چاودێریی هەڵبژاردنەکان و حکوومەته‌ سەرەڕۆ و ئایدیۆلۆژیکه‌كان

2017-04-30

چاودێریی هەڵبژاردنەکان و حکوومەته‌ سەرەڕۆ و ئایدیۆلۆژیکه‌كان

 

ئامادەکردنی: دۆیچەوەلەی فارسی

وەرگێڕانی: ساماڵ ئەحمەدی

لە سیستەمێکی دیموکراتیکدا چاودێریی ڕەوتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان مافی هەموو کەسێکە. لە خوارەوە پێشینەی چاودێریی هەڵبژاردنەکان، بنەماکانی چاودێری و نەشیانی لە حکوومەته‌ سەرەڕۆ و ئایدیۆلۆژیکه‌كانی وەکوو کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەخرێتە بەرباس.

بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی وا کە دادپەروەریی تێدا ڕەچاو کرابێت، تەنیا لە دەرهاوێشتەی پێشمەرجەکانی سیستەمێکی دیموکرات دەوەشێتەوە. پێنوێنی تایبەتی دیموکراسی لە هەر حکوومەتێکدا ڕاددەی تواناییی کۆمەڵگەی مەدەنییە؛ کەواتە دیموکراسی بابەتێکی بانترە لەوەی کە تەنیا هەڵبژاردنەکانی تێدا بەڕێوە بچێت. لە بواری هەڵبژاردنەکاندا، حکوومەتەکانیان بەسەر سێ دەستەدا دابەش کردووە: حکوومەته‌ ''ئازاد''ه‌كان، ئەوانەی خودان ''ئازادیی سنووردار''ن و، حکوومەته‌ ''نائازاد''ه‌كان. بێجگە لە چەند بەرزی و نزمییەکی کەم لە باری چەندایەتییەوە، بەگشتی لە ناوەڕاستی دەیەی ١٩٧٠ەوە، ژمارەی حکوومەتە ئازادەکان بە شێوەی دوابەدوای یەکدا زیادیان کردووە. لە کاتێکدا کە لە ساڵی ١٩٧٥دا تەنیا یەک لەسەر چواری سەرلەبەری دەوڵەتەکان، بە ''ئازاد'' بەراورد دەکران. ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ١٩٩٠دا گەیشتە ٤٠% و لە ساڵی ٢٠١٢یشدا ٤٦%ی هەموو دەوڵەتانی گرتەوە.

پێنوێنی حکوومەتەکانی خودان ''ئازادیی سنووردار''، لە زۆربەی ساڵانی پاش ساڵی ١٩٧٥دا نزیکەی ٣٠% بووە. ساڵی ٢٠١٢ نزیکەی ٢٤%ی سەرلەبەری دەوڵەتان بە ''نائازاد'' هەڵسەنگێندراون (بە بەراورد لەگەڵ ٤١%ی ساڵی ١٩٧٥)؛ بەگوێرەی ئەم بابەتە، ٣٤%ی دانیشتووانی سەر گۆی زەوی، واتە ٢،٤ ملیار کەس، لە ٢٤%ەکەی حکوومەته‌ ''نائازاد''ه‌كاندا دەژین.

لە پەڕاکەندەیی و بڵاوبوونەوەی حکوومەته‌كانی ئازاد، خودان ئازادیی سنووردار و نائازاددا جوداوازییەکی زۆر لە نێوان ناوچەکاندا هەیە. بەشی حکوومەته‌ ''نائازاد''ه‌كان لە هیچ ناوچەیەکدا بەقەدەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا زۆر نییە. بەپێی هەڵسەنگاندنی هزرگەی ناحكوومیی ''خانەی ئازاد'' (Freedom House)، لە ساڵی ٢٠١٢دا لە ١٨ دەوڵەتی هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا، شەش وڵات بە خودان ''ئازادیی سنووردار'' و ١١ وڵات بە ''نائازاد'' هەڵسەنگێندراون. تەنیا ئیسڕائیل بە وڵاتێکی ''ئازاد'' لە قەڵەم دراوە. لە ساڵی ٢٠١٢دا ئێران بە یەکێک لە ٤٧ وڵاتی ''نائازاد'' هەڵسەنگێندراوە. ''نائازاد'' بەو واتایەی کە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان لێ زەوت کراوە.

پێوەرەکانی دیاریکردنی حکوومەتێکی ''ئازاد''

بەپێی پێوەرەکانی هزرگەی ناحکوومیی ''خانەی ئازاد''، حکوومەتێک بە ئازاد هەڵدەسەنگێندرێت، کە هاووڵاتییەکانی..

.  بتوانن بەئازادی لە پرۆسە سیاسییەکاندا بەشداری بکەن،

.  بتوانن لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا بە شێوەیەکی ئازاد هەڵبژێرن،

.  لە لایەن کەسانێکەوە نوێنەرایەتی بکرێن، کە وەڵامدەربوون بە ئەرک بزانن،

.  لە هەڵبژاردنی باوەڕی ئایینی و بەجێهێنانی ڕێوڕەسمی ئایینیدا ئازاد بن،

.  مافی بەڕێوەبردنی کۆڕوکۆبوونەوە و بەشداریکردن تێیاندا و پێکهێنانی هاوپەیمانێتییان هەبێت،

.  دەستیان بە سیستەمێکی دادوەریی دادپەروەر ڕابگات،

.  بتوانن کەڵک لە ڕاگەیاندنە بێلایەنەکان وەربگرن،

. ئازادییه‌ کۆمەڵایەتی و ئابوورییه‌كان و، مافی خاوەندارێتیشیان هەبێت.

پێشینەی چاودێریی دامەزراوە نێودەوڵەتییه‌كان بەسەر هەڵبژاردنە نیشتمانییەکاندا

چاودێریی ڕێکخراوه‌ نێودەوڵەتییه‌كان بەسەر ڕەوتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندا بابەتێکە، پێشینەکەی بۆ دەیەکانی ئەم دوایییانە دەگەڕێتەوە. پاش بڕانەوەی گەنگەشە (مشتومڕ)ی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، جارجاره‌ ئەو دەوڵەتانەی کە پێیان وادەبوو هەڵبژاردنەکانیان گەنگەشەی تێ دەکەوێت، داوایان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یان ''ڕێکخراوی وڵاته‌ ئەمریکییه‌كان'' (AOS) دەکرد، دەستەی چاودێریی هەڵبژاردنیان بۆ بنێرن. لە كاتێکدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هۆی ئەوەی کە خۆی تواناییی پێویستی نەبوو، هەروەها بە هۆی پێویستیی پاراستنی سەروەریی نیشتمانیی وڵاتانی ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیەوە، ئەو داوایانەی ڕەت دەکردەوە، کەچی ''ڕێکخراوی وڵاته‌ ئەمریکییه‌كان'' (AOS) لە دەیەی ١٩٦٠ەوە دەستی بە کۆمەڵێک چالاکی لەو بوارەدا کرد.

لە کۆتاییی دەیەی ١٩٨٠ەوە ناردنی لیژنه‌كانی چاودێریی هەڵبژاردنەکان بۆ وڵاتان زیادی کرد. بەتایبەتی لە پانتای ئەمریکای لاتین، ئاسیا، ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ئه‌فریقا و، لەو وڵاتانەدا کە بەدەست حکوومەتگەلی کلۆری بەرەوڕووخانەوە گرفتار بوون، بابەتی هەڵبژاردن ڕۆڵی سەرەکیی وەخۆ گرت. لەگەڵ ئەوەی کە تا ساڵی ١٩٨٩ نزیکەی ١٠%ی هەڵبژاردنە نیشتمانییەکان لەژێر چاودێریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییه‌كاندا بەڕێوە دەچوون، لە ماوەی تەنیا چەند ساڵێكدا ڕێژەکە گەیشتە ٥٠% و، تا ساڵی ٢٠١٠ بە لەسەدا ٨٥ گەیشت.

دیموکراسییە نوێیەکان هەر لە سەرەتاوە کەوتنە بەر چەقی سەرنجی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییه‌كانی چاودێرییه‌وه‌، چونکە لە لایەکەوە دیموکراسییە سەقامگیرەکان لە چەندین دەیەی ڕابردووەوە، خاوەنی ڕێساكانی جێکەوتووی هەڵبژاردنەکان بوون، کە گومان لە بەڕێوەچوونی دادپەروەرانەی هەڵبژاردنەکانیان نەدەکرا؛ لە لایەکی دیکەیشەوە لە حکوومەتە سەرەڕۆکاندا چاودێریی ورد بێسوود بوو، چونکە ئەو حکوومەتانە هەر لە بنەڕەتەوە گرینگییەکی ئەوتۆیان بە هەڵبژاردنەکان نەدەدا.

لە کۆتاییی دەیەی ١٩٨٠دا گەلێک ڕێکخراوی جۆربەجۆری نێودەوڵەتی دەستبەکار بوون تا لە بواری چاودێریی هەڵبژاردندا پسپۆڕی نیشان بدەن، بەو واتایەی کە بوار و دەرفەت بۆ ناردنی لیژنەكانی چاودێریی هەڵبژاردنەکان بڕەخسێنن. یەکێک لەو دامەزراوانە ''کۆنفڕانسی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا'' بوو، کە لە ئۆکتۆبەری ١٩٨٩دا ئیمکان و شیانی چاودێریی هەڵبژاردنی پەسند کرد و لە ساڵی ١٩٩٠ەوە، بوو بە ئەرکی ئەو وڵاتانەی تێیدا ئەندام بوون، کە لە هەڵبژاردنە نیشتمانییەکانی خۆیاندا بەپێی ڕێسا چاودێرانی نێودەوڵەتی وەربگرن. بەدوای ئەوەیشدا لە نۆڤەمبەری ١٩٩٠دا کۆنفڕانسی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا، ''نووسینگەی کاروباری هەڵبژاردنی ئازاد''ی دامەزراند.

ساڵێک پێشتر ''ڕێکخراوی وڵاتانه‌ ئەمریکییه‌كان'' بەفەرمی پەسندی کرد کە بەپێی داوای وڵاتانی ئەندامی خۆی، لیژنەی چاودێریی هەڵبژاردن بۆ ئەو وڵاتانە بنێرێت. لە لایەکی دیکەوە لەو ڕێکخراوەیەدا لقێک بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی دامەزرا.

پێشمەرج و نیگەرانییەکان لە هەر دوو لاوە

بەپێچەوانەی ''کۆمیسیۆنی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا''، کە ساڵی ١٩٩٥ ناوەکەی بۆ ''ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا'' گۆڕدرا، ''ڕێکخراوی وڵاته‌ ئەمریکییه‌كان'' بانگهێشتکردنی لیژنەکانی چاودێریی بۆ ئەندامەکانی خۆی نەکرد بە ئەرک، چونکە دەستەیەک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، لەوە نیگەران بوون کە ڕەنگە چاودێریی هەڵبژاردنەکان ببێتە بیانوویەک بۆ دەستێوەردانی سەربازی (ئەمریکا).

هەردەم چاودێری بەسەر هەڵبژاردنەکان و پێداچوونەوەی ئەنجامەکانیدا کاتێک كراوه‌ و دەبێتە کارێکی کردەکی، کە دەوڵەتی وڵاتی پێوەندیدار بەڕوونی ڕای گەیاندبێت، بەو چاودێری و پێداچوونەوەیە ڕازییە؛ بەو واتایەی کە بانگهێشتنامەیەک پێشکەش کرابێت و کۆمەڵە ڕێکخراوێکیش هەبن کە ئەرکی چاودێرییەکە وەئەستۆ بگرن. بۆ نموونە ئەگەر بێت و پێشمەرجەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر لەگۆڕێدا نەبن، هیچ ڕێکخراوێکیش خوازیاری چاودێریکردن نابێت، چونکە بابەتەکە لە دیتنی دەستکارییە بەرچاو و ڕوونەکاندا کورت دەبێتەوە و، ئەو مەترسییەیش هەیە کە چاودێرانی هەڵبژاردنەکان لە لایەن دەوڵەتی خانەخوێوە وەکوو کەرەستەی سیاسی کەڵکیان لێ وەربگیرێت.

وێڕای ''ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا'' و ''ڕێکخراوی وڵاتانی ئەمریکا'' سەدان دامەزراوەی ناحکوومیی دیکەیش لە ئاستی جیهانیدا لە بواری چاودێری بەسەر هەڵبژاردنەکاندا چالاکن. ''تۆڕی جیهانیی چاودێرانی هەڵبژاردنی نیشتمانی'' (GNDEM)، یەکێکه‌ لەو دامەزراوە نێودەوڵەتییانە. زیاتر لە ٢٤٥ دامەزراوەی ناحکوومیی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی هاووڵاتیی جێگیر لە ئەمریکای باشوور، ئەفریقا و ئاسیا و بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوور، لەوانە لە بەحرێن، یەمەن، هیند، ئەفغانستان، پاکستان، میسر، لوبنان، ئیسڕائیل، ئۆردن، تونس و مەغریب تێیدا ئەندامن. بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە، کە ئەو دامەزراوانە لە لایەن دەوڵەتە پێوەندیدارەکانەوە بەتەواوەتی و بێ ئەولاوئه‌ملا مۆڵەتی چالاکییان پێ دەدرێت. چالاکیی چاودێرانی هەڵبژاردنەکان پێوەندیی بە ئازاد، ئازادی سنووردار و نائازادبوونی هەر یەک لە حکوومەتەکانەوە هەیە.

کۆمەڵێک ڕێکخراوی ناحکوومیی ئەوروپیی دیکەیش هەن، کە تا ڕاددەیەک لە هەموو کیشوەرەکاندا لە بواری جۆربەجۆر و لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانیشدا یارمەتیی وڵاتانی گه‌شه‌ستێن دەدەن. یەکێک لەو ڕێکخراوە زۆر چالاکانە، ''کۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی''یە.

یەکێتیی ئەوروپایش لە سیاسەتی دەرەوەیدا کەرەستە و دامەزراوەی تایبەتی خۆی بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی و بواری گەشە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە و، لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەیشدا هاوکاری دەکات و ئەرکیشیان پێ دەسپێرێت. یەکێک لەو دامەزراوانەی لە پانتای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپادا کار دەکات، دامەزراوەی ''ڕاسپێردراوییەکانی چاودێری بەسەر هەڵبژاردنەکاندا'' (EUEOMs)یە.

هەڵبژاردنەکان لە حکوومەته‌ سەرەڕۆ و ئایدیۆلۆژیکه‌كاندا

وڵاتانی ''نائازاد''، کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا، بەگشتی لە وڵاتانی ئایدیۆلۆژیکی وەکوو (کۆریای باکوور، چین، ئێران و عەرەبستان) و نائایدیۆلۆژیکی وەکوو (ڕووسیا، وڵاتانی ئاسیای بچووک و بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقی) پێک دێن، کە زیاتر سەرەڕۆن.

ئایدیۆلۆژیکەکان بەگشتی پێڕەوی لە یەک سەرمەشقی زەینی بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەی ئایدیاڵ دەکەن و، سەرمەشقێکی سادەکراوەتری زەینیش بۆ تێگەیشتن لە پێوەندییه‌ ڕاستەقینە کۆمەڵایەتییه‌كان دەکەنە ڕێبەر. تێگەیشتنێکی زەینیی لەو شێوەیە، ئایدیاڵ و ئایدیۆلۆژی دەخاتە بان مرۆڤ و جیهانەوە و لە سۆنگەی ئەویشەوە مرۆڤەکان بۆ پێڕەویکردن لە خۆی بانگهێشت دەکات و ملکەچیان دەکات. بەپێی بۆچوونی لەو شێوەیە، هەڵبژاردنی مرۆڤ، لە نموونەی هەڵبژاردنە سیاسییەکاندا، کارێکی بێهوودەیە، چونکە چەقی سەرنجی سیستەمی حکوومەتداری لەسەر مرۆڤ چڕ نەبووەتەوە، کە بۆ دەنگەکەی بایەخ دابنرێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەکوو حکوومەتێکی ئایدیۆلۆژیک، لەوەته‌ی دامەزراوە، پێکهاتەیەکی ناکۆک و نەسازی هەبووە، واتە لەهەمبەریەکداوەستانی دوو توخمی ''کۆمارێتی'' و ''ئیسلامێتی''. پاش تێپەڕبوونی نزیکەی چوار دەیە لە تەمەنی ئەو حکوومەتە، دیارە کە هاووڵاتییانی ئێران لە نێوان دوو بژاردەی حکوومەتی ئایدیۆلۆژیکدا، دەتوانن یەکێكیان هەڵبژێرن. ئەزموونی هەڵبژاردن لەو چوار دەیەیەدا نیشانی داوە، کە تەنانەت ئەو هەڵبژاردنە بەرتەسکە ''بەباشداندراو''ەیش (استصوابی) ڕوون نییە، تا ئەو جێیەی کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ساڵی ١٣٨٨ی کۆچیی هەتاوی، ناڕەزایەتیی ملیۆنیی خەڵکی بەدوادا هات، کە هاواریان دەکرد ''دەنگەکەم کوا؟'' پاشانیش سەرکوتکردنی ناڕازاییانی لێ کەوتەوە.

لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا وا دیارە نە دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامی ئامادەی وەرگرتنی لیژنەکانی چاودێری بەسەر هەڵبژاردنەکاندایە و، نە ڕێکخراوەكانی چاودێرییش، وەکو ئەوەی لە سەرەوە ڕوون کرایەوە، پێشمەرجە پێویستەکان لەو وڵاتەدا دەبینن، تا ئەرکی چاودێریی هەڵبژاردنەکان بپەژرێنن.

بەگشتی هەڵبژاردنەکان لە حکوومەتە سەرەڕۆ و ئایدیۆلۆژیکەکاندا کەرەستەیەکە بۆ ڕەوایه‌تیدان بە دەسەڵاتی ڕەهای دەستەی دەسەڵاتداران و بەردەوامیی دەستڕاگەیشتن بە مەڵغەکانی گوشاری سیاسی، دادوەری، ئابووری و سەربازی، چ لە هەمبەر خەڵکی وڵاتەکەدا و چ لە پانتای دیپلۆماسیی جیهانیدا. هەڵبژاردنه‌كانی لەم شێوەیە، زیاتر بە شێوەیەکی ناڕوون، جیاوازیدانەر و تێکەڵاوی مشتومڕ بەڕێوە دەچن.

بەشێک لە بنەماکانی چاودێری بەسەر هەڵبژاردنەکاندا

هەڵبژاردنی دیموکراتیک بابەتێکی گشتییە. بە شێوەیەکی گشتی، لە دەستوور و یاسای هەڵبژاردنەکانی وڵاتانی ''ئازاد''دا پێداگری لەسەر شیانی چاودێریی هاووڵاتییان و هەمەکیبوونی ئەو چاودێرییە کراوە و، ئەمە نیشانەی دیموکراتیکبوونی هەڵبژاردنەکانە. ئەو دەستەوشەیەی لە یاساکانی وڵاتانی ''ئازاد''دا هاتووە، بە شێوەیەکی گشتی دەڵێت: ''هەڵبژاردن بابەتێکی گشتییە و، هەر تاکێک مافی چاودێریکردنی بەسەرییەوە هەیە.'' لە وشەی ''هەر تاکێک''ەوە دیار دەکەوێت، کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی تەمەن، ڕەگەز، نەتەوە، شوێنی نیشتەجێبوون، ڕاددەی زانیاری و هۆگری بە ڕێکخراوێکەوە، مافی چاودێریکردن بەسەر هەڵبژاردنەکانەوە بۆ هەمووان هەیە (بڕواننە ڕێسا و ڕێنوێنییەکانی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا).

ماوەی زەمه‌نیی چاودێری

لە ڕوانگەی زەمه‌نییەوە، چاودێریی ''تەواو''ی هەڵبژاردنەکان لە لایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە چەندین مانگ درێژەی دەبێت و زۆر پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان دەست پێ دەکات. لە ڕه‌وشێكی ئاوادا گەلێک هۆکاری جۆربەجۆر دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە، لەوانە ڕێپۆرتاژی میدیاكان لەبارەی کاندیدەکان، یان حزبەکانەوە لە خولی پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و، ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان لە لایەن دەوڵەتانەوە. مەبەست لەم بابەتە به‌ر له‌ هەموو شتێک، ده‌ستنیشانكردنی هه‌ڵاواردنه‌ سیستماتیکەکانە سەبارەت بە هەر کام لە گرووپەکانی هەڵبژاردن، یان کاندیدەکان به‌ر له‌ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان.

لە لایەکی دیکەوە چالاکیی چاودێران پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنێت کە زیاتر لەگەڵ دۆخە ناوچەیییەکان ئاشنا بن، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی باش بەرنامەی چاودێرییەکەی خۆیان ڕێک بخەن. هەرچەند کە چاودێری لە ماوەی پێش ڕۆژی هەڵبژاردندا گرینگیی هەیە، بەڵام چاودێریی درێژخایەن پێویستیی بە زانیاریی پسپۆڕانە و کەرەستەی پێویست، یان سەرچاوەی پێویستی دارایی هەیە. چاودێریی واقعبینانەتر، سنووردارکردن و تایبەتکردنییەتی بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن.

بۆ نموونە لە ئەڵمانیا، چاودێریی بەربڵاو زۆر پێویست نییە، چونکە پێوەرە دیموکراسییەکان بە ڕاددەی پێویست لە لایەن یاسا و ڕای گشتییەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت. لەبەر ئەمە، کەس پێی وا نییە بەئاشکرا جیاوازی دادەندرێت یان ڕێسا و پێوەرەکانی هەڵبژاردن دەستکاری دەکرێن؛ هەر بۆیە، تەنیا چاودێریکردنی ''ڕۆژی هەڵبژاردن'' بە کیفایەت دادەندرێت. بەگشتی ئەوە هاووڵاتییانن کە دەبنە خوازیاری چاودێریکردن بەسەر بابەتی هەڵبژاردنەکان لە شارەوانییەکاندا.

هەڵسوکەوتی چاودێرانی هەڵبژاردنەکان

چاودێری بەسەر هەڵبژاردنەکاندا مافێکی سەلمێنراوی هەموو دیموکراسییەکە. بەڵام دەبێ ئەو چاودێرییانە بە شێوەیەک جێبەجێ بکرێن، کە خەسار بە ڕەوتی هەڵبژاردنەکان نەگەیەنن. بەم هۆیەوە یەکێک لە ئەرکە گرینگەکانی بەرپرسی هەڵبژاردنەکان، بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنە بەبێ هەر چەشنە کێماسییەک. کەواتە دەبێ چاودێری هەڵبژاردنەکان، بەبێ ئەوەی هەست بە حزووری بکرێت، بە بێدەنگی و بە ڕێزەوە کاری چاودێرکردنەکەی خۆی بەڕێوە ببات. هیچ چاودێرێک لە شوێنی کۆکردنەوەی دەنگەکان، مۆڵەتی ئەوەی نییە لەگەڵ دەنگدەران وتووێژ بکات، یان وێنە و ڤیدیۆیان پێ نیشان بدات. چونکە لەوانەیە ئەم بابەتە بە کاریگەریدانان لەسەر هەڵبژاردنەکان لە قەڵەم بدرێت. بەگشتی چاودێرانی هەڵبژاردنەکان، پێش ئەوەی ئەرکی چاودێرییان پێ بسپێردرێت، لەو بوارەدا بە شێوەی پێویست ڕادەهێندرێن.

 

سەرچاوە:

http://www.dw.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples