ئایا ڕیفراندۆمی کوردەکان یاسایییە؟

2017-09-19

ئایا ڕیفراندۆمی کوردەکان یاسایییە؟

 

د. پاوڵ ولیامز و مارگاوکس جەی دەی

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

کوردستان لە ٢٥-٠٩-٢٠١٧دا ڕیفراندۆم ده‌كات، بۆ ئەوەی بزانێت ئاخۆ کوردەکان دەیانەوێت کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. عێراقیش ڕەخنەی لەسەر ئەم ڕیفراندۆمه‌ هەیە.  ژمارەیەك لە ڕەخنەگران پرسیار دەکەن و دەڵێن داخۆ کوردستان مافی ئەوەی هەیە ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و، ئایا لە ڕووی سیاسییەوە ئەوەی بەرانبەر عێراق دەیڵێت، یاسایییە؟ ئەم بابەتە هەوڵ دەدات پەنجە بخاتە سەر ئەوەی، کە داخۆ کوردستان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێگەپێدراوە ڕیفراندۆم ئەنجام بدات و سەربەخۆ بێت و، ئایا تا چەند ڕەخنەی عێراق لەسەر ڕیفراندۆمه‌کە قورساییی هەیە و گرنگە؟

ئایا ڕیفراندۆمی کوردەکان لە لایەن یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە ڕێگەپێنەدراوە؟

پرسیاری ئەوەی، کە داخۆ نیمچەدەوڵەتەکان دەتوانن سەربەخۆییی خۆیان ڕابگەیەنن، لە لایەن دادگه‌ی نێودەوڵەتییەوە لە بەشی ڕاوێژکاری لەسەر بابەتی جیابوونەوەی کۆسۆڤۆ ڕاستەوخۆ وڵام دراوەتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٨دا، کۆسۆڤۆ تاکلایەنانە جیابوونەوە و سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاند. سربیا لەمبارەیەوە ڕەخنەی لێ گرت و گوتی ئەمە شکاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. لەسەر داواکاریی سربیا، ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داواکەی گەیاندە دادگه‌ی نێودەوڵەتی. لە دوای دوو ساڵ و لە ساڵی ٢٠١٠دا، دادگه‌ی نێودەوڵەتی ڕای خۆی لەسەر بابەتەکە دەربڕی. وه‌ڵامی دادگه‌ بریتی بوو لە "یاسا نێودەوڵەتییەکان هیچ قەدەغەکردنێک لەسەر ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نییە." بەتایبەتتر، دادگه‌ ڕای گەیاند کە ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی کۆسۆڤۆ و جیابوونەوەی لە سربیا، یاسا نێودەوڵەتییەکانی نەشکاندووە.

ئەم بڕیارەی دادگه‌ لە سێ شتەوە سەرچاوەی دەگرت: یەکەم، لەسەر شێوازی کارکردنی دەوڵەت بوو لە نێوان سەدەی نۆزدەیەم و بیستەمدا، کە هیچ بەربەستێکی لەسەر ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی تاکلایەنەی لەخۆ نەگرتبوو. دووەم، دادگه‌ هیچ یاسایەکی تایبەتی سەبارەت بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی دەوڵەتێك نەبینییەوە، کە دەوڵەتێك بیەوێت سەربەخۆییی خۆی ڕابگەیەنێت و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێی ڕازی نەبن، ئیتر ڕەت بکرێتەوە. بۆ نموونە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، وەك چارەسەرێك، ناڕەزاییی خۆی بەرانبەر بە سەربەخۆبوونی باشووری ڕودیزیا و قوبرس و کۆماری سرپسکا دەربڕی. لە بابەتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی کوردستاندا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تەنانەت نە یاسایەکی تایبەتی لەسەر بابەتی سەربەخۆیییەکە هەیە و، نە هیچ شتێکیش هەیە وەك ڕێگەچارە دەری ببڕن.

سێیەم و لە هەمووی گرنگتر، پره‌نسیپ و یاسای یەکگرتووییی ناوچەیی "لەسەر پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکان دانراوە" و هیچ ڕێگرییەکی سەبارەت بە جیابوونەوە و توانای سەربەخۆبوونی نیمچەدەوڵەتەکان لەخۆ ناگرێت.

لە کاتێکدا بڕیاری دادگه‌ لەبارەی سەربەخۆیییەوەیە، بۆ بابەتی سەربەخۆییی کوردستانیش بە هەمان شێوە دەبێت. لە ڕاستیدا بۆچوونی ئەوانەی دژایەتیی سەربەخۆییی کۆسۆڤۆیان دەکرد ئەوە بوو، دەیانگوت لانی کەم با کۆسۆڤۆ پێشتر ڕیفراندۆمی كردبایە.

گرنگیی ڕەخنەی عێراق لەسەر ئەم پرسە چییە؟

لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، ژمارەیەکی بەرچاو لەو نیمچەدەوڵەتانە ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆبوون كردووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٠٥ بۆ ١٩٩١، ٥٢ قەوارە ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی كردووە. لە کۆی ١٠٥ قەوارە، لە ساڵی ١٩٩١وە، ٥٣ قەوارە ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆبوون كردووە. جگە لەم ڕیفراندۆمەی کوردستان، سێ ڕیفراندۆمی تر (کەتەلۆنیا، نیوکاڵدۆنیا، بوگەینڤیل) بڕیارە تا کۆتاییی ساڵی ٢٠١٩ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بكه‌ن.

لەو ٥٣ قەوارەیەی ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی كردووە، ٢٣ قەوارەیان بەبێ ڕەزامەندیی ئەو دەوڵەتەی لێی جیا بوونەتەوە ڕیفراندۆمەکەیان كردووه‌. جێگەی تێڕامانە، کە ئەو قەوارانەی بەبێ ڕەزامەندیی ئەو دەوڵەتەی لێی جیا بوونەتەوە ڕیفراندۆمیان ئەنجام داوە، لە کۆتاییدا بوون بە دەوڵەتی سەربەخۆ. بۆ نموونە، ئەو دەوڵەتانەی جاران سەر بە یەکێتیی سۆڤیه‌ت بوون و، یەکێتیی سۆڤیه‌ت ناڕازی بوو بە جیابوونەوەیان، ئێستا هەموویان دەوڵەتی سەربەخۆن.

بە هەمان شێوە چوار دەوڵەت، کە پێشتر ئەندامی یۆگسلاڤیا بوون، بەبێ ڕەزامەندیی یۆگسلاڤیا ڕیفراندۆمیان كرد؛ ئێستا هەموویان دەوڵەتی سەربەخۆن. سەرەڕای ئەوەی تاوەکوو ئێستایش سربیا لە جیابوونەوەی کۆسۆڤۆ ناڕازییە، ١١١ وەڵات دانیان بە سەربەخۆییی کۆسۆڤۆدا  ناوە.

لە دوای ئەنجامدانی ئەم ڕیفراندۆمەوە، کە بۆ سەربەخۆیی ده‌كرێت، قۆناغی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەست پێ دەکات. ئەگەر کوردستان لە دوای ئەو گفتوگۆیانەوە سەربەخۆییی ڕاگەیاند، ئیتر پرۆسەکەی و جیابوونەوەکەی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لێک دەدرێتەوە و، دواتر پرۆسەی دانپێدانان لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دەست پێ دەکات. کاتێك کوردستان ئەم قۆناغانەی بڕی، ئەو کاتە دەردەکەوێت ئەم ڕیفراندۆمەی، لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا دێتەوە و دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان نییە.

 

   سەرچاوە:

http://www.huffingtonpost.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples