خەونەکانی ئێران لە وڵاتی شام

2017-05-12

خەونەکانی ئێران لە وڵاتی شام

بۆچی ئێران دەیەوێت لەسەر خاکی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، دوو گوزەری وشکانی دروست بکات؟

 

ئێهود یاری

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

بەپێی وتەی وەزیری دەرەوەی ئه‌مریکا، ڕێکس تەیڵەرسۆن، لە ئێستادا ئیدارەی ترامپ "سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگه‌چارەیەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرپێگرتنی ئەو مەترسییانەی كه‌ ئێران لە ناوچەکەدا دروستی کردوون". ئەمەیش پێدەچێت مەبەست لەوە بێت کە چیتر ئه‌مریکا ڕێگه‌ بە پەلهاوێشتنی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەدات و، کۆتایی بەو پەلهاوێشتن و بەرفراوانبوونەی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکدا بهێنێت. بۆ پلانێکی لەم جۆرە و بۆ ئەوەی پلانێکی کاریگەر بێت، دەبێت سەرەتا واشنتۆن بەوردی سەرنج بداتە ستراتیژییەتی نوێی ئێران لە وڵاتی شام و، ئەوە بزانێت کە هەرچەندە تاران دەیەوێت لە ماوەیەکی درێژخایەندا ببێتە دەسەڵاتێکی باڵای ناوچەکە، بەڵام لە ئێستادا سەرنجی ئێران لەسەر عێراق و سووریا و لوبنانە و، دەیەوێت لەو سێ ده‌وڵەته‌دا بمێنێتەوە و، ببێتە دەسەڵاتێکی سەرەکی لە ناوچەکەدا. ئەو گێژەڵووکە خوێناوییەی ئەو سێ دەوڵەتەی گرتووەتەوە، دەرفەتێکی باش بۆ دروستبوونی دەسەڵاتێکی یەکگرتوو لە ناوچەکەدا دەڕەخسێنێت و، دواتر بەره‌نگاربوونەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەسەڵاتە، زۆر لە کێشە و گرفتی کەنداو بۆ ئه‌مریکا و هاوپەیمانانی مەترسیدارتر دەبێت. زیاد لەوەیش، سەرکەوتنی تاران لەم پلانەدا تاران بەهێزتر دەکات و، دەرنجام دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر سعوودیای عەرەبی و سوننەکانی ناوچەکە.

ژەنراڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس، کە بەشێکە لە سوپای پاسدارانی ئێران، یەکێكە لەو ئامرازانەی دیدگه‌ و پلان و سیاسەتی نوێی ئێران لە ناوچەکەدا جێبەجێ دەکات. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، قاسم سولەیمانی سەرقاڵی دروستکردن و دانانی بەردی بناغەی یەك، یان دوو ڕاگوزەرە لە وڵاتی شام و، دەیەوێت ڕێگەیەك بۆ گەیاندنی ئێران بە دەریای ناوەڕاست بکاتەوە. دووریی ئەم گوزەرانە لە سنووری ڕۆژاوای ئێرانەوە بۆ سەر دەریای ناوەڕاست ٨٠٠ میلە و، بە عێراق و سووریادا تێ دەپەڕێت و، ئێران و "حزبوڵڵا" پێکەوە دەبەستێتەوە و، دەگاتە بەرزایییەکانی جۆلان. هەروەها، ئەم ڕێگه‌یانە وەك زنجیرێك دەبن، کە هەر کاتێك پێویست بکات لێیانەوە هێز و میلیشیاکان ڕەوانەی ئەو ناوچانە دەکرێن كه‌ لەسەر دەریای ناوەڕاستن. لەم ماوەیەدا، بەئاشکرا ئەو میلیشیا شیعانەی ئێرانیان لە پشتە، ئەوەیان ڕاگەیاند کە هەوڵی ناردنی هێزی سەربازی لەو گوزەرانەوە دەدەن. بۆ نموونە، چەکدارانی حزبوڵڵا هاتوونەتە سووریا و عێراق و، میلیشیا شیعە عێراقییەکان لە ئێستادا چوونەتە لوبنان.

بەپێی وتەی زۆربەی گەورە بەرپرسانی ئێران، ئەم بیرۆکەیە بۆ ئەوە نییە ئێران خۆی لەو شوێنانەدا بوونی هەبێت، بەڵکوو لە ڕێگەی داردەستەکانییەوە وەك حزبوڵڵا و ئەو میلیشیا شیعانەی ئێران خۆی پشتگیرییان دەکات، دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێت و خۆی سەرپەرشتیی داردەستەکانی بکات و، بەمەیش سوپا و هێزی سەربازیی خۆی لەو ناوچانەدا بەکار ناهێنێت و، هەرچییەکی بوێت بە داردەستەکانی خۆی لە ناوچەکەدا دەیکات (ئێران لە زووەوە لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا نییە کە سوپا و هێزی چەکداری خۆی ڕەوانەی دەرەوەی وڵاتەکەی بکات و لە شوێنی تر جێگیری بکات). میلیشیا داردەستەکانی تاران توانای پێکهێنانی هێزێکی گەورەیان هەیە و ژمارەیان دەگاتە ١٥٠٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠٠٠ جەنگاوەر، کە ١٨٠٠٠ جەنگاوەریان شیعەی ئەفغانستان و، ٣٠٠٠ بۆ ٤٠٠٠ جەنگاوەریان شیعەی پاکستان و، هەندێکی کەمیشیان میلیشیا مەسیحی و درووزییەکاننMilitias  Druze. تاوەکوو ئێستا هەندێك لەو میلیشیایانە لە دروستکردنی ئەو ڕاگوزەرە وشکانییانە بەکار هێنراون. ئێران دەتوانێت میلیشیای زیاتر و زۆرتر دروست بکات، بەتایبەت لەو پەنابەرە ئەفغانی و پاکستانییانەی، کە بەنیازی کارکردن هاتوونەتە ئێران.

گوزەری یەکەم، لە ئێرانەوە دەست پێ دەکات و بە پارێزگه‌ی دیالەدا، کە ئێستا زۆرینەی دانیشتووانەکەی شیعەن، بەره‌و کەرکووک و بە شارۆچکەی شەرگاتدا دەڕوات و، لەنێو تەلەعفەر و چیای شنگالەوە بە سووریا دەگات. ئەمەیش مانای ئەوەیە گرووپە ئێرانییەکان بەئاسانی دەگەنە ناوچە کوردییەکانی سووریا، کە خراونەتە ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسه‌دەوە. بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت ئەم گوزەرە بەکار بهێنێت، دەبێت لەوە دڵنیا ببێتەوە کە نە حکوومەتی عێراق و نە هێزە کوردییەکان هیچ دەستێوەردانێك ناکەن و، نابنە ڕێگر لە بەردەم ئێراندا. بەپێی ئەو دەسەڵات و کاریگەرییەی ئێران بەسەر حکوومەتی عێراقەوە هەیەتی، پێ ناچێت بەغدا هیچ ئۆپۆزیسیۆنێکی لە بەرانبەر ئەم کار و کردەوانەی ئێراندا هەبێت. ئەم بارودۆخە بۆ کوردەکانیش هەمان شتە.

هێزی پێشمەرگەیش، کە هێزی هەر دوو حزبه‌ باڵادەستەکەی کوردستانە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هیچ ڕێگرییەك لە بەردەم تێپەڕبوون و گوزەرکردنی هێزە سەربازییەکانی ئێراندا ناکات، چونکە جووڵان و ڕێڕەوی هێزە ئێرانییەکان نابێتە هەڕەشەیەك بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی کوردستان و، بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ ناکەن. هەروەها، هێزەکانی پەکەکە لە شنگال پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئێراندا هەیە و، میلیشیا شیعەکانی تەلەعفەریش بە ڕەزامەندیی ئه‌مریکا لەوێ کار و چالاکیی خۆیان ئەنجام دەدەن. هەرچی کوردەکانی سووریایشن، کە کوردەکان لەناو خۆیاندا بە ڕۆژاڤا ناوی دەبەن، لە لایەن پەیەدەوە حوکم دەکرێن و بەردەوام لەژێر هەڕەشە و گوڕەشەکانی تورکیادان. تورکیایش پەکەکە و پەیەدە بە تیرۆریست لە قەڵەم دەدات؛ لەبەر ئەم هۆکارە، پەکەکە و پەیەدە هێزە ئێرانییەکان وەك هاوڕێی خۆیان سەیر دەکەن نەك وەك دوژمن.

تاوەکوو ئێستا ڕکابەری و ململانێی توندی نێوان تورکیا و ئێران لە وڵاتی شام، نەبووەتە هۆی دروستبوونی هیچ پێکدادانێکی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا و، پێ دەچێت لە داهاتوویشدا هەر بەم جۆرە بمێنێتەوە. وا دەردەکەوێت سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەییب ئه‌ردۆغان، زیاتر بیەوێت تەنیا لە ڕێگەی وتە و زارەکییەوە، ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە نەك ڕووبەڕووبوونەوە و جەنگی سەربازی لەگەڵ ئێراندا بکات. ئه‌ردۆغان نیگەرانیی خۆی لەبارەی کردەوەکانی ئێرانەوە لە وڵاتی شام ده‌ربڕیوه‌، بەڵام لە هەڵسوکەوتییەوە ئەوە دەردەکەوێت کە تورکیا لە پەرەپێدان بە دەسەڵاتی خۆی بۆ بەهێزکردنی کوردەکانی عێراق و تورکمانەکانی عێراق و سووریا و میلیشیا سوننەکان بۆ بەرگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاگرتنی هەنگاوەکانی ئێران، دوودڵە.

هەرچی گوزەری باشوورییشە، بە پارێزگه‌ شیعه‌نشینەکانی عێراقدا تێ دەپەڕێت و، ئێران لەنێو ڕێگەیەکی بیابانەوە لە پارێزگه‌ی ئەنبارەوە بە ڕۆژ‌هەڵاتی سووریاوە دەبەستێت پێش ئەوەی بگاتە دیمەشق. هەرچەندە ئەم گوزەرە به‌بێ گرفت نییە و، گرفەتەکەیشی ئەوەیە زۆربەی دانیشتووانی پارێزگه‌ی ئەنبار سوننەن و، هێزە ئێرانییەکان وەك مەترسی و دوژمنی خۆیان سەیر دەکەن. بەڵام ئێران دەتوانێت خۆی لەو سوننانە، کە ژمارەیان لە دەوروبەری ملیۆن و نیوێکن و لە شارەکانی فەللوجە و حه‌دیسە و ڕومادی و قائیم نیشتەجێن، بپارێزێت و، ڕێگه‌ وشك و چۆڵەوانییەکان بۆ گواستنەوەی هێزەکانی بەکار بهێنێت. ئەم ناوچەیە هەمان ئەو ناوچەیە بوو کە چەکدارە میلیشیاکان، ئەوانەی ئێرانیان لە پشت بوو، ڕووبەڕووی داعش بوونەوە و، تاوەکوو ئێستایش هەندێك شوێنی گرنگی ئەو ڕێگه‌ سەرەکییەی ئەنبار لەژێر دەستی ئەواندایە. بەم شێوەیەیش هێزە ئاشتیپارێزە عێراقییەکانی سەر ڕێگه‌ی سەرەکیی ئەنبار، ئامادەی ئەوە نین ڕووبەڕووی هەر هێزێکی ئێرانی، یان ئەو هێزە میلیشیایانەی ئێران پشتیوانیانە ببنەوە. خێڵە سوننەکانی ناوچەکەیش، دوودڵن لەوەی ئاگری پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ شیعە و ئێرانییەکاندا هەڵبگیرسێنن؛ بەتایبەت ڕووبەڕووبوونەوەیەك، کە لە سەرکەوتنیان دڵنیا نین. ئێران دەتوانێت ئەم خێڵانە هان بدات، یان بەرتیلیان پێ بدات، یان چاوترسێنیان بکات بۆ ئەوەی چاوی خۆیان لە ئاستی هێزە ئێرانییەکان دابخەن و، لە ناوچەکانی ئەوانەوە گوزەر بکەن.

لە دە ساڵی داهاتوودا، ئێران دەیەوێت جبەخانە و سوپای خۆی گەشە پێ بدات. لەم ڕوانگەیشەوە وردە وردە سوپای پاسدارانی ئێران و سوپای كۆماری ئیسلامیی ئێران (ئه‌رتەش) و کەرەستە سەربازییەکانی بۆ هێرشکردن و بەهێزکردنی میلیشیا هاوپەیمان و داردەستەکانی، برەو پێ دەدات. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئێران هێزی ئاسمانیی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی هێزە زەمینییەکانی لەو دوو گوزەرەوە لە دژی هەر بەرگر و خێڵ و میلیشیایەك بەکار دەهێنێت و، پارێزگاری لە هێزە ڕاگوێزکراوەکانی لە نزیك سنوورەکانی ئیسڕائیل دەکات.

لە دوای کۆتاییهاتنی ئەو جەنگەی بەرۆکی عێراق و سووریای گرتووە، ئێران وەك چۆن یارمەتیی حزبوڵڵای دا و بەهێزی کرد، بە هەمان شێوە لە هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی میلیشیا داردەستەکانی لە عێراق و سووریادا بەردەوام دەبێت. لە عێراقدا، میلیشیا شیعەکانی وەك حه‌شدی شه‌عبی، کە ئێران پشتیوانیی لێ دەکات و بووەتە چەترێك بۆ کۆبوونەوەی میلیشیا شیعەکانی تر، حکوومەتی بەغدا بەفەرمی ڕێگەی پێ داوە و یارمەتیی داراییی دەدات. بە هەمان شێوەیش لە سووریادا، ئەگەر ئەسەد لەسەر کورسیی دەسەڵات بمێنێتەوە، ئێران پلانی ئەوەی هەیە برەو بە دروستکردنی میلیشیا بدات لە شێوەی هێزێکی خۆبەخش (بەسیج) و، ڕاستەوخۆ ئێران خۆی سەرپەرشتییان دەکات و دەیانخاتە ژێر چاودێریی خۆیەوە. ئامانج لەم میلیشیایانە بەرگریکردن و هێشتنەوەی ئەو حکوومەتانەی ناوچەکە و وڵاتی شامن، کە سەربە ئێرانن و، پارێزگاری لەو گوزەرانەیش دەکەن کە ئێران لە سنوورەکانی خۆیەوە بەرەو وڵاتی شام دروستی کردوون.

هەروەها، ئامانجی سەرەکی لە دروستکردنی ئەم گوزەرانە لە ئێرانەوە بەرەو وڵاتی شام، بریتییە لە گەیشتنی ئێران بە بەرزایییەکانی جۆلان و گوشارخستنەسەر ئیسڕائیل. ئێرانییەکان بەئاشکرا دەڵێن ئامانجیان دروستکردنی به‌ره‌ی جۆلانە لە میلیشیا داردەستەکانیان و، گەورە بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێرانیش لە ئێستادا خەریکی دروستکردنی میلیشیایەکن بە ناوی "فەوجی جۆلان" و، بەشێکی ئەو فەوجە ئەو فەڵەستینیانەن كه‌ ڕوویان کردووەتە سووریا و، لەوێ گیرساونەتەوە. ئەحمەد جبریل، کە فەرماندەیەکی پێشووی "به‌ره‌ی گه‌ل بۆ ئازادکردنەوەی فەڵەستین" بووە، بۆ دروستکردن و برەودان بەو جموجووڵە سەربازییە لە بەرزایییەکانی جۆلان، دەستنیشان کراوە و، چەندین جار ڕاگەیاندنەکانی سووریایش باسی ئەم پلانەیان کردووە. ئەم تاکتیکەی ئێران هێڵی بەرگریی نێوان حزبوڵڵا و ئیسڕائیل لە لوبناندا بەرەو باشوور تەشەنە پێ دەکات، تاوەکوو دەگاتە ڕووباری یەرمووك؛ ئەو ناوچەیەی کە دەبێتە سەرسنووری نێوان ئیسڕائیل و ئۆردن و لوبنان. سەرکردەی هەندێك لە میلیشیا عێراقییەکانی وەك النوجباء al Nujaba ، کە ئێران پاڵپشتیانە، بەئاشکرا دەڵێن دەیانەوێت هێزەکانیان بۆ لای به‌ره‌ی جۆلان بجوڵێنن. ئیسڕائیل لەو سنوورەوە چەندین جار بەرگریی لەو هێرشانە کردووە کە کراونەتە سەری و، لە ماوەی ئەو پێکدادانانەیشدا سەرکردەیەکی سوپای ئێران لەو ناوچەیە کوژراوە.

بۆ بەره‌نگاربوونەوەی ئەم پلانەی ئێران، پێویستە ئیدارەی سەرۆك ترامپ بۆ بەرگریکردن و پەکخستنی هەوڵەکانی ئێران لە دروستکردنی ئەو ڕاگوزەرانە، لەگەڵ ئەو کەسانەی ناوچەکەدا کار بکات کە لەگەڵ ئه‌مریکا و ڕۆژاوادا هاوڕان و لەگەڵ سیاسەتەکانی ئێراندا نین. تورکیایش، کە هاوپەیمانێکی ناتۆیە، دەبێت لە لایەنی خۆیەوە بەرگری لە پەلهاوێشتنەکانی ئێران لە وڵاتی شام بکات و، ڕێگه‌ نەدات ئێران ئەو گوزەرانە دروست بکات و دەست بەسەر ناوچه‌کەدا بگرێت. ئەمەیش لەبەر ئەوەی ئەو گوزەرانە ڕێگه‌یەکی زۆر گرنگن بۆ تورکیا، کە لەناویانەوە دەتوانێت لەگەڵ جیهانی عەرەبیدا بازرگانی بکات و، هەناردەی بەرهەمەکانی بۆ دەوڵەتانی عەرەبی بکات. هەرچی کوردەکانی عێراق و سووریایشن، دەبێت بۆ بەرگریکردن و ڕێگریکردن لە پەلهاوێشتن و فراوانبوونی میلیشیا شیعەکان پڕچەك بکرێن. ئۆردنیش، دەبێت یارمه‌تی و هاوکاریی سوننەکانی ڕۆژاوای عێراق بکات و، هەروەها هاوکاریی فیدراسیۆنی "شه‌مه‌ر ئه‌لبه‌ده‌وی" (شمر البدوی) لە بیابانەکانی سووریا بکات، کە هەر لە کۆنەوە و لە سەرەتای ڕێکخستنی هێزەکانییەوە لەگەڵ سعوودیای عەرەبیدا پەیوەندییان هەبووە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریکایش، دەبێت یارمەتیی ئیسڕائیل بدات بۆ بەره‌نگاربوونەوەی ئێران و ڕێگریکردن لە ئێران، بۆ ئەوەی خۆی نەگەیەنێتە بەرزایییەکانی جۆلان. بەڵام لە سەروو هەموو ئەمانەوە، دەبێت ئه‌مریکا لەگەڵ ڕووسیادا گفتوگۆ بکات و پێداگری لەسەر هەرچی زووتری لەسەرکارلادانی ئەسەد بکات.      

 

سەرچاوە:

https://www.foreignaffairs.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples