2017-05-10
کورتەیەک لە ڕاپۆرتی گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر
بژاردەی ڕەشبینانەی پەکەکە لە باکووری سووریا
جهنگی ناوخۆی چەند ساڵەی سووریا، نەخشەی سیاسی و سەربازیی باکووری ئەو وڵاتەی داڕشتۆتەوە. گرنگترین ئەکتەری سیاسی لەم نێوەندەدا پەکەکەیە، کە بارەگاکانی خۆی لە کوردستانی عێراقدا داکوتاوە و یەپەگە و پەیەدەیەیش بەشێکی زۆری سنووری سووریا-تورکیایان کۆنتڕۆڵ کردووە و هەرێمێکی خودموختارییان تێدا ڕاگەیاندووە و حوکمی ناوچەییی خۆیانی تێدا دەکەن.
- لە دوای بڵاوبوونەوەی هێزەکانی پەکەکە لە ٢٠١٢ لە سووریا، توانیان لەژێر ناوی پەیەدە و یەپەگە لە ڕۆژاوا و ئەمەریکا نزیک ببنەوە و ڕووبەڕووی داعش ببنەوە و جەنگی دژی داعش بکەن، بەتایبەت لە کانتۆنەکانی کۆبانێ، عەفرین و جزیرە. بەمەیش پەکەکە و هاوبەشەکانی، ئامانجێکی دوولایەنەیان هەبووە: کۆنتڕۆڵکردنی پشتێنەیەکی بەسەربازیکراو بە درێژاییی سنووری نێوان سووریا-تورکیا و، دروستکردنی ئەوەی کە خۆیان ناویان ناوە "خۆسەریی دیموکراتی" بە بەشداریی هەر دوو گرووپی کوردەکان و نەتەوەکانی تر(عەرەب و ئاشووری)؛ لەکاتێکدا یەپەگە لەژێر چەتری هێزەکانی سووریای دیموکرات بەشێکی زۆری شارۆچکەی مەنبەجی عەرەبی دەگرنە دەست و، لە ئامانجە ستراتیژییەکەیان نزیک دەبنەوە.
- هەرچەندە ئەمڕۆ بە هۆی ڕێکخستنەوەی سیستهمی هەرێمی، خواستی پەیەدە و یەپەگە بۆ بەهێزکردنی پەکەکە دژوار و سەخت بووە، بەتایبەت لە ناوەڕاستی ٢٠١٥ دوای ئەوەی کە ئاگربەستی نێوان پەکەکە و تورکیا دەشکێنرێت. ئانکارا بۆ لاوازکردن و تێکشکاندنی پەیەدە و یەپەگە کار دەکات. تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، ڕاستە ئامانجی تێکشکاندنی داعش بوو بەڵام مەبەسته سەرەکییهكهی وەستاندنی فراوانخوازیی پەیەدە بوو.
- پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەریی یەپەگە و بەزیندوومانەوەی، پێویستیی بە زاڵبوونە بەسەر گەماڕۆکان و، لە هەمان کاتدا پێویستیی بە پشتگیریی هێزە دەرەکییەکانیشە. ڕووسیا و ئەمریکا بۆ ئەم مەبەستە دوو پاڵێوڕاوی باشن و، یەپەگەیش توانیویەتی پشتگیریی هەردووکیان بەدەست بێنێت. بەڵام پشتگیریی ڕووسیا بۆ یەپەگە ستراتیژی نییە و، ویستی ڕووسیا مانەوەی ئەسەد و یەکپارچەیی و سەروەریی سووریایە و، ڕەنگە ڕووسیا یەپەگە بکاتە قوربانیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا.
ئەمریکا هێشتا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا پێویستیی بە یەپەگەیە. پەکەکە پێویستە داوا لە واشتنۆن بکات بۆ نێوەندگیری و چارەسەری لەگەڵ ئەکتەرە کوردییەکانی تر لە عێراق و سووریا، وەک بەشێک لە مامەڵەکردن و چارەسەرکردن بەم شێوەی خوارەوە:
- پەکەکە و هاوبەشەکانی، دەبێت ڕازی بن لەسەر کشانەوە لە شەنگال؛ لە بەرامبەر ئەوەدا دەرچەیەکی بازرگانی لە نێوان عێراق و سووریادا بکهنەوە.
- لە باکووری سووریا، پەکەکە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خواستی بەیەکەوەبەستنی ئەو دوو ناوچەیەی کە زۆرینەیان کوردن و دەکەوێتە ڕۆژهەڵات (عەفرین و کۆبانێ) و، ڕێگە بە یەپەگە و پەیەدە بدەن بۆ داواکردنی چارەسەری ئاشتییانە بۆ کوردانی سووریا؛ ئەمەیش بە دەرفەتدان بە هەموو هێزە کوردی و ناکوردییەکانی باکووری سووریا و بەشداریپێکردنیان لە پڕۆسەی بەڕێوەبردن و حکومڕانیدا.
- یەپەگە، دەبێت پشتگیرییەکانی- چ ناردنی چەک و تەقەمەنی، چ لایەنی شارەزاییی تەکنیکی- بۆ پەکەکە و بەرپاکردنی توندوتیژی لە ناوەوەی تورکیا بوەستێنێت. دامەزراندنی ژوورێکی ئۆپهراسیۆنی سەربازی لە چوارچێوەی هێزەکانی سووریای ئازاد کە لە یەپەگە و ئەوانەی کە لە دەرەوەی یەپەگەشن پێک دێت، بۆ کارکردنی زیاتر لەگەڵ ئەمەریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە تیرۆریستییەکان.
لە بەرامبەر ئەمەدا ئەمریکا دەبێت:
- پشتگیری و هاوکاری و ڕێنماییی سەربازی بۆ ژووری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ڕاهێنانی هێزەکان و بەرەوپێشبردنیان و بەخشینی یارمەتیی دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوە و بووژاندنەوەی جەزیرە و کۆبانێ، بگرێتە ئەستۆی خۆی.
- چاودێریی بەردەوامی یەپەگە و پەیەدە لەو ناوچانەی کە حکومڕانی دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات و، گوشارخستنەسەر تورکیا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆ ئەو ناوچانە.
ئەم هەوڵانە دەکرێت بەهاوبەشی بەرەوپێشەوە ببرێت و، دەرفەتێک بدات بە یەپەگە و پەیەدە بۆ داڕشتنەوەی پەیکەرێکی تری حوکمڕانی و بەڕێوەبردن و دۆزینەوەی ڕێرەوێکی بازرگانی و پشتنەبەستن و دوورکەوتنەوە لە دیمەشق. پەیەدە لەبری ئەوەی هێز بگوازێتەوە بۆ ناوخۆی تورکیا و ڕووبەڕووی سوپای تورکیا ببێتەوە، دەبێت ئەو هێزە بەکار بێنێت بۆ پاراستنی خەڵکی سوریا. ئەمەش دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ پەیەدە کە ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە پڕۆسەی گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاشتی و نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوورێکی نوێ لە سووریا. وا دەردەکەوێت کە پەکەکە و ئێران لە ٢٠١١دا دانوستانیان کردبێت و، لە مانگی تەمووزی ٢٠١٢ەیشدا ڕژێمی سووریا ناوچە کوردییەکانی چۆڵ کرد و، ئەمەیش ڕێگەی بە پەکەکە دا کە هێزەکانی خۆی لە قەندیل لە باکووری عێراقەوە بۆ باکووری سووریا بنێرێت. بەمەیش سەرەڕای گرژی و ئاڵۆزییەکانی پەکەکە لەگەڵ تورکیا لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، پەکەکە بەرەیەکی تری لە باکووری سووریا لەگەڵ تورکیا کردەوە و، لە ڕێگەی پەیەدە و باڵەکانییهوه گوشاری زیاتری خستە سەر ئەو وڵاتە.
دروستبوونی داعش و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر کوردانی سووریا و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر داعش و لاوازکردنی، بووە هۆی هێژموونیی پەیەدە و، دەرفەتی فراوانخوازی لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕاتی پێ دا.
- کردارەکانی پەیەدە و یەپەگە چەند گەشەی زیاتر بکەن وەک درێژکراوە و ستراتیژی کاری پەکەکە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی زیاتری ئەکتەری هەرێمی و گەشەی زیاتر بۆ مەسەلەی خۆبەڕێوەبردن لە باکووری سووریادا.
ئەم کردەیەی پەکەکە لە سووریا، لە لایەن پەیەدەوە وەک هاوبەشێکی پەکەکە گۆڕانێکی بەرهەم هێنا؛ ئەویش جێبەجێکردنی تیۆریی خۆسەریی دیموکراتی بوو کە لە لایەن ڕێبەری پەکەکە "عەبدوڵڵا ئۆجەلان"ەوە خراوەتە ڕوو بۆ بەشداریپێکردنی هەموو گرووپە جیاوازەکان و ڕۆڵپێدانیان لە پڕۆسەی بەڕێوەبردندا.
پەیەدە و یەپەگە لە ئازاری ٢٠١٦دا هەوڵی فراوانخوازی دەدەن بۆ ئەو ناوچانەی کە کوردی لێ ناژی و کوردی نین؛ ئەمەیش بۆ گۆڕینی شێوەی بەڕێوەبردنەکە لە خودموختارییەوە بۆ هەرێمی باکووری سووریای فیدراڵ و بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتەکانی تر و، کادیرانی پەکەکە جلوبەرگی مەدەنییان لەبەر کرد و پایە گرنگەکانی حوکمڕانییان لەوێ گرتە دەست، لەوانە لیژنەی سەرۆکایەتی.
- ئەزموون و دۆخی سوریا، پەکەکەی ناچار کرد نەوەیەکی تازە پەروەردە بکات و ڕاهێنانیان پێ بکات؛ بەتایبەت ئەوانەی کە هاوسۆزییان بۆ ئۆجەلان هەبوو، لە هەمان کاتدا بەخێرایی لق و هاوبەشەکانی پەکەکەی لە سووریا بەهێزتر کرد.
- دروستکردنی بڕیار لەناو یەپەگە و پەیەدە، نهێنییە. تەنیا چەند کەسێکی کەم کە لە لایەن پەکەکەوە ڕاهێنراون و لە لایەن کەجەکەوە دەستنیشان کراون، بۆیان هەیە لە ژوورە داخراوەکاندا بڕیار بدەن. ئەوان دەتوانن بڕیار بدەن لەسەر: بوودجەی بەڕێوەبردن، دیاریکردنی فەرماندەی بەرەکانی جەنگ و هەرێمەکان، دابەشکردنی چەک و تفاق و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
بەشێک لە هاوسۆزانی پەکەکە، بەبێ پێشینەی چەکداری و سەربازی، بۆ بەڕێوەبردنی خودموختاریی ناوچەکە و دەزگه فەرمییەکان دیاری کراون.
- لە ٢٠١٤دا، کاتێک داعش ویستی کۆبانێ داگیر بکات، ئەمریکا شان بە شانی پیشمەرگە هاوکاریی پەیەدەی کرد. دوای ئەوەی ڕەزامەندیی تورکیا وەرگیرا، پێشمەرگە توانیی بەناو خاکی تورکیادا بچێتە کۆبانێ و داعش لە کۆبانێ دوور بخاتهوە.
- لە ٢٠١٣دا گفتوگۆی نێوان تورکیا و پەکەکە دەستی پێ کرد و ئاگربەست ڕاگەیهنرا. بەمەیش پەیوەندیی نێوان تورکیا و باکووری سووریا ئاسایی بوو و، تەنانەت ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدە، به مهبهستی گفتوگۆکردن داوەت کرا بۆ ئانکارا، بەڵام پێدەچوو بەشداریی هەدەپ (حزبی ئاشتی و دیموکراسیی گەلان) لە پڕۆسەی سیاسی و پەرلەماندا، بە بێهێزی و پووکانەوەی پەکەکە کۆتاییی هاتبا؛ دواتر پەیوەندیی نێوان پەکەکە و تورکیا پچڕا و تێک چوو.
- پەکەکە لە ئێستادا لەوانەیە تووشی بڕیاری هەڵە و ناهاوسەنگیی هێز ببێتەوە؛ ڕەنگە پڕۆژە و ڕێڕەوی ئێرانی (هیلالی شیعی) لە دژی تورکیادا بەکار بێنێت و سوودی لێ وەربگرێت. بەڵام پێناچێت ئێران و هاوبەشەکانی لە بەغدا ڕۆڵی سیاسی و ئابووریی زیاتر بە پەکەکە و هاوبەشەکانی لە سووریا بدەن.
- ئەگەر تورکیا بیەوێت کێشەی کورد چارەسەر بکات و کۆتایی بە خەباتی چەکداریی پەکەکە بهێنێت، دەبێت مافی خۆبەڕیوەبردن و مافە بنەڕەتییەکانی وەک خوێندن بە زمانی دایکیان لە تورکیادا پێ ببەخشێت.
سەرچاوە: