هەوڵێکی نوێ بۆ سەربەخۆییی کوردستان

2017-08-30

هەوڵێکی نوێ بۆ سەربەخۆییی کوردستان

 

ن:  نیڤڵ تیڵەر

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

لە دێرزەمانەوە، لە هەزاران ساڵ لەمەوبەر، نەتەوەیەکی سەربەخۆ و سەربەرز، لەناو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناو خاکی خۆیدا بەسەربەرزی دەژی. لەو کاتەوە ئەو نەتەوە جیاوازە، سەرەڕای ئەو هەموو داگیرکاری و کاوڵکارییەی بەسەری هاتووە، تا ئێستایش لەگەڵ هیچ داگیرکەرێکدا یەکانگیر نەبووە و که‌لتووری خۆی پاراستووە. لە سەرەتاکانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، وڵاتەکەی بەشێکی بچووك بووە لە ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی. لە دووبارە ڕێکخستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، هاوپەیمانان بەگشتی و، شانشینی یەکگرتووی بریتانیا بەتایبەتی، پەیمان و بەڵێنی گەڕاندنەوەی سەروەرییان بۆ خەڵك و نەتەوەکانی ناوچەکه‌ دا. بەڵام دواتر ئەو پەیمان و بەڵێنە شکێنرا. نەخێر، ئەم چیرۆکە بەسەرهاتی جووەکان نییە. ئەمە وێناکردنێکی فراوانی بەسەرهاتی نەبڕاوەی دوورودرێژ و ئاڵۆزی لەمێژینەی کوردەکانە.

کوردەکان، کە ژمارەیان زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کەسە، گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی جیهانن. لە دێرزەمانەوە، کوردەکان لە ناوچەیەکی دوورەدەستی شاخاویدا دەژین، کە ناوی کوردستانە. ئەم شوێنە لەسەر نەخشە نیشان نەدراوە، چونکە خاکی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی عێراق و ئێران و تورکیا و سووریادا دابەش کراوە. زۆرترینی کوردەکان، کە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەس، کەوتوونەتە ناو سنووری تورکیا و، ٢ ملیۆن کورد، کەوتوونەتە ناو سنووری سووریاوە، کە گەورەترین کەمایەتیی ئەو وڵاتەن. ٥ ملیۆن کوردیش دەکەونە ناو سنووری عێراقەوە، کە خەریکن دەسەڵاتێکی ئۆتۆنۆمی بنیات دەنێن. هەندێکی تر لە کوردەکان، کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی ٧ ملیۆن کەس، کەوتوونەتە ناو قەفەزی ڕژێمە شیعە توندڕەوەکەی ئێرانەوە.

ماوەیەکی کەم لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، پەیماننامەی سیڤەر لە نێوان دەوڵەتە زلهێزەکاندا واژوو کرا و، بریتانیا و فەڕەنسا ڕێک کەوتبوون لەسەر ئەوەی، کە چۆن مڵکەکانی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی دابەش بکەن. لە دوای نەمانی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی، یەکێك لە بەندەکانی پەیماننامەی سیڤەر ئەوە بوو، کە کوردەکان ڕیفراندۆم بۆ دەوڵەتی خۆیان، کوردستان، ئەنجام بدەن. بەڵام ئەو ڕیفراندۆمه‌ هەر نەکرا و، پەیماننامەی سیڤەریش لە ساڵی ١٩٢٢دا لەگەڵ دروستبوونی کۆماری تورکیا بە سەرۆکایەتیی کەمال ئەتاتورك، کۆتاییی پێ هات. لە دوای ئەم پەیماننامەیەوە، پەیماننامەیەکی تر واژوو کرا، کە پەیماننامەی لۆزان بوو بۆ دروستکردنی تورکیای ئێستا، کە ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستان دەکەوێتە ناو ئەو سنوورە جوگرافییەوە. بە واژووکەی پێنووسی کۆڵۆنیاڵەکان، ٢٠ ملیۆن کورد خرانە ناو ئەو سنوورەوە و، بە تورك لە قەڵەم دران.

ناسیۆنالیزمی کورد لە تورکیا بە شێوەیەکی بەرفراوان گەشەی سەند، ئەمەیش وەك کاردانەوەیەك بەرامبەر بە ناسیۆنالیزمی تورکەکان، کە بە سەرۆکایەتیی کەمال ئەتاتورك شۆڕشێکی نوێی سکیۆلاریان لە تورکیا بەرپا کرد. دوای ساڵانێك بەره‌نگاری و ڕووبەڕووبوونەوە، مەلا مستەفا بارزانی، وەك سەرکردەیەکی دیاری ڕێڕەوی سەربەخۆییی کوردستان دەرکەوت. لەو کاتەوە کوردە مافخوراوەکان، کە ڕێژەی نزیکەی ٢٠%ی دانیشتووانی تورکیا پێك دەهێنن، بوونەتە کێشە و گرفتێکی بەردەوامی سیاسی بۆ تورکیا. 

هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی سووریا لە ساڵی ٢٠١١دا کوردەکانی بردە ڕیزی پێشەوەی سیاسەتی ناوچەکە. لەگەڵ دروستبوونی داعش و، پەلهاوێشتنی سەربازیی ئەو گرووپە، هێزەکانی حکوومەتی سووریا ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکانی سووریایان، لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ کوردەکان بەجێ هێشت و، پێیان گوتن، خۆتان ئیدارەی ئەو ناوچانە بکەن و بەڕێوەیان ببەن. لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١١دا، بە پشتیوانیی سەرۆکی کوردەکانی عێراق، مەسعوود بارزانی، کوردەکانی سووریا ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردیان دروست کرد. لە ئاییندەدا هەر کەسێك دێتە سەر حوکم و هەر ده‌وڵەتێکی سووریی نوێ لە سووریا دروست دەبێت، بۆ کوردەکان وەك یەکە؛ هەر بۆیە ئەم ئەنجومەنە ئێستا کار لەسەر هەڵبژاردن دەکات بۆ یەکخستن و دروستکردنی ناوچەیەکی کوردستانیی ئۆتۆنۆمی لە سووریادا.

ساڵانێك خەبات و شۆڕشی کوردەکان لە سەدەی ڕابردوودا بە بەیاننامەیەکی ئاشتی لە ساڵی ١٩٧٠دا کۆتاییی پێ هات و، بەپێی ئەو بەیاننامەیە کوردەکان تا ڕاددەیەك سەربەخۆییی خۆیانیان دەبێت و، زمانی زگماكیی خۆیان، کوردی، بەکار دەهێنن. کاتێك لە ساڵی ١٩٧٩دا مستەفا بارزانی کۆچی دوایی کرد، مەسعوود بارزانیی کوڕی، ئەرکی سەرکردایەتیکردنی شۆڕشی کوردی لە ئەستۆ گرت. بەڵام لایەنێکی تری سیاسیی کورد بە سەرۆکایەتیی جەلال تاڵەبانی، بە ناوی "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"ه‌وه‌ دەرکەوت و دروست بوو. ڕێگەی یەکگرتنەوەی جووڵانەوەی سیاسیی کوردەکانی عێراق، ڕێگه‌یەکی دوورودرێژ و پڕنەهامەتی بوو، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسیی ئەم دوو لایەنە لە ساڵی ١٩٩٨دا پێکەوە ڕێک کەوتن و ڕێککەوتنی سەرکردایەتیی هاوبەشیان لە نێوان خۆیاندا واژوو کرد. لە کۆتاییدا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حکوومەتێکی هاوبەشیان پێک هێنا و، مەسعوود بارزانیش، بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی حوکمڕانیی عێراق.

کاتێك ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا هات عێراقی داگیر کرد، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە هێشتا کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەیان لە لایەن سەددام حسێنەوە لەبەرچاو بوو، بۆ ڕووخانی ڕژێمی سەددام هاوکاریی ئەمریکایان کرد. دوای ئەوەی سەددام لەسەر حوکم لا درا، خەڵکی عێراق، ڕیفراندۆمه‌كه‌یان ئەنجام دا و، بەو ڕیفراندۆمه‌ دەستووری نوێی عێراقیان پەسەند کرد و، بەپێی ئەو دەستوورە، هەرێمی کوردستان بوو بە پێکهاتەیەکی گرنگی حکوومەتی عێراق. لە مانگی ٦ی ساڵی ٢٠٠٥دا، مەسعوود بارزانی، وەك سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق هەڵبژێردرا.

لە مانگی ٦ی ساڵی ٢٠١٤دا، داعش دەستی بە داگیرکردنی باکوور و بەشێکی زۆری ڕۆژاوای عێراق کرد. سوپای عێراق، بە شێوەیەکی بەرفراوان هەڵوەشێنرایەوە. هێزی پێشمەرگەی کوردستان هاتە ناوەوە و ڕووبەڕووی داعش بووەوە و کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆی لە دەستی داعش پاراست. بە تێپەڕبوونی کات، پێشمەرگە سەلماندی، کە تاكه‌ هێزێکی کاریگەرە دەتوانێت ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە و، هاوکاریکردنی پێشمەرگە لە لایەن سوپای هاوپەیمانانەوە تەنیا لە ڕووی هێرشی ئاسمانییەوە بوو.

لە مانگی ٦ی ساڵی ٢٠١٧دا، کاتێك گرتنەوەی شاری مووسڵ لە قۆناغەکانی کۆتاییدا بوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی، ڕای گەیاند، لە ٢٥ی-٩ی-٢٠١٧دا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی کوردستان ئەنجام دەدەن و، ئەم ڕیفراندۆمه‌یش تەنیا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا نابێت، بەڵکوو لەو ناوچانەیشدا دەکرێت کە ناوچەی کوردستانی و کوردنشینن و کەوتوونەتە سنووری ئیدارەی حکوومەتی بەغداوە.

لەگەڵ ئەوەدا، کە کاتی ڕیفراندۆم دیاری کرا، سەرۆکایەتیی هەرێم ئەوەی بەڕوونی خستە بەرچاو، کە لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دەنگی "بەڵێ"، دەمودەست سەربەخۆیی ڕاناگەیەنن. هەرچەندە، دەنگی "بەڵێ" و دەرەنجامی ڕیفراندۆمه‌کە لە داهاتوودا ڕێگەخۆشکەر دەبن بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی کورد زیاتر بتوانێت لەسەر مافی چارەنووس و سەربەخۆییی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەنددا گفتوگۆ بکات.

کاردانەوەی سەرەتاییی تورکیا بەرامبەر بە ڕاگەیاندنی کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، زۆر گرنگە. هەروەها، بۆچوون و کاردانەوەی ئەمریکا و بریتانیایش سەبارەت بەم ڕیفراندۆمە زۆر گرنگە، کە تەنیا دەڵێن، "هێشتا کاتی ڕیفراندۆم نەهاتووە." ئەمریکا لەوە تێ گەیشتووە، کە "کوردەکان مافی یاساییی خۆیانە داوای سەربەخۆییی خۆیان بکەن"، بەڵام پێی وایە کوردەکان دەبێ ئێستا هاوکاری حکوومەتی ناوەند بن لە چارەسەرکردنی گرفت و وێرانکارییەکانی دوای جەنگ، نەك پشت لە حکوومەتی عێراق بکەن. بەغدایش لە لایەن خۆیەوە دەنگدان بە ڕیفراندۆم ڕەت دەکاتەوە. سەعد ئەلحەدیسی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق دەڵێت: "بەبێ ڕەزامەندیی حزب و لایەنەکانی تر، تەنیا حزبێك ناتوانێت بڕیار لەسەر چارەنوسی عێراق بدات."

بەکورتی، لە دوای ڕاگەیاندنی کاتی ڕیفراندۆم، عەرەبستانی سعوودی هاتە دەنگ و پشتگیریی خۆی بۆ ڕیفراندۆمه‌کە دەربڕی. لەوانەیە دەوڵەتە سوننە هاوپەیمانەکانی سعوودیایش شوێن بۆچوونەکەی سعوودیا بکەون، جگە لە تورکیا، کە ئێستا و لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا لە بەری بەحرێنە. هەروەها، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، لە ٢٥ی-٧ی-٢٠١٧دا پشتگیریی ڕووسیای بۆ ڕیفراندۆمه‌کە نیشان دا؛ هەرچەندە دەکرێت ئەم نیشاندانی پشتگیریکردنە وەك کاردانەوەیەکی ڕووسیا بێت بەرامبەر بە بۆچوونی ئەمریکا.

کوردەکان، خەڵکێکی قارەمان و بەجەرگ و نەبەردن و، هەوڵ بۆ سەربەخۆییی نەتەوەکەیان و مافی چارەنووسیان دەدەن. کوردەکان، ساڵانێکی دوورودرێژە بێدەسەڵات بوون و، بۆ بەرژەوەندیی کەس و لایەنی تر بەکار هێنراون، بەڵام لە هەڵهێنانی ئەم هەنگاوەیان بەرەو سەربەخۆیی، هێزی کوردبوونی خۆیان پشتیوانییان لێ دەکات. هەر کاتێك گەیشتە ئەوەی سەربەخۆییی خۆیان ڕابگەیەنن، کە لەوانەیە باشوور و ڕۆژاوای کوردستانیش لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندا یەکانگیر بکەنەوە، دەبێ هەموو جیهان ددان بە سەربەخۆبوونیاندا بنێت.          

 

سەرچاوە:

http://www.jpost.com

 

 
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples