ڕیزبەندیی دەوڵەتە هەرە مەترسیدارەکانی جیهان لە ساڵی ٢٠١٧دا

2017-08-17

ڕیزبەندیی دەوڵەتە هەرە مەترسیدارەکانی جیهان لە ساڵی ٢٠١٧دا

(عێراق، یەکێکە لە مەترسیدارترین وڵاتانی جیهان)

ن: پیتەر

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

بەگوێرەی ڕاپۆرتی پێڕستی ئاشتیی جیهانیی ڕێکخراوی ئابووری و ئاشتی، ڕیزبەندیی دەوڵەتانی جیهان بەپێی ئاستی مەترسیدارییان خراوەتە ڕوو. بەگوێرەی هەمان ڕاپۆرت، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، ڕێژەی مەترسی لە جیهاندا بە شێوەیەکی گشتی، تۆزقاڵێك کەمی کردووە. بەگوێرەی چاپی یازده‌یەمی ڕاپۆرتەکە، کە ڕاپۆرتێکی سەرژمێرییە، بەپێی جۆر وای کردووە بتوانرێت لە ڕووی ڕێژەی مەترسیدارییەوە ڕیزبەندی بۆ ١٦٣ دەوڵەتی سەربەخۆ بکرێت و، بزانرێت ئەو دەوڵەتانە تا چەند دەوڵەتێکی ئارام، یان مەترسیدارن.

'ئەمساڵ جیهان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو تا ڕاددەیەك ئارامترە و، ڕێژەی ئاشتی بە ڕێژەی (٠.٢٨% (زیادی کردووە. لە کاتێکدا ئاستی ئاشتی و ئارامی لە ٩٣ دەوڵەتدا بەرەو پێش چووە و زیادی کردووە، بەڵام لە ٦٣ دەوڵەتدا ئاستی ئاشتی و سەقامگیری، کەم بووەتەوە و بەرەو خراپی ڕۆیشتووە. هەروەها ئاست و ڕێژەی جیاوازیی نێوان ئارامترین و مەترسیدارترین دەوڵەتەکان زۆر بووە و بۆشاییی نێوانیان زیادی کردووە.''

ئەو ١٦٣ دەوڵەتە ڕێژەی ٩٩.٧% دانیشتووانی گۆی زەوی پێک دەهێنن و ٢٣ پێوەری جیاجیا بۆ بەراوردکردنیان بەکار هێنراوە؛ هەر پێوەرێك پێنج ئاستی ١ بۆ ٥ی بۆ دانراوە. ئەو ڕیزبەندییەی کە ئاستی ئاشتی لە جیهاندا نیشان دەدات، سێ بابەتی سەرەکیی لەبەرچاو گرتووە:

١-‌ ئاستی ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی؛

٢-‌ ئاستی دیموکراسی و ململانێی نێودەوڵەتی؛

٣-‌ ئاستی ڕێژەی بەسەربازییبوون.

جیهانی دابەشبوو

لە سەرەتای دروستبوون و هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆ، لە ساڵی ٢٠١٣وە، سووریا هەمیشە لە ئاستی یەکەمی ئەو پێنج دەوڵەتە هەرە مەترسیدارەی جیهاندایە. عێراق و ئەفغانستانیش بە هەمان شێوە تا ئێستا لە ڕیزبەندی ئەو پێنج دەوڵەتە هەرە مەترسیدارەی جیهاندا ماونەتەوە و، هەروەکوو سووریا، لە ساڵی ٢٠١٣وە عێراق و ئەفغانستانیش هەمیشە لە ڕیزبەندی پێنج دەوڵەتە هەرە مەترسیدارەکەی جیهاندان.

ئێستا باشووری سوودان، بە هۆی دابەزینی ئاستی مەترسی لە ١٥ شوێنیدا، لە ساڵی ٢٠١١وە، واتە لەو کاتەوەی سەربەخۆ بووە، ئاستی چوارەمی پلەبەندییەکەی پێنج وڵاتە هەرە مەترسیدارەکەی جیهانی داگیر کردووە. دەوڵەتی یەمەن، کە ساڵی ڕابردوو لە ئاستی شەشەمدا بوو، ئەمساڵ بە هۆی دابەزینی ئاستی ئارامییەوە، هاتووەتە ئاستی پێنجەم و بووەتە پێنجەمین دەوڵەت لە دەوڵەتە هەرە مەترسیدارەکانی جیهان. یەمەن لە ساڵی ٢٠٠٨وە بەبەردەوامی ئاستی ئاسایش و ئارامییەکەی دادەبەزێت و بەرەوە خراپی دەڕوات.

لە ڕووی ئاشتییشەوە، ئایسلەندا ئارامترین دەوڵەتی جیهانە و، لە ساڵی ٢٠٠٨وە ئاستی یەکەمی پێنج دەوڵەتە هەرە ئارامەکانی جیهانی وەرگرتووە. دانیمارك، کە لە ئاستی دووەمی ڕیزبەندییەکەدا بوو، دابەزیوە بۆ ئاستی پێنجەم و، پۆرتوگالیش بەرەو ئاستی سێیەم بەرز بووەتەوە.                

لە ئاستی کیشوەری (قاڕەیی)یشدا، کیشوەری ئەفریقا ئارامترین ناوچەی جوگرافییە لە جیهاندا. دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقایش، بە هۆی ناسەقامگیری و پێکدادانەوە لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەیەمەوە، لە هەمان ئاستی خۆیاندا ماونەتەوە و، هەروەك ساڵی ٢٠١٦ لە ئاستی دەوڵەتە مەترسیدارەکانی جیهاندان. 

 

سەرچاوە: دەوڵەتە مەترسیدارەکانی جیهان

http://www.atlasandboots.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples