کوردەکان منداڵ نین

2017-09-18

کوردەکان منداڵ نین

 

بێرنارد هێنری لێڤی

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

ئەوان سەربەخۆییی خۆیانیان بەدەست هێناوە و، ڕۆژاوایش ده‌بێت بەمە ڕازی بێت

ترسنۆکی و بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەمبەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی ٢٥-٠٩-٢٠١٧ی کوردەکان، مایەی شەرمەزاری و پڕوپووچی و هەژمارێکی نادروستی مێژوویییە. ئێمە لێرەدا قسەمان لەسەر خەڵکێکە، کە بە زەبری هێز ڕاگوێز کراون، بەعەرەب کراون، کیمیاباران کراون و ئاخێنراونەتە ناو زنجیرە شاخێك، کە بۆ یەک سەدەیە ئەم ژیانەیان بووەتە نموونەی کۆڵنەدان و سەرشۆڕنەکردنیان لە بەرانبەر ئەو زوڵم و زۆرەی بەغدا لەبەر گرفتی جوگرافی و مێژوویی بەسەریدا سەپاندبوون. ناوچەکەیان ئەو ناوچەیەیە کە لە دوای ڕووخانی سەددام، ئۆتۆنۆمیی تێدا هاتە کایەوە؛ ناوچەیەك کە لە ساڵی ٢٠١٤دا "سۆنامی"ی داعش هات و میزۆپۆتامیای تەنی و، سوپای عێراق لەبەری هەڵهات؛ ئەو ناوچەیە یەکەم شوێن بوو کە خۆی ڕێک خست و بەره‌نگاری داعش بووەوە. لەو کاتەوە، کوردەکان بە درێژاییی ٦٠٠ میلی هێڵی بەرگری، بەرگری لە کوردستان و عێراق و تەواوی نەتەوەکان دەکەن.

دووبارە، ئەوە کوردەکان بوون لە کاتی جەنگی مووسڵدا جەنگی دەشتی مووسڵیان کرد و، دەرگه‌ی ئازادکردنی شاری مووسڵیان کردەوە و، بە هۆی ئازایەتی و نەبەردییانەوە، هانی هاوپەیمانانیان دا بۆ هێرشکردنە سەر شوێنەکانی ناو جەرگەی داعش. کەچی ئێستا، کە کاتی ئەوەیان هاتووە ماڵی خۆیان بكه‌ن، ئەمریکا پێداگری لەسەر دژایەتیکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردەکان لە ئێستادا دەکات و، دەیەوێت ڕیفراندۆم و خواستی لەمێژینەی کورد بۆ کاتێکی نادیاری داهاتوو دوا بخرێت. لەبری دەستخۆشی و لە جیاتی ئەوەی سوپاسی کوردەکان بکەن، بە ڕوویه‌کی سارد و بێهیواوە جیهان پێیان دەڵێت: "ببوورن کوردە هاوڕێکانمان، ئێوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر زۆر باش بوون، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەتان نەهاتووە سەربەخۆ بن. ئێمە چیتر پێویستمان بە ئێوە نییە، بۆ ناگەڕێنەوە ماڵی خۆتان؟ دووبارە سوپاس—دەتانبینینیەوە."

دەڵێن گوایە ڕیفراندۆمی کوردەکان کاریگەریی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و لەسەر بەرنامەی کاری هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی عێراق دەبێت. بەڵام هەمووان ئەو ڕاستییە دەزانن، تەنیا مەگەر کەسانێك خۆیان لەگێلی بدەن و نەیانەوێت دانی پێدا بنێن، کە لەگەڵ ڕزگارکردنەوەی شاری مووسڵ جەنگی داعش کۆتاییی پێ هاتووە و، بۆ ئەمەیش دووبارە سوپاس بۆ کوردەکان. دوای ئەوەیش، کێ گەرەنتیی ئەوە دەکات کە هەڵبژاردنی گشتیی عێراق وەك ئەم هەڵبژاردنەی کوردەکان داوای دواخستنی نەکرێت، یان دوا نەخرێت؟

هەروەها، چاودێران دەڵێن دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا دروست دەکات. وەك بڵێیت جەنگی ئێستای ناوخۆی سووریا و، خەون و خواستە سەپێنراوەکانی ئێران لە ناوچەکەدا و، عێراقی لێکهەڵوەشاوەی دروستکراوی بریتانیا، لە کوردستانێکی بچووك مەترسیدارتر نین، کە حکوومەتێکی سێکیولار و دیموکراتخوازی هاوڕێی ڕۆژاوا و خاوەن پەرلەمانێکی هەڵبژێردراو و میدیای ئازادە.

وەك لە وتار و قسەکردنەکاندا ئاماژەی پێ دەدرێت، دەڵێن گوایە سەربەخۆییی کوردستان لێکترازانی ناوچەییی چوار نەتەوەی عێراق و ئێران و سووریا و تورکیای لێ دەکەوێتەوە، کە نەتەوە و خاکی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە. ئەمەیش وا نیشان دەدرێت، کە گوایە ئەو چوار دەوڵەتە ئاگایان لەوە نییە کە ئەم ڕیفراندۆمه‌ تەنیا بۆ سەربەخۆییی کوردەکانی عێراقە و هیچ خواست و ئامانجێکی دروستکردنی کوردستانی گەورەی لەگەڵ برا و خوشکە کوردەکانی تری تورکیا و سووریادا لەگەڵ نییە، کە هەڵگری ئایدیۆلۆژییەکی "مارکسی"ن و لەگەڵ ئایدیۆلۆژیی کوردەکانی عێراقدا یەکانگیر نابنەوە.

بەڵام ئەگەر یەکێك بپرسێت ئەی کاردانەوەی سوپای پاسدارانی ئێران چی دەبێت؟ ئەی ئەو هەڕه‌شە و گوڕەشانەی ڕەجەب تەییب ئه‌ردۆغانی سەرۆکی تورکیا، کە دەڵێت ئەو هێڵە بۆڕییە نەوتانە دەبڕم، کە کورد بە هەموو جیهانەوە دەبەستنەوە؟ پێم وا نییە ڕۆژاوا لە بارودۆخێکی لەم چەشنەدا ڕۆڵی ڕاگەیەنکارێك بۆ دوو دیکتاتۆر بگێڕێت. هەروەها، نازانم بۆچی بە گلەیی و تۆمەتبارکردنێکی پیۆنگیانگ (پایتەختی کوریای باکوورە) لە لایەن دراوسێیەکییەوە، ڕۆژاوا دێنێتە دەنگ و پیۆنگیانگ مەحکووم دەکات، بەڵام کاتێك باس دێتە سەر تاران و ئانکارا، کەس گوێی ناداتێ و بێدەنگی باڵ بەسەر ڕۆژاوادا دەکێشێت؟

بەداخەوە، هەرچەندە ئێمە بەڵگەیەکی وامان بەدەستەوە نییە وەك پاساوێك بۆ "دواخستنی" ڕیفراندۆم بیخەینە ڕوو، بەڵام وا هەست دەکەین، کە دەرەنجامەکەی کابوسێکی ئۆروێڵی (کابووسی جۆرج ئۆروێڵ و پێشبینی بۆ ئەو نەهامەتییانەی لە داهاتوودا ڕوو دەدەن) و، ئاهەنگگێڕانی چارەنووسێکی بەدە، کە شتەکانی تێیدا بەپێچەوانەی خواستی ئێمەوە ڕوو دەدەن.  ئەدی ئەوەچی، کوردەکان خۆیان لە شێوەی دوورگەیەکی ئۆتۆنۆمیی دیموکراسیی ئاشتیخواز ڕێک خست، تەنانەت دوای ئەوەیش، بەغدا سێ ساڵە مووچەی پێشمەرگەی دابین نەکردووە؟ دەبێت ئەمە خۆی لە خۆیدا وڵامێكی پڕاوپڕ بێت بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، گوایە ئەگەر لەوە تێ ناگات بۆچی کوردەکان دەیانەوێت لە ئۆتۆنۆمییەوە بەرەو سەربەخۆیی بڕۆن. ئەدی ئەو ناوچانەی کەرکووک، کە نەوتیان تێدایە و کوردەکان خستوویانەتەوە ژێر دەستی خۆیان؟ لە جیاتی ئەوەی وەك لایەنێکی چاکە سەیر بکرێت، کە کوردەکان لە داهاتوودا داراییی وڵاتەکەیانی پێ دەکەن، کەچی بەپێچەوانەوە چاودێران وای دەبینن لە داهاتوودا بەخراپ بەکاری دەهێنن. هەروەها کاتێك هەر دوو حزبی دەسەڵاتدار، دەستیان بە دەنگدان کرد—کە ئەمەیش لە تەواوی شوێنەکاندا وەك که‌لتوورێکی شارستانیی کۆماری سەیر دەکرێت—دەمودەست دەڵێن ئەم دەنگدانە دابەشکردن و ئاڵۆزی و پشێوی لە ناوچەکەدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ئێمە سەروکارمان لەگەڵ کۆڵۆنییەکی کۆنە، کە هەندێك خەڵکی لەخۆ گرتووە و، هێشتا ئەو خەڵکە ناتوانن خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن و، هێشتا گەورە نەبوون و پێ نەگەیشتوون! ئەمە هەمان ئەو تراژیدیایەیە بەسەر نەتەوەکانی تردا هاتووە و، چارلز دێ گاوڵ پێی گوتوون هیچ هاوڕێیەکیان نییە و بێکەسن. بەڵێ... بەڵێ، خزمەتگوزارییەکان کۆتایییان پێ هات، بەڵێنی ناڕونمان پێ دان، لەو کاتەدا کە پێویستمان پێتان بوو و لە نێوان ئێمە و بەڕبەڕییەکاندا ڕاوەستابوون، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەوەی گوتمان جێبەجێی بکەین. "کاتی ڕیفراندۆم نەهاتووە"، "بەشێك نییە لە پلانەکە"، " جیهان ئەجێندا و بەرنامەی کاری خۆی هەیە، بەداخەوە پێتان ڕادەگەیەنین ئێوە لەو ئەجێندایەدا نین"، ... چەندین قسه‌ی تری لەم چەشنە.

من خۆم شایەتحاڵی هەمان ئەم بارودۆخەم كه‌ ٢٠ ساڵێك لەمەوبەر لە دوای جەنگی بۆسنیا ڕووی دا. فەیلەقی ٧ی سوپای سەراجێڤۆ خەریك بوو نەک تەنیا بۆسنیای گەمارۆدراو ڕزگار بکات، بەڵکوو خەریک بوو هەموو ئەو وڵاتە یەک بخاتەوە و، گوشار بخاتە سەر سربییەکانی سەر بە ڕۆدۆڤان کارازاك و سلۆبودان میلۆسیڤیک و، ئاشتی و دادپەروەری بگێڕێتەوە. بەڵام ئەمریکا ئەم هەوڵانەی ڕاگرت. بە سه‌رپەرشتیی ڕیچارد هۆڵبروک لە پێگەی هێزی ئاسمانیی ڕایت-پاترسۆن لە دەیتۆنی ئۆهایۆ، ئەمریکا ڕێککەوتنێکی کرد و تێیدا ڕای گەیاند سربیا پەلاماردەر و کرۆشیا نابژیوان و بۆسنیا قوربانییەکە بووە. دواتر هەڕەشەی لە قوربانییەکە کرد و گوتی ئەگەر ڕازی نەبێت، ئەوا دەدرێتە دەست چارەنووسی خۆی و، بەم جۆرە بۆسنیای ڕۆژاوا جیا کرایەوە و بووە قوربانیی سەرمێزی گفتوگۆ و، ئاشتییەکی لاوازی بۆ گەڕێنرایەوە، کە تاوەکوو ئێستایش بەناجێگیری ماوەتەوە.

بەڵام دەخوازم بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستای کورد و، ئەو شێوازی کارکردنە بۆ سەربەخۆیی هەمان کاریگەریی دڵتەزێنی سەدەی ڕابردوو بۆ کوردەکان بەجێ نەهێڵێت، دەخوازم نەوەی ڕزگاربووانی چەکی کیمیاییی دەست سەددام لە شاری هەڵه‌بجە خۆیان بەهێز بکەن و بتوانن ڕووبەڕووی هەموو مەترسیەك ببنەوە. دەخوازم کوردەکان "جێن دێ گاوڵ"یان وەبیر بێتەوە، کە لە هاوینی ساڵی ١٩٤٤دا فڕۆکەکانی ئەمریکا و بریتانیای هاوپەیمانی بەکار هێنا و ڕووەو ئەڵمانیا ئاڕاستەی کردن و گوتی تاوەکوو پایتەخت ئازاد نەکرێت ئەم سەرکەوتنە بە سەرکەوتنی هاوپەیمانان نازانین.

گشتپرسیی کوردەکان کاری هێز و زۆرەملێ نییە، بەڵکوو ئەوە مافی خۆیانە و قەرزێکە و دەبێت وەری بگرنەوە. بەردی بناغەیە بۆ خەڵکانێك، کە بە شێوەیەکی بێهه‌ژمار خۆیان بۆ جیهان بەخشیوە. تا دوێنێ بوو ئەوان جوولەکەکانیان ڕزگار دەکرد و پەنایان دەدان؛ ئەمڕۆیش پێشمەرگەیان پێ داوین، کە کریستیانەکانیان ئازاد کرد و ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیانپارێزن. هەروەها، بۆ چەندین سەدەیە کوردەکان بە جۆرێكی ڕۆحی، ئیسلامەتییان کردووە نەك جەنگ و خوێنڕێژی و، ئەمەیش باشترین وڵامە بۆ ئیسلامییە توندڕەوەکان. ئێستایش کاتی ئەوە هاتووە جیهان کوردەکان شکۆدار بکات هەروەك چۆن ئەوان ئێمەیان شکۆدار کرد.  

سەرچاوە:

https://foreignpolicy.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples