جیابوونەوەى ئاشتییانەی سیاسی: چیکۆسلۆڤاکیا وەکوو نموونەیەکى ڕابردوو

2017-08-10

جیابوونەوەى ئاشتییانەی سیاسی: چیکۆسلۆڤاکیا وەکوو نموونەیەکى ڕابردوو

حەسەن ئەلعەتتار

وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: چرا عومەر ساڵح

 

نزیکەى بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر و بەتایبەتیش لە چارەگى کۆتاییى ساڵى ١٩٩٢ی زایینیدا، دەوڵەتێک هەبوو بە ناوى چیکۆسلۆڤاکیا، کە یەکگرتنى فیدڕاڵیى نێوان دوو نەتەوە بوو: چیک و سلۆڤاک. یەکێک بوو لە دەوڵەتانى ئەوروپاى ڕۆژهەڵات لە یەکێتیى سۆڤیەتى پێشوو، پێش ئەوەى لە ساڵى ١٩٨٩دا بڕووخێت. ئەو دەوڵەتە بەو ناوە لە مێژوودا هەبوو تا ساڵى ١٩٩٢، بەڵام  لە دواییدا دوو دەوڵەتى نوێی لێ پێک هات، بە ناوەکانى: کۆمارى چیک و کۆمارى سلۆڤاکیا.

هەرچەندە ئێستا بیست و پێنج ساڵ بەسەر ئەم دابەشبوونەدا تێ پەڕیوە، بەڵام تا ئەمڕۆ بیروبۆچوونی جیاواز هه‌ن سەبارەت بەو لایەنەى ئارەزووى جیابوونەوەى دەکرد. چیک دەڵێت: سلۆڤاک جیابوونەوەى هەڵبژارد، لەبەر ئەوەى باوەڕیان وا بوو کە دوو نەتەوەى جیاوازین و ئەو یەکگرتنەى نێوانمان، کە نزیکەى ٧٥  ساڵى خایاند، جگە لە ڕێککەوتنێکى سیاسى، هیچی تر نەبوو. لە کاتێکدا سلۆڤاک، سوورە لەسەر ئەوەى چیک جگە لە دابەشبوون، هیچ هەڵبژاردەیەکى ترى بۆ نەهێشتنەوە؛ ئه‌وه‌یش بە هۆى ناخۆشیى ڕەفتار و سەیرکردنیان وەکوو بچووکى خۆیان و کرداری چەوسێنەرانەی پڕاگ بە هۆى ئەوەى ناوەند بوو، هەروەها دانیشتووانى چیک دوو هێندەى دانیشتووانى سلۆڤاک بوو.

لێرەدا ئەوەى مەبەستە، ئەو لێکترازانە نییە، بەڵکوو ئەو ڕێگە شارستانییەیە کە بۆ ئەو دابەشبوونە گیرایە بەر. تەنانەت یەک گوللەى تێدا نەتەقێنرا، یەک هاووڵاتى نەکوژرا، یەک ماڵیش وێران نەبوو، تەنیا بریتی بوو لە واژووکردنى چەند ڕێککەوتنێک کە پەیوەندیى نێوان دوو دەوڵەتە نوێیەکەى لە داهاتوودا ڕێک دەخست، لەگەڵ پەیماننامەى هاوکارى و هاوڕێیەتى لە نێوانیاندا. لە ڕاستیدا جیابوونەوە و دابەشکردنى سامان و دیاریکردنى سنوورى جوگرافى، ئاسان نەبوو. سەرەڕاى ئەوەیش، بەبێ هیچ ناوبژییەکى نێودەوڵەتى ئەنجام درا؛ بە هۆى دووهێندەییی دانیشتووانى چیک، پرەنسیپى ١ بۆ ٢ جێبەجێ کرا.

کاروبارى دابەشکردنەکە ساڵى ١٩٩٣ی زایینی دەستی پێ کرد، بەڵام لە واقعدا تا ساڵى ٢٠٠٠ی زایینی درێژەى کێشا. ئەم دابەشکردنە تەنیا سامان و ئەو ٢٨٠٠ پەیماننامەیە نەبوو کە چیکۆسلۆڤاکیاى بە جیهانى دەرەوە دەبەستەوە، بەڵکوو سنوورى جوگرافیى هەر دوو دەوڵەتەکەیشى گرتەوە، کە ١٨ گۆڕانکاریى بەسەردا هات و ئاڵوگۆڕى زەوییش لە نێوان هەر دوو دەوڵەتەکەدا کرا. دواتر، ساڵى ٢٠٠٤ی زایینی، هەر دوو دەوڵەتەکە بوونە ئەندامی یەکێتیى ئەوروپا؛ واتە هەردووکیان گەڕانەوە ژێر یەک چەتر، کە ئەویش یەکێتیى ئەوروپا بوو. بەم شێوە عەقڵانییە چیک و سلۆڤاک بە ناوێکى نوێوە چوونەوە ناو فەرهەنگى سیاسیى نوێ، کە ئەویش جیابوونەوەى نەرمی سیاسییە.

ئێستا دێینە سەر باسى ئەو سنوورە جوگرافییەى ناوى یەکێتیى هاوبەشى کۆمارى یوگوسڵاڤى بوو. واتە باسی ئەوەى سەرکردەکانى سڕبەکان بەسەریان هێنان، لە سەپاندنى هێزى خۆیان بەسەر پێکهاتەکانى ئەو کۆمارەدا و، بووە هۆى هەڵگیرسانى چەند جەنگێک، کە دەستپێکیان جەنگى بۆسنە و هەرسک بوو لە مانگى ئازارى ساڵى ١٩٩١ی زایینیدا و، کۆتایى هات بە جەنگى کۆسۆڤۆ، لە ٢١ى جوولاى ساڵى ١٩٩٩ی زایینیدا. ئەنجامى ئەو جەنگانە بریتی بوو لە لێکجیابوونەوەى ئەو یەکێتییە و دابەشبوونى بەسەر چەند کۆمارێکى سەربەخۆدا، کە بریتی بوون لە سڕبیا, کرۆواتیا, بۆسنە, سلۆڤینیا, مەکەدۆنیا, چیاى ڕەش و، هەرێمى کۆسۆڤۆى سڕبى، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەى دەبات. ئەو دەمارگیرییە مرۆڤایەتى و ئابوورى و شارستانییەى کۆمارى یوگۆسڵاڤیا پێیدا تێ پەڕى، لە باسکردن نایەت؛ سەڕەڕاى ئەو ڕق و کینەیەى کە نەوەکانى ئەم پارچە دابەشبووانە، نەوە لە دواى نەوە بۆیان دەمێنێتەوە.

لە عێراقدا لەمێژەوە داواکارى هەیە بۆ سەربەخۆبوونى کوردەکان، هەروەها گەڕانەوەى ئەو ناوچانەیش بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە هێزەکانى عێراق نەیانتوانى لە هەمبەر هێرشەکانى داعشدا پارێزگارییان لێ بکەن, دواتر بەتەواوى لە لایەن هێزەکانى پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ کرانەوە و، لە واقعدا کەوتنە ژێر دەسەڵاتى کوردەکانەوە. ئێستا حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە شێوەیەکى فەرمى ڕای گەیاندووە، کە حزبەکانى کوردستان بڕیاریان داوە ڕیفراندۆمێك سەبارەت بە سەربەخۆییى کوردستان و جیابوونەوەی لە عێراق ئەنجام بدەن؛ لە کاتێکدا لە لایەن حکوومەتى ناوەندیی بەغداوە بەتوندى دژایەتیى ئەم بابەتە دەکرێت.

لێرەدا داواکارم لە سەرکردە سیاسییەکانى عێراق، جا کورد بن، یان عەرەب، بە عەقڵ حوکم بکەن و بڕیار بدەن. سەیرى مێژووى چیکۆسلۆڤاکیا و یوگۆسڵاڤیا بکەن، لە پێناوى پاراستنى بەرژەوەندییەکانى گەلى عێراق و داهاتوویاندا. هیوام وایە کوردستان بە بارێکى هاوشێوەى باشوورى سوودان، دواى جیابوونەوەى لە سوودان، لە ساڵى ٢٠١١ی زایینیدا تێ نەپەڕێت.

سەرچاوە:

http://elaph.com

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples