ڕووسيا و ئێران: دۆست و نه‌يارى يه‌كدى

2018-01-22

ڕووسيا و ئێران: دۆست و نه‌يارى يه‌كدى

 

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

ئيميل ‌ئاڤداليانى- وانه‌ى مێژوو و پێوه‌ندييه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان له‌ زانكۆى تبليس و زانكۆى ئيليا ده‌ڵێته‌وه‌. كارى بۆ چه‌ندين كۆمپانياى ڕاوێژكاريى نێوده‌وڵه‌تى كردووه‌ و، ئێستایش له‌باره‌ى په‌ره‌سه‌ندنه‌ سه‌ربازى و سياسييه‌كان له‌ سه‌رانسه‌رى قه‌ڵه‌مڕه‌وى سۆڤيه‌تى جاران، وتاران بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

ئێران چه‌ند سه‌ده‌يه‌كه‌ هێزێكى هه‌رێمايه‌تييه‌. ماڵباته‌ ده‌ستڕۆيشتووه‌ حوكمڕانه‌كانى ئێران، وه‌ك بنه‌ماڵه‌ى ئه‌خمينى و ساسانيیه‌كان له‌ كۆنى كۆندا و، بنه‌ماڵه‌ى سه‌فه‌وى و قاجاڕييه‌كان له‌ سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌ و هه‌ژده‌دا، چاويان له‌وه‌ بووه‌ ڕۆڵێكى سه‌ره‌كى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، خوارووى قه‌وقاز و جێگه‌ى ديكه‌دا بگێڕن. له‌ ده‌يه‌كانى پاش بڕانه‌وه‌ى جه‌نگى سارديشدا، كاتێ كه‌ وڵاتانى ڕۆژاوايى سزايان به‌سه‌ر به‌رنامه‌ى نوكلياريى تاراندا سه‌پاند، په‌لوپۆى ئێران به‌سترا، كه‌ نفووزى سياسى و ئابووریى خۆى له‌ ده‌ره‌وه‌ بڵاو بكاته‌وه‌.

به‌ هه‌ر حاڵ، به‌ هه‌ڵگرتنى فه‌رميى سزاكان له‌ ده‌سپێكى 2016 دا و، ڕه‌تكردنه‌وه‌ى تا ئێستای ساتوسه‌وداى نوكلياریى ئێرانى  [ڕێككه‌وتننامه‌ى 5+1] له ‌لايه‌ن  كاربگێڕيى ترامپه‌وه‌ (وێڕاى كه‌ هه‌ر به‌ قسه‌ بووه‌)، تاران ئێستا ڕێوشوێن ده‌بينێته‌وه‌ بۆ په‌لهاوێشتن و به‌رفره‌كردنى نفووزى ئابوورى و سياسیى خۆى، له‌ ده‌رياى سپييه‌وه‌ بگره‌ تا باشوورى قه‌وقاز و جێى ديكه‌یشدا. كۆسپى به‌رده‌م ئێران ئه‌وه‌يه‌، كه‌ ئارمانجه‌ جيۆپۆلیتيكه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى ڕووسيا‌دا تێك ده‌چه‌قن. مۆسكۆ له‌ باشوورى قه‌وقازدا هه‌وڵ ده‌دا يه‌كێتيى ئه‌وروپى و ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا‌ له‌ فاق بنێ، كه‌ ئه‌وله‌ویياتى خۆى هه‌يه‌؛ له‌ سووريا‌یش هه‌روا كه‌ ئه‌وروپى و ئه‌مريكييه‌كان به‌رژه‌وه‌ندييان لێ هه‌يه‌.

ئه‌و لۆژيكه‌ى له ‌پشت هاريكاريى نێوان ڕووسيا‌ و ئێرانه‌وه‌يه‌،‌ بوارى ئابوورى و سه‌ربازى‌ بگره‌ تا بوارى جيۆپۆلیتيكى، ده‌گرێته‌وه‌. بۆ نموونه‌، هه‌ردووكيان ده‌يانه‌وێ گاز بۆ بازاڕه‌كانى ئه‌وروپا بنێرن، يان بڕێكى زێتريان بۆ هه‌نارده‌ بكه‌ن. نه‌خاسمه‌ ئێران كه‌ له‌ بار و ڕه‌وشێكى باشدايه‌، ده‌يه‌وێ‌ به‌شێكى بازاڕى گازى ئه‌وروپى بۆ خۆى ببا، چونكه‌ يه‌كێتيى ئه‌وروپى‌ له‌ باڵاده‌ستيى ڕووسيا‌ له‌م بواره‌دا، نيگه‌ران بووه‌. ده‌كرێ گازى ئێرانى ئامرازێكى زۆر باش بێ بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ى هه‌ندێ ترس و بيمى ئه‌وروپييه‌كان‌، لێ تاران تا گازى خۆى بنێرێته‌ ده‌ره‌وه،‌ پێويستیى به‌ به‌نده‌ره‌كانى سه‌ر ده‌رياى ڕه‌ش ده‌بێ، وه‌ك به‌نده‌رى باتوومى و پۆتى له‌ گورجستان، سه‌ربارى ئه‌وه‌یش حه‌ز و ئاره‌زووى خۆى ده‌ربڕيوه‌ كه‌ ئه‌و بۆڕييانه‌ى گاز، كه‌ به‌ ئه‌نادۆڵ و به‌ ئه‌درياتيكدا تێ ده‌په‌ڕن، به‌كار بهێنێ.

وه‌ك ئه‌نجامێكى ئه‌و هه‌وڵه‌، ئێران پێشكه‌وتنێكى له بوارى‌ خۆدامه‌زراندن له‌ كه‌ناره‌كانى ده‌رياى ڕه‌شدا به‌ده‌ست هێناوه‌. له‌ ئاخير و ئۆخرى 2016دا، ڕێككه‌وتن كراوه‌ كه‌ تاران ئاسانكارى و ده‌زگه‌ى پێويست بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى نه‌وت له‌سه‌ر پانتاييیه‌كى 1,2 كم چوارگۆشه‌ له‌ نزيك شارى سوپساى گورجستان له‌سه‌ر ده‌رياى ڕه‌ش پێك بهێنێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، هێشتا كۆسپێكى گرنگ له‌ باشوورى قه‌وقاز ڕووبه‌ڕووى ئێران ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌م توركيا ‌و هه‌م ڕووسيا‌، چ له‌ ڕووى ئابوورى و چ له‌ ڕووى سه‌ربازييه‌وه‌، له‌ ناوچه‌كه‌ خۆيان باش دامه‌زراندووه‌. بۆ نموونه‌ مۆسكۆ، تا ئێستا‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌ كه‌‌ له‌مپه‌ر بۆ هه‌موو هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵايه‌كى ئێران دروست بكا‌ و، ڕێ له‌ ڕاكێشانى بۆڕى و هێڵى ئاسنينى سه‌ربه‌خۆى ئێرانى بۆ ئه‌رمه‌نستان و گورجستان بگرێ.

ده‌كرێ ململانێ و كێشه‌ى ناگۆرنۆ- قه‌ره‌باخ، بوارێكى ديكه‌ى چوونه‌ ناو بازنه‌ى نفووزى ڕووسى بێ له‌ لايه‌ن ئێرانه‌وه‌. له‌ سه‌ره‌تاى نه‌وه‌ده‌كاندا، حكوومه‌تى ئێرانى چه‌ند هه‌وڵێكى سه‌رنه‌كه‌وتووانه‌ى بۆ ناوبژيوانيكردن له‌ نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ دا. چونكه‌ هه‌م ئه‌رمه‌نستان و هه‌م ئازه‌ربایجان سنووريان له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌يه ‌و، له‌م سۆنگه‌يه‌یشه‌وه‌ شتێكى سروشتييه‌ كه‌ ڕه‌چاوى ئه‌وه‌ له‌ ئێران بكرێ، ڕۆڵێكى گه‌وره‌تر له‌وێ بگێڕێ. به‌ هه‌ر حاڵ، ڕووسيا‌ هێشتا هێزێكى باڵاده‌سته‌ له‌ پرۆسه‌ى بڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و كێشه‌يه‌دا و، دژايه‌تیى هه‌ر ده‌سپێشخه‌رييه‌كى ئێرانى ده‌كا كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بێ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕۆڵى مۆسكۆ.

سه‌ربارى ڕكبه‌ڕكه‌ى نێوانيان، ئێران و ڕووسيا‌ هاريكاریى يه‌كتريش ده‌كه‌ن

ئه‌گه‌ر له‌‌ ڕوانگه‌ى جیۆپۆلیتيكييه‌وه‌ سه‌يرى پێوه‌ندييه‌كانى ڕووسيا‌- ئێران بكرێ، له‌ گرفت و كێشه‌‌ به‌ده‌ر نييه‌، لێ بنه‌ماگه‌لێكيش بۆ هاريكاريى نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌ ئارادان. نه‌خشه‌ى ئۆراسيا [ئه‌وروپا+ئاسيا]، نيگايه‌كى گشتگيرت پێ ده‌دا كه‌ چ مه‌نيقێك له ‌پشت هاريكاريى له‌نزيكه‌وه‌ى‌ ده‌سته‌بژێرى سياسيى ڕووسيا ‌ له‌گه‌ڵ تاراندا هه‌يه‌.    

له‌ به‌رژه‌وه‌نديى هه‌ر دوو وڵاتدايه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووى ته‌حه‌دديياتى سه‌ربازيى ڕۆژاوايى ببنه‌وه،‌ چ له‌ باشوورى قه‌وقاز و‌ چ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا. هه‌ر دوو لايان پێيان وايه‌ كه‌ ستراتيژیی گه‌وره‌ى ئه‌مريكا‌ له‌ ناوچه‌كانى ئۆراسيا، له‌به‌ر ئه‌وله‌ويياته‌ جيۆپۆلیتيكه‌كانى ڕووسيا‌ و ئێران، چاره‌نووسسازه‌. به‌ لاى ڕووسيا‌وه‌، ئه‌مريكا‌ نيزامى دواى جه‌نگى سارد پێشێل ده‌كا له‌ ڕێگه‌ى گوشارى سه‌ربازيى زێتره‌وه‌ بۆ‌ سه‌ر مۆسكۆ له‌ ناوچه‌ و فه‌زاى سۆڤيه‌تى جاراندا. به ‌لاى ئێرانيشه‌وه‌، ئه‌مريكا‌ ده‌يه‌وێ ئارمانجه‌ نوكليارييه‌كانى ئێران سنووردار بكا‌، هه‌روا بێته‌وه‌ سنوور بۆ په‌لهاوێشتنه‌ جيۆپۆلیتيكه‌كانى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا دابنێ.

ئه‌م ترسه‌ هاوبه‌شه‌ى هه‌ر دوو وڵات له‌ ئه‌مريكا،‌ ده‌كرێ به‌ يه‌كێ له‌ هۆكاره‌ پاڵنه‌ره‌كانى پشت هاريكاريى له‌نزيكه‌وه‌ ڕووسى- ئێرانى بێ. به‌م دواييیه‌، واشنتۆن په‌رده‌ى له‌سه‌ر دۆكيومێنتێكى نيشتمانيى ستراتيژيى نوێ هه‌ڵماڵى، كه‌ باس له‌ گرفته‌ سه‌ره‌كييه‌كانى ئه‌مريكا‌ له‌ ته‌واوى ئۆراسيادا ده‌كا و، مۆسكۆ و تاران به‌ دوو وڵاتى هه‌ره‌ به كێشه‌ و ‌گرفت بۆ به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى خۆى ده‌زانێ.

شوێنێكى ديكه‌ى هاريكاريى ڕووسى- ئێرانى، سووريايه‌، كه‌ هه‌ردووكيان به‌رژه‌وه‌ندييان له‌ ڕاگرتنى نفووزى ڕۆژاوا‌ (به ‌شێوه‌يه‌كى سه‌ره‌كى ئه‌مريكا‌)دا هه‌يه‌. زۆر شت له‌سه‌ر ئه‌و ڕێوشوێنه‌ سه‌ربازى و ئابوورييانه‌ نووسراوه‌ كه‌ مۆسكۆ و تاران چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ سووريا پێڕه‌ویى لێ ده‌كه‌ن- لێ جياوازى و ناته‌بايى له ‌نێوان هاوپه‌يمانه‌كانى سه‌رده‌مى جه‌نگدا دێته ‌ئاراوه‌، كاتێ كه‌ شه‌ڕوشۆڕ له‌وێ كۆتايى پێ دێ. له ‌ڕاستيدا ئێسته‌ له‌ ميديادا ئاماژه‌ بۆ ناته‌بايیى نێوان ڕووسيا‌ و ئێران له‌باره‌ى مێتۆده‌كان، ئامانجه‌كان و ئه‌نجامه‌كانى جه‌نگ له‌ سووريا ده‌كرێ.

وێڕاى هاريكاريى نێوان مۆسكۆ و تاران، ئه‌و دووانه‌ دژايه‌تیى ئارمانجه‌ جيۆپۆلیتيكه‌كانى يه‌كديیش ده‌كه‌ن. ئێران تا ڕادده‌يه‌ك بۆ گه‌يشتنه‌ سه‌ر ده‌رياى سپیى ناوه‌ڕاست خۆى قايم كردووه‌ [واته‌ كۆريدۆرێكى زه‌وينیى كردووه‌ته‌وه‌ - ئاسۆ] و، ئيدى مۆسكۆ هه‌راسان ده‌بێ كه‌ ببينێ ئێرانێكى به‌هێز له‌ سووريا، شوێنكه‌وته‌ى سه‌ركردايه‌تیى ڕووسى نابێ. سه‌ربارى ئه‌و ڕاستييه‌ى‌ كه‌ ڕووسيا‌ و ئێران جياوازيى سياسييان له ‌نێواندا هه‌يه‌، لێ‌ هێزه‌كانى‌ جيۆپۆله‌تيك بايى ئه‌وه‌ به‌گوڕ و كاريگه‌رييان هه‌يه‌ كه‌ تا ئێسته ئه‌و دوو وڵاته‌‌ هاريكاریى يه‌كترى بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌:

https://besacenter.org/

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples