوەیان هەیە کە خواست و ئارەزووی جیابوونەوەیان لە عێراق دەرببڕن."

لە نێوه‌‌ندی دیمانەکەدا، سێرگێی لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە "کوردیش وەك هەر خەڵك و نەتەوەیەکی تری دونیا بە خواست و مافە یاسایی و ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان بگەن" و، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕووسیایش پشتیوانی لە ئامانجەکانی پرۆسەی ڕیفراندۆمەکەی کوردستان بە شێوەیەکی "ئاشتییانە" دەکات. ئەم گوتانەی لاڤرۆڤ، ڕاستەوخۆ لە دوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ جێگری سەروککۆماری عێراق، نووری مالکی، دێن، کە بەردەوام ناڕەزاییی بەغدا سەبارەت بە سەربەخۆییی کوردستان نیشان دادەت. کوردەکانی عێراقیش پلانی ئەوەیان داناوە، کە لە مانگی (9)ی ئەمساڵدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدەن.

هەر لە نێوه‌ندی چاوپێکەوتنەکەدا، لاڤرۆڤ گوتی: "ئێمە ئەم ڕیفراندۆمەی کوردەکانی عێراق وەك دەربڕینی خواستی کوردەکانی عێراق دەبینین و، ئامادەییی ئەوەمان تێدایە کە یارمەتیی هەولێر و بەغدا بدەین؛ بە جۆرێك کە پرۆسەی یارمەتیدانەکەمان ڕێز لە خواستەکانی هەر دوو لا بگرێت." زیاد لەوەیش، لاڤرۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە "وەك هەر خەڵك و نەتەوەیەکی تر و، بەپێی ئەو مافەی لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا هەیانە، دەبێت خواستەکانی کورد و ئامانجە یاسایییەکانی بەجێ بگەیەنرێن و، ئەوەندەیش ئێمە تێ گەیشتبین، ئەو ڕیفراندۆمه‌ی، هەولێر بڕیاری جێبەجێکردنی داوە، لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دێتەوە و، لەسەر ئەو یاسایانە بنیات نراوە." ئەمە لە کاتێکدا، لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، کە ڕووسیا دەیەوێت سووریا بە یەکپارچەیی و پێکەوە بمێنێتەوە. لە گوتەکانی لاڤرۆڤدا هیچ ئاماژە و نیشانەیەك، دەری نەخست ڕووسیا لەگەڵ دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی لە سووریادا بێت.

ڕژێمە دیکتاتۆرەکەی ئەسەد لە سووریا و، ئێران و تورکیا، لەوە دەترسێن کە ئەگەر کوردەکانی عێراق سەربەخۆ بن، کوردەکانی ناو سنووری ئەو دەوڵەتانەیش چاو لە کوردەکانی عێراق بکەن و، ئەوانیش هەوڵی سەربەخۆییی خۆیان بدەن و جیا ببنەوە، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەم بیروڕایە بە بێمانا و بێبنەما دەزانێت. لە ئێستایشدا کوردەکانی سووریا چاویان لە کوردەکانی عێراق کردووە، بەڵام ئەوان تەنیا داوای خۆڕێبەرییەکی گەورەتر دەکەن و هیچی تر. لەو ڕەشنووسەی کە لە لایەن ڕووسیاوە بۆ سووریا یەک خراوە و ئامادە کراوە، کریملن ڕەچاوی دابەشکردنی دەسەڵاتی لە نێوان گرووپە جیاجیاکانی ئەو وڵاتەدا کردووە. لاڤرۆڤ بە "ڕووداو"ی ڕاگەیاند، کە "دەبێت کوردەکانی سووریا بەشێک بن لەو ڕێککەتنە و، دەبێت دڵنیا بن لەوەی، کە مافەکانیان لەنێو سووریادا پارێزراوە."

سام یۆنۆی، گوتەبێژی هاوپەیمانێتیی ئەمریکا لە سەردەمی ئیداره‌ی ترامپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە مانگی (9)ی ساڵی ٢٠١٦دا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەمریکا لەگەڵ سەربەخۆییی کوردستان دەبێت ئەگەر ئەو جیابوونەوەیەی کوردستان ڕەزامەندیی حکوومەتی بەغدایشی لەگەڵ بێت (واتە جیابوونەوەکە لەسەر ڕەزامەندیی هەردولا بکرێت)، هەرچەندە تاوەکوو ئێستایش بەڕوونی ئەوە دیار نییە دەرنەبڕاوە، کە داخۆ ئیدارەکەی ترامپ لەگەڵ جیابوونەوە و سەربەخۆییی کوردستاندایە، یان لەگەڵ سیاسەتی یەکپارچەییی خاکی عێراقدایە.

مانگی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئیدارەکەی ترامپ ئاماژەی به‌ ناڕەزاییی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی کوردستان نیشان دا و، گوتی لە ئێستادا ڕیفراندۆمی کوردستانی عێراق بۆ سەربەخۆیی، لە بابەتە گرنگ و هەنووکەیییەکانی وەك جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و هەوڵی چارەسەری کێشە و گرفتە سیاسییە ناوخۆیییەکانی ناو هەرێمی کوردستان دامان دەبڕێت و دوورمان دەخاتەوە. هەروەها، کۆنگرێسی ئەمریکا، کە ئێستا جڵەوی لە دەستی کۆمارییەکانە، هەڕەشەی بڕینی هاوکاری لە هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەگەر هەرێمی کوردستان لە بەشداریکردن لە حکوومەتێکی یەکگرتووی عێراق پاشەکشە بکات.

هەر لە ڕه‌وتی چاوپێکەتنەکەدا، لاڤرۆڤ و مالکی لە مۆسکۆ باسیان لە چۆنێتیی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوه‌ندیی ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرد. لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا لەگەڵ کەناڵی ڕووداو، لاڤرۆڤ گوتی: "ئێمە پشتیوانی لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق دەکەین؛ بە جۆرێك کە ئەم پشتیوانیکردنەمان کاریگەریی نەرێنیی لەسەر پەیوه‌ندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا نەبێت. هەروەها دەمەوێت ئەوەت وەبیر بهێنمەوە، کە ئێمە و کوردستان بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە و، ڕووسیا دەیەوێت برەو بە پەیوەندییە ئابوورییەکان و بازرگانی و وەگەڕخستنی سەرمایە لە نێوانماندا بدات." ڕووسیا كونسوڵخانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و، لە بەرامبەر ئەمەیشدا هەرێمی کوردستان لە مۆسکۆ نوێنەرایەتیی هەیە.

لاڤرۆڤ گوتی: "پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ کوردستاندا پەیوەندییەکی لەمێژینەن و، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەتایبەت سەرۆکی حکوومەت و کاربەدەستانی باڵای هەرێمی کوردستان." لە لایەکی تریشەوە، ئێران، کە بە هاوپەیمانی ڕووسیا و عێراق دادەنرێت، هەر لە زووەوە ناڕەزاییی خۆی بەرامبەر بە سەربەخۆییی کوردستان دەربڕیوە و، ترسی ئەوەی هەیە کە کوردەکانی ناو ئێرانیش لە داهاتوودا هەمان خواستیان هەبێت و ئەوانیش داوای سەربەخۆیی بکەن.

هەرچی خودی ڕووسیایشە ساڵی پار، بەبێ ئەوەی ئەمریکا ئاگادار بکاتەوە، لەگەڵ ئێران و عێراق و سووریادا هاوپەیمانێتییه‌کی هەواڵگیریی دامەزراند. هەروەها، هاوکارییە سەربازی و دارایییەکانی ئێران و ڕووسیا، وایان کردووە کە تاوەکوو ئێستایش "بەشار ئەسەد"ی دیکتاتۆری سەرۆکی سووریا، لە پۆست و ئۆفیسەکەی خۆی وەك خۆی بمێنێتەوە.

سەرچاوە:

http://www.breitbart.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples