پڕۆفیسۆر ئۆفرە بێنگیۆ: پێچەوانەی زۆربەی چاودێران و شیکەرەوان من بەتەواوی گەشبینم بە داهاتووی هەرێمی کوردستان

2018-02-21

پڕۆفیسۆر ئۆفرە بێنگیۆ: پێچەوانەی زۆربەی چاودێران و شیکەرەوان من بەتەواوی گەشبینم بە داهاتووی هەرێمی کوردستان



وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

 پڕۆفیسۆر ئۆفرە بێنگیۆ، مامۆستا لە بەشی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکا و، توێژەر لە سەنتەری مۆشی دایەن بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، زانکۆی تەل ئەڤیڤ، ئیسڕائیل. تایبەتمەندە لە بوارەکانی: مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیاسەتی نوێ و هاوچەرخی عێراق و کەمینەکان و، لەم چوارچێوەیەیشدا کورد و عەرەب. گۆڤاری "گوڵان" لە سەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنی لەگەڵدا ئەنجام داوە.


پرسیار: سەرەتا ئەوەی کە لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەردا ڕووی دا، چۆن وێنا دەکەی؟

وەڵام: ئەمە یەکێک لە خراپترین نسکۆکانی مێژووی هەرێمی کوردستان بوو. حکوومەتی هەرێم پێگەی خۆی لە ناوچە دابڕێندراوەکان لەدەست دا و، حکوومەتی بەغدایش هەر دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستانی داخست کە پەنجەرەیەک بوو بۆ گەیشتن بە جیهان و، لە کاتێکدا بەردەوام بوو لە گوشارخستنەر سەر هەرێم لە ڕووی ئابووری، سەربازی و سیاسی. سێ هۆکاری سەرەکی، بەیەکەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان لەناکاو داتەپاند: هۆکاری ناوخۆیی، هاوپەیمانیی سێقۆڵیی نێوان تورکیا، عێراق و ئێران و، هەڵوێستی نەرێنیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. نەبوونی پلانی  بۆ قۆناغی دوای ڕیفراندۆم گۆڕانکارییەکی کتوپڕی دروست کرد و برینەکەی قووڵتر کرد.

پرسیار: هەروەک دەزانن هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هەوڵ دەدات باری لاسەنگی خۆی ڕاست بکاتەوە، کوردستان پێویستە و دەبێت چی بکات بۆ ئەم مەبەستە؟

وەڵام: حکوومەتی هەرێم پێویستە لە یەک کاتدا لەسەر ئاستی جیاواز ڕەفتار بکات بۆ ئەوەی بەسەر ئەم دۆخە نالەبارەیدا زاڵ بێت. گرنتگرین ئەرکی، ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی کوردە؛ جگە لەمە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، بەدیاریکراویش بەر لە هەڵبژاردنەکانی عێراق. چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری کە گورزێکی گەورەی لە خەڵکی کوردستان داوە ئەرکێکی پێویستی ترە و، لۆبیی کوردی بۆ گوشارکردن بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەموویان گرنگترە لە ئێستادا کاتێک بەغدا بڕیاری ئەوەی دابوو کە کورد بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی بەعس. ئەم هەوڵانە دەبێت لە لایەن خەڵک، کەسانی لێهاتوو و پیشەیییه‌وه‌ ئەنجام بدرێن کە کوردانی تاراوگە دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگی تێدا بگێڕن.

پرسیار: هاوڕای کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ئێران توانیویەتی زۆر بەڕژدی پایەکانی خۆی لە سیاسەتی عێراقدا جێگیر بکات، ئەگەر وایە، دەرهاوێشتەکانی هێژموونی ئێران بەسەر عێراقەوە چین؟

 وەڵام: ئێران وەک گەورەترین براوە لە دوایین پێشهاتەکاندا دەرکەوتووە. هەوڵی داوە کاریگەرییەکانی خۆی نەک بەتەنیا بەسەر عێراقدا بسەپێنێت بەڵکوو چاوی لەوە بووە لە ڕێگەی عێراقەوە، بگات بە دەریای سپیی ناوەڕاست، سووریا و لوبنان. زەرەرمەندی سەرەکییش حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە کە هاوسەنگیی هێزی لە بەرامبەر بەغدا لەدەست داوە. حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا کە سەربەخۆییی خۆی لەدەست داوە و بووەتە جۆرێک لە داردەست و ئەڵقەلەگوێی تاران. تورکیا بە هۆی هاوپەیمانێتییە لەرزۆک و کتوپڕەکەی لەگەڵ ئێران کاریگەریی خۆی لە هەرێمی کوردستان لەدەست دا و لە هەمووی گرنگتر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی لە مەترسیدایە، چونکە ئێران هەڵەکەی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی لەسەر حساب و پشتی ئانكارا قۆستۆتەوە.

پرسیار: ئایا هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریکا مایەی نائومێدی و تێنەگەیشتن بوو لە هەمبەر ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا؟ ئەمەیش وەک دەرخەری ئەو ڕاستییەی بۆ ئەو پێشهاتانەی کە لە دوای سێ ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی ستڕاتیژیی ئەو وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران ڕوویان دا؟

وەڵام: ئیدارەی ئەمریکا خوازیاری بیرۆکەیەکە کە عێراق بکات بە دەوڵەتێکی یەکگرتوو، ئەگەرچی لە سەد ساڵی ڕابردوودا ئەوە سەلمێنراوە کە ئەم کیانە دەستکردە تەنیا بە هێزی چەکدار و توندوتیژی و خوێنڕشتن دەتوانێت یەکگرتوو بێت. تێنەگەیشتنی ئەمریکا لە مێژووی عێراق، ئاڵۆزتربوو بەهۆی ئەو ڕاستییەی کە هەڕەشەکانی سەرۆک تڕەمپ لەدژی ئێران پاڵپشتییەک بووبن لە هەنگاوەکەی ئێران لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ لەباربردنی پێشوەختە و سەرەتای هەر جووڵەیەکی ئەمریکا لەدژی ئەو وڵاتە. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەمریکا دۆڕاوێکی ترە لە دوایین پێشهاتەکاندا چونکە جەماوەرێتی و خۆشەویستیی خۆی لەناو کورددا لەدەست دا و، ڕەفتارەکانی ئەمریکایان وەک خیانەت دەبینی، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا پێگەی خۆی لە حکوومەتی ناوەندییش لەدەست دا، کە زیاتر پاڵپشتی ئێرانە و یارمەتیدەر و دراوسێیەکی نزیکە لە ئێران نەک ئەمریکا.

پرسیار: سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەم دوایییانە چەند داوەتنامەیەکی بۆ سەردانیکردنی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بریتانیا بەدەست گەیشتووە، چۆن ئەم سەردانانە هەڵدەسەنگێنێت، لە چ ڕوویەکەوە هەوڵە ئەوروپی و نێودەوڵەتییەکان دەتوانن بەشدارییەکی ئەرێنییانە بکەن لە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق؟

وەڵام: سەردانەکانی سەرۆکوەزیران بەرەو وڵاتانی ئەوروپا هێمایەکی گرنگە کە هێشتا ئەو وڵاتانە پشتیان لە کورد نەکردووە. پێمان خۆش بێت یان نا، هێشتا جیهان لەسەر بەرژەوەندییەکان بنیات دەنرێت و گەورەترین ئەرکی حکوومەتی هەرێمیش لە ئێستادا ڕازیکردنی ئەو دەوڵەتانە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە بە شێوەیەکی گشتی بەرژەوەندییان لەوەدا بێت پشتگیریی کوردستانێکی بەهێز بکەن. نەک لەبەر ئەوەی ببێت بە پشتێنە و دیوارێک بەرامبەر ئێران کە نایشتوانێت، بەڵکوو دەکرێت یارمەتیی هاوسەنگیی هێز لە حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا بدات کە عێراقی کردووە بە کۆمارێکی ئێرانی بچووک. لە کاتێکدا عەبادی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ گوشاری زیاتر بۆ سەر حکوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بەر لەوەی بۆ گفتوگۆکردن ڕازی بێت، بیهێنێتە سەر ئەژنۆ. لەبەر ئەوە حکوومەتی هەرێم پێویستە پلانی بۆ ئەم مەبەستە ئامادە بکات نەک چاوەڕێ بکات تا عەبادی هەڵوێستی خۆی دەگۆڕێت.

پرسیار: پێشبینیی تۆ چییە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان؟

وەڵام: پێچەوانەی زۆربەی چاودێران و شیکەرەوان، سەرەڕای ڕووداوە ناخۆشەکانی ئەم دوایییانە، زۆر گەشبینم بە داهاتووی هەرێمی کوردستان و، دەکرێت ئێمە بە دیدێکی تر سەیریان بکەین. کوردستان لە ١٩٨٨دا بوو بە بیابان، بەڵام بە ماوەیەکی کەم، دەست کرا بە بووژانەوەی. ئەگەر بەشێوەیەکی بەراوردکارانە قسە بکەین، ئەوا هەرێمی کوردستان پارێزگاری لە پێگەی ئەخلاقی خۆی کردووە و هەوڵی داوە دیموکراسییە ساواکەی بپارێزێت لەگەڵ هەموو کەموکوڕییەکانی وەک دەوڵەتێکی کرێخۆر. داهاتووی ئەم هەرێمە بە چەند شتێکی گرنگەوە بەندە لەوانە: یەکێتیی نەتەوەیی، ئابوورییەک کە پشت بە کەرتی نەوتەوە نەبەستێت، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و توانای بوون بە هێزێکی گرنگ و پڕبایەخ لە جیهاندا.

 

سەرچاوە:

http://www.gulan-media.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples