ڕه‌گوڕيشه‌ى ناڕه‌زايه‌تييه‌كان له‌ ئێران

2018-01-08

ڕه‌گوڕيشه‌ى ناڕه‌زايه‌تييه‌كان له‌ ئێران

 

 د. دورون ئيتزخاكۆڤ- توێژه‌رێكى هاوكاره‌ له‌ سه‌نته‌رى بيگن- سادات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتيژى و، له‌ سه‌نته‌رى Alliance بۆ ديراساتى ئێرانى له‌ زانكۆى ته‌لئه‌بيب.

3ى كانوونى دووه‌مى 2018

سه‌نته‌رى بيگن- سادات بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ى ستراتيژى

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

ناڕه‌زايیيه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى ئێسته‌ى ئێران له‌و كه‌لێنه‌ى نێوان حه‌ز و ئاواتى ڕێبه‌رايه‌تيى ئيسلامى بۆ هێژموونپه‌يداكردنى ناوچه‌يى و حه‌ز و خواستى خۆڕسكانه‌ی خه‌ڵك بۆ گوزه‌رانێكى باشتر، بۆ هه‌رزانى و باشتركردنى پێوه‌ره‌كانى بژێو و ژيان سه‌رچاوه‌يان گرتووه‌ - ئاخر خه‌ڵك چاوه‌ڕێى به‌ڵێن و هه‌رێيه‌كانى‌ سه‌رۆك حه‌سه‌ن ڕۆحانى بوون كه‌ له‌ خولى يه‌كه‌مى سه‌رۆكايه‌تييه‌كه‌يدا به‌ خه‌ڵكى دابوون و، به‌ هۆى ڕێككه‌وتننامه‌ى ساڵى 2015ى نوكليارى [ڕێككه‌وتننامه‌ى 5+1] و هاوپێوه‌ند به‌رهه‌ڵداكردنى هه‌بووه [پاره‌وپووڵه‌]‌ سڕكراوه‌كانى ئێران له‌ سه‌رانسه‌رى دنيادا، ئه‌و چاوه‌ڕوانييانه‌ى خه‌ڵك زێده ‌ببوون... ئه‌م گرژييه‌ى ئێسته له‌و ‌ناڕه‌زاييیه‌ جه‌ماوه‌رييه‌ى له پاش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى ‌ حوزه‌يرانى 2009دا هاته ‌ئاراوه،‌ له‌ چه‌ند خاڵێكدا لێكجودان.

 يه‌كه‌م، له‌ 2009دا، خه‌ڵكى ناڕازى، سه‌ركرده‌ى ئاشكراى خۆيان هه‌بووه‌ (مير حوسێن مووسه‌وى و مه‌هدى كه‌ڕووبى كه‌ تا ئێسته‌ له‌ ماڵه‌كانى خۆياندا ده‌ستبه‌سه‌رن). كه‌چى ناڕه‌زايه‌تييه‌كانى ئێسته‌، به‌سه‌ر ته‌وه‌ر و شه‌به‌نگێكى فراواندا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ و، تاقه‌ سه‌ركرده‌يه‌ك نييه‌ كه‌ خودان پشتيوانييه‌كى سياسيى به‌رفره‌ بێ و ڕابه‌رايه‌تييان بكا. دووه‌م، خۆپيشاندانه‌كانى ئێسته،‌ ئه‌نجامى ناڕازيبوونێكى له‌سه‌ريه‌ك كه‌ڵه‌كه‌بووى ماوه‌يه‌كى درێژه‌، له ‌كاتێكدا ناڕه‌زاييیه‌كانى 2009 سه‌روكاريان به‌ پرسێكى تايبه‌تييه‌وه‌ هه‌بووه‌ (فرتوفێڵ و ساخته‌كارييه‌كانى هه‌ڵبژاردن).

سێيه‌م جياوازى، ته‌وه‌رى جوگرافيى ڕووداوه‌كانه‌. ناڕه‌زاييیه‌كانى ئێسته‌ هه‌م له‌ ناوچه‌كانی په‌راوێزخراو و دووره‌ده‌ستى دامێن و هه‌م له‌ ئوستان (پارێزگه‌)‌كاندا ده‌ستيان پێ كرد، له ‌كاتێكدا ئه‌وانه‌ى 2009 له‌ تارانى پايته‌خت ڕوويان دا. ديماهى وێده‌چێ حاڵى حازر هێزى سه‌ره‌كيى ئه‌و ناڕه‌زايه‌تييه‌ى ئێستا خۆى له‌ نامه‌ركه‌زييه‌ت ببينێته‌وه‌ نه‌ك  له‌ ژماره‌ى خۆپيشانده‌رانى به‌شداربووى ناڕه‌زايه‌تييه‌كان.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، هێڵێكى ڕوون و خويا  ئه‌و دوو ناڕه‌زايه‌تييه‌ پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌: ئه‌ويش به‌كارهێنانى به‌ربڵاو‌ى تۆڕه‌كانى كۆمه‌ڵايه‌تييه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌يانه‌وه‌ خه‌ڵك ده‌هێنرێنه‌ سه‌ر جاده‌. به‌گوێره‌ى ميدياى خۆجێى ئێرانى، ڕۆژنامه‌نووسێكى دووره‌‌وڵات له‌ پشت سازدانى خه‌ڵكه‌ بۆ خۆپيشاندان كه‌ له‌ ڕێگه‌ى تۆڕه‌كانى "تێلێگرام"ه‌وه‌ پێوه‌نديى به‌ خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌كا.

به ‌به‌راورد به‌ هه‌راوهۆرياى كۆمه‌ڵايه‌تى كه‌ ئينقيلابى 1979ى ئيسلامیى لێ كه‌وته‌وه‌، ئه‌وكات كاسێت و په‌يامى نووسراو زۆر به‌به‌رفراوانى به‌كار ده‌هات، ئێسته‌ سۆسيال-ميديا ئامرازێكى سه‌ره‌كييه‌ كه‌ به‌ هۆيانه‌وه‌ خه‌ڵكيان پێ ساز ده‌درێ. ئه‌م ميتۆد و شێوازه‌ له‌ قۆناغى يه‌كه‌مى ناڕه‌زايه‌تييه‌كانى ئێسته‌دا پێويستييه‌كى ئه‌وتۆى به‌ بوونى سه‌ركرده‌يه‌كى كاريزمايى نابێ، وێڕاى كه‌ هاتنه‌گۆڕێى سه‌ركرده‌ و ڕێبه‌رێكى وه‌سا، بۆ به‌رده‌وامبوونى پرۆسه‌كه‌، پێويستييه‌كه‌.

دامه‌زراوه‌ى ئه‌منيیه‌تى ئێرانى، كه‌ هه‌وڵ بۆ بڵاوه‌پێكردن و كپكردنه‌وه‌ى خۆپيشانده‌ران ده‌دا، زۆر له‌ جاران شه‌ڕانيتر و ده‌ستڕه‌شتر بووه‌ و، له‌ سۆنگه‌ى ئه‌مه‌یشه‌وه‌ ژماره‌يه‌كى زۆرترى خۆپيشانده‌ران كوژراون و بريندار كراون و گيراون. له‌وه‌یش زێتر، سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌كانى ڕژێمى ئێسته‌ى ئێرانى كه‌ هه‌موويان له‌ بۆته‌ى توواوه‌ى ئينقلابى ئيسلامييه‌وه‌ سه‌ريان جوقاوه‌، ئه‌زموونێكى به‌رچاويان له‌ شێواندنى سه‌قامگيريى ڕژێمى ئاراى داسه‌پاودا هه‌یه‌. هه‌روا شايانى گوتنه‌‌ خۆپيشاندانه‌كانى ئێسته،‌ كه‌ له‌ شارى مه‌شهه‌ده‌وه‌ ده‌ستيان پێ كرا، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دژ به‌ سه‌رۆككۆمار ڕۆحانى بوون نه‌ك ڕێبه‌رى باڵا، عه‌لى خامه‌نه‌يى. ئه‌و ڕاستييه‌یش هه‌يه كه‌‌ مه‌شهه‌د، زێدى ئيبراهيم ڕه‌ئیسى، ڕكابه‌رى ڕۆحانى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى مايۆى 2017دا، ئه‌وه‌ دێنێته‌ به‌ر زه‌ين كه‌ ئه‌م خۆپيشاندانانه‌، ئه‌نجامى ده‌ستپێشخه‌رييه‌كى دامه‌زراوه‌ى كۆنه‌پارێزيى ئێران بووه‌ دژ به‌ ڕۆحانى.

ڕۆڵى ڕه‌ئيسى، وه‌ك سه‌رۆكى ده‌زگه‌ى به‌هێز و تواناى خێرخوازى- آستان قدس رضوی- و پێوه‌نديى ماڵباته‌كه‌ى به‌ پێشنوێژى مزگه‌وتى مه‌شهه‌د كه‌ ئيمامى هه‌شته‌م له‌ دوازده‌ ئيمامه‌كه‌ى تێدا نێژراوه‌، ڕاسته‌وخۆ ده‌سته‌ودايره‌ لايه‌نگره‌كانى خۆى له‌ مه‌شهه‌د پێ هان و پاڵ ده‌دا. به‌گوێره‌ى هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ى ئێرانى، له‌نێو خۆپيشانده‌ره‌كانى مه‌شهه‌ددا، هه‌ندێ ئه‌ندامى به‌رچاو و ديارى به‌سيج و هه‌ندێ خه‌ڵكى دڵسۆز و سه‌ر به‌ "ڕه‌ئيسی"يان له‌گه‌ڵدا بووه‌. لێ ناڕه‌زايه‌تييه‌كان، وه‌ك چۆن ئاگر له‌ پووش به‌رببێ، ئاوا زوو بڵاو بوونه‌وه‌ و سيمايه‌كى ته‌واو جياوازيان به‌خۆوه‌ گرت كه‌ له‌ بير و هزرى ئه‌وانه‌دا نه‌بووه‌ كه‌ له‌ ده‌سپێكدا ده‌ستيان دابوويێ.

له‌ ده‌سپێكدا، ناڕه‌زايه‌تييه‌كه‌ جه‌ختى ده‌كرده‌ سه‌ر گرانى و گه‌نده‌ڵى كه‌ به ‌شێوه‌يه‌كى به‌ربڵاو له‌ناو داموده‌زگه‌كانى ڕاپه‌ڕاندندا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌. لێ هه‌نده‌ى نه‌برد ناڕه‌زايه‌تييه‌كه‌ بۆ سه‌ر ڕێبه‌رى باڵا و شێوازى كۆنترۆڵكردنى ده‌سه‌ڵات وه‌رچه‌رخا. به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و دروشمانه‌ى له‌ خۆپيشاندانه‌كانى ڕابردوودا ده‌گوترانه‌وه‌ (واته‌ ناڕه‌زايه‌تييه‌كانى‌ ساڵى 1999ى خوێندكاران و ناڕه‌زايه‌تييه‌كانى 2009)،‌ يه‌كه‌م جاره‌‌ داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى بنه‌ماڵه‌ى په‌هڵه‌وى بكرێ بۆ سه‌ر كورسيى ده‌سه‌ڵات‌. ئه‌م داوايه‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌يه‌كى خويا و ڕاسته‌وڕاستى ڕژێمى ئينيقلابى و ميراتى دامه‌زرێنى كۆمار، ئايه‌توڵڵا ڕۆحوڵڵا خومه‌ينى پێك ده‌هێنێ.

بۆ تێگه‌يشتن له‌ ڕه‌گوڕيشه‌ى ئه‌و ناڕازيبوونه‌، ده‌بێ ئاريشه‌ى خه‌ڵكى خواسايیى [عادى و ڕه‌شۆكى] ئێران شى بكه‌ينه‌وه‌، به‌تايبه‌تيش جه‌خت له‌سه‌ر توێژه‌ كز و ناگزوره‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌ينه‌وه‌. له ‌كاتێكدا گوته‌بێژى كۆمارى ئيسلامى ده‌قيڕێنێ و كاتى خۆى له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانى كۆمارى ئيسلامى خه‌رج ده‌كا له‌ بوارى به‌رفره‌كردنى ته‌وه‌رى به‌ره‌نگارى له‌ ڕێگه‌ى كۆڕ و كۆمه‌ڵه به‌وه‌كاله‌تگيراوه‌كانى خۆيه‌وه‌ كه‌ بۆ قازانجى ئێران كار ده‌كه‌ن، ئه‌وا ڕێژه‌ى بێكارى له ‌ناوخۆى ئێراندا 12%ى تێ په‌ڕاندووه‌. له ‌ڕاستيدا، له‌ دوا ئاخاوتنێكدا بۆ پارله‌مان، وه‌زيرى ناوخۆى ئێران دانى به‌وه‌دا نا، كه‌ ڕه‌وشى بێكارى له‌ ناوچه‌ و ده‌ڤه‌ره‌ دووره‌ده‌ست و په‌راوێزخراوه‌كاندا زۆر له‌ تێكڕاى نيشتمانى [معدل= Average ] خراپتره‌ و ده‌گاته‌ ڕادده‌ى 60%.

له‌وه‌یش زێتر،  گرانى و بارى ژيان و گوزه‌ران به‌رده‌وام بارێكى قورسى خستووه‌ته‌ ئه‌ستۆى خانه‌واده‌ى ئێرانييه‌وه‌؛ ئه‌وه‌یش له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى سه‌به‌ته‌‌ى بنه‌ڕه‌تيى به‌روبووم له ‌نێوان خێزانه‌ مامناوه‌ند و چينه‌كانى خواره‌وه‌دا ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ وێڕاى سه‌ركه‌وتنى ڕۆحانى له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى هه‌ڵاوسان به ‌به‌راورد به‌ سه‌رۆككۆمارى پێشه‌ خۆى. سه‌رباريش، ئاستى قاچاخچێتيكردن به‌ كه‌ره‌سته‌ى سڕكه‌ر و ئالووده‌بوون له‌ ئێران، كه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ له‌ وڵاته‌ هه‌ره‌ له‌پێشه‌كانى‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌، ئالينگارى (تحدي)يه‌كى سه‌ره‌كى بۆ سيسته‌مى جێبه‌جێكردنى یاساى نيزامى ئينقيلابيى ئێران پێك دێنێ.

له‌م سۆنگه‌يه‌وه‌، جێگه‌ى سه‌رسووڕمان نييه‌، كه‌ ته‌رخانكردنى بڕێكى زۆرى پاره‌وپووڵ دوا به ‌دواى ڕێككه‌وتننامه‌ى نوكليارى بۆ "ته‌وه‌رى به‌ره‌نگارى- محور المقاومه‌"، بێئومێدييه‌كى گه‌وره‌ى له ‌نێوان خه‌ڵكى خواساييدا لێ بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ چاوه‌ڕوان بوون بڕێ له‌و پاره‌يه‌ بۆ سووككردنى بارى ژيان و گوزه‌رانيان ته‌رخان بكرێ. مه‌ودا و ئاقارى بێئومێدیى ميللى له‌ سياسه‌ته‌كانى سه‌رۆككۆمار ڕۆحانى، ته‌نيا پێوه‌نديى به‌ فه‌شه‌لى ئه‌وه‌وه‌ نييه‌ كه‌ نه‌يتوانيوه‌ به‌ڵێنه‌كانى خۆى له‌ ساته‌وه‌ختى هه‌ڵبژاردندا به‌جێ بهێنێ، وه‌ك: كه‌مكردنه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌ دامه‌زراوه‌ى سياسيدا. وێده‌چێ هه‌وه‌ڵين شت و له‌پێش هه‌موویشيانه‌وه‌ ڕۆحانى، نه‌يه‌وێ له‌ ماوه‌ى دووه‌مى سه‌رۆكايه‌تييه‌كه‌يدا، ته‌باى خولى‌ يه‌كه‌م، له‌ ڕووى سوپاى پاسداراندا بوه‌ستێته‌وه‌.

ڕاسته‌ ڕۆحانى به‌شێكى تۆكمه‌ى دامه‌زراوه‌ى ئينقيلابه‌ و پێشتر وه‌ك سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئاسايشى نيشتمانيى ئێران كارى كردووه‌، لێ ئه‌وه‌یش ڕاسته‌ كه‌ ده‌ستوورى كۆمارى ئيسلامى، ئالينگارى (ته‌حه‌ددى)ی به‌رچاو ڕووبه‌ڕووى سه‌رۆككۆمار ده‌كاته‌وه‌ و، جڵه‌وى به‌شێكى زۆرى ده‌سه‌ڵاتى داوه‌ته‌ ڕێبه‌رى باڵا [عه‌لى خامنه‌يى]‌ نه‌ك ئه‌و. سه‌ربار، بنيادى دووانه‌ى نيزامى ئێران، به‌ سيسته‌مى ئابووريیشه‌وه‌، بوارێكى بچووكى بۆ مانۆڕى سه‌رۆككۆمار هيشتووه‌ته‌وه‌‌.

وێڕاى ئه‌وه‌ى سه‌ره‌وه‌، ڕۆحانى له‌ ماوه‌ى يه‌كه‌مى سه‌رۆكايه‌تيى خۆيدا، هه‌وڵى دا سياسه‌تێك جێبه‌جێ بكا كه‌ زۆر جاران له ‌لايه‌ن ڕكابه‌ره‌ خۆپارێزه‌كان و داموده‌زگه‌ى ته‌ناهيى ئێرانه‌وه‌، ده‌درايه‌ به‌ر ڕه‌خنه‌؛ كه‌چى ماوه‌ى دووه‌مى سه‌رۆكايه‌تييه‌كه‌ى گۆڕانێكى تێ كه‌وتووه‌ به‌ ئاقارى دڵنه‌واييكردنى سوپاى پاسداران. ئه‌م بادانه‌وه‌يه‌ له‌سه‌ر حيسابى خۆشگوزه‌رانيى ئابووريى هاووڵاتيانى ئێرانى بووه‌.  

مێژوونووسى به‌ناوبانگى سه‌ده‌ى چوارده‌م، ئيبن خه‌لدوون، ده‌ڵێ‌ كه‌‌ يه‌كگرتنى خێڵه‌كى (عصبيه‌)، وه‌ك چه‌سپى كۆمه‌ڵايه‌تى وايه‌ كه‌ هه‌م خه‌ڵك پێكه‌وه‌ گرێ ده‌دا و هه‌م به‌گژ "ئه‌وى ديكه‌"ياندا ده‌كاته‌وه‌. له ‌هه‌مان كاتدا ئيبن خه‌لدوون پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یش‌ داده‌گرێ كه‌ بنه‌ماڵه‌ حوكمڕانه‌كان و كه‌لتووره‌كان به‌شێكى ته‌واوكه‌ى سووڕى ژيان پێك دێنن، چونكه‌ هه‌مان يه‌كگرتن كه‌ ڕێگه‌ بۆ نه‌شونما ده‌كاته‌وه‌، به ‌هه‌مان شێوه‌‌ تۆوى له‌به‌ريه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ديماهیى خۆيان، له‌گه‌ڵ خۆياندا هه‌ڵگرتووه‌.

مه‌رام و هه‌وڵى تاران بۆ سه‌پاندنى هێژموونیى ناوچه‌يیى خۆى، ده‌سكه‌وتى به‌رچاوى هه‌بووه‌ كاتێ كه‌ ئه‌و بۆشايیيه‌ى "به‌هارى عه‌ره‌بى" له‌دواى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌ جێى هێشتووه‌، په‌نجه‌ره‌يه‌كى ناوازه‌ى ده‌رفه‌تى بۆ كۆمارى ئيسلامى كرده‌وه‌ كه‌ نفووزى ناوچه‌يیى خۆى فراوان بكا. به‌ هه‌ر حاڵ، ته‌رخانكردنى سه‌رچاوه‌ى زۆروزه‌وه‌ندى دارايى بۆ ئه‌م خوليا هێژموونگه‌رايه،‌ بشێویى كۆمه‌ڵايه‌تیى له‌ناو وڵاتى ئێراندا دروست كردووه‌.

ناكرێ بزاندرێ كه‌ ئایينده‌ چیى له‌گه‌ڵه‌ خۆيدا هه‌ڵگرتووه‌‌، به‌ڵام ناكرێ درز و كه‌لێنى نێوان ڕژێمى ئيسلامى و كۆمه‌ڵگه‌ى ئێرانى فه‌رامۆش بكرێ و به‌هه‌ند وه‌رنه‌گيرێ. ناڕه‌زاييیه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان به‌ره‌نجامێكى ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌‌ سۆسيۆ- ئابوورييه‌كانن كه بێ ئه‌ملاوئه‌ولا‌ و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ یه‌كه‌مین درزێكى گه‌وره‌يه‌‌ كه‌ بكه‌وێته‌ بنيادى كۆمارى ئيسلامييه‌وه‌. ڕاسته‌ درزى یه‌كه‌م پاش ماوه‌يه‌كى كه‌م پاش دامه‌زرانى نيزامى ئيسلامى له‌ 1979دا سه‌ری هه‌ڵدا وه‌كوو ئه‌نجامێكى بڕيارى خومه‌ينى كه‌ ڕووى له‌ هاوبه‌شه‌ ئينقلابييه‌كانى خۆى وه‌رگێڕا كه‌ له‌ ڕووخاندنى شادا هاوكارى بوون. هه‌روا درز و كه‌ڵينى ديكه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ئيتنى و ئايينى و جوگرافى و ناته‌بايیى نێوان نه‌وه‌كاندا سه‌ريان هه‌ڵداوه‌؛ هه‌ڵبه‌ت وه‌ك ئه‌نجامێكى ململانه‌ى سياسى و شه‌خسى له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و پله‌ و پايه‌ و كۆنترۆڵكردندا.

گومانێكى كه‌م هه‌يه،‌ دامه‌زراوه‌ى ئه‌منيیه‌تى ئێران، كه‌ له‌ ئينقيلابى ئيسلامى به‌پاش كه‌وتووه، ئاگاييیه‌كى قووڵى له‌ مه‌ترسييه‌كانى ناسه‌قامگيريى كۆمه‌ڵايه‌تى هه‌بێ و، بزانێ كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ى له‌ته‌كدا بكا؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، سه‌ركرده‌كانى ڕژێمى ئێران خۆيان به‌شێكن له‌ ئينقيلابى ئيسلامى كه‌ له‌ ساڵى 1979دا‌ نيزامى شاهه‌نشاهیى ڕووخاند. لێ ئه‌گه‌ر مێژوو وانه‌يه‌كمان فێر بكا، ئه‌وه‌يه‌ كه‌ مانه‌وه‌ى درێژخايه‌ن له‌ ده‌سه‌ڵاتدا زۆر جاران حوكمڕانان له‌ ئاست پێداويستى و خواستى ڕه‌عيیه‌ته‌كانى خۆياندا كوێر ده‌كا. له‌ ئه‌نجامى ئه‌و كوێربوونه‌دا، هه‌ڵه‌وپه‌ڵه‌ى ئه‌وتۆ ده‌كرێن كه‌ له‌وانه‌يه‌ دانيشتووان زيانى زۆريان به‌ر بكه‌وێ و ئه‌و به‌لانسه‌ هه‌ستياره‌ى نێوان ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ تێك بدا و وه‌ربگێڕێ.

 

سەرچاوە:

https://besacenter.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples