2018-03-04
ئێستا کاتی بەرپەرچدانەوەی ئێرانە
ڕەیچڵ ئەڤرەهام*
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر
دوای ئەوەی نهتانیاهۆ مەیلی خۆی بۆ ڕێگریکردن لە ئێران لە دامەزراندنی بنکەیەکی هەمیشەیی لە سووریا ڕادەگەیەنێت، پێویستە ئەمریکا و ئیسڕائیل پشتگیریی کورد بکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران. وا دەردەکەوێت لەم دوایییانەدا ئەمریکا و ئیسڕائیل سوور بن لەسەر بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران. دوای ئەوەی ئێران فڕۆکەیەکی ئیسڕائیلی خستە خوارەوە، پێویستە ئیسڕائیل کارڕایی و هەنگاوی بەهێز لە بەرامبەر ئێران و هاوبەشە دیارەکانی بگرێتە بەر. ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەرتاپای جیهانی ئازاد و، ئەمریکا و ئیسڕائیل بەتایبەتی.
ڕژێمی ئێران داوای لەناوبردنی ئیسڕائیل دەکات. لەگەڵ ڕێککەوتننامە ناوکییەکەیدا، ئێران زیاتر سوور بووە بۆ بڵاوکردنەوەی کارنامە سیاسییەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دروستبوونی ئەو "هیلالی شیعی"یەی کە تاران بە دەریای سوور و دەریای سپیی ناوەڕاست دەبەستێتەوە و لە ئێستایشدا لە پڕۆسەی بونیادنانی بنکەیەکی تیرۆریستییە لە سووریا، دەبێت بە هەڕەشەیەکی ستڕاتیژیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر دەوڵەتی ئیسڕائیل.
لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن، سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل، بنیامین نهتانیاهۆ، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئیسڕائیل چیتر لە بەرامبەر دروستکردنی بنکەی تیرۆریستی لە سنووری باکووری وڵاتەکەیدا دەستەوەستان و بێدەنگ نابێت. "ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت له ڕێگریکردن لە ئێران لە دامەزراندن و بوونی بنکەی تیرۆریستیی سەربازی لە سووریا. ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت لە بەرپەرچدانەوە و ڕێگریکردن لە ئێران لە دامەزراندنی بنکەی تیرۆریستیی تر، کە دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ وڵاتەکەمان. ئیسڕائیل ڕێگە بە ئێران نادات بۆ بڵاوکردنەوەی تیرۆر لە مل و جەستەی ئێمەدا. ئێمە بەبێ دوودڵی، بۆ بەرگریکردن لە خۆمان بەرپەرچی دەدەینەوە و، هەر شتێک پێویست بێت ئەنجامی دەدەین؛ نەک تەنیا بەرامبەر بەو بریکارانەی ئێران کە هێرشمان دەکەنە سەر بەڵکوو بەرامبەر خودی ئێرانیش."
لێدوانەکانی نهتانیاهۆ لە دوای ئەوە هات کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا "ڕێکس تیلەرسن" بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەمریکا لە سووریا دەمێنێتەوە، بۆ دڵنیابوون لەو ناوچە تازە ئازادکراوانەی ژێردەستی داعش بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی ئێران: "ئێمە هەڵەی ساڵی ٢٠١١ دووبارە ناکەینەوە. بەجێهێشتنی بەپەلەمان لە عێراق ڕێگەی بە زیندووبوونەوەی قاعیدە دا لە عێراق، کە لە کۆتاییدا داعشی لێ بەرهەم هات."
لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکاندا کاتی ئەوە هات، کە هەر یەک لە ئەمریکا و ئیسڕائیل هاوپەیمانێتییهکی نوێ لەگەڵ هێزە ناوخۆیییەکان لە سووریا پێک بهێنن؛ لوبنان و خودی ئێرانیش بۆ وەستاندنی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر هەموو لایەک. لەو جەنگەی دواییدا کە بەرامبەر بە داعش کرا، دەرکەوت کە هێرشە ئاسمانییەکان بەتەنیا ناتوانێت، لە نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر جیهانی ئازاد کاری خۆی بکات. بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییەی کە ئێران بانگەشەی بۆ دەکات، پێویستی بە هێزێکی زەمینیی ڕاستەقینەیە. لە ماوەی جهنگی داعش، کوردەکان هێزی زەمینیی ئەمریکا بوون و، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان، زۆربەی سووریا و عێراقیان بەسەرکەوتوویی لەدەستی داعش ڕزگار کرد.
پاڵپشت بەو مۆدێڵە، ئەمریکا و ئیسڕائیل دەبێت دەست بۆ کوردەکان، دروز، بێدوین، عەرەبە سوننە میانڕەوەکان لە سووریا، مەسیحی و دروزەکان لە لوبنان، بەلووچەکان، کوردەکان، ئازەرەکان، عەرەبە ئەهوازییەکان و گەنجە فارسەکان کە لە ئێراندا دژی ڕژێمی ئێران وەستانەوە، درێژ بکەن و، بێ گومان لەگەڵ ئەو کوردانەیشی کە خاوەن خودموختارین لە باکووری عێراق. ئەوان باشترین هیوامانن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڕژێمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئیسڕائیل و ئەمریکا، پێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی زەمینی لە بەرامبەر ئێراندا کۆمەکیان بکەن؛ لە کاتێکدا هەردوو وڵات پێشتر لە ڕووی هێزی ئاسمانییەوە، پاڵپشتییان کردوونە. ئەمە تەنیا ڕێگەی کاریگەرە بۆ ڕزگاربوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەست هەڕەشەکانی ئێران. هەر شتێکی کەمتر لەوە، لە بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامێکی ڕازیکەری نابێت.
لە کاتێکدا ئێمە قسە لەسەر سووریا، لوبنان و عێراق دەکەین، ئێران ئیمپڕاتۆرییهتێكی تیرۆریستیی بەهێز و پتەوی دروست کردووە. سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، حزبوڵڵا و بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا، ئەڵقەلەگوێ و داردەستی ئێرانن؛ کە ئەمەیش خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی ئێران دەکات. هەر یەک لەو ڕژێمانەی کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، بە شێوەیەکی دڕندانە چەوسێنەر و سەرپێچیکارن. هەر یەک لەو ڕژێمانە سەرپێچیکاری سەرەکیی مافەکانی مرۆڤ و دژی بوونی مافەکانی ئیسڕائیلن و خوازیاری بەکارهێنانی هێز و زەبروزەنگن بۆ چەوساندنەوەی گەلەکەی خۆیان. ئەو بێهێزییەی ئێستای حزبوڵڵا، ڕژێمەکەی ئەسەد و عەبادی، دەرەنجامی ئەوەیە کە ئەم ئەڵقەلەگوێیانە بۆ مانەوە لە دەسەڵات پشت بە تاران دەبەستن. کاتێک کە ئێران پارێزەر و پاڵپشتیانە، ئەو ڕژێمانە هیچ جیاوازییەک لە نێوان خۆیان و ئێراندا ناهێڵنەوە، هەرچەندە گوشاری دەرەکییشیان لەسەر بێت.
پاڵپشتیی ئێران نەبووایە، دەبوو عێراق بۆ سێ هەرێم دابەش بووایە، ڕژێمەکەی ئەسەد دەبوو بکەوتبایە و حزبوڵڵایش دەمێک بوو بەتەواوی لە لوبنان لاواز ببوو. بۆ ئەم مەبەستە، ئێران بەقووڵی خزاوەتە ناو عێراق، سووریا و لوبنان. ڕاستییهكهی، ئێران زۆر بەقووڵی و فراوانی، خۆی خزاندۆتە ناو ئەو سێ وڵاتەوە؛ بە جۆرێک کە کاریگەرییەکەی بە هۆی دوو هێرشی ئاسمانییەوە ناپووکێتەوە. کۆنتڕۆڵی ئێران بەسەر عێراق، سووریا و لوبنان کاریگەریی لەسەر هەموو کایە و بوارەکاندا دەبێت لەو سێ وڵاتەدا. لەبەر ئەوە، تەنیا بە گۆڕینی تەواوەتیی ڕژێم لە سووریا، لوبنان، عێراق و خودی ئێرانیش، کاریگەریی ناحەزانەی ڕژێمەکەی ئێران کۆتایی دێت. کێیش زیاتر ڕێی تێ دهچێ، دهست بهو گۆڕینی ڕژێمە بكات!
لە سووریا و عێراق، هەروەک خودموختارییەکەی پێشووی کوردان، ئەو خودموختارییە لاواز کراوە دوای ئەوەی عەبادی و میلیشاکەی کە لە لایەن سوپای شۆڕشی ئیسلامییەوە پشتگیری دەکرێن هێرش دەکەنە سەر ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان و، ئیخوانەکانی پێشوو کە لە لایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، هاوپەیمانی پێشووی داعش و بەرەی نوسرە، هێرش دەکەنە سەر عەفرین و، ناوچەکە گەماڕۆ دەدەن. هەرچەندە ئەو زەرەر و زیانانەی کە كهوتنهوه، دەکرێت بە پاڵپشتیی هەر دوو هێزی ئاسمانیی ئیسڕائیل و ئەمریکا دووبارە نەبنەوە.
سەرەڕای ئەو زیان و لێدانەی لە عەفرین و کەرکووک بەر کوردەکان کەوتووە، کوردەکان هێشتا بڕواپێکراوترین هاوبەشی ئێمەن کە توانایەکی گەورەیان هەیە بۆ بەتەواوی ڕێگریکردن لە هیلالی شیعی لە تارانەوە بۆ دەریای سپیی ناوەڕاست. کوردەکان پێکەوە لەگەڵ عەرەبە مەسیحییەکان و دروزەکان لە لوبنان، دروز و بێدوین لە سووریا و بەلووچ و عەرەبە ئەهوازییهكان، ئازەری و گەنجە شۆڕشگێڕە فارسەکان لە ئێران، لە ئێستادا جێگرەوەیەکی درێژخایەنن بۆ کۆتاییهێنان بە ڕژێمی تیرۆریستی ئێران. ئەگەر لە لایەن هێزی ئاسمانیی ئیسڕائیل و ئەمریکاوە پشتگیری بکرێن، دەتوانن دۆخی ئێستاکەی ناوچەکە بە شێوەیەک بگۆڕن کە لەگەڵ خواستی ئەمریکا و ئیسڕائیل یەک بگرێتەوە.
* نووسەر، توێژەر و شیکەرەوەی میدیایییە لە سەنتەری توێژینەوەی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک و، پەیامنێرە لە ئاژانسی هەواڵی ئیسڕائیل. هەروەها نووسەری پهرتووكی "ژنان و جیهاد: مشتومڕی ئافرەتە خۆکوژەکانی فەڵەستین لە ئەمریکا، ئیسڕائیل و میدیای عەرەبی"یە.
سەرچاوە: