سەردانەکەی تێڵەرسۆن بۆ مۆسکۆ، یادهێنەرەوەی ئەوەیە کە چەندە ڕووسیا مەترسیدارە

2017-05-21

سەردانەکەی تێڵەرسۆن بۆ مۆسکۆ، یادهێنەرەوەی ئەوەیە کە چەندە ڕووسیا مەترسیدارە

 

جەیمس ئێف جێفری*

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

دوای کۆبوونەوەکەی وەزیری دەرەوەی ئه‌مریکا، ڕێکس تێڵەرسۆن، لەگەڵ سێرجی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، تێلەرسۆن هەمان ئەو شتەی گوت کە هەمووان دەیزانن و، گوتی: "متمانەیەکی زۆر کەم لە نێوان ئه‌مریکا و ڕووسیادا هەیە و ئاستی متمانەکردن بە یەکتری لە ئاستێکی نزمدایە." هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پووتین، کە تێڵەرسۆن لەگەڵ ئەویش دانوستانی ئەنجام دا، ڕەخنەی لە ئه‌مریکا گرت لەسەر ئەوەی ئه‌مریکا بە مووشەك هێرشی کردە سەر سووریا و ئاماژەی بەوەیش دا کە لەو کاتەوەی سەرۆك ترامپ، بووە بە سەرۆکی ئه‌مریکا، پەیوەندییەکانی نێوان ئه‌مریکا و ڕووسیا لاواز بوون. شتێکی سەرسووڕهێنەر نییە، کە ئەم سەردانەی تێڵەرسۆن هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پێشڤەچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئه‌مریکا و ڕووسیا نەبووبێت، بەڵام ئەگەر ئەم دوو لایەنە بیانەوێت پەیوەندییەکانیان بەرەو باشی بڕوات، ئەوا یەکەم جار، دەبێت ئه‌مریکا درك بەوە بکات کە چەندە ڕووسیا مەترسیدارە و دەبێ بەرانبەر بەو مەترسییەی ڕووسیا وشیار بێت.

ڕوانگەی ئه‌مریکا و ڕووسیا و تێڕوانینیان بۆ جیهان، دوو تێڕوانینی بەتەواوەتی لێكجیاوازن و هەر یەکە لە گۆشەنیگایەکەوە لە جیهان دەڕوانێت. ئەگەر ئاوڕێك لە مێژوو بدەینەوە و بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ٢٠١٣، مێژوونووسێکی ئه‌مریکی بە ناوی "واڵتەر ڕەسڵ مێد" لە ئەمێریکان ئینترستدا ئارگیومێنتسازییەك (بەڵگەسازییەك) دەکات و دەڵێت جووتە ڕکابەرە نزیکەکەی ئه‌مریکا، ڕووسیا و چین، لەو شوێنانەی جیهان کە شوێنکەوتەی هەمان سیسته‌می بەڕێوەبەری و ئابووریی ئه‌مریکان، بەئەنقەست و بەئاشکرا ڕکابەریی ئه‌مریکا دەکەن. ئەم ئارگیومێنت و بەڵگەسازییەی واڵتەر تاوەکوو ئێستایش هەر ڕاستە. لە کاتێکدا کە چین ڕکابەرێکی سەرسەختە، ڕووسیایش دەوڵەتێکی مەترسیدارە بۆ سەر ئه‌مریکا. ڕووسیا بە پاشکۆکردنی كریمیا‌ و جەنگی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی ئوکراین و هەڵسوکەوتی نەخوازراوی بەرانبەر بە ئه‌مریکا و هێزەکانی ناتۆ و سنوورەکانی ناتۆ و بەزاندنی سنووری ئاسمانیی نێودەوڵەتی و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریا و بۆردوومانکردنی خەڵکی سیڤیلی حەلەب و چاوپۆشیکردن لە سووریا لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و، دواتریش بە دەستێوەردان و هەوڵدان بۆ تێکچوونی سەقامگیریی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکان لە ناوخۆی دەوڵەتانی ناتۆ، بە ئه‌مریکایشەوە، ڕووبەڕووی که‌لتوور و ئاسایشی دەوڵەتانی ڕۆژاوا دەبێتەوە.

بۆ دڵنیاییی زیاتریش، پووتین وەك چین، چەکێکی ئابووری و که‌لتووریی بەو جۆرەی لەدەست نییە، کە شانازیی پێوە بکات و، وەك چین سوودمەندێکی گەورەی سیسته‌می ئابووریی جیهان نییە. بەرهەمی نێردراوی ڕووسیا، جگە لە وزە، شتێکی ئەوتۆ و کاریگەر نییە.

زیاد لەوەیش، پووتین دەیەوێت ڕووبەڕووی ئەو سیسته‌مە سیاسی و ئابوورییە نێودەوڵەتییە ببێتەوە کە ئه‌مریکا ڕابەرایەتیی دەکات و، بەڕوونی لە ساڵی ٢٠٠٧ ئاماژەی بەم ڕووبەڕووبوونەوەیە کرد و، ڕووخانی یەکێتیی سۆڤێتی بە گەورەترین تراژیدیای سەدەی بیستەم ناو برد. ستراتیژییەتی پووتین، لە سۆنگه‌ی سەدەی نۆزدەیه‌مەوە لە جیهان دەڕوانێت؛ بە جۆرێك دەوڵەتە زلهێزەکانی وەك ڕووسیا هەوڵی زیادکردن و فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆیان دەدەن و، دەوڵەتانی تر بە بچووکی و لاوازی لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندا دەهێڵنەوە. بەم شێوەیە و بەم تێڕوانینە، ڕووسیا کریمیا دەکاتە پاشکۆی خۆی و کۆتایی بە چیچان دەهێنێت و سووریا دەگەڕێنێتەوە سەر دۆخی جارانی و دەیکاتە شمشێرێك و لە دەستی خۆی دەگرێت. لە لای ڕووسیا، یاسای نێودەوڵەتی و نرخی مرۆڤایەتی و سیسته‌مە جیهانییەکان گرنگ نین—ئەوەی بۆ ڕووسیا گرنگە، دەسەڵاتە.

ئەم جۆرە ڕوانگە و بیرکردنەوەیەیش جێگەی داخە، چونکە هەر ئەم تێڕوانینە بوو، بووە هۆی ڕوودانی هەر دوو جەنگی جیهانیی یەکەم و جەنگی جیهانیی دووەم و، پێدەچێت ببێتە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەمیش، بەڵام ئەم جارەیان لە سەردەمێکدا، کە چەندین تۆن بۆمبی ئەتۆم و چەکی کۆکوژ لە دەستی دەوڵەتاندایە و لە جەنگ بەکاری دەهێنن. لە ساڵی ١٩٤٠ه‌وە ئه‌مریکا لە یاسای ئاسایشی نێودەوڵەتی سوودی بینیوە و، تەنیا پووتینی سەدەی نۆزدەیەم ڕووبەڕووی ئه‌مریکا وەستاوەتەوە و ویستوویەتی ڕکابەریی ئه‌مریکا بکات.

ئەو سیسته‌مە سیاسی و ئابوورییەی ئێستا جیهان بەڕێوە دەبات، بووەتە پرسیار بۆ سەرۆك ترامپ و، زۆر جار ترامپ ئەوەی دووپات کردووەتەوە "لە دیدگه‌ی ئه‌مریکاوە" ئەوەی دەستی ئه‌مریکا دەکەوێت، بەهاكه‌ی لەو بڕە پارەیە کەمترە کە ئه‌مریکا خەرجی دەکات. ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە هاوپەیمانەکانی ئه‌مریکا لە پرسە جیهانییەکاندا لە ئه‌مریکا چالاکترن و ڕۆڵی ئه‌مریکایان خستووەتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام دواتر سەرۆك ترامپ هوشیاریی بەرانبەر ئەم بارودۆخە پەیدا کرد و پێداچوونەوەی بۆ پەیوەندییەکانی ناتۆ و گەورەبوونی پەیوەندییەکانی سەرکردە جیهانییەکان لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئه‌مریکا کرد و، کاردانەوەی خۆی سەبارەت بە بەکارهێنانی گازی قەدەغەکراوی سارین (ئەو گازە کۆکوژەی نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەغەی کردووە و ڕووسیایش گره‌نتیی قەدەغەکردنەکەی داوە) لە لایەن ڕژێمەکەی ئەسەدەوە، نیشان دا.  

لە دیدارێکی بەرفراوان و گەورەی وەك ئەوەی تێڵەرسۆن لەگەڵ ڕووسیادا، دەبێت ئه‌مریکا هەوڵی ئەوە بدات قەناعەت بە ڕووسیا بکات کە ئه‌مریکا نایەوێت لەگەڵ ڕووسیادا بچێتە جەنگەوە، یان ڕووسیا داگیر بکات، بەڵکوو دەیەوێت کۆتایی بەو هێرشانە بهێنێت کە ڕووسیا دەیکاتە سەر ئەو سیسته‌مەی، ئێستا جیهانی پێ بەڕێوە دەچێت.

ئەوەی تێڵەرسۆن لەم سەردانەیدا بەدەستی هێنا، بریتییە لە هێنانەوە و بەشداریپێکردنی ڕووسیا لە پرسە دەرەکی و جیهانییەکان و جموجووڵی گەورەی سەربازی و ئابووریی ئه‌مریکا و بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی. بەم شێوەیە، هێرشەکەی ئه‌مریکا بۆ سەر ڕژێمەکەی ئەسەد ڕەنگدانەوەی ئەم هەوڵ و جموجووڵانەی تێڵەرسۆنن. ئەم هەوڵ و ستراتیژییەتەی ئه‌مریکا، دەبێتە هۆکاری زیادکردنی گەمارۆکانی سەر ڕووسیا؛ وەك تێڵەرسۆن خۆی ئاماژە بەوە دەکات و دەڵێت: "ئه‌مریکا ئامادەییی ئەوەی تێدایه‌ لە سووریادا ناوچەی دژەفڕین دروست بکات و ئۆپۆزیسیۆن و یاخیبووەکانیش پڕچەك بکات." پێدەچێت ئەم هەوڵانەی ئه‌مریکا کاریگەریی خۆیان لەسەر بەرزبوونەوەی گەمارۆکانی سەر ڕووسیا هەبێت و، وا بکەن لەگەڵ ڕووسیادا لەبارەی کێشەی ئوکراین و سووریا بگەنە ڕێککەوتنێك. وا دەردەکەوێت ئەم جۆرە هەڵسوکەوتەی ئه‌مریکا، هەڵسوکەوت و مامەڵەکردنێکی ژیرانە بێت، چونکە ئەو گەمارۆیانەی لەمڕۆدا لەسەر ڕووسیان بە هۆی کێشە و دەستێوەردانیەتی لە ئوکراین و سووریادا. هەر بۆیە کاردانەوەکانی ئه‌مریکا لە بەرانبەر جموجووڵەکانی ڕووسیادا، وا دەکات ڕووسیا و ئەمریکا بگەنە ئەنجامێك و هەر دوو وەكیەك لەو پێکهاتنەیان سوودمەند بن و، سوودمەندییەکەیشیان بەم جۆرەی لای خوارەوە دەبێت:

ئوکراین:

لە ئوکراین، ڕووسیا ئاگربەست ڕادەگەیەنێت و، چیتر پشتگیری لەوانە ناکات کە لە ئوکراین جیا بوونەتەوە و ڕێگە بە هێزە چاودێرە نێودەوڵەتییەکان دەدات سنوورەکانی نێوان ڕووسیا و ئوکراین بپارێزن. لە بەرانبەر ئەمەدا، ناتۆ (NATO) و ئەندامەکانی، ڕازی نابن بەوەی ئوکراین ببێتە ئەندامی ناتۆ و، بە هیچ شێوەیەك هێزی ناتۆ نابەنە ناو خاکی ئوکراین و، دواجار دەتوانن وردە وردە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ڕووسیا زیاد بکرێن، هەروەها، ببنە ڕێگر لە بەردەم ئەوەی ڕووسیا کریمیا بکاتە پاشکۆی خۆی.

سووریا:

لە سووریادا، ڕووسیا لەوە دڵنیا دەکرێتەوە کە ڕژێمی سووریا وەك خۆی دەمێنێتەوە و ناگوڕدرێت و، ئه‌مریکا بە هیچ شێوەیەك دەست لەو دوو بنکە سەربازییەی ڕووسیا لە سووریادا وەرنادات. لە بەرانبەر ئەمەیشدا، ڕووسیا بەر بە پەلامارە دڕندەکانی ئەسەد دەگرێت بۆ سەر ئەو ناوچانەی، کە خەڵکی دژی ڕژێمەکەی ئەسەدن و، بە هۆی ئەو ڕژێمەوە پێشلکارییان بەرانبەر کراوە و چەوسێنراونەتەوە. هەروەها، ڕووسیا پشتیوانی لە گفتوگۆکانی یوئێن لە جنێڤ سەبارەت بە ئاگربەست دەکات و، هەوڵی ڕێککەوتن دەدات و ڕەچاوی ئەو یاسا و ڕێسایانە دەکات، کە لە لایەن دەوڵەتە دراوسێکان و ئاشتیخوازە نێودەوڵەتییەکانەوە دانراون.

داعش:

ئەو بەرنامەیەی ئاشتیخوازە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست، پێویستیی بە چڕترکردنەوەی هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی داعش هەیە. ئەم هەوڵدانەیش بۆ لەناوبردن و کۆتاییپێهێنانی داعش، بە خاڵی هاوبەش و پێکگەیاندنی نێوان ڕووسیا و ئه‌مریکا ناو دەهێنرێت؛ بەڵام ئەم خاڵە بەو جۆرەیش نییە کە باسی لێوە دەکرێت. ئامانجی ڕووسیا لە هەوڵەکانی بۆ لەناوبردنی داعش، دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانیکردنی ڕووسیا لە سووریا و ئێران. بەڵام ئەو ئەسەدەی کە ئێران پشتیوانیی لێ دەکات، هەمان ئەو ئەسەدە بوو کە لە ساڵی ٢٠١٣دا بە هۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایییەوە لە بەرانبەر هاونیشتمانیانی، وای کرد داعش دروست ببێت. هەروەها، ئەگەر ئەم جارەیش ئەسەد دەست بەسەر هەموو سووریادا بگرێتەوە، هەمان کردەی پێشووی دووبارە دەکاتەوە. کەوابوو، دەبێت لەناوبردن و کۆتاییپێهێنانی داعش بخرێتە دەستی ئه‌مریکا و هاوپەیمانەکانی و، ئەم کارە بەوان بسپێردرێت.

ئەو کێبڕکێ و ململانێیەی نێوان جیهانبینیی ڕووسیا، کە وەك سەدەی نۆزدە لە جیهان دەڕوانێت و، سیسته‌می ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە ئه‌مریکا ڕابەرایەتیی دەکات، پێشینەی هەیە: زۆربەی سەردەمی جەنگی سارد بەم جۆرە کێبڕکێیە بەڕێ کرا و، هەر لایەنێک دەهات و چاودێریی وردی توانا سەربازییەکان و مەبەستەکانی لایەنەکەی تری دەکرد و، بەم جۆرە پێش ئەوەی هیچ کرادارێك ڕوو بدات، ڕێگریی لە بەرانبەرەکەی دەکرد. گرفتەکەی ئێستا لەوەدایە پووتین لە ڕوانگەی کردە و جووڵە سەربازییەکانی سەردەمی سەرۆك ئۆباماوە و پرسی سیسته‌می بەڕێوەچوونی جیهانی سەرۆك ترامپەوە دەڕوانێتە ئه‌مریکا.

بەڵام لە سووریادا و سەرەڕای هەبوونی دەسەڵاتێکی سەربازیی سنووردار، وا دەردەکەوێت پووتین بەرەو شکاندنی سنوور و یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان هەنگاو بنێت؛ ئەمەیش لەبەر ئەوەیە کە پووتین پێی وایە ئه‌مریکا لە بەرانبەردا هیچ کاردانەوەیەکی نابێت. پووتین پێی وایە وەك سەردەمانی پێشوو دەبێت، کە لە ساڵانی ١٩٧٨ بۆ ١٩٨١ یەکێتیی سۆڤیەت لە ئەفغانستانەوە بەرەو ئەوروپا و ناوەڕاستی ئه‌مریکا ڕۆیشت و، ئه‌مریکایش لەو کاتەدا هیچ کاردانەوەیەکی بەرانبەر ئەو جووڵانەی سۆڤیەت نەبوو. ئەو سەردەمە، سەردەمێکی پڕمەترسی بوو و، ئەگەر وا بڕوات دوور نییە بکەوینەوە ناو سەردەمێکی تری لەو جۆرەوه‌.

 

 

  • جەیمس ئێف جێفری، باڵیۆزی پێشووی ئه‌مریکا بووە لە عێراق و تورکیا و ئەلبانیا و، ئێستا وەك سەردانیکەرێك لەگەڵ واشنتۆن ئینستیتوت کار دەکات.

 

سەرچاوە:

http://www.washingtoninstitute.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples