عه‌فرين، بێمتمانه‌يیى نێوان توركيا- ئێران- ڕووسيا‌ به‌ته‌واوى ده‌خاته‌ ڕوو

2018-02-20

عه‌فرين، بێمتمانه‌يیى نێوان توركيا- ئێران- ڕووسيا‌ به‌ته‌واوى ده‌خاته‌ ڕوو

 

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

په‌يامنێرێكى ئه‌لمۆنيتۆر، 16ى شوباتى 2018

نزيكه‌ى دواى مانگێك له‌ په‌لامارى توركيا‌، "ئۆپه‌راسيۆنى چله‌ زه‌يتوون" بۆ سه‌ر ناوچه‌ى عه‌فرين له‌ باكوورى سووريا‌، ئه‌نجامێكى ڕوون و خوياى نه‌بووه‌. له‌ ده‌سپێكى ئه‌م هێرشه‌وه‌، ئارمانج و مه‌به‌سته‌كانى توركيا‌ پاش ئه‌و په‌لاماره‌ى عه‌فرين وه‌ك مه‌سه‌له‌يه‌ك كه‌ مايه‌ى نيگه‌رانیى جدديى ياريزانه‌كانى ديكه‌ بێ، ماونه‌ته‌وه‌- به ‌شێوه‌يه‌كى سه‌ره‌كى بۆ ئێران- ئاخر كاردانه‌وه‌ى ئێران ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ خۆى له‌ پشتيوانيكردن له‌و هێرش و په‌لاماره‌ى توركيا‌ به‌دوور بگرێ و، له ‌هه‌مان كاتيشدا پشتيوانى له‌ يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل- يه‌په‌گه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا نه‌كا.

به ‌لاى ئێرانه‌وه‌، ده‌ستێوه‌ردانى توركيا‌ ته‌نيا و ته‌نيا ڕه‌وشى ئاڵۆزوپاڵۆزى ئێسته‌ى سووريا‌ ئاڵۆزتر ده‌كا و پرۆسه‌ى ئاشتيى سوتچى لاواز ده‌كا كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى 28ى كانوونى دوومدا پاشه‌كشه‌يه‌كى سه‌ره‌كیى به‌خۆوه‌ بينى، كاتێ كه‌ زۆرينه‌ى ئۆپۆزيسيۆنى سوورى بايكۆتى كۆنفڕانسه‌كه‌يان كرد.

به‌م شێوه‌يه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له ‌نێوان هه‌ر سێ سه‌رۆكى ڕووسيا‌‌، توركيا‌ و ئێراندا كۆبوونه‌وه‌يه‌ك له‌ ئيستانبۆڵ بۆ وتووێژكردن له‌باره‌ى دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى ناوچه‌كه‌ بكرێ، لێ هێشتا چوارچێوه‌يه‌كى ڕوونى كات بۆ ئه‌م كۆبوونه‌وه‌يه‌ دانه‌نراوه‌. ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ سێقۆڵييه‌، دواى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ هاوشێوه‌يه‌ دێ كه‌ له‌ 22ى نۆڤه‌مبه‌رى 2017دا له‌ سوتچى كرا و، چوارچێوه‌يه‌كى بۆ هاريكاريى نێوان هه‌ر سێ ده‌وڵه‌ت ده‌رهه‌ق به‌ قه‌يرانى سووريا‌ دانا.

به‌پێی قسه‌ی كاربه‌ده‌ستێكى ئێرانى، كه‌ به‌و مه‌رجه‌ قسه‌ى بۆ ئه‌لمۆنيتۆر كرد ناوه‌كه‌ى نه‌هێنرێ، تاران ڕێنوێنى و ئامۆژگاریى ئانكارا‌ى كردووه‌ كه‌ ئاگاى له‌وه‌ بێ، ڕۆ نه‌چێته‌ ناو شه‌ڕێكى "خوێناوی"یەوه‌ له‌ عه‌فرين. "ڕوانگه‌ى ئێران ئه‌وه‌يه‌ كه‌ شه‌ڕڤانه‌ كورده‌كان هێڵ و خه‌تى پشتيوانيى خۆيان هه‌يه‌ و، زۆر لايه‌ن له‌وانه‌يه‌ بيانه‌وێ توركيا‌ ببينن كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ناو زۆنگاوێكه‌وه‌. له‌م سۆنگه‌يه‌وه‌، بۆ توركيا‌ باشتره‌ ئيحتيواى ئه‌م سه‌رچلى و سه‌ركێشييه‌ى خۆى بكا، يان ئه‌وه‌تا ده‌بێ بزانێ كه‌ چه‌ند سوپاى توركى تووشى خوێنڕژان ده‌كا."

تاران له‌و باوه‌ڕه‌دايه‌ كه‌ شه‌ڕڤانه‌كانى كورد له‌ عه‌فرين له‌خۆيانه‌وه‌ ناجووڵێنه‌وه ‌و هاريكاريى سه‌خاوه‌تمه‌ندانه‌يان له‌ چه‌ندين لاى جياوازه‌وه‌ پێ ده‌كرێ. له‌م ڕوانگه‌يه‌وه‌ ئاشكرايه‌ كه‌ هه‌ر پاشه‌كشه‌يه‌كى جدديى توركيا‌ له‌ عه‌فرين به‌ ماناى هاتنه‌ئاراى ستاتۆ و ڕه‌وشێكى نوێ دێ له‌ باكوورى سووريا ‌و، هيواى كوردان بۆ ژيانه‌وه‌ى داخوازييه‌كانيان نوێ ده‌بێته‌وه‌ كه حوكمڕانيى‌ قه‌واره‌يه‌كى پته‌و به‌ درێژايیى سنوورى توركيا‌ بكه‌ن. سه‌رباريش، له‌ حاڵه‌تى سه‌رنه‌كه‌وتنى توركيا‌دا، هزر ده‌كرێ ئه‌مريكا شوێنپێيه‌كى به‌هێزترى له‌ سووريا‌ ده‌ست كه‌وێ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌يه‌ك ده‌بێ بۆ بوونى ئێران و هاوپه‌يمانه‌كانى له‌ نزيك حه‌له‌ب.

هه‌ر سێ كۆڵه‌گه‌كه‌ى پرۆسه‌ى ئاستانا- واته‌ ڕووسيا‌‌، توركيا‌ و ئێران-  وێڕاى بوونى هه‌ندێ خاڵى هاوبه‌ش له ‌نێوان ئه‌و سێ ئه‌كته‌ره‌دا،  لێ هه‌ر يه‌كه‌يان له‌ شه‌ڕى عه‌فريندا لايه‌كى جياوازى گرتووه‌. له‌وانه‌يه‌ ئه‌م فاكته‌ره‌ درز و كه‌لێن له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و ڕێچكه‌ هاوبه‌شه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌ند مانگى ڕابردوودا له ‌نێوان ئه‌و سێ لايه‌نه‌دا هه‌بووه‌ وه‌ك هه‌وڵدانێكى جددى بۆ گه‌يشتن به‌ چاره‌سه‌رێكى ئاشتييانه‌ى كێشه‌ و گرفتى ئێسته‌ى سووريا‌. له ‌كاتێكدا توركيا‌ له‌ حاڵه‌تى هێرش و په‌لاماردايه‌، ڕووسيا‌‌ هه‌وڵ ده‌دا پێوه‌ندى و ڕايه‌ڵكه‌كانى له‌گه‌ڵ ئانكارا‌دا بپارێزێ و، له ‌هه‌مان كاتدا پێوه‌ندييه‌كى به‌هێزيشى له‌گه‌ڵ كورده‌كاندا هه‌بێ.

سه‌رچاوه‌يه‌كى سه‌ربازیى نزيكه‌ عه‌فرين، بێ ئه‌وه‌ى ناوى بهێنرێ، به‌ ئه‌لمۆنيتۆرى گوت: "ڕووسه‌كان وه‌ستاى ئيداره‌دانى گه‌مه‌ى دژبه‌ره‌كانن؛ له ‌كاتێكدا هيچ دژايه‌تييه‌ك له‌ هه‌مبه‌ر لايه‌نى توركى نيشان ناده‌ن، خۆیشيان له‌ كوردان دوور نه‌خستووه‌ته‌وه‌ و به‌ته‌نيايان له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا جێ نه‌هێشتوون." هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌يه‌ ده‌ڵێ‌: "ڕووسه‌كان، شه‌ڕڤانانى كورد له‌ حه‌سه‌كه ‌و قامشلۆوه‌ بۆ عه‌فرين ده‌گوازنه‌وه‌. له ‌ته‌ك ئه‌وه‌یشدا شتێكى بالكێشه‌ كه‌ بزانرێ چۆن كورده‌كان مووشه‌كى دژه‌ته‌نكيان ده‌ست كه‌وتووه‌."

ئێرانييه‌كان هه‌وڵيان داوه‌ و ده‌ده‌ن كه‌ سه‌ودا و "صفقه‌"يه‌ك له ‌نێوان كوردان و سوپاى سووريدا بكرێ كه‌ سوپاى سووريا‌ و هه‌ندێ گرووپى هاوپه‌يمانى ئێران [يان هه‌ندێ گرووپى سه‌ر به‌ ئێران] له‌ ناوچه‌كه‌دا له ‌ته‌ك شه‌ڕڤانه‌كانى كورددا بڵاوه‌يان پێ بكرێ. ئامانجى هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵاكانى ئێران بۆ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ باشترين ئه‌نجامى شياوه‌ى لێ بكه‌وێته‌وه‌؛ ئه‌ويش پاراستنى پێگه‌ى ئێرانه‌ هه‌م وه‌ك دۆستێكى توركيا‌ و هه‌م كورده‌كانى سووريا‌ و؛ له ‌هه‌مان كاتدا ڕێگه‌ له‌ لايه‌نه‌كانى ديكه‌ بگيرێ كه‌ ده‌يانه‌وێ ئه‌و شه‌ڕه‌ى عه‌فرين بۆ قايمكردنى پێگه‌ى خۆيان له‌ قه‌يرانى سووريدا بقۆزنه‌وه‌- به‌تايبه‌تى ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا‌.

سه‌رچاوه‌ سه‌ربازييه‌كه‌ى نزيكه‌ عه‌فرين به‌ ئه‌لمۆنيتۆرى ڕاگه‌ياند كه‌ له‌ پاڵ شه‌ڕڤانه‌كانى كورد كه‌ به‌رگری له‌ شاره‌كه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ندێ شه‌ڕكه‌رى عه‌ره‌بى سوورييش هه‌ن كه‌ سه‌ر به‌ ئێرانن. سه‌رچاوه‌كه‌ باسى له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ به‌رپرسيارێتیی دڵنيابوونيان به‌ ئه‌ستۆوه‌يه‌ كه‌ هێزه‌كانى توركيا‌ به‌ره‌و ناوچه‌كانى ديكه‌ نه‌په‌ڕيونه‌ته‌وه ‌و، له‌م سۆنگه‌يه‌وه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ مووشه‌كى دژه‌تانكيان پێيه‌ بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ هه‌ر په‌لامارێكى له‌م جۆره‌. نيگه‌رانیى جددى هه‌م له‌ لاى سوورييه‌كان و هه‌م له ‌لاى ئێرانييه‌كان هه‌يه‌ كه‌ له‌وانه‌يه ئامانجى‌ توركيا‌ ئه‌وه‌ بێ كه‌ كارته‌كان له‌ باكوورى سووريا‌ تێكه‌ڵوپێكه‌ڵ بكاته‌وه‌ و جارێكى ديكه ته‌واوى ڕه‌وشه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ چوارگۆشه‌ى يه‌كه‌م.‌

به ‌شێوه‌يه‌كى جودا، له‌ 5ى شوباتدا، كاروانێكى سه‌ربازيى توركى گه‌يشتنه‌ "تل ئه‌لسيس"ى باشوورى ڕۆژاواى شارى حه‌له‌ب، لێ هه‌ر پاش گه‌يشتنيان دوو جار له ‌لايه‌ن چه‌كداران‌ په‌لاماريان دراوه‌. به‌گوێره‌ى به‌ياننامه‌يه‌كى ڕه‌سميى توركى، دوو سه‌رباز هاتوونه‌ته‌ كوشتن كاتێ كه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ به‌ ڕۆكێت و هاوه‌نان په‌لامارى هێزه‌كانى توركيا‌يان داوه‌. به ‌هه‌ر حاڵ، ئه‌و به‌ياننامه‌يه‌، ديارى نه‌كردووه‌ كه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ كێن و كێ نين.  هاتنى هێزه‌كانى توركيا‌ بۆ ناوچه‌كه،‌ به‌و ئامانجه‌ بووه‌ كه‌ خاڵێكى ديكه‌ى چاودێرى دابنێن وه‌ك به‌شێك له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى ئاستانا له‌گه‌ڵ ڕووسيا‌‌ و ئێراندا بۆ پێكهێنانى ناوچه‌كانى كه‌مكردنه‌وه‌ى پێكدادان. له ‌سايه‌ى ئه‌م سه‌ودايه‌ سێقۆڵييه‌دا- كه‌ ئامانج لێى كه‌مكردنه‌وه‌ى پێكدادان و توندوتيژى بووه‌- توركيا‌ ڕازى بووه‌ كه‌ ده‌رزه‌نێك خاڵى چاودێرى له‌ ئيدلب و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى دابنێ.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، وێڕاى ڕێككه‌وتننامه‌ى نێوانيان، ئه‌و خاڵه‌ چاودێرييانه‌ له‌وانه‌يه‌ كاريگه‌ريى نيگه‌تيڤيان بۆ سه‌ر پێشڕه‌ويى هێزه‌كانى حكوومه‌تى سووريا‌ به‌ره‌و ئيدلب هه‌بێ. له‌م سۆنگه‌يه‌وه‌ ڕوون نييه‌ كه‌ داخوا هه‌م ئێران و هه‌م ڕووسيا‌‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌وشه‌كه‌دا ده‌كه‌ن: ئايا ناوچه‌كانى كه‌مكردنه‌وه‌ى پێكدادان له‌به‌ر به‌ريه‌ككه‌وتنى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ پێكناكۆكه‌كان وه‌ك خۆيان ده‌مێننه‌وه‌؟ ديسان ئه‌مه‌یش ئاماژه‌يه‌كى ڕوون و ئاشكرايه‌ بۆ ئاستى ئه‌و بێمتمانه‌يیيه‌ى له‌ مه‌يداندا له ‌نێوان ياريزانه‌ گه‌وره‌كانى كێشه‌ى سووريا‌دا هه‌يه‌- و كاريگه‌ريى ئه‌و بێمتمانه‌يیيه‌ له‌سه‌ر ته‌واوى سووریا كه‌ شه‌ڕ هه‌لا- هه‌لاى كردووه ‌و له‌بار يه‌كى هێناوه‌ته‌ ده‌ر.

 

http://www.al-monitor.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples