نەتەنیاهو بۆ کۆنگرێس: دەبێت کوردەکان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەبێت

2017-08-17

نەتەنیاهو بۆ کۆنگرێس: دەبێت کوردەکان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەبێت

 

بیهێرب کەینۆن

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

بەپێی ئەوەی کە بۆ "جروسلێم پۆست" ڕوونە، سەرۆكوەزیرانی ئیسڕائیل، بنیامین نه‌تانیاهو، هەفتەی ڕابردوو بە ٣٣ ئەندامی کۆنگرێسی کۆمارییەکانی گوتبوو كه‌ لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانن. سەرچاوەیەك، کە لە گوتوبێژی پێنجشەممەی ڕابردوودا بەشدار بووە، ڕای گەیاند، کە نه‌تانیاهو ڕای لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە باکووری عێراقدا باش بووە و، گوتویەتی: "کوردەکان خەڵکێکی ئازا و بەجەرگن و لەگەڵ بەها و ڕێسا دەستوورییەکانی ڕۆژاوادان."

نه‌تانیاهو کەم جار باسی پرسی سەربەخۆییی کورد دەکات، چونکە ئەم پرسە پرسێکی زۆر هەستیاری سیاسییە، بەتایبەت لەبەر ئەو بۆچوون و هه‌ڵوێسته‌ ی ئەمریکا، کە هەر لە کۆنەوە هەیبووە و، لانی کەم لە سەردەمی هاتنەسەر حوکمی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکاوە لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، کە جەختی لەسەر مانەوە و یەکپارچەییی خاکی عێراقی کردووە و، دژی پارچەپارچەکردنی خاکی عێراق بووە. زیاد لەوەیش، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان هێڵی سوورە بۆ تورکیا، چونکە پێی وایە بیرۆکەی سەربەخۆییی ئەو پارچەیەی کوردستان، بۆ ناو کوردەکانی تورکیایش تەشەنە دەکات و ئەوانیش ڕەنگە شوێنپێی کوردەکانی عێراق بکەون.

لە ساڵی ٢٠١٤وە تاوەکوو ئێستا و لە وتارەکەی تەلئەڤیڤەوە، کە گوتی: "دەبێت ئیسڕائیل پشتگیریی خواستی سەربەخۆییی کورد بکات"، نه‌تانیاهو بە شێوەیەکی ئاشکرا باسی لە پرسی سەربەخۆییی کوردستان نەکردووە. باسکردن و پێشنیارەکانی نه‌تانیاهو، لە کاتی باسکردنی کێشە و گرفتی ناوچەکەدا بووە و، نیگەرانیی ئۆرشەلیم سەبارەت بە پێشکەوتنەکانی ئێران لە ناوچەکه‌دا، بەتایبەت لە سووریا و عێراق و یەمەن و هەندێك شوێنی تردا.

سەرۆکی مۆسادیش، یۆسی کۆهێن، لە چاوپێکەوتنەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا باسی نیگەرانییەکانی ئیسڕائیلی سەبارەت بە ئێران کردووە. نه‌تانیاهو لە ماوەی گوتارەکەی سەر لە ئێوارەی ئاشدۆددا گوتی: "من دەتوانم وتارەکەی کۆهێنتان بەم جۆرە کورت بکەمەوە: داعش بەجێ دەهێڵێت و نامێنێت، ئێرانیش دێتە ناوەوە و جێی دەگرێتەوە. زۆر ئاسانە. دەزانن من قسەم لەسەر سووریایە."

نه‌تانیاهو گوتی: "ئیسڕائیل بەوپەڕی توانای خۆیەوە دژی بەهێزبوونی لایەنی سوپاییی ئێران و لایەنگر و داردەستەکانییەتی وەك حزبوڵڵا لە سووریا و، هەموو شتێك دەکات بۆ هێشتنەوە و پاراستنی لایەنی ئاسایشیی ئیسڕائیل." هەروەها، نه‌تانیاهو لە چاوپێکەوتنێکی تریدا لە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لەگەڵ ١٩ ئەندامی دیموکراتی کۆنگرێس گوتی، ئێران ٢٠٠٠٠ میلیشیای شیعەی ڕەوانەی ناو سووریا کردووە. بەپێی سەرچاوە فەرمییەکان، ڕێژەی هەبوونی سەربازی ئێرانی لەناو میلیشیاکاندا ١ بۆ ١٢یە. ئەو سەربازانەیش سەربازی "سوپای قودس"ن، کە بەشێکی سوپای پاسدارانی ئێرانە لە دەرەوەی ئێران و، ڕەوانەی ناو عێراق و سووریا کراون.

لە ڕۆژی یەکشەممەدا، ئەو هێزانە لە تاران خرانە بەر باس؛ کاتێك پەرلەمانی ئێران، وەك پەرچەکردارێك بۆ جووڵانەوەکانی ئەمریکا و زیادکردنی گەمارۆکانی، دەنگیان لەسەر خەرجکردنی ٢٦٠ ملیۆن دۆلار بۆ سوپای قودس و ٢٦٠ ملیۆن دۆلاری تر بۆ برەودان بە پرۆگرامی مووشەکی بالستیکی دا. بەپێی ڕاپۆرتێکی IRIB، ئەندامانی بەشی یاسادانان بەخۆشحاڵییەوە و لە دژی جووڵانەوەکانی ئەمریکا و، بە گوتنەوەی "مردن بۆ ئەمریکا"، یاسای چۆنێتیی ئەو خەرجکرنەیان پەسەند کرد. لە درێژەی گوتەکەیدا، کۆهێن بە کابینەکەی ڕاگەیاند، کە ئێران لە ڕێگەی داردەستەکانییەوە لە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەندا، بووه‌تە چەقی گەشەسەندنێکی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هەروەها کۆهێن گوتی، ئێران لە خواستی بوون بە دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی، دەست هەڵناگرێت و، ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەیش لەگەڵ ئێران، تەنیا یارمەتیی بەهێزکردنی ئێران و زیادڕۆیی و مەترسیی ئێران لە ناوچەکەدا دەدات. زیاد لەوەیش، کۆهێن گوتی لەو کاتەوەی ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە لەگەڵ ئێراندا واژوو کراوە و لە ساڵی ٢٠١٥دا گۆڕانکاریی تێدا کرا، ئابووریی ئێران لە قۆناغی گەشەسەندندایە و، بەو ڕێککەوتنە بازرگانییانەیشی لەگەڵ دەوڵەتانی دونیادا، ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەو پێش چووە.

نه‌تانیاهو، کە دژێکی سەرسەختی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێرانە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم زیاتر پێشڤەچوونەی ئێران و ئەم گەشەسەندنانەی، بەڵگەن لەسەر ئەوەی ئەو ڕێککەوتنە هەڵەیە. یەکێك لە بەندەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە، وای لە ئێران کردووە کە دەسەڵاتێکی دیاری ناوچەکە بێت.

هەر لە درێژەی گوتەکەیدا، نه‌تانیاهو گوتی ئیسڕائیل پابەندی ئەو ڕێککەوتنە نابێت و لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەدا نییە. هەروەها گوتیشی: "ئیسڕائیل ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی و بەرگریکردن لە خۆی دەگرێتە بەر."

ئەو کۆبوونەوەیەی ئەندامانی کابینەکەی ترامپ، لە دوای سێ ڕۆژ لە وتارەکەی ترامپەوە دێت کە ترامپ دەڵێت: "ئێران بە مەرجەکانی ئەو ڕێکكەوتنەوە پابەند نەبووە و ڕێککەوتنێکی هەڵەیە و، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "ئێران بە مەرجەکانی ئەو ڕاپۆرتە پابەند نەبووە و، من بەش بە حاڵی خۆم، پێم وا نییە ئێران پابەندیی بۆ ئەو ڕێککەوتننامەیە هەبێت، بەڵام کاتمان لەبەر دەستدایە و دەیبینین."

ئەو هەروەها هۆشیاریی ئەوەی دا و گوتی كه‌ ئەگەر ئێران پابەندی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە نەبوو، "ئەوا هەندێك شتی بەهێز ڕوو دەدەن". ئەمەیش لە کاتێكدایە، کە دوای گفتوگۆیەکی ناوخۆی چڕ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ١٧-٠٧-٢٠١٧دا ڕای گەیاند، کە ئێران پابەندی بەندەکانی ڕێککەوتننە ئەتۆمییەکەیە.

بەپێی یاسا، دەبێت ئیدارەی حکوومەت هەموو ٩٠ ڕۆژ جارێك کۆنگرێس ئاگادار بکاتەوە لەوەی کە داخۆ ئێران پابەندە بە ڕێککەوتنەکەوە، یان نا.  لەو کاتەوەی دۆناڵد ترامپ هاتووەتە سەر حوکم، ئەوە دووەم جارە کۆنگرێس لەوە ئاگادار بکرێتەوە کە ئێران پابەندی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەیە، بەڵام لە ١٨-٠٧-٢٠١٧ و بە هۆی هەندێك هەڵسوکەوتی چەند لایەن و کەسێك و برەودان بە سیسته‌می مووشەکییەوە، کە ئیدارەکەی ترامپ بە پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنەکە لە قەڵەمی دەدات، ئەمریکا هەندێك گەمارۆی تری بۆ سەر ئێران زیاد کرد.

سەرچاوە:

http://www.jpost.com

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples