پووتین لەبارەی هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردەوە هۆشداری دەدات

2017-10-15

پووتین لەبارەی هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردەوە هۆشداری دەدات

 

هێنری فۆی و دەیڤد شێپەرد

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پووتین، هۆشداریی لەبارەی هەڕەشەکانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستانی عێراقەوە دا و، بە دەوڵەتانی ڕاگەیاند کە نابێت دەوڵەتان بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان تووڕە ببن و، بیبەستنەوە بە بابەتی هەناردەکردنی نەوتەوە، چونکە ڕاگرتنی نەوتی کوردستان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

تورکیا، کە دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستانە، هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی باکووری عێراقی کردبوو و، گوتبووی هەناردەی ئەو بۆڕییە نەوتانە ڕادەگرێت کە بە باشووری وڵاتەکەیدا تێ دەپه‌ڕێت و ڕۆژانە توانای گوستنەوەی (٥٥٥٠٠٠) بەرمیل نەوتی هەیە، بەڵام تا ئێستایش ئەو بۆڕییانەی ڕانەگرتووە.

ڕووسیا بەرژەوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و، ساڵی پار ڕۆسنەفت گرێبەستێکی لەگەڵ هەولێر بۆ کڕینی نەوت و گازی شل و پێشڤەبردنی هێڵی بۆڕییە نەوتەکان واژوو کردووە. لەو کاتەوەی مۆسکۆ لە کێشەی سووریاوە تێوەگلاوە، دەیەوێت پێگەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێز بکاتەوە و، بەم گرێبەستە نەوتییانە دەستی پێ کردووە. پووتین ئاماژەی بەوە کرد، کە تورکیا پرسیاری ئەوەی کردووە چی ڕوو دەدات ئەگەر  بێت و لەسەر هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت. هەروەها گوتی: "ئەمە کاریگەریی لەسەر بازاڕی جیهانی دەبێت و، نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە، بەڵام من پێم وایە کۆمەڵێك بەرژەوەندییان لەمەدا هەیە و، دەبێت بەدوای ئەوەوە بن کە لە ژیانی واقیعیدا چی دەگوزەرێت. ئەو ئەگەرانە نابێت ببنە مایەی نیگەرانی و ڕوودانی هەر  بارودۆخێکی نەخوازراو."

ئەم گوتانەی پووتین هاوکات لەگەڵ گەیشتنی شا سەلمانی عەرەبستانی سعوودی و باسکردنی پەیوەندییەکانی داهاتوویان، کە دوو دەوڵەتی گەورەی بەرهەمهێنی نەوتی جیهانین، لە بۆنەیەکی تایبەت بە وزەدا دێن. لە دوای دەستێوەردانی تورکیا لە سووریادا، سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پووتین، هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا بەهێز بکات، بەتایبەت دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو پووتین لە ئانکارا سەردانی "ڕەجەب تەییب ئه‌ردۆغان"ی سەرۆکی ئەو وڵاتەی کرد.

سەرۆك پووتین ڕۆژی چوارشەممە ڕای گەیاند، کە هەرچەندە "پەیوەندییەکی باشی" لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام ئەوەی لەناو سنووری هەرێمدا ڕوو دەدات ئیشی ئەوە و پەیوەندیی بەویشەوە هەیە. بەغدایش هەفتەی ڕابردوو و دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت. زیاد لەوەیش، پووتین کاتێك ڕووبەڕووی پرسیاری "بۆچی ڕووسیا دژایەتیی بۆ ڕیفراندۆمی کوردستان دەرنەبڕیوە"، گوتی: "ئێمە پەیوەندییەکی باشی لەمێژینەمان لەگەڵ خەڵکی کورددا هەیە و، ئێمە هیچ کەس نیگەران ناکەین و نایشمانەوێت هیچ کەس هیچ شتێك بکات. ئێمە لە گوتەکانماندا زۆر هەستیارانە دەدوێین و، نامانەوێت بارودۆخەکە بەرەو بارێکی خراپ ببەین. کێشە و گرفتی هەرێمی کوردستان کێشە و گرفتی خۆمانە."   

 

سەرچاوە:

https://www.ft.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples