ڕوانینێک بۆ کورتەمێژووی گەندەڵیی سیاسی لە فەڕەنسای پاش جه‌نگی جیهانیی دووه‌م

2017-05-10

ڕوانینێک بۆ کورتەمێژووی گەندەڵیی سیاسی لە فەڕەنسای پاش جه‌نگی جیهانیی دووه‌م

 

نووسەر: عەلیڕەزا مەناف‌زادە/ ماڵپەڕی ڕادیۆ فەڕەنسا، بەشی فارسی

وەرگێڕ: ساماڵ ئەحمەدی

فەڕەنسا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بەشێک لە سه‌ركرده‌ باڵاکانی، بە گەندەڵیی دارایی تۆمەتبارن. لە مانگی دیسێمبه‌ری ساڵی ٢٠١١دا "ژاک شیراک" لە چوارچێوەی دۆسیەی ''کارە ساختەکانی شارەوانیی پاریس''دا بە دوو ساڵ حوکمی هەڵواسراوی به‌ندكردن سزا درا. ''خزمخزمێنە'' لە سیستەمی سیاسیی فەڕەنسادا بابەتێکی باوە. بەگوێرەی نووسراوی گۆڤاری ئینگلیزیزمانی ''فۆرین پۆڵیسی''، لە ٥٧٧ ئەندام پەرلەمانی فەڕەنسا ١٥٥ کەسیان، یەک، یان چەند ئەندامی خێزانەکەیان وەکوو یاریدەری پەرلەمانیی خۆیان دامەزراندووە و لە کیسەی خەڵک مووچەیان پێ دەدەن.

بێست و سێی مانگی دابێ، واتە کەمتر لە مانگێکی دیکە، یەکەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی فەڕەنسا بە بەشداریی یازدە کاندید بەڕێوە دەچێت. {ئەم بابەتە پێش هەڵبژاردنی فەڕەنسا نووسراوە}. کاندیدی "باڵی ڕاست و میانڕه‌و" بە تۆمەتی بەکارهێنانی پلە و پێگە سیاسییەکەی خۆی بۆ گەندەڵیی دارایی لە ساڵانی ڕابردوودا، لە لایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە خراوەتە ژێر لێکۆڵینەوەوە و، کاندیدی "حزبی ڕاستی توندڕه‌و"یش لە لایەن دەزگه‌ی دادوەرییەوە بۆ وەڵامدانەوە بە چەند پرسیارێک داوا کراوە، لەبەر ئەوەی لەوانەیە حزبەکەی بە ناوی چەند کارێکی ساختەوە لە بوودجەی پەرلەمانی ئەوروپا مووچەی بە کەسانێک لە ئەندامەکانی خۆی دابێت. سێشەممە، ٢١ی مارس، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسایش تۆمەتبار کرا بە دامەزراندنی دوو کچی خۆی بە ناوی ساختەی ''یاریدەدەری پەرلەمانی'' و، لەگەڵ دەستپێکی لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان لەو بارەیەوە، دەستی لە پۆستەکەی خۆی کێشایەوە.

ئاشکرابوونی کەڵکاوەژووە دارایییەکانی بەشێک لە سیاسەتمەدارانی فەڕەنسا لە پێگە سیاسییەکەیان، بە چەشنێک لە دنیادا دەنگی دایەوە کە گۆڤاری ئینگلیزیزمانی ''فۆرین پۆڵیسی'' (سیاسەتی دەرەوه‌)، کە دوو مانگ جارێک بڵاو دەبێتەوە، لە ژمارەی یەکەمی فێبریوەری ساڵی ٢٠١٧دا وتارێکی بە قەڵەمی ڕۆبێرت زارتسکی به‌ ناونیشانی ''بۆچی فەڕەنسا هێندە گەندەڵە''، چاپ کرد. بە گوتەی نووسەری وتارەکە، لە سیستەمی کۆماریی پێنجەمدا، کە جۆرە کۆمارێکی پاشایەتییە، دەبێ به‌دوای سەرچاوەی گەندەڵیی سیاسیی فەڕەنسادا بگەڕێین.

کۆماری پێنجەمی فەڕەنسا ساڵی ١٩٥٨ بە دەستپێشخەریی ژەنەراڵ دووگول دامەزرێندرا. یەکەمین سەرۆککۆمارە هەڵبژێردراوەکەیشی هەر دووگول، خۆی بوو. ٨٠%ی خەڵکی فەڕەنسا لە ڕاپرسییەکەی ئەو ساڵەدا دەستووری کۆماری پێنجەمیان پەسند کرد. لەم سیستەمەدا، بە بەراورد لەگەڵ سیستەمەکانی پێشووی فەڕەنسا، سەرۆککۆمار دەسەڵاتێکی لەڕاددەبەدەری هەیە، کە بە لای بۆچوونی بەشێک لە پسپۆڕانەوە، هاوسەنگیی سێ دەسەڵاتەکە تێک دەدات و بوار بۆ کۆمەڵێک ئاڵۆزی و ناهەماهەنگی لە سیستەمی سیاسیی وڵاتدا خۆش دەکات. بەشێک لە پسپۆڕانی سیاسی، پێیان وایە بێباکیی بەشێک لە سیاسەتمەدارانی فەڕەنسا لە بەکارهێنانی پۆست و پێگەکەی خۆیاندا بۆ گەندەڵیی دارایی، دەرەنجامی ئەم سیستەمە ناهاوسەنگەیە.

گەندەڵیی سیاسی و کەڵکاوەژووی دارایی لە پێگەی کارگێڕی یان سیاسی، لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا، لەوانە لە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپاییدا باوە. بەڵام فەڕەنسا یەکێک لەو وڵاته‌ دەگمەنانه‌یە کە له‌واندا سه‌ركرده‌ باڵاكان بە گەندەڵیی دارایی تۆمەتبارن. یەکەمین گەندەڵیی داراییی لەو جۆرە لە مێژووی کۆماری پێنجەمی فەڕەنسادا، لە لایەن هەفتەنامەی ته‌نزی ''کانار ئانشێنێ''وە ئاشکرا کرا و، دیار کەوت کە ژان بێدێل بۆکاسا، ئیمپراتۆری ئەفریقای ناوەندی، لە ساڵی ١٩٧٣ەوە، واتە لەو کاتەوە کە والێری ژیسکار دێستەین، سەرۆککۆماری ئه‌وكاتی فەڕەنسا، وەزیری دارایی جۆرج پۆمپیدیۆ بوو، چەندین جار ئەڵماسی گرانباییی بەدیاری پێ داوە. ژیسکار دێستەین لە بیرەوەرییەکانیدا گێڕانەوەکەی هەفتەنامەی ''کانار ئانشێنێ''ی، بەتایبەتی لەمەڕ نرخی باڵای ئەڵماسەکانەوە بە نادروست لە قەڵەم داوە. ئەو، ساڵی ١٩٨١ کۆی ئەڵماسەکانی بۆسکای بە بڕی ١١١٥٤٧ فرانکی فەڕەنسا فرۆشت. بەشێک لەو بڕەپارەیەی بە خاچی سووری ئەفریقای ناوەندی و، بەشەکەی دیکەیشی بە ڕێکخراوە خێرخوازییەکانی ئەو وڵاتە بەخشی. 

چەندین گەندەڵیی داراییی پێوەندیدار بە سەردەمی سەرۆککۆماریی "فرەنسوا میتێران"یش، کە لە ساڵی ١٩٨١ەوە تا ١٩٩٥ درێژەی کێشا، پەردەیان لەسەر لا درا؛ وەکوو مەسەلەکەی ئێلف ئێکتین، کۆمپانیای نەوتی فەڕەنسا، کە ژان کریستۆف، کوڕی میتێران و، ڕۆلان دۆما، وزیری کاروباری دەرەوە، بە پلەی جۆربەجۆر تێوەی گلابوون. گۆیا ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی ١٩٦٥ەوە تا ١٩٨١ یارمەتیی داراییی پێشکەش بە کەمپەینی هەڵبژاردنی میتێران کردووە. لە ڕیسوایییە دارایییەکەی ''پێشینێ تراینگڵ''یشدا، کە کەینوبەینێکی بازرگانی بوو، سەرۆکی نووسینگەی پپیەر برێگوا، وەزیری دارایی و، ماکس تێرێ، خەزنەداری حزبی سۆسیالیست و، ڕۆژێ پاتریس پۆلێ، دۆستی نزیکی میتێران، تێوە گلابوون. یەکێک لە ئاكامه‌ دڵتەزێنەکانی ئەو بەسەرهاتە، خۆکوشتنی پییەر برێگوا، لە ڕۆژی یەکی مانگی مەی ساڵی ١٩٩٣دا بوو. ڕووداوەکەی ئادیداسیش، کە ''بێرنارد تەپی''، وەزیری شاری میتێران تێوەی گلابوو، یەکێکی دیکە لە ڕیسوایییە دارایییەکانی ئەو سەردەمەیە، کە چەندین ساڵ دواتر بەربینگی ''کریستیان لاگارد''، وەزیری ئابووریی نیکۆلا سارکۆزیی گرت.

نموونەیەکی دیکەی گەندەڵیی سیاسی لە ئاستی سه‌ركرده‌ باڵاكانی فەڕەنسادا، دروستکردنی کاری ساختەیە لە شارەوانیی پاریسدا. لەو سەردەمەدا کە ژاک شیراک سەرۆکی شارەوانی بوو، حەوت کارمەندی پارێزکار (كۆنسێرڤاتیڤ)ی ''ئەنجومەنی کۆماری'' (ئاڕ.پی.ئاڕ)، کە لەو کاتەدا شیراک سکرتێری یەکەمی بوو، بە ناوی کاری ساختەوە مووچەیان لە ئەنجومەنی شاری پاریس وەردەگرت. ژاک شیراک بەگشتی لە هەشت دۆسیەی دادوەریدا کە پێوەندییان بە شارەوانیی پاریسەوە هەبوو، تۆمەتبار بوو، لەوانە: مەسەلەی یەکەکانی نیشتەجێبوونی حكوومی لە پاریس، دۆسیەی بەڕێوەبەرانی ساختەی پڕۆژە بۆ پاریس و کێشەی دەنگدەرانی ساختەی گەڕەکی ٣ی پاریس. کۆی ئەم ڕیسوایییە دارایییانە، چل کاری ساختەیان لەخۆ گرتبوو. یەکێک لەو کەسانەی کە باجی ئەم گەندەڵییە بەرفراوانەی دایەوە، ئالێن ژووپێ، سکرتێری یەکەمی حزبی (ئاڕ.پی،ئاڕ) و جێگری شارەوانیی پاریس لە ساڵی ١٩٨٣ەوە تا ١٩٩٥ بوو، کە لە ٣٠ی مانگی جانیوەری ٢٠٠٤دا بە ١٨ مانگ سزای هەڵواسراوی به‌ندكردن و دە ساڵ بێبەشبوون لە هەڵبژاردنەکان سزایان دا. لە دیسێمبه‌ری ساڵی ٢٠١١یشدا ژاک شیراک لە چوارچێوەی دۆسیەی ''کارە ساختەکانی شارەوانیی پاریس''دا، دوو ساڵ سزای هەڵواسراوی به‌ندكردنی بۆ بڕایەوە.

ڕیسوایییە دارایییەکانی سەردەمی سەرۆککۆماریی نیکۆلا سارکۆزی، یەک و دووان نییە، بەڵام تا ئێستا ناکرێ لەبارەی هیچ کامیانەوە بەلێبڕاوی قسە بکرێت. ئەوەی کە ئەمڕۆ، دەکرێ باسی لێوە بکرێت ئەوەیە کە ئەویان بە ''دابینکردنی نایاساییی داراییی هەڵمەتی هەڵبژاردن''ه‌كه‌ی لە ساڵی ٢٠١٢دا تۆمەتبار کردووە و، بڕیارە لە ئاییندەدا وەڵامی دەزگه‌ی دادوەریی وڵاتەکەی بداته‌وه‌.

بەناوبانگترین ڕیسواییی داراییی سەردەمی سەرۆککۆماریی فرەنسوا ئۆلاند، مەسەلەی ''ژێرۆم کایوژاک''، جێگری وەزیر لە کاروباری بوودجەدایە. ئەم کێشەیە لە چوارەمی دیسێمبه‌ری ساڵی ٢٠١٢دا لە لایەن ماڵپەڕی هەواڵی ''میدیاپارت''ەوە لەقاو درا و، ئاشکرابوو کە ئەو کاربەدەستەی دەوڵەت تا ساڵی ٢٠١٠ حیسابێکی بانکیی ڕانەگەیەنراوی لە سویسرا هەبووە و، پاشان دای خستووه‌ و، پارەکانیشی گواستۆته‌وه‌ بۆ سەنگاپوور. ساڵی ٢٠١٦ بە تاوانی سپیکردنەوەی پارە و ساخته‌كاریی باج، ئەویان بە سێ ساڵ زیندانی بێ دەرکردنی بڕیار دەستبەسەر کرد و، سزای پێنج ساڵ نەشیاوی بۆ هەڵبژاردنیشیان بەسەردا دا. وێدەچێت گۆبەندی لەم جۆرانە بۆ خەڵکی فەڕەنسا، بووبێتن بە شتێکی ئاسایی.

وتارنووسەکەی گۆڤاری ''فۆرین پۆڵیسی'' ڕاست ده‌كات كه‌ دەڵێت: لە فەڕەنسا كه‌س ڕەخنە لەوە ناگرێت کە فرەنسوا فیون بۆ ماوەی هەشت ساڵ، ژنەکەی خۆی وەکوو ''یاریدەری پەرلەمانی'' دامەزراندبوو، بگرە ڕەخنەی ئەوەی لێ دەگرن کە هاوسەرەکەی ئەرکی ''یاریدەری''یەکەی بەجێ نەدەهێنا. کەچی گرفتی سەرەکی، هەمان دامەزراندنی خزموکەسه‌ وەکوو یاریدەر، کە پێی دەڵێن ''نیپۆتیزم''، واتە ''خزمخزمێنە''. لە ئەمریکا کاری لەو شێوەیە قەدەغەیە. تەنیا سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە دەتوانێت کەسوکاری خۆی وەکوو یاریدەر دامەزرێنێت. لە فەڕەنسا زیاتر لە پێنج لەسەر یەکی ئەندامانی پەرلەمان ـــ نزیکەی ١٥٥ ئەندام لەنێو ٥٧٧ ئەندامەکەدا ـــ یەک یان چەند کەسی خێزانەکەیان وەکوو یاریدەر دامەزراندووە و لە کیسەی خەڵک مووچەیان پێ دەدەن.

 

سەرچاوە:

http://fa.rfi.fr

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples