بۆچی گرووپە سیاسییە کوردەکانی ئێران بە لاوازی ماونەتەوە؟

2017-09-10

بۆچی گرووپە سیاسییە کوردەکانی ئێران بە لاوازی ماونەتەوە؟

 

گاڵپ داڵای

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

بەگشتی یەکێك لە دیارترین گەشەسەندنەکان لە جەنگی دژی داعش، دەرکەوتنی کوردەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەو کاتەوەی هێزی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ه‌وە دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر تیرۆریستانی داعش کرد، کوردەکانی عێراق، بۆ نموونە، شوێنێکی زیاتریان کەوتەوە ژێر دەست و، چەك و تەقەمەنی و دەنگێکی زیاتریان بۆ سەربەخۆبوون بەدەست هێنا. لە ڕاستیدا کوردەکانی عێراق لە جەنگی داعشدا زۆر و کەم ئەو ناوچانەی، کە لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراقدا بە ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دانرابوون، بەدەست هێنایەوە. تاوەکوو داعش ناوچەی زیاتری لەدەست بدابایە، کوردەکان زیاتر نزیك دەبوونەوە لەو ناوچانەی، کە لە پرۆژەکەیاندا خاکی کوردستانن و، دەکەوتنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. لەو کاتەوە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٤٠%ی ڕووبەری خاکەکەیان زیادی کردووە. زیاد لەوەیش، ئەم ڕیفراندۆمەی ئێستا لە پێش کوردەکانی عێراقە و، بڕیارە لە ٢٥-٠٩-٢٠١٧ ئەنجام بدرێت، تەنیا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ئەنجام نادرێت، بەڵکوو لە ناوچە جێناکۆکەکانیشدا ئەنجام دەدرێت.

هەروەها، کوردەکانی سووریایش لە کەمینەیەکی چەوسێنراو و فەرامۆشکراوەوە گواسترانەوە و، بوون بە یەکێك لە گرنگترین گرووپە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە. لەوکاتەوەی واشنتۆن دەستی بە هاوکاریکردنی هێزە دیموکراتخوازەکانی سووریا کرد، ئەو هێزانە بوونە هێزێکی کاریگەری ناوچەکە و، وەك هێزێکی ئەمریکی لە ناوچەکەدا نمایشی خۆیان دەکەن؛ یان بڵێین لە ناوچەکەدا وەك هێزێکی پیادەی ئەمریکییان لێ هاتووە. بڕبڕەی پشتی ئەم هێزە دیموکراتخوازانەی سووریایش یەپەگەیە، کە باڵێکی چەکداریی پەیەدەیە و، لە مانگی ٧ی ساڵی ٢٠١٢ لە باکووری ڕؤژهەڵاتی سووریا دەمەزرا و، دواتر بە شێوەیەکی بەرچاو ناوچەکانی ژێردەستیان فراوان کرد. لەگەڵ ئەوەیشدا هەموو جیهان سەرکەوتنی کوردەکانی سووریای ناسی و شەرعییەتی خۆیان وەرگرت، بەڵام بۆ تورکیا بوونە مایەی نیگەرانی، چونکە تورکیا بە هەڕەشەیان دەزانێت بۆ سەر دەسەڵاتی خۆی و، بۆ وەرگرتنەوە و دەستخستنەوەی ئەو ناوچانەی، کە خاکی کوردن و کوردستانن. تورکیا دانی بەو ڕاستییەدا نەناوە، کە کوردەکان لەم چەند ساڵەدا بوونەتە دەسەڵات و هێزێکی سیاسیی باڵا لە سووریادا. بە هەمان شێوە، جگە لەو گرفتانەی بۆ هەڵبژاردن دروست کران و، لە مانگی ٩ی ساڵی ٢٠١٥دا دووبارە هەڵبژاردن کرایەوە، لە هەڵبژاردنەکەی مانگی ٦ی ساڵی ٢٠١٥دا هەدەپە توانیی بەرزترین ڕێژەی دەنگدان لە مێژووی سیاسەتی کوردەکانی تورکیادا تۆمار بکات، کە ڕێژەکەی ١٣،١% بوو و، ڕێژەی لە ١٠%یشی لەو بڕە زیاتر بوو، کە بۆ بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمان پێویست بوو. سەرەڕای ئەوەی کوردەکانی ئێران لە دوای کوردەکانی تورکیاوە دووەم گەورەترین گرووپی کوردیی ناوچەکەن، کەچی هێشتا بەبێدەنگی ماونەتەوە. ئەوەی تاوەکوو ئێستا بەناڕوونی و نادیاری ماوەتەوە ئەوەیە، کە هەرچەندە ئێران ساڵانە بە دەیان و بە سەدان کورد لەسێدارە دەدات، کەچی کوردەکانی ئێران هێشتا بیر لە گۆڕینی چارەنووس و دەسەڵاتی خۆیان ناکەنەوە. ڕاستییه‌كه‌ی، تاوەکوو ئێستایش سیاسەتی کوردەکانی ئێران بەرامبەر بەو پاشاگەردانییەی ناوچەکە و گۆڕانکارییانەی ناو ئێران دەستەوەستان و بێ کاردانەوە ماوەتەوە.

سیاسەتکردن لە دەرەوەی وڵات

هۆکارگەلێکی زۆر هەن کەوا کوردەکانی ئێران، هاوشێوەی کوردەکانی عێراق و سووریا و تورکیا، بەرەو دەسەڵات بەرز نەبوونەتەوە. ئەمەیش نادیاری و ناڕوونییەکی تێدایە، چونکە لەناو هەموو کوردەکاندا، تەنیا کوردەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بوون بە خاوەنی دەوڵەت؛ هەرچەندە دەوڵەتەکەیان ده‌وڵەتێکی کەمتەمەن بوو. کۆماری کوردستان لە ٢٢-٠١-١٩٤٦ ڕاگەیەنرا، بەڵام تەمەنی تەنیا ١١ مانگ بوو و، دواتر لە لایەن ئێرانەوە و بە زەبری هێز لەناو برا و، "قازی محەمەد"ی سەرۆكکۆمار لەسێدارە درا. ئەم دەوڵەتەی کۆماری کوردستان وەك ئاگایییەکی نەتەوەیی، بووەتە خاڵی سەرچاوەی ناسیۆنالیزمی کوردی. لە ڕاستیدا، ئێستایش سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی، لە بابەتی سەربەخۆییی کوردستاندا زۆر جار دەڵێت ئەو لە قەڵه‌مڕەوی کۆماری کوردستاندا چاوی بە دونیا هەڵهێناوە و هاتووەتە دنیاوە و، دەیەوێت هەر لەژێر ئاڵای کوردستاندا سەر بنێتەوە.

ڕاستییه‌كه‌ی، لەم ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ئەم گرووپە کوردانەی ئێران لەگەڵ دەوڵەتی ئێران ڕووبەڕوو بوونەتەوە و جەنگاون، بەڵام تا ئێستایش ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە نەبوونەتە هۆکاری گۆڕینی قۆناغێکی بەرچاو لە گەشەسەندنی سیاسی و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سیاسی لە ناوخۆی ئێراندا. یەكێك لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی گەشەسەندن و پێشڤەچوونی سیاسیی ئەم گرووپە کوردییانەی ئێرانی، وەك حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی کۆمەڵە، بەپێچەوانەی کوردەکانی عێراق و سووریا و تورکیاوه‌، ئەوەیە کە ئەم گرووپە کوردییانەی ئێران چەند دەیەیەکە لە دەرەوەی ئێرانن و، بەتایبەتیش لە کوردستانی عێراقدا گیرساونەتەوە. ئەمەیش دووری و مەودایەکی لە نێوان کوردەکانی ئێران و ئەم حزبانەدا دروست کردووە.

زیاد لەوەیش، ئەم دوورییەی حزبە کوردییەکانی ئێران و کارکردنیان لە دەرەوەی ئێران، کاریگەری و قورسایبی ئەم حزبانەی کەم کردووەتەوە. لەم بارەیشدا، دەبێت باڵانس لە نێوان خواست و ئامانجەکانی خۆیان و، پەیوندییەکانی ئەو دەوڵەتەی کە تێیدا ماونەتەوە (هەرێمی کوردستان) ڕابگرن. بە هۆی ئاگاییی ئێران لەم ڕاستییە، تاران توانیویەتی سەرکەوتوو بێت لە گوشارخستنە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەگشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی (پارتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان باڵادەستە) سەبارەت بەو کردە و چالاکییە سەربازییانەی حزبە کوردییه‌كانی ئێران. بۆ نموونە، لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا تاران گوشاری لەسەر بەغدا دروست کرد سەبارەت بە هێرشکردنە سەر بارەگا سەربازییەکانی سەر سنووری نێوانیان و، بە هەمان شێوە داوای لە بەغدا کردووە کە سەبارەت بە هێرش و پەلاماری حزبە کوردییە ئێرانییەکان گوشار بخاتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و، ئەویش بە هەمان شێوە ئاگاداری سنوورەکان بێت. لە ئەنجامدا، لە مانگی ٣ی ساڵی ٢٠١٧، پەرلەمانی عێراقیی لایەنگری ئێران داوای لە حکوومەتی عێراق کرد، کە چەك لەو گرووپە کوردییە ئێرانییانەی جەنگ لەگەڵ ئێران دەکەن، داماڵن یان لە هەرێمی کوردستان نەیانهێڵن و وەدەریان نێن.

هەروەها، ئێران کاریگەریی لەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە، کە یەکێکە لە دوو حزبە باڵادەسەتەکەی هەرێمی کوردستان و، ناوەندەکەی شاری "سلێمانی"یە و هاوسنوورە لەگەڵ ئێران (ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە گوشاری خستوەتە سەر کۆمەڵە). وا دەردەکەوێت کە ڕێککەوتنێك لە نێوان ئێران و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت بۆ ڕێدان بە مانەوەی کادر و سیاسییەکانی حزبە کوردییەکانی ئێران بۆ جڵەوگیریکردنیان لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە لە دژی ئێران. جگە لە چەند جووڵانەوە و چالاکییەکی کەمی ئەم دوایییانە، نە کۆمەڵە و نە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هیچ چالاکییەکی بەرچاو و کاریگەریان نەبووە. لەوانەیە هەر ئەمەیش یەکێك بێت لەو هۆکارانە، کە لێکۆڵەر و چاودێران بڵێن ئەو حزبانە بە قۆناخی خانەنشینیی سیاسیدا تێپەڕ دەبن.

جیا لەو دوو حزبە، پارتی ژیانەوەی ئازادیی کوردستان (پژاك) بوونی هەیە، کە یەکێكە لە لقەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و، ئەوانیش لەو بەشەی قەندیلن، کە هاوسنووری ئێرانە. پژاکیش دەبوو هیوایەکیان بۆ خەڵکی ئێران بگەڕاندبایەتەوە. هەر لە سەرەتای ڕاپەڕینی سووریاوە لە ساڵی ٢٠١١دا، بەرژەوەندییەکانی ئێران و پەکەکە لێك نزیك و تێکەڵ بوون و، ئەمەیش کاریگەریی لەسەر پژاك هەبوو. ئێران دەیویست بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵاتی خۆی بمێنێتەوە و، بەم شێوەیە هەوڵی ئەوەی دەدا پەیەدە، کە لقێکی پەکەکەکەیە، ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لەناو سووریادا دروست بکات. لە بەرامبەر ئەمەدا، پەکەکە لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١١دا گوشاری خستە سەر پژاك بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی تاهەتایی لەگەڵ ئێراندا. ئەم لاوازکردنەی خواستی کوردەکانی ئێران بەرامبەر بە گرووپە کوردە ئێرانییەکانی تر، بووە هۆی لاوازیی حزبە سیاسییە کوردییەکانی ئێران و تووشی هەڵدێری دامەزراوەییی کردن. لەبەر نەبوونی کەرەستە و سەرچاوەی پێویست و مانەوەی گرووپە کوردییە ئێرانییەکان لە دەرەوەی ئێران، بارودۆخەکە لە خراپەوە بەرەو خراپتر چوو. دەرەنجامی هەموو ئەم هۆکارانەیش، بووە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەری و بەرتەسککردنەوەی چالاکیی ڕێکخراوەییی حزبە سیاسییە کوردییەکانی ئێران لە شێوەگرتنی کۆمەڵگە و سیاسەتی کوردەکانی ئێراندا.

داهاتوو چی لەخۆ دەگرێت؟

ڕێڕەوی داهاتووی سیاسەتی کوردەکانی ئێران، بەندە لەسەر سێ هۆکاری پێكەوەبەستراو. یەکەم، پەیوەندیی بە کوردەکانی ناو ئێران و، پەیوەندیی ئەو کوردانە بە دامەزراندنی سیاسەتی ئێران، بەتایبەتی باڵی چاکسازیی ناو ئێرانەوە هەیە. زۆربەی زۆری کوردەکانی ئێران—بەتایبەت کوردە سوننەکان، کە ٤/٣ی کوردەکانی ناو ئێران پێک دەهێنن— لەگەڵ چاکسازییە سیاسییەکەی "حەسەن ڕۆحانی"ن. بۆ دڵنیابوونەوە، باڵی چاکسازی بەشێکە لە ڕژێمی ئێران و، ناتوانێت لە چوارچێوەی ئەو ڕژێمە دەربچێت و شتێکی نوێ بۆ کوردەکانی ئێران بکات. بەڵام ئەم باڵی چاکسازییە، دەتوانێت سنووری مافە که‌لتوورییەکان فراوانتر بکات و گەشە بە باری ئابووریی ناوچە و شارە کوردییەکان بدات، کە لە هەژارترین شارەکانی ئێرانن. ئەگەر حکوومەتەکەی ڕۆحانی ڕێز لە بەڵێنەکانی بگرێت (بەڵێنێکی زۆرن، بەڵام تا ئێستایش جێبەجێ نەکراون)، دەتوانێت ئاستی گوزەران و بارودۆخی کوردەکانی ئێران بە شێوەیەکی سنووردار بەرز بکاتەوە.

دووەم، پەیوەندیی بە دووبارە ڕێکخستنەوەی ناوچەیییەوە هەیە، بەتایبەت لە قەیران و گرفتەکانی کەنداودا، ناڕێکیی ناوچەیی بەڕوونی دەردەکەوێت. لە کاتی ناکۆکییەکەی نێوان قەتەر و هاوپەیمانێتیی دەوڵەتە عەرەبەکاندا، تورکیا و ئێران هەڵوێستی لایەنگریی قەتەریان هەڵبژارد، چونکە پێیان وا بوو هاوپەیمانێتیی دەوڵەتە عەرەبەکان لە بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەدات. لە ڕاستیدا، لە کۆی ١٣ خاڵی داواکراو لە لایەن هاوپەیمانیی دەوڵەتە عەرەبەکانەوە لە دەوڵەتی قەتەر، خاڵی یەکەم و دووەمی داواکارییەکان ئەوە بوون، کە داوا لە دەوڵەتی قەتەر کرابوو ئاستی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران کەم بکاتەوە و، پەیوەندیی سەربازی لەگەڵ تورکیا (بە داخستنی ئەو بنکە سەربازییەی تورکیایشەوە لە دەوحە) کۆتایی پێ بهێنێت. ئەم پەیوەندییەی نێوان ئێران و تورکیا، کە لەو قەیرانانەوە دروست بوو، کاریگەریی لەسەر ناوچەکە و پێشڤەچوونی دیالۆگی نێوان ئەو دوو وڵاتە هەبوو. هەروەها، بە هۆی هاوهەڵوێستییان بەرانبەر بە دەستکەوتی کوردەکانی سووریا و عێراق، پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان ئێران و تورکیا بەهێز بوو. هەردووکیان دژی هەوڵی سەربەخۆییی کوردەکانی عێراق و دەسەڵاتی کوردەکانی سووریان.

پێدەچێت تورکیا و ئێران لە دژی خواستی کورد بۆ سەربەخۆیی، ناكۆكییه‌کانی نێوانیان فەرامۆش بکەن و دژی ئەم خواستەی کورد لە عێراق و سووریادا بوەستنەوە. لە بەرامبەردا ئەمە دەبێتە هۆکارێك بۆ هاندانی کوردەکان بۆ دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو بەگشتی و شانشینی عەرەبیی سعوودی و شانشینی یەکگرتووی ئیمارات بەتایبەتی. لە ڕاستیدا تاوەکوو ئێستا چەند جارێك ئێران، سعوودیی عەرەبیی بە هاوکاریکردنی سەربازیی حزبه‌ کوردە سیاسیییەکانی ئێران تۆمەتبار کردووە و، "ڕیاز"یش ئەمەی بەتوندی ڕەت کردووەتەوە. بە هەمان شێوە سەرانی پەیەدەیش خواستی پێکەوەکارکردن و نزیكبوونەوەیان لە دەوڵەتانی کەنداو دەربڕیووە.

لە کۆتاییدا، پێدەچێت گرووپە کوردییە گرنگەکان، بەتایبەت پەکەکە و پەیەدە، سیاسەتی خۆیان لە سیاسەتی چاوەڕوانکردن بەرانبەر بە ئێران بگۆڕن. ئەو پرسیارە گرنگانەی لێرەدا سەر هەڵدەدەن ئەوەن، کە داخۆ پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و پەیەدە لە دوای داعش تاوەکوو کەی درێژە دەکێشێت و، داخۆ تاوەکوو چەند ئیدارەکەی ترامپ پابەندی سیاسەتی (دژە-ئێران بوون) دەبن. ئەگەر پەکەکە بزانێت پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و پەیەدە و هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پەیەدە درێژەی دەبێت و دەمێنێتەوە، ئەوا هەوڵ دەدات هاوسەنگییەك لە نێوان پەیوەندیی خۆی و ئەمریکا و ئەو پەیوەندییە ئاشتییە ساردەی خۆی لەگەڵ تاران ڕابگرێت. بەم جۆرە، دەبێت پژاک زیاتر ئاگای لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان خۆی و ئێران بێت. دەرەنجام، ئەگەر کوردەکان ئەو بڕوایەیان لەلا دروست بێت، کە ئەمریکا بەردوام دەبێت لە هاوکاریکردنی کوردەکان و پەیوەندییەکە درێژە دەکێشێت و، ئەمریکا سیاسەتی دژە-داعش دەگۆڕێت بۆ سیاسەتی دژە-ئێران، ئەوا کوردەکانیش پەیوەندی لەگەڵ ئێران دەپچڕێنن و بە لای ڕۆژاوادا با دەدەنەوە. ئەمەیش وا دەکات چالاکییه‌ سیاسی و سەربازییەکانی حزبە سیاسییە کوردییەکانی ئێران زیاد بکەن و دەبێتە هاندەرێك بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی لەناو ئێراندا.       

 

سەرچاوە:

https://www.foreignaffairs.com

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples