2018-04-01
(٥) ڕاستی لەبارەی "جۆن بۆڵتۆن"ەوە؛ ڕاوێژکارە نوێیەکەی ترامپ بۆ ئاسایشی نەتەوەیی
ویلیەم کەمینگس
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر
ماک ماستەر، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، یەکێک بوو لە بەرپرسانی ئیدارەی پێشووی کۆشپی سپی و لە ڕۆژی پێنجشەممە دۆناڵد ترامپ لادانی ماک ماستەری وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و دانانی جۆن بۆڵتۆن، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکانی لە شوێنی ئەو ڕاگەیاند.
جۆن بۆڵتۆن ڕاوچیی ڕاوچییەکانە و هەمیشە گوتوویەتی باوەڕی بەوە هەیە کە ئەمریکا مافی خۆیەتی لە ڕێگەی هێزەوە هەڕەشەکانی سەری، کەم بکاتەوە. کۆمەڵێک شیکەرەوە، نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە کە ڕێگهی شەڕخوازانەی بۆڵتۆن، زیاتر هانی ویستی سیاسەتی دوژمنکارییانەی ترامپ دەدات و ڕەنگە ببێتە هۆی ململانێی سەربازیی زیاتر بۆ ئەمریکا. ئەمە چەند ڕاستییەکە لەبارەی ڕابردوو و دەستنیشانکردنی بۆڵتۆنەوە کە خەڵکانێکی تووڕە و نیگەران کردووە.
- بۆڵتۆن وا بیر دەکاتەوە کە جەنگی پێشوەختە لەگەڵ ئێران و کۆریای باکوور، بژاردەیەکی ڕاستە
لە مانگی دووی ڕابردوودا لە وتارێکیدا لە جۆرناڵ وۆڵ ستریت لەژێرناوی "کەیسێکی یاسایی وەک سەرەتایەک بۆ لێدان لە کۆریای باکوور"، پێداگری لەسەر وەستاندنی بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتانی تر دەکات و بە هەڕەشەیەکی نزیک و گەورەی دەبینێت بۆ سەر ئەمریکا. بۆڵتۆن بەتوندی دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە و، لە فۆکس نیۆزدا گوتوویەتی کە ئەمریکا هیچ بژاردەیەکی تری نییە جگە لە بۆمبارانکردنی ئێران. بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەمێریکان کۆنزێرڤەتیڤ، تێبینی کراوە کە بۆڵتۆن ساڵانێکە لەگەڵ جەنگە لە بەرامبەر ئێراندا.
- بۆڵتۆن هێشتا لەو باوەڕەدایە کە داگیرکردنی عێراق بژاردەیەکی ڕاست بووە
لە ماوەی داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە، بۆڵتۆن پەیوەندی بە بەرپرسانی ئیدارەی پێشوو دەکات و، لەو باوەڕەدایە کە سەددام حسێن چەکی کۆمەڵکوژی هەیە و، ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی کە عێراقییەکان پێشوازی لە ڕووخاندنی عێراق بکەن لە لایەن ئەمریکاوە. هەموو ئەو پێشبینییانە ناڕاست بوون بەڵام پێچەوانەی سەرۆکە نوێیەکەی، بۆڵتۆن هێشتا باوەڕی وایە کە داگیرکردنی عێراق بژاردەیەکی ڕاست بووە. بۆڵتۆن لە ساڵی ٢٠١٥دا بە ماڵپەڕی واشنتۆن ئیگزامینەر ڕادەگەیەنێت: "هێشتا پێم وایە بڕیاری ڕووخاندنی عێراق ڕاست بووە" و، لە شوێنێکی تردا دەڵێت: "پێم وایە ئەو بڕیارەی کە دوای بڕیاڕەکە دراوە هەڵە بووە؛ هەرچەند پێم وایە هەڵەترین بڕیار کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بوو لە ٢٠١١دا."
- بەرگریی لە هەوڵەکانی کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە ئابڕوچوونەکانی دژ بە ئێران
بۆڵتۆن وەک یاریدەدەری داواکاری گشتی لە ئیدارەی ڕێگان بۆ کاروباری دژ بە ئێران، کاری دەکرد. لەو ماوەیەدا، بۆڵتۆن پێی وا بوو کە یاساکانی حکوومەت بۆ دامەزراندنی هەر ئەنجوومەنێک نادەستوورییە، چونکە دەسەڵاتی ئاڕاستەکردن و سەرپەرشتیکردنی هەر داواکارێکی فیدڕاڵی، دەبێت لەدەست سەرۆکەکە، یان نوێنەرەکەیدا بێت.
بەگوێرەی ماڵپەڕی زە نەیشن، بۆڵتۆن هەوڵی داوە بۆ دەستخستنی تۆڕپێدۆ، کە جۆرە مووشەکێکی ژێرئاوییە و، دواتریش لێکۆڵینەوە لە سیناتۆر جۆن کیری بە تۆمەتی قاچاخچێتیی دەرمان و چەک بۆ ئەو گرووپە یاخییەی کە ڕێگان لە جهنگی ناوخۆ لە دژی حکوومەتەکەی ساندینستا لە نیکاڕگوا، پاڵپشتیی دەکرد.
- بۆڵتۆن هەواداری نەتەوە یەکگرتووەکان نییە
کاتێک سەرۆکی پێشوو، جۆرج دەبلیو بۆش، بۆڵتۆنی وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو زۆر حەز بەو ڕێکخراوە ناکات. بەتایبەت ڕەخنەگران ئاماژەیان بە لێدوانەکەی مانگی ٢ی ساڵی ١٩٩٤ کرد لە کۆبوونەوەیەکی ساڵانەدا لە باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تێیدا دەڵێت: "باڵەخانەی سکرتارییەت لە نیویۆرک لە ٣٨ نهۆم پێکهاتووە. ئەگەر ١٠ نهۆمیشی لێ کەم بێتەوە، هیچ جیاوازی و کاریگەرییەکی نابێت. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێکە لە ناکاراترین ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان."
هەروەها بۆڵتۆن لە شوێنێکی تردا دەڵێت: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو کاتە نەتەوە یەکگرتووەکان بەکار دەخات، کە کاری پێی بێت؛ ئەمە ڕێک وەک ئەوە وایە کە تەنها پرسێک بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکەی بێت. ئەگەر حەزیش بەم ڕاستییە ناکەی ئەوا بمبورە، بەڵام ئەوە ڕاستییەکەیە."
- بۆڵتۆن جارێکیان گاڵتە بە ئۆمابا دەکات و دەڵێت موسڵمانە
بۆڵتۆن لە وتارێکیدا لە ساڵی ٢٠١٦ لە دەزگهی ئەمێریکەن فریدم ئالیەنس، هەوڵی دا ئۆباما بە موسڵمان و پاشا ناو ببات. بۆڵتۆن بەگاڵتەوە بە مەلیک عەبدوڵڵای سەرۆکی ئوردنی گوت کە پاشایەکی موسڵمان بۆ وڵاتێکی موسڵمان ناگونجێت، پێچەوانەی سەرۆکەکەی ئێمە."
سەرچاوە: