پاشاگەردانی و سیستەمی بەڕێوەبەری لە دنیای پڕ لە گوڕانکاریدا

2017-08-16

پاشاگەردانی و سیستەمی بەڕێوەبەری لە دنیای پڕ لە گوڕانکاریدا

 

کیسنجەر

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە ئۆراسیا و بە درێژاییی سنوورەکانی ڕووسیا، سیستەمی بەڕێوەبەریی جیهانی، ڕووبەڕووی دژایەتیی دەرەنجامەکانی یەکگرتوویی بووەتەوە. لە دەوروبەری سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو سیستەمە کەوتووەتە ژێر هەڕەشە و مەترسیی ئاژاوە و پشێوی و دووبەرەکییەوە. ئەو سیستەمەی، کە لە وێستفاڵیاوە (سیستەمی وێستفاڵیا، ڕێککەوتنێكی ئاشتی بوو لە ساڵی ١٦٤٨دا واژوو کرا و کۆتاییی بە جەنگی سی ساڵەی ئەوروپا هێنا و دەوڵەتەکان ڕازی بوون بەوەی ڕێز لە یەکتری بگرن)  سەرچاوە دەگرێت و لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری پێ کرا، ئێستا بووەتە مایەی شەرمەزاری. چوار لە دەوڵەتانی ناوچەکە، نەیانتوانی وەك دەوڵەتێکی سەربەخۆ بمێننەوە و سەروەریی خۆیان بپارێزن. سووریا و عێراق و لیبیا و یەمەن، بوونە گۆڕەپانی جەنگی لایەنەکان و، هەر کەسەو دەیویست حوکم و دەستووری خۆی بچەسپێنێت.

لە ناوچەیەکی بەرفراوانی عێراق و سووریادا، سوپایەکی ڕادیکاڵی ئایدیۆلۆژیی دینی (داعش) دوژمنایەتیی بەردەوامی خۆی بۆ شارستانییەتی نوێ و هاوچەرخ ڕاگەیاند. داعش دەیویست بە ڕێگەی توندوتیژییەوە، خۆی و ئەو سیستمەی کە هەیەتی ببنە جێگرەوەی ئەو سیستەمە جیهانییە و، بە خەلافەت و ئیپراتۆرییەکی ئیسلامی، کە یاسا و دەستوورە ئایینییەکان حوکمی بکات، ئەو ناوچەیە بەڕێوە بەرێت و دەستی بەسەردا بگرێت. لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا، چیتر ناتوانرێت ئەو پەندەی پێشینیان لەبەرچاو بگیرێت، کە گوتوویانە "دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە." لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمڕۆدا، لەوانەیە دوژمنی دوژمنەکەت، دوژمنت بێت نەك دۆست. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی ناسەقامگیری و ناجێگیریی ئایدیۆلۆژی و بە هۆی هەندێك کردەی تایبەتییەوە، کاریگەریی لەسەر جیهان هەیە.

ئەو جەنگەی ئێستای جیهانی دەرەوە لەگەڵ داعش، نموونەیەکی ڕوون و ئاشکرای ئەم بابەتەیە. هەندێك لە دەسەڵاتەکانی ناوچەکە، وەك شیعەی ئێران و دەوڵەتە سوننه‌مەزهەبەکان، کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەبێ داعش لەناو ببردرێت و کۆتاییی پێ بهێنرێت، بەڵام، ئەی ئەو ناوچانەی ژێردەسەڵاتی داعش لە دوای ئازادکردنیان، کێ دەستیان بەسەردا دەگرێت و کێ لەو ناوچانەدا جێگرەوەی دەسەڵاتی داعش دەبێت؟ هاوپەیمانێتیی سوننەکان؟ یان ئەو هێزانەی کە لەژێر کاریگەریی ئێراندان؟ وەڵامی ئەم پرسیارە نادیارە، چونکە ڕووسیا و دەوڵەتانی ناتۆ، هەر یەکەو لە لای خۆیانەوە هاوکاریی ئەو کەس و لایەنانە دەکەن، کە ڕووبەڕووی داعش بوونەتەوە. ئەگەر ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی داعش لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، یان لە لایەن هێزە شیعەکانەوە، کە لە لایەن ئێرانەوە ڕاهێنانیان پێ دەکرێت و دەجووڵێنرێن، دەستیان بەسەردا بگیرێت، دەرەنجامەکەی دروستبوونی ئیمپراتۆرییەتێکی ڕادیکاڵی ئێرانی لە تارانەوە بۆ بەیرووت دەبێت.

بە هۆی ئەو قۆناغە هەستیارەوە کە ئێستا تورکیای پێدا تێ دەپەڕێت و لە قۆناخی گۆڕاندایە لە دەوڵەتێکی سێكیۆلارەوە بەرەو دەوڵەتێکی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی، حیسابات و پێشبینییەکانی ڕۆژاوا تێكەڵ و ئاڵۆز بوون. هەروەها، تورکیا کاریگەریی لەسەر ئەوروپا هەیە: لە لایەکەوە کۆنترۆڵی ئەو شەپۆلەی پەنابەرانە کردووە، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو ئەوروپا دەچن و، لە لایەکی ترەوە بە هۆی ئاڵوگۆڕی شمەک (کاڵا) و نەوت لە سنوورەکانی باشوورییەوە، واشنتۆنی نیگەران کردووە. زیاد لەوەیش، تورکیا یارمەتیی سوننەکان دەدات و، کار لەسەر لاوازبوونی ئۆتۆنۆمیی کوردەکان دەکات، کە پێشتر ڕۆژاوا هاوکاریی دەکردن.

هەروەها، ئەو ڕۆڵەی ئێستا ڕووسیا دەیگێڕێت کاریگەریی لەسەر ئەو سیستەمە جیهانییە دەبێت، کە ئێستا خەریکە دەردەکەوێت. ئایا ئەو هاوکارییەی ڕووسیا و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، بۆ کۆتاییهێنان بە داعش و سەرکوتکردنی هەر گرووپێکی تری لەو جۆرەیە؟ یان ئایا ڕووسیا بیری سەردەمانی پێشووی کردووە و، دەیەوێت مێژوو دووبارە بکاتەوە و دیسان دەست بەسەر ئەو ناوچەیەدا بگرێتەوە؟ ئەگەر ئامانجی ڕووسیا بنبڕکردنی داعش و هەر گرووپێکی هاوشێوەی داعش بێت، ئەوا دەکرێت ڕۆژاوا و ڕووسیا پێکەوە سیاسەتێکی هاوبەش بنیات بنێن. خۆ ئەگەر مەبەستی ڕووسیا گەڕانەوەی بێت بۆ داگیرکارییەکی ستراتیژی و گەڕانەوەی بێت بۆ مێژوو، ئەوا ئەگەری دووباره‌بوونەوەی جه‌نگی سارد هەیە. دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانەی لە دوای داعشەوە بەجێ دەمێنن و دەستبەسەرداگرتنیان لە لایەن ڕووسیاوە، تاقیکردنەوەیەکی سەرەکی دەبێت.

هەمان بژاردە ڕووبەڕووی ڕۆژاواش دەبێتەوە. دەبێ ڕۆژاوا ئەو دەرەنجامەی لە سیستەمە نوێیەکەوە دەردەکەوێت، دیاری بکات و بزانێت چۆنی دەناسێنێت. هەروەها، نابێ تێوەگلانی لە ناوچەکەدا لەسەر بنەمایەکی نادیاری بەگرووپکردنی ئایینی بێت، چونکە ئەوان بێ ئەمەیش خۆیان لەناو خۆیاندا دابەش بوون. هاوکاریکردن و دەستێوەردانی ڕۆژاوا، دەبێ لەسەر بنەمای هێنانەکایەی سەقامگیریی ناوچەکە و دژایەتیکردنی هەر گرووپ و لایەنێك بێت، کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە. هەروەها، دەبێ ئەو حیساباتانەی ڕۆژاوا لەبارەی ناوچەکەوە لەسەر بنەمای دووربینی بێت، نەك ئەو ته‌کتیکانەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن و ڕوو دەدەن.

ئەگەر ڕۆژاوا بەبێ هەبوونی پلانێکی جیۆستراتیژی لە ناوچەکەدا تێوە بگلێت، ئەوە پاشاگەردانی و بێسەروبەری لە ناوچەکەدا تەشەنە دەکات و زۆر دەبێت. ئەگەر بێت و ڕۆژاوا، وەك ئەوەی لە دە ساڵی ڕابردوودا هەوڵی بۆ دەدا، لە ناوچەکەدا پاشەکشە بکات، ئەوا دەوڵەتە زلهێزەکانی تری وەك چین و هیندستان، کە پاشاگەردانی و بێسەروبەرییان لە نزیکی سنوورەکانیان و لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا ناوێت، لەگەڵ ڕووسیادا دێنە ناوەوە و جێگەی ڕۆژاوا دەگرنەوە. بەم شێوەیە، ئەو جۆرە سیاسەتە جیهانییەی ئەم چەند سەدەیە، هەمووی لەناو دەچێت و نامێنێت.

 

تەواوی وتارەکە:

https://capx.co

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples