کوردستانی عێراق: جەنگ لە پێناو کورسییەك لە مێزی نەتەوەکان

2017-10-12

کوردستانی عێراق: جەنگ لە پێناو  کورسییەك لە مێزی نەتەوەکان

 

ن: چارلز گڵاس

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

دەرەنجامی ڕیفراندۆمی کوردەکان بۆ سەربەخۆییی کوردستان هیچ گومانێکی تێدا نەبووە، بەڵام داهاتووی ئەو دەوڵەتە گوماناوییە. ڕێژەی ٧٢%ی دەنگدەران، کە لە بنکەکانی دەنگدان ئامادەیییان هەبوو، کەمێك زیاتر لە ڕێژەی لە ٩٣%ی دەنگدەران دەنگیان بە جیابوونەوە لە عێراق داوە. ئەمە لە کاتێکدایە، کە سەربەخۆییی کوردستان لەگەڵ مەترسیی دیاریکردنی سنوورەکانی و، دژایەتیکردنێکی سەختی دراوسێکانی و دژایەتیی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا تێكەڵە.

وەك هاوڕێیەکی لەمێژینەی کوردەکان، کە یەکەم جار لە ساڵی ١٩٧٤دا لەگەڵ پیتەر جێنینگسی هەواڵەکانی ئەی بی سی لە ئێرانەوە بە شێوەیەکی نایاسایی، بەڵام سەرکەوتووانە، چوومە کوردستانی عێراق، دەمەوێت کوردەکان بە ئازادی و سەلامەتی ببینم. زیاد لەوەیش، دەخوازم کوردەکان لە بارودۆخێکدا ببینم و بتوانن بەر بەو جۆرە کاوڵکاری و دەربەدەری و نەهامەتییانە بگرن، کە لە ساڵانی ١٩٧٥ و ١٩٨٨ و ١٩٩١ لە لایەن "سەددام حسێن"ەوە بەسەریاندا هات، دواتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەری بەو نەهامەتییانە گرت. سەرکردە کەموێنەکانی کورد لە ئێستادا، مەسعوود بارزانی لە هەولێر و، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، خێزانی سەرۆکی پێشووی عێراق، جەلال تاڵەبانین. بارزانی و تاڵەبانی، ئەو دوو سەرکردەیەی کوردن، کە بوونە ڕێنیشانده‌ری گەلەکەیان لە ساڵانی تاریک و نەهاتی کۆمەڵکوژیی کوردەکان لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە و، گەلی کوردیان گەیاندە دەوڵەتێکی نیمچەسەربەخۆ و، ئێستا تێیدا ده‌ژین. لەبەر ئەم هۆکارانە، شایەنی ئەوەن ڕێزیان لێ بگیرێت. لەوانەیە ئەوان پێویستییان بە ئامۆژگاری نەبێت، بەڵام بە هەر حاڵ من شتێك پێشنیار دەکەم.

دەبێت ئەو کوردە بنیاتنەر و ڕەسەن و بەجەرگ و کۆڵنەدەرانە، هەموو هێز و دەسەڵاتی خۆیان بەکار بهێنن بۆ بەرگرتن بە دووبارەنەبوونەوەی هەمان چارەنووسی ئەوانەی، کە پێشتر جەنگیان بۆ دەستخستنی کورسییەك لە مێزی نەتەوەکان کردووە. سەربەخۆیی، هاوواتای ئازادی نییە. دیاریکردنی مافی چارەنووس ڕەنگە ببێتە هۆی بێهیوایی. ئاڵای ئازادیی دەوڵەتانێکی سەربەخۆی وەك زیمبابۆی و ئەریتریا و سوودان و کۆسۆڤۆ، دەکرێت ببێتە مایەی دروستبوونی زوڵم و ستەمکاری. بە لەبەرچاوگرتنی ڕەتکردنەوە و قبووڵنەکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە لایەن دەوڵەتە دراوسێکانییه‌وه‌—عێراق و ئێران و سووریا و تورکیاوە— ڕێزگرتن لەو جووڵانەوە و هەنگاونانەی ڕوو بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، دەبێتە هۆی جەنگێکی بەرگریکارانە، کە کوردەکان تێیدا خاوەن هەق و دادپەروەرین. دەوڵەتانی سەردەمی جەنگ، چ لە سەردەمی ئەبراهام لینکۆڵن لە ساڵی ١٨٦١ بۆ ١٨٦٥، یان قەیسەرەکانی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٨٧٠ بۆ ١٩١٨، مافی مرۆڤیان لە پێناو مانەوەی خۆیاندا وەلا نابوو. کوردەکانیش ناتوانن لە پێکەوه‌ژیانیان لەگەڵ ئەو پێکدادان و دژایەتییەی ده‌وروبەریان، سوودمەند بن.

ئەم کاتە بۆ باشووری کوردستان کاتێکی زۆر هەستیارە، کە وەك ناسیۆنالیزمی کورد داوای پارچەکانی تری کوردستان لە تورکیا و ئێران و سووریا بکەن. باشووری کوردستان کەناراو و ڕێگەی دەریاییی نییە و، هەموو ئەو پردانەی باشووری کوردستان بە دنیای دەرەوە دەگەیەنن، بە خاكی نەیارەکانیاندا دەڕوات و تێ دەپەڕێت. ئێران ڕای گەیاند سنوورەکانی بۆ بازرگانیکردن لەگەڵ باشووری کوردستاندا دادەخات. تورکیایش هەمان هەڕەشەی ئێرانی لە کوردستان کرد. ڕێگه‌ی سووریایش بە هۆی جەنگی ناوخۆوە بەستراوە. هەرچی بەرەی باشووریشە، کە ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە و لە داهاتوودا دەبێتە سنوورێکی نەگۆڕی نێودەوڵەتیی نێوان عێراق و کوردستان ئەگەر کوردستان بوو بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بە هێزە چەکدارەکان تەنراوە.

کوردەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٩١ه‌وە و لەو کاتەوەی ئەمریکا و بریتانیا کردیان بە ناوچەی دژەفڕین، توانیویانە خۆیان حوکمی خۆیان بکەن. بەم جۆرە و بە هۆی حوکمڕانییەوە جەنگی نێوخۆی نێوان "پارتی دیموکراتی کوردستان" و "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" دروست بوو، بەڵام لەوە بەدواوە کۆتایی بەو جەنگە هات و ئێستا بەئاشتی پێکەوه‌ دەژین. هەر ئەو ناوچە ئارامە، بووە پەناگەی ئەو عەرەبە عێراقییانەی، پێشتر لە زوڵم و زۆری سەددام هەڵهاتبوون و، دواتریش ئەو عەرەبانەی لە زوڵم و ستەمی داعش هەڵهاتن. کوردستان توانیی لە بەرانبەر کوشتار و خوێنڕێژیی داعش و قەیرانی ئابووری بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و گرفتی دارایی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، خۆ ڕابگرێت، بەڵام ئەم ناوچەیە ڕووبەڕووی ڕەخنەی گەندەڵی بووەتەوە و باس لە گرفتە نێوخۆیییەکانی دەکرێت. جوست هیڵتەرمان لە نووسینێکیدا لە گرووپی قەیرانە نێونەتەوەیییەکاندا نووسیویەتی: "زۆربەی لایه‌نگرانی تاڵەبانی، پشتگیری لە دۆز و پره‌نسیپەکانی سەربەخۆیی دەکەن، بەڵام دەبنە دژی، ئەگەر ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی بارزانی بەرەو سەرۆکی ئەو دەوڵەتە بەرێت."

بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە کوردستان بووەتە بەهەشتێك بۆ ژیان و مانەوەی کەمە نەتەوایەتییەکان. کوردستان بووه‌تە سیمبۆلی یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیان و سێکیولاریزم (جیابوونه‌وه‌ی ئایین لە دەوڵەت)، لە کاتێکدا ئەم بەهایانە لە شوێنەکانی تری دونیادا ڕوو لە هەڵدێرن. کوردستانێکی سەربەخۆ تەنانەت ئەگەر حوکمێکی دیفاکتۆیشی هەبێت، دەبێت ببێتە لانک و پارێزەری نەك تەنیا کوردەکان، بەڵکوو ئێزیدی و مەسیحییەکانیش. ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە ئێستادا و بەکارهێنانی ئەنجامی ڕیفراندۆم، دەبێتە مایەی داگیرکاریی کوردستان لە لایەن تورکیا، یان ئێران، یان هەردووکیانه‌وه‌. بەڵام سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەییب ئه‌ردۆغان و حکوومەتە سوننییەکەی و مەلا شیعەکانی ئێران، لە هەموو شتێکدا جیاوازن جگە لە دۆز و مەسەلەی کورد: ئەمەیش لەبەر ئەوەیە، کە ئەو دوو وڵاتە قەت ڕێگە بە سەربەخۆبوونی کوردەکانی نێوخۆیان نادەن و، نایانەوێت کوردستانی باشوور ببێتە نموونەیەك بۆ ئەوان و، ئەوانیش چاوی لێ بکەن.   

هەروەها بەغدایش لەوەدایە جەنگ لەگەڵ کوردستاندا بکات و ئەو چەک و تەقەمەنییەی لە ئەمریکای وه‌رگرتووە بۆ جەنگی دژی داعش و شکستخواردنی بەرانبەر داعش لە ساڵی ٢٠١٤ه‌وە، دژی کورد بەکاری بهێنێت. ئەم جەنگە جەنگی ڕزگارکردنی خەڵك نییە، بەڵکوو درێژکراوەی ئەو جەنگەیە کوردستانی دابەش کردووە و، کورد و ناوچە دەوڵەمەند بە نەوتەکانی کوردستانی وەك کەرکووک، بە عێراقەوە نووساندووە. کەرکووک بووه‌تە سلێشڤیگ-هۆڵشتاین (Schleswig-Holstein)ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بووە هۆی چەندین جەنگی نێوان دانیمارکی و ئەڵمانەکان و، حەفتا ساڵی پێ چوو تاوەکوو گرفتەکە چارەسەر کرا.

گرنگیی کەرکووک و بوون بە سیمبۆلی ئەو شارە بە هۆی نەوتەکەیەوە، بووەتە هۆی ناکۆکی. هەر ئەم هۆکارەیش بوو، بووە هۆی سەرنەکەوتنی ڕێککەوتنی ئۆتۆنۆمیی کوردەکان لە نێوان سەددام و مەلا مستەفای بارزانی. بارزانی بەبێ کەرکووک بە ئۆتۆنۆمیی کوردستان ڕازی نەبوو و، سەددامیش دەستی دایە جەنگێکی ناوخۆی بێمانا وەك لەوەی دەست لە شاری کەرکووک هەڵگرێت. هیچ لایەنێکیان ئامادەی دەستهەڵگرتن لە کەرکووک نەبوون و، ئێستایش هیچ لایەنێکیان ئامادەییی ئەوەیان تێدا نییە لەسەر کەرکووک دانوستان بکەن.

کوردەکان خەڵکێکن، تێگەیشتن لێیان زۆر زەحمەتە و بەئاسانی لە کوردەکان ناگەیت. ئەوان لە دیندارترین موسڵمانەکانن و، وەك چۆن خواردنەوە و مووزیك و هەڵپەڕکێ و نوکتەی پێکەنینیان پێ خۆشە، هەر بەو شێوەیەیش چوونەمزگەوتیان لا خۆشە. ئەوان نوێژ دەکەن چونکە خۆیان دەیانەوێت، نەك پۆلیس و هێزێك لەسەر سەریان بێت و بەزۆر نوێژیان پێ بکات. کراوەیییان وای کردووە بتوانن لەگەڵ ئه‌ردۆغان و لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی پێک بێن. بە شەڕواڵێکی پان و پۆڕەوە و بە کڵاشینکۆفێکەوە لە شانیاندا، ژن و پیاو وەك چەپکەگوڵێك پێکەوە هەوڵ دەدەن. وەك دەروێش هەڵپەڕکێ دەکەن و ئەو جێگه‌یەی خۆیان دەدەنە میوانەکانیان و، قبووڵیانە خۆیان هیچ نەبێ پێی بخەون، بەڵام میوانەکەیان ئارام و ئاسوودە بێت. ئەوان خەڵکێکی بەقسە و ئارگیۆمێنتساز و عەشایەری و ئازا و بەجەرگن و، لە ڕوانگەی منەوە پەسەندترین خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.

لە دنیایەکی دروست و دادپەروەردا، دەبێت دەوڵەتی سەربەخۆیان هەبێت و، لە لایەن ئەوانەی ئێستا هەڕەشەی لێ دەکەن، دەبێت ڕۆژێك بێتە پێش هاوکاریی کوردەکان بکەن و پشتگیری لەو دەوڵەتە بکەن. بەڵام ئەم جیهانە دادپەروەرانە نییە. تورکیا و ئێران زۆر باڵادەستترن لە کوردەکان. عەرەبەکانی عێراق بەئاسانی واز لە کەرکووک ناهێنن. لایەنی سەربازیی ئەمریکا لەگەڵ یەکلاکردنەوەی ئەم گرفتەدا نییە، بەڵام لە ڕووی دیپلۆماسییەوە پشتگیری لە چارەسەرکردنی دەکرێت. بە هەر جۆرێك بێت، پێویستە هەوڵی بۆ بدرێت.

 

 سەرچاوە:

https://worldview.stratfor.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples