پشتگیریی ئیسڕائیل بۆ سەربەخۆییی کوردستان، یارمەتیدەر بووە بۆ کورد یان زیانبەخش؟

2017-11-19

پشتگیریی ئیسڕائیل بۆ سەربەخۆییی کوردستان، یارمەتیدەر بووە بۆ کورد یان زیانبەخش؟


ئۆفرە بینگیۆ

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

 پشتگیریی ئیسڕائیل بۆ سەربەخۆیی لە ڕیفراندۆمی کوردستانی عێراق، گەلێک دوژمنی لەخەو هەڵساند. ئەو پرسیارەی کە دەبێت بکرێت ئەوەیە: ئایا ئەمە مەترسییەکی دروستکراو بوو کە پشتگیرییەکە نەیتوانی هیچ سوودێک بە پرسەکە بگەیەنێت؟ هەر لە سات و کاتی دەرکەوتنی داعشەوە لە هاوینی ٢٠١٤دا سەرکردەکانی ئیسڕائیل بانگەشە و پشتگیرییان لە مافی کورد بە بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە عێراقدا کردووە. ئەو سەرکردانەیش "شیمۆن پێرێز"ی سەرۆکی پێشووی ئیسڕائیل، "بنیامین ناتانیاهۆ"ی سەرۆکوەزیران و، "ئەڤیگدۆر لێبرەمان" وەزیری دەرەوەی پێشوو و وەزیری ئێستای بەرگریی ئیسڕائیل بوون.

پشتگیرییەکەی ئیسڕائیل کاتێک بوو، کە کوردەکان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان دا و دواتر لە ٢٥ی ئەیلوول پڕۆسەکە ئەنجام درا. هەر لەو ڕۆژەدا چەند ئاڵایەکی ئیسڕائیل لە پاڵ ئاڵای کوردستان لە پڕۆسەکەدا بەرز کرایەوە وەک هێمایەکی سیمبۆڵی بۆ پەیوەندیی نێوان ئەم دوو ئەکتەرە و، دواتر ئیسڕائیل یەکەم دەوڵەت بوو کە پشتگیریی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

ئەم هەڵوێستە گشتییەی ئیسڕائیل، بووە چەکێک بۆ هەموو ئەوانەی کە ویستیان پڕۆسەی ڕیفراندۆمەکە بە ناشەرعی و بچووککردنەوەی بزووتنەوەی سەربەخۆییی کوردستان لە قەڵەم بدەن و، کوردیش وەک خیانەتکار وێنا بکەن؛ "مەسعوود بارزانی"یش وەک ئەڵقەلەگوێیەکی زایۆنیستی و، سەربەخۆیی و جیابوونەوەی هەرێمی کوردستانیش وەک ئیسڕائیڵێکی نوێ لە ناوچەکە و، پشتگیرییەکەیش وەک هەوڵێک بۆ دامەزراندنی ئیسڕائیلی گەورە. هەڵوێستی ئیسڕائیل، بووە پاساوێکی گەورە بۆ لێکنزیکبوونەوە و هاوپەیمانێتیی نێوان ئێران، تورکیا و عێراق بۆ دامرکاندنەوەی پڕۆسەی سەربەخۆیییەکە.

ئەو زمانە پڕهەڕەشەیەی کە لە لایەن سەرکردەکانی ئەو وڵاتانەوە بەکار هات، هیچ گومانێکی لە خواستی ئەوان نەهێشتەوە. کاتێک نووری مالکی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق، چەند ڕۆژێک بەر لە ڕیفراندۆمەکە ڕای گەیاند: "ئێمە ڕێگە بە دامەزراندنی ئیسڕائیلی دووەم نادەین لە عێراق." ئەمە ئاماژە و دووپاتکردنەوەیەک بوو لە لایەن سەرکردەکانی تری پێشووی عێراقیشەوە بەکار هێنراوە، بەتایبەت ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، کاتێک ئیسڕائیل لە ڕووی سەربازییەوە لە دژی حکوومەتی ناوەندیی عێراق یارمەتیی کوردەکانی دەدا.

ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هیچ دەرفەتێکی لەدەست نەداوە بۆ دژایەتیکردنی ئیسڕائیل و بەپەرۆشەوە هێرش دەکاتە سەر ڕاگەیاندنی ئیسڕائیل و، مۆساد/دەزگه‌ی هەواڵگریی ئیسڕائیل بەوە تاوانبار دەکات کە بەشدارە لە پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەیەکی لووتکەدا کە بە مەبەستی لاوازکردنی جووڵانەوەی کورد سازکرابوو و هاوکات ڕێبەری باڵای ئێران، "عەلی خامەنه‌یی"ش تێیدا بەشداربوو و دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا و ئیسڕائیل سوود لە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان وەردەگرن و هەوڵ دەدەن ئیسڕائیلێکی نوێ لە ناوچەکەدا دروست بکەن.

لە دوای ئەوەی هێزە عێراقییەکان لە ١٦ی ئۆکتۆبەر دەچنە ناو کەرکووکەوە، "موحه‌مه‌د گوڵپایگانی"، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی دەستووری ئێران ڕای گەیاند کە: "ئەمریکا و ئیسڕائیل پیلانیان دانابوو ئیسڕائیلی دووەم لە کوردستان دروست بکەن، بەڵام فرمانەکانی ڕێبەری باڵا و قوربانییەکانی فەرماندە قاسم سولەیمانی ئەم پیلانەیان لەبار برد و، کەرکووک ئازاد کرا بەبێ ئەوەی دڵۆپێک خوێن بڕژێت و میدیا عێراقییەکانیش کوردستانیان بە ئیسڕائیلی دووەم و ئیسڕائیلەکەی عێراق ناو دەبرد." ڕۆشنبیرانی کوردیش هەندێکیان بەئەرێنییەوە لە پشتگیرییەکەی ئیسڕائیلیان دەڕوانی و، هەندێکیشیان بەپێچەوانەوە وایان هەست دەکرد کە پشتگیرییەکە نەیاری زیاتر بۆ کورد دروست دەکات و، عەرەب و جیهانی ئیسلامی دەکات بە دوژمنی کورد و سەربەخۆییی کوردستان.

ئەمە لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت ئێرانیش پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەیە و تەنانەت هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسڕائیل باشە و، تورکیا وەک وڵاتێکی ئیسلامی، یەکەم وڵات بووە لە ساڵی ١٩٤٩دا دانی بە ئیسڕائیلدا ناوە و پەیوەندیی ستڕاتیژییش لە نێوانیاندا هەبووە، لە کاتێکدا پێیان سەیرە و شۆک دەبن ئەگەر کورد پەیوەندیی لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەبێت.

خاڵێکی تر، فرۆشتنی نەوتی کوردە بە ئیسڕائیل؛ ئەمەیش لە کاتێکدایە کە وڵاتانی عەرەب و ئێران یەکەم وڵات بوونە نەوتیان بە ئیسڕائیل فرۆشتووە. نووسەرێک تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە هیچ شەرم نییە کورد پەیوەندیی لەگەڵ ئیسڕائیل هەبێت کە یەکێکە لە بەهێزترین وڵاتانی ناوچەکە و تاكه‌ وڵاتیشە پشتگیریی سەربەخۆییی کوردستانی کردووە و، لە هەمان کاتدا وڵاتانی عەرەب پرسەکەیان پشتگوێ خستووە. ئیسڕائیل لە گۆڕینی هەڵویستی واشنتۆن لەبارەی ڕیفراندۆمه‌وه‌ سەرکەوتوو نەبوو، ئەمریکایش نەک تەنیا پشتگیریی ڕیفراندۆمی نەکرد بەڵکوو لە ململانێی نێوان بەغدا و هەولێردا پشتی حکوومەتی بەغدایشی گرت. ئەمریکا پشتی لە کوردەکان کرد لە کاتێکدا وەک هاوپەیمانێکی دڵسۆزی ئەمریکا دەبینران.  

سەرچاوە:

https://besacenter.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples