مایکڵ ماکۆڤسکای: کۆنتڕۆڵی ئێران پێویستی بە گۆڕینی جوگرافیای سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە

2018-01-03

مایکڵ ماکۆڤسکای: کۆنتڕۆڵی ئێران پێویستی بە گۆڕینی جوگرافیای سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە

 

بە قەڵەمی: ناسر ئیعتمادی

وەرگێڕانی: ساماڵ ئەحمەدی

مایکڵ ماکۆڤسکای، ئەندامی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، کە دامەزراوەیەکی سەر بە جووەکانی ئەمریکایە، لە وتارێکیدا کە لە لایەن کەناڵی تەلەڤزیۆنیی محافزەکاری ''فۆکس‌نیوز''ەوە بڵاو کراوەتەوە، نووسیویەتی، کۆنتڕۆڵی سیاسەتی هێرشبەرانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستی بە گۆڕینی جوگرافیای سیاسیی ئەو ناوچەیە هەیە. ماکۆڤسکای گوتوویەتی: هەرچەند دەوڵەتەکەی دۆناڵد ترامپ باش له‌وه‌ گه‌یشتووه‌، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران گەورەترین گرفتی ئاسایشی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام تا ئێستا ستراتیژییەکی ڕوونی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێژموونیی بەرەو هەڵکشانی ئێران لە ناوچەکەدا نییە.

ئەو ئەندامەی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا داوای لە سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کردووە، "ڕۆناڵد ڕەیگان" بکاتە سەرمەشقی خۆی، کە چۆن دژی یەکێتیی سۆڤیەت کاری کرد. بە گوتەی ماکۆڤسکای، ڕەیگان بۆ ڕووخاندنی یەکێتیی سۆڤیەت پشتیوانیی لە شۆڕشگێڕانی دژە کۆمۆنیست لە سەرانسەری دنیا کرد. بۆیە ئەمریکای ئێستایش، دەبێ پشتیوانی لەو هێزە لۆکاڵی و ناوچەیییانە بکات، کە لەنێو ئێراندا دەیانەوێت لە چنگ ئەو ڕژێمە ڕزگاریان بێت.

ماکۆڤسکای دەڵێت: بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی ستراتیژیکی ئێران، پێویستی بە حزووری بەردەوامی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و پشتیوانیی بەردەوامی ئەو وڵاتە بۆ هێزە ناوچەیییەکانی سووریا و عێراق، هەروەها پشتیوانیی زیاتری ئەمریکا لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، وەکوو ئیسڕائیل و ئۆردن هەیە.

ماکۆڤسکای پێی وایە، هیچ کام لەو ڕێیانە بەتەنیا ناتوانن کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا کۆنترۆڵ بکەن و، پێویستە دەوڵەتی ئەمریکا ئەو ڕاستییە قبووڵ بکات کە وڵاتانی سووریا، عێراق، لوبنان و یەمەن، وڵاتانێکی جەڵەبی و دەستکردن، کە پاش ڕووخانی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی بەدی هاتوون؛ هەر بۆیەیشە ئێستا کەوتوونەتە ژێر دەسەڵات و فەرمانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێرانەوە. مایکڵ ماکۆڤسکای بەڕوونی باسی ئەوە دەکات، کە پێکهاتەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دابین دەکات و، کاتی ئەوە هاتووە کە ئەو پێکهاتەیە وەلەرزە بخرێت و هەڵوەشێتەوە.

ماکۆڤسکای لە وتارەکەیدا گوتوویەتی، هەم گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و هەم کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕوونی سەلماندوویانە، کە سنوورە سیاسییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەبەر جەڵەبی و دەستکردن و، دەکرێ بەئاسانی بخرێنە ژێر پرسیارەوە.

بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە درێژەی وتارەکەیدا دەڵێت: گەورەترین خاڵی لاوازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەیە کە، ئەو وڵاتە بە یارمەتیی ئەو ڕژێمە تائیفییە سەرکوتکەرانە دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنێت و، پێویستە ئەمریکا کەڵک لەم خاڵی لاوازییە وەرگرێت و پشتیوانی لەو هێزە سەربەخۆییخوازانەی ناوچەکە بکات، کە دژی سیاسەت و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. بە بۆچوونی ماکۆڤسکای، درێژەدان بە ئەم سیاسەتە لە هەمبەر ئێراندا، واتە پشتیوانیکردن لە گەلانی "کورد" و "ئازەری"ی ئێران کە خوازیاری جودابوونەوەن لە دەوڵەتی ناوەندیی ئێران و، دەتوانن پەرە بە ململانێ ناوخۆیییەکانی ئەو وڵاتە بدەن.

 

سەرچاوە:

http://fa.rfi

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples