کوردەکان دەنگی خۆیان دا، ئەی واشنتۆن دەبێت چی بکات؟

2017-10-03

کوردەکان دەنگی خۆیان دا، ئەی واشنتۆن دەبێت چی بکات؟



زاڵمای خەلیلزاد

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

ڕیفراندۆم لە کوردستانی عێراق، ئەوە دووپات دەکاتەوە کە پێشتر پێی ئاشنابووین بەوەی کە کوردەکان دەوڵەتی خۆیان دەوێت. زیاتر لە سەدەیەکە کوردەکانی عێراق خەون بە دەوڵەته‌وه‌ دەبینن. ئەوان بەناو گەلێک جەنگی سەخت و سەرکوتکردنی ڕێکخراودا گوزەریان کردووە. بەرخۆدان و بەرگرییان کردووە، سەرەڕای ئەو کردەوە وەحشیگەرییانەی کە سەددام حسێن بەرامبەریان ئەنجامی داوە؛ هەر لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و پەلاماردانه‌وه‌، تا دەگاتە هاوردەکردنی نەتەوەکانی تر بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیا و دەستکاریکردنی ڕێژەی دانیشتووان.

دووشەممە، ٢٥/٩/٢٠١٧، کوردەکانی عێراق هەنگاوێکی کۆنکرێتییان نا بۆ بەدیهێنانی خەونەکەیان. جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستی پێ کردووە و، ئەگەرێکی زۆر هەیە کە دەنگی "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتداری سەر بکەوێت. پێشتر دڵخۆشی و ئاسوودەیییەک هەبووە، سەرباری چەند پێشبینییەکی پێچەوانەیش بۆ پرسەکە. ڕاپرسییەکە بەبێ توندوتیژی بەڕێوە چوو؛ تەنانەت لە ناوچە دابڕێندراوەکانیش هیچ توندوتیژییەک ڕووی نەدا. کوردەکانی باکووری عێراق، هیوا دەخوازن ڕیفراندۆمه‌کە پڕۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی لێ بکەوێتەوە.

بەڵام ئەم هەنگاوە هۆشداری و نیگەرانیی بەغدا و وڵاتانی هەرێمی و ڕۆژاوا، لەوانە ئەمریکای لێ کەوتۆتەوە. ڕەخنەگران تێبینی و سەرنجیان لەسەر کات و مەودای جوگرافیی ڕیفراندۆمه‌کە هەیە، بەوەی کە ناوچە دابڕێندراوەکانیشی گرتۆتەوە. ئەوان پێیان وایە کە ڕیفراندۆمه‌کە ناسەقامگیری و ململانێیەکی نوێی لە جیهان لێ دەکەوێتەوە، کە ڕەنگە زیانی بۆ هەر دوو لا هەبێت. ڕاستییه‌كه‌ی، ڕەنگە دەرەنجامێکی لەم شێوەیە جێبەجێ نەکرێت. دڵخۆشییەکە تێکەڵەیەکیشە لە ترس، بەوەی کە وڵاتانی دراوسێ گەمارۆ و سزایان بدەن؛ وەک ئەو هەنگاوانەی کە پێشتر لە لایەن ئانکارا، تاران و بەغدا ڕاگەیه‌ندرابوون.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژی ڕیفراندۆم وەستاوەتەوە، بەو بیانووەی کە ناسەقامگیریی لێ دەکەوێتەوە و، ڕەنگە کاریگەریی لەسەر هەر یەک لە جەنگ لە دژی داعش و هەڵبژاردنی گشتیی داهاتووی عێراق هەبێت، کە وا بڕیارە لە مانگی نیسانی داهاتوو ئەنجام بدرێت. بەڵام ئێستا کە ڕیفراندۆمەکە ئەنجام دراوە، ئیدارەی ترامپ پێویستە سیاسەتەکانی خۆی ڕێک بخاتەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەبێت دەستبەجێ ستراتیژێکی نوێ دابڕێژێت بۆ چارەسەرکردنی هەر دەرەنجامێکی خراپی دەنگدانەکە.

لە نێوه‌ندی گفتوگۆیەکی ئەم دوایییانە لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پرسیاری ئەوەم لێ کرد کە بۆچی دەیەوێت لە ئێستادا ڕیفراندۆم ئەنجام بدات و پێداگریی لەسەر دەکات، سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا و لایەنەکانی تر بۆ دواخستنی؟ وەڵامی دامەوە کە ئەو وەک بارزانی، هیچ کێشەیەکی کەسیی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق/عەبادیدا نییە بەڵام پێی وایە کە سیسته‌مێکی دەسەڵاتخواز و مەزهەبی لە بەغدا ئامادەییی هەیە و، دەیەوێت تەواوی وڵات بگرێتەوە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. گوتیشی ئەو ڕژێمە ئەو چەکانەی کە بەدەستی دەهێنێت، دەیدات بە سوپاکەی، ته‌نیا کوردەکان نه‌بێت. لە هەمان کاتدا، سەرەڕای ئەو هەموو بەڵێنانەی بەغدا و جیهان، لەوانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نەیانتوانیوە کێشەکانی کورد چارەسەر بکەن و ڕێککەوتننامەکانیشیان فەرامۆش کردووە، وەک: چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان بەپێی دەستووری عێراقی تا کۆتاییی ساڵی ٢٠٠٧. بارزانی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەمریکا پشتگیریی دواخستنی ڕاپرسی دەکرد هەرچەند دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا شکستی هێنابوو.

بەڵام پێشنیارەکان زۆر درەنگوەختن و دوای ئەو جۆش و خرۆشەی خەڵک کە بەباشی بەڕێوە چوو، پشتکردن لە پڕۆسەکەی لە ڕووی سیاسییەوە کردە مەحاڵ.  پێم وایە ئەم پێداگرییەی بارزانی لەوانەیە ڕەهەندێکی کەسییشی هەبێت. بارزانی هەموو ژیان و تەمەنی خۆی بۆ دۆزی میللەتەکەی بەخشیوە؛ لە ئێستادا کە تەمەنی گەیشتۆتە ٧١ ساڵ، دەکرێت وای ببینین کە ئەو هەستی بە بەرپرسیارێتییەکی کەسیی کردووە.

ئەگەرچی سەرکردایەتیی کورد زۆر گوێیان بە داواکانی ئەمریکا نەدا، بەرژەوەندییەکانی ئێمە بە پشتگیریکردنی سزا، یان ستڕاتیژیی چاوەڕوانکردن و سەیرکردن ناپارێزرێن. ئەم جۆرە سیاسەتە هیچ بەرهەمێکی نابێت. کوردەکان ناچنە دواوە لەوەی ئەنجامیان داوە. گوشارە بەردەوامەکانی ئەمریکا تەنیا خزمەت بە ناسەقامگیریی کوردستان دەکات، لە کاتێکدا دەبێتە هۆی هێژموونیی زیاتری بەغدا و ئەو میلیشیایانەی کە ئێران کۆنتڕۆڵی کردوون. هەمان کاریگەرییشی بۆ سەر سیاسەتەکانی تورکیا و ئێران دەبێت و، نائارامیی هەرێمیی زیاتر بەدوای خۆیدا دێنێت.

لە بری ئەوە، پێویستە ستراتیژییه‌کی کاریگەر هەڵبژێرین، ئەگەرچی زیانیشی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان و ڕێگەدانمان بۆ بنیادنانی هەنگاوەکانی داهاتوو هەبێت. سەبارەت بە ڕیفراندۆم، دەکرێت ئێمە بەردەوام ئەو پەشیمانییە دەرببڕین بۆ ئەو ڕێگه‌یەی کە هەڵمان بژارد. لە ڕاستیدا ئەمە بەتەواوەتی ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی ئێمە بووە. هەروەها پاراستنی متمانەکانمان بووە بەوانەی کە دژی ڕیفراندۆم بوونە، لەوانە تورکیا. بەڵام ئەو چەند هەفتە و مانگەی داهاتوو، باشترین سات دەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی دەنگدانەکە. ڕاستییه‌كه‌ی، دوایین دەستوەردانەکانی ئێمە کاریگەرییەکی زۆر پێچەوانەی هەبوو، لەوەی ئێمە لە بەرزکردنەوەی کاریگەریی ڕیفراندۆمه‌کەدا خوازیاری بووین. پێویستە ئێستا ئێمە تیشک بخەینە سەر ئەوەی کە دەرەنجامەکان بۆ کەس جێگەی سەرسووڕمان نییە و، زیاتر وەک دەنگدان و وەرگرتنی ڕای گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، نەک هەڵچوونێکی سیاسیی گەورە.

پێویستە ئامانجەکانی خۆمان لە داواکردن بۆ دەرەنجامی دانوستانەکان بۆ چارەسەرکردنی جیاوازییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە دیاریکردنی داهاتووی پەیوەندییەکان و دوایین دۆخ و ستاتۆی هەرێمی کوردستان، دابڕێژینەوە. دەبێت لە سەرەتای دەرفەتەکەدا یارمەتیی دانوستانەکان بدەین. کوردەکان بەئاشکرا دەڵێن ئێمە ئامادەی گفتوگۆین لە دوای ڕیفراندۆمه‌دا و، ئاماژە بەوەیش دەکەن کە ئەوان لە ڕێگەی ڕیفراندۆمه‌وه سنوورە یاسایییەکانیان لە داهاتوودا یەکلا ناکەنەوە. ئەوەیشیان دووپات کردۆتەوە کە ئەوان بۆ بژاردەی کۆنفیدڕاڵی، بە لایەنی کەمەوە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی ڕاگوزەر، دەستکراوەن. ئەمە سەرەتایەکی باش دەبێت بۆ گفتوگۆیەکی بنیاتنەر.

زۆرجار بەغدا وەڵامێکی دیاریکراوی دەبێت بۆ دەرەنجامی تووڕەیییەکان و، دوودڵیش دەبێت لە خەریکبوون و سەرقاڵبوون بە دانوستانی چەند مانگی داهاتوو. ئێمە لێرەوە، لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، یان هەردووکمان بەیەکەوە، دەتوانین بەشدار بین بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هیچ شتێک شکست ناهێنێت تا دانوستانەکان بەردەوام بێت.

عەبادی دوو پرسی بەلاوە گرنگە و دەخوازێت گرنگیی پێ بدرێت، لەوانە: بەشداریی کوردەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و دڵەڕاوکێی لە ڕێگریکردن لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی تاکلایەنە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە. ئێمە پێویستە جگە لە بەغدا، دۆستە هەرێمی و هاوپەیمانەکانیش ڕازی بکەین بۆ بەکارنەهێنانی پەرچەکردار و سزا. دەبێت زیاتر چاو ببڕینە دۆخی ئاسایش و، ڕووداوەکان  بەخێرایی هەڵسەنگێنین و کار بۆ دوورکەوتنەوە لە تەنگەژەکان بکەین. پێویستە بەغدا و هەولێر بۆ بەردەوامبوون لە پاراستنی ئاسایش لە ناوچەکە هان بدەین. هەندێک لە پرسەکانیش دەبێت هەڵبپەسێردرێت، هاوکات ڕۆڵی ئێمەیش چڕ و گەورە دەبێت.

ئێمە مێژوویەکی درێژ و بەرهەمدارمان لە پەیوەندی لەگەڵ کوردەکاندا هەیە. ئەوان ڕۆڵێکی کاریگەر لە بەردەوامبوونی جەنگ لە دژی داعشدا دەگێڕن. دڵخۆشین بەو پەیوەندییە هەواڵگرییەی کە لەگەڵیاندا هەمانە و، لەو هاوکارییە سەربازییانەی کە لە هەرێمەکەیان پێشکەشیان کردووین سوودمان لێ بینیون. سەرەڕای ئەوەی ئەوان لە ڕووی ئایینییەوە لێبووردەن، کە ئەمە نموونەیەکی دەگمەنە لە ناوچەکە و، پێشوازی لە پەنابەر و ئاوارەکان دەکەن.

لەبەر هەموو ئەم هۆکارانە، دەستبەرداربوونی ئەوان خزمەتی بەرژەوەندییەکانمان ناکات و، هەرچەندە ئەگەر لەو چرکەساتەدا بێزاریش بووبین لێیان. بەپێچەوانەی چەند بەشێکی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، ئەمریکا ئێرەی بەدڵە و خۆشەویستیی بۆ هەیە. ئێمە نابێت لەبەر ئەوەی لەگەڵ ڕیفراندۆمه‌کەدا نین، هەموو ئەمانە بخەینە مەترسییەوە.  

 

سەرچاوە:

https://www.washingtonpost.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples