کاتی کوردستانی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر سەربەخۆیی هاتووە

2017-08-23

کاتی کوردستانی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر سەربەخۆیی هاتووە

 

مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کامەران محەمەد عەزیز

لە ٢٥ی سێپتەمبەر، خەڵکی کوردستانی عێراق دەنگ لە ڕیفراندۆمێکی مولزەمدا دەدەن کە دەیانەوێت سەربەخۆ بن، یان لە عێراقدا بمێننەوە. ڕیفراندۆم کۆتایی بەو ناکۆکییە دەهێنێت کە مێژووەکەی بە قەد دەوڵەتی عێراق خۆی کۆنە؛ ململانێیەک لە نێوان خەونی کورد و حکوومەتێک لە بەغدا کە بۆ ماوەیەکی درێژ وەکوو کەمتر لە هاووڵاتیی ئەو وڵاتە مامەڵەی لەگەڵ کورد کردووە. مومارەسەی مافی بڕیاردان لە چارەنووسی کوردستانی عێراق هه‌ڕه‌شه‌ نییه‌ بۆ سه‌ر هیچ كه‌سێك، بەڵکوو ڕەنگە ببێتە هۆی سەقامگیرکردنی ئەو ناوچە ناسەقامگیرە.

ڕیفراندۆم هەڕەشە لە سنوورەکانی هیچ یەک لە دەوڵەتە دراوسێکان ناکات و، ئەگەر بە شێوەیەکی باش بەڕێوە بچێت، دەبێته‌ هۆی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان کورد و عەرەبەکانی عێراق. ئێمە سوورین لەسەر ئەنجامدانی هەر کارێک، كه‌ بتوانرێ به‌ هۆیه‌وه‌ نیگه‌رانییه‌كانی عێراق له‌و ڕیفراندۆمه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ی كه‌ ده‌نگدان ده‌بێت بۆ سه‌ربه‌خۆیی، بڕه‌وێنرێته‌وه‌.

کەیسی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، کەیسێکی قەناعەتپێهێنەرە. سەد ساڵ پێش ئێستا، لە دانوستانەکانی ئاشتیی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، کورد بەڵێنی دەوڵەتی پێ درا. بەڵام لە جیاتی دەوڵەت، بەبێ ویستی کورد خۆی، خاکی ئێمە بەسەر تورکیا و ئێران و سووریا و عێراق دابەش کرا. لە دەوڵەتی تازە دامەزراوی عێراق، وا بڕیار بوو هاوبەشییەکی یەکسان و ڕاستەقینە لە نێوان عەرەب و کورد هەبێت. بەڵام ئەو خەونە ڕووبەڕووی واقعێکی تاڵ بووەوە؛ هەموو حکوومەتە عێراقییەکان، کوردیان چه‌وسانده‌وه‌.

لە هەشتەکانی سەدەی ڕابردوو دەرەنجامی تاوان و کارە دڕندانه‌کانی عێراق، گەیشتە ئاستی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن سەددامەوە بە شێوەیەکی فراوان لەسەر گوند و شارۆچکە کوردییەکان، تێکدانی پێنج هەزار گوندی کورد و ڕاگواستنی کورد بۆ باشووری عێراق و کوشتن و زیندەبەچاڵکردنی کورد لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان. سەد و هەشتا و دوو هەزار کورد (نزیکەی سەدا پێنجی دانیشتووانی کورد)، لە نێوانیان ئەندامەکانی خێزانەکەی خۆم، لەو ماوەیەدا لەناو بردران.

لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سەددام، کورد کاری گەورەی لە پێناو بونیادنانەوەی عێراق کرد؛ لەوانە داڕشتنی دەستوورێک بۆ گەرەنتیکردنی ئۆتۆنۆمیی کوردستان و پاراستنی مافەکانی هەموو عێراقییەکان. چواردە ساڵ دوای ئەوە، بەغدا لە جێبەجێکردنی بەندە سەرەکییەکانی دەستوور شکستی هێنا؛ ئێستایش ئێمە هۆکاری تەواومان هەیە بۆ ئەوەی باوەڕ بکەین دەستوور هەرگیز جێبەجێ ناکرێت. شکستی ئەو سیستەمه‌ سیاسییە بوو، بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان شیعە و سوننە؛ کە ئەوەیش دواتر، بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش و ماڵوێرانی و دەرهاوێشتەی کارەساتبار بۆ هەموو عێراقییەکان، لەناویاندا کورد. ئەرگیومێنتی سەرەکیی پاراستنی یەکپارچەییی عێراق، ئەوەیە کە یەک عێراق دەبێتە هۆی باشتر پاراستنی هاووڵاتییەکانی، بەڵام ئەزموون پێچەوانەوەکەی سەلماندووە. کاتێ داعش لە ٢٠١٤ هێرشی کردە سەر کوردستان، بە بەکارهێنانی چەکی پێشکەوتووی ئەمریكی، کە سوپای عێراقی لە مووسڵ بەجێی هێشتبوو، حکوومەتی عێراق ڕازی نەبوو بەشە بوودجەی ده‌ستووریی کوردستان بدات و، هەروەها چەک بداته‌ سەربازەکانمان (کە بە پێشمەرگە ناسراوە). وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ، ئێمە دەمانتوانی هێزەکانمان پڕچەک بکەین و کۆمەکی باشتری هێزەکانمان بکەین و بتوانین ئاکامی جه‌نگی داعش بە زەرەرێکی کەمتر تەواو بکەین.

لەو کاتەوە جەنگی داعش، بووە مۆدێلێک بۆ ئەوەی چۆن کورد و عەرەب ڕەنگە لە ئاییندەدا بتوانن هەماهەنگی له‌گه‌ڵ یەکدی بکەن. بۆ شکستپێهێنانی داعش لە عێراق، پێشمەرگە و سوپای عێراقی، بوون بە دوو هاوپەیمانی هاوتای یەکتری. هەر یەکێکیان فەرماندەی جیاوازی خۆیان هەیە. له‌ ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراقدا بە جۆرێک یارمەتیی یەکدییان دا، کە هەرگیز لە عێراقدا ڕووی نەداوە؛ لەو عێراقەی کە هەوڵی دەستبەسەرداگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی کوردستانی دەدا. سەرەڕای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئێمە بەردەوام دەبین لە هەماهەنگییەکی باش لەگەڵ سوپای عێراق و هێزەکانی ڕۆژاوا، تا سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر داعشدا بەدەست دەهێندرێت.

دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، دەتوانێت پەیوەندییەکی بەهێزتری لەگەڵ بەغدادا هەبێت. کوردستان دەبێتە دراوسێیەکی باش، بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی عیراق دژ بە تیرۆر. هەروەها هاوبەشکردنی سەرچاوەکانمان؛ وەکوو ئاو و نەوت، بە جۆرێک بێت کە سوودی بۆ هەردوو وڵات هەبێت. بەبێ ئەو سزایانەی کە عێراق لەسەر هەناردەکردن و هاوردەکردنی ئێمەی دانابوو، دەتوانین بەیەکەوە سەرچاوە و توانا مرۆیی و سروشتییەکان لە بازاڕێکی هاوبەشدا بە قازانج و سوودی کوردستان و عێراق پەرە پێ بدەین.

ڕاستە ئەنجامی ڕیفراندۆم دەبێتە هۆی پابەندکردنی حکوومەتەکانی ئاییندەی کوردستان، به‌ڵام کات و شێوازی سەربەخۆییی ئێمە، جێگەی دانوستان دەبێت لەگەڵ بەغدا و ڕاوێژکردن بە وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. لە دانوستانەکانمان لەگەڵ بەغدا، کوردستان کردەکی (عەمەلی) و واقعی دەبێت. بابەتی ئەو ناوچانەی کە دێنە پاڵ کوردستان، دەبێتە جێگەی قسە و ناکۆکییەکی زۆر لە کاتی جیابوونەوەدا. سەرەڕای دیاریکردنی دوا کاتی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ لە ٣١ی دیسێمبەری ٢٠٠٧، کە دەتواندرا بە شێوەیەکی دیمۆکراسییانە دانیشتووانی ناوچە جێناکۆکەکان بڕیاریان لەسەر ئاییندەی خۆیان بدابایە، نزیکەی ١٠ ساڵ دوای ئەوە، ئێمە داوا ده‌كه‌ین دەرفەتێکی دیکە بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە بدرێ. ئێمە هیوای ئەوە دەخوازین ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر کوردستان، کە زۆرینەی خەڵکەکەی دەیانەوێت لە دەرەنجامی دەنگدانێکی ئازاددا، ببن بە  بەشێک لە کوردستان. ئەوەی ئێمە نامانەوێت بوونی ناکۆکییەکی دریژخایەنە لەسەر خاک؛ کە دەبێتە هۆی خراپکردنی پەیوەندییەکانی ئاییندەمان.

هەر لەو کاتەی کوردستان لە ١٩٩١، بوو به‌ حوکمی خۆجێیی، ئێمە کاری زۆر زەحمەتمان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کردووە. تورکیا گەورەترین وەبەرهێنەری دەرەکییە لە ئابووریی کوردستان و، هێڵی نەوت و گازی بونیاد ناوە کە قازانجی بۆ هەر دوو لا دەبێت. ئێمە لەو نیگەرانییانە تێ دەگەین کە ڕەنگە ڕیفراندۆمی کوردستان بۆ دراوسێکانمان دروستی بکات، ئێمە هەر کارێک پێویست بێت بۆ دڵنیابوونیان دەکەین کە کوردستانێکی سەقامگیر و دیموکرات، دەبێتە باشترین هاوبەش و شەریک. کوردستان ڕێز و بەهای بۆ فره‌ڕه‌نگییه‌كانی هەیە. خاکی مەسیحی و ئێزیدی و تورکمان و شەبەک و عەرەب و فەیلی و کاکەیییه‌کانە، کە ناسنامە جیاوازییەکان لە یاساکانی کوردستاندا دانی پێدا نراوە. هەر لە ٢٠٠٣وە، مەسیحییەکی زۆر لەبەر توندوتیژی و چەوساندنەوە، لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقه‌وه‌ ڕووی لە کوردستان کردووە.

کاتێک داعش دەستی بەسەر خاکێکی زۆری عێراقدا گرت لە ٢٠١٤، کوردستان بە کەمترین یارمەتیی بەغدا و کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، جێگەی بۆ زیاتر لە ملیۆنەک و نیو ئاوارەی ناوچە جیاوازەکانی عێراق کردەوە،. دوای یەک سەدە لە هەوڵدان، ئێستا کاتی ئەوەیە دان بەوە دابنرێت پێکەوەلکاندنی زۆره‌ملێی کورد بە عێراقەوە، نەیتوانی نە بۆ کورد نە بۆ عێراقییەکان کارێکی باش بێت. ئێمە داوا لە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین ڕێز لە بڕیاری دیموکراسیی خەڵکی کوردستان بگرن. لە مەودادرێژدا، بۆ هەردووک عێراق و کوردستان باشتر دەبێت.

 

سەرچاوە:

https://www.washingtonpost.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples