شوێنکەوتنی هەنگاوەکانی ئۆباما بۆ وێرانکردنی کوردستان

2017-11-20

شوێنکەوتنی هەنگاوەکانی ئۆباما بۆ وێرانکردنی کوردستان

ڕەیچڵ ئەڤراهام

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

"برێت مه‌کگورک"ی دەستنیشانکراوی ئۆباما، لەژێر دەسەڵاتی سەرۆك ترامپدا بەردەوامە لە خزمەتکردن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا درێژەپێدەری سیاسەتە شکستخواردووەکەی باراك ئۆبامایه‌ لە عێراق؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئێستای ئەمریکا کەسێکی کۆمارییە.

بەپێی سەرچاوەگەلێکی نەناسراو، بەڕێز مه‌کگورک تاكلایەنه‌ بەرپرسیارە لە دژایەتیکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان. ئەو سەرچاوانە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە مه‌کگورک لە پشت بێدەنگیی ئەمریکاوەیە لە بەرامبەر ئەو داگیرکردنەی کەرکووک و هێرشکردنە سەر کوردەکان لە لایەن ئێران و هاوپەیمانەکانییەوە. ئێستایش کاتی ئەوەیە بەڕێز ترامپ لە ڕێڕەوەکەی ئۆباما لا بدات و ڕێگه‌یەکی جیاواز بگرێتە بەر.

ئەگەر ئاوڕێك لە مێژوو بدەینەوە، ستراتیژییەتی بەڕێز ئۆباما لە عێراق ستراتیژییەتێکی بەگرفت بوو، چونکە ئەو وێنەیەکی نیشانی ئەمریکا دابوو، کە دەبێت هەرچی زووترە هێزەکانی لە عێراقی یەکگرتوو بکشێنێتەوە. گرفتی سەرەکی ئەم بیرۆکەیەی بەڕێز ئۆباما پشتگوێخستن و لەبیرکردنی ئەو ڕاستییەیە، کەوا عێراق وڵاتێکی دروستکراوی دەوڵەتە ئەوروپییەکان بووە و، تەنیا شتێکیش توانیبێتی سوننە و شیعە و کوردەکان پێکەوە بهێڵێتەوە دیکتاتۆرێکی بەهێزی وەك سەددام حوسێن بووە. کاتێك بەڕێز ئۆباما پاشەکشێی کرد و ئەو عێراقە یەکگرتووەی بەجێ هێشت، وڵاتەکە لە لایەن هاوپەیمانەکانی ئێران و داعشەوە دەستی بەسەردا گیرا.

بەڕێز ترامپ گوتی ئەو باشتر دەبێت لە بەڕێز ئۆباما، بەڵام تاوەکوو بەڕێز مه‌کگورک لە ئیدارەکەی بهێڵێتەوە و لەسەر هەمان ڕێچکەی سیاسەتە شکستخواردوەکەی ئۆباما لە عێراق بەردەوام بێت، سیاسەتەکەی بەڕێز ترامپیش هیچ لە سیاسەتەکەی بەڕێز ئۆباما باشتر نابێت. هەروەها، ئەو ئەوەی لەبیر کرد کە تازە ئەو ڕۆژانە بەسەر چوون دیکتاتۆرێك بێت و کۆنترۆڵی عێراق بکاتەوە و، هەر هەوڵێکیش بۆ هێشتنەوەی عێراق بەیەکگرتوویی، ڕێگه‌خۆشکەرە بۆ ئەوەی ئێران دەست بەسەر ناوچه‌کەدا بگرێت.

لە ڕاستیدا پێش ڕیفراندۆمەکە، ئەمریکا دەنگی خۆی هەڵبڕی و بە کوردەکانی گوت کە کاتێکی باش نییە بۆ ڕیفراندۆم و، داوای کرد بخرێتە دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، بەڵام ئەم دواخستنە، لەوە گرنگتر نەبوو کەوا کوردەکان ڕیفراندۆمی خۆیان لە بەرامبەر ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دوا خست. لەگەڵ ئەوەدا داعش لە عێراق شکستی پێ هێنرا؛ کوردەکان پێیان وا بوو چیتر نابێت ڕیفراندۆمەکەیان بۆ کاتێکی نادیاری تر دوا بخەن. کوردەکان ئەوەیان لێک دابووەوه‌، کە دواخستنی ڕیفراندۆم دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سەرۆكوەزیرانی عێراق، حه‌یده‌ر عه‌بادی؛ ئەو کەسەی ئەوندەی بۆ ئێران بەوەفایە، بۆ ئەمریکا بەوەفا نییە.

هەرچەندە دوو هەفتە پێش ڕیفراندۆمی کوردەکان، ئەمریکا دەستی کرد بە لۆبیکردن لە دژی کوردەکان. هۆکاری ناڕەزاییی ئەمریکا ئەوەیە، کە  بەڕێز مه‌کگورک دەیەوێت بە هەر نرخێك بووە بەڕێز عەبادی هەڵبژێردرێتەوە. نایەوێت کەس بە سەرنەکەوتوو بانگی بکات و، بە کەسێکی بزانن کە نەیتوانیوە بەرگری لە یەکپارچەییی عێراق بکات. ئەو یەکپارچەییی عێراقی دەوێت تا ئەو کاتەی لە کارەکەی دەمێنێتەوە. ئەو جەنگی ناوبانگ و دەسەڵاتی خۆی دەکات. شۆڕشگێڕێکی کورد بە ناوی "شێرکۆ عەباس" دەڵێت: "عەبادی بە "تێلەرسۆن"ی گوتبوو، کە تازە تیا چووە. ئەو چیدی پشتیوان و لایەنگری ئەمریکا نابێت. مه‌کگورک بە لاوازکردنی کوردەکان ئەو پەیامەی گەیاند، کە دیکتاتۆرە بەهێزەکان دەتوانن کۆنترۆڵی عێراق بکەن."

سەرچاوە:         

https://www.washingtontimes.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples