سنووردارکردنی هێژموونی ئێران لە عێراق

2018-04-09

سنووردارکردنی هێژموونی ئێران لە عێراق

 
زاڵمای خەلیلزاد*

 وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

لە کاتێکدا کە عێراقییەکان لە مانگی داهاتوودا بەرەو سندووقەکانی دەنگدان دەچن، پێویستە ئەمریکا لە دژی هەوڵەکانی ئێران بۆ جێخۆشکردن و مانەوەی لە دەسەڵات، بوەستێتەوە. عێراق لە ئایاری داهاتوودا هەڵبژاردن ئەنجام دەدات و، ئێرانیش بەڕژدی کار بۆ ئەوە دەکات کە کاریگەریی لەسەر ئەنجامەکەی هەبێت. تاران هەوڵی جێخۆشکردن و بەهێزکردنی میلیشیا هاوبەشەکانی دەدات کە سەرچاوەی هێزن بۆی لە عێراق و، لە ڕێگەی حزبوڵڵایشەوە لە لوبنان و ناوچەکە. ئێران بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە هەستانەوە و زیندووبوونەوەی عێراق وەک هێزێکی سەقامگیر و سەربەخۆ، دەیەوێت بەردەوامی بە دابەشبوونە مەزهەبی، ئیتنیکی و سیاسییەکە بدات. ئێران خوازیارە ئەمریکا وەک یاریکەرێکی گەورە، هێزەکانی خۆی لە ناوچەکە بکشێنێتەوە.

ئێران پێگەیەکی بەهێزی هەیە و ئەو میلیشیا شیعانەی وەک حاڵەتێکی لەناکاو و کتوپڕ دروست کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، کە خۆیان لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی سوننی و کوردیدا جێگیر کردووە. بە هۆی ڕۆڵی نەرێنییانەی واشنتۆنەوە، ئێران توندوتیژیی ئەنجام داوە و، لە ڕێگەی حکوومەتی عێراقی و میلیشیاکانییەوە بە پاساوی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ساڵی٢٠١٧ دا، سزای کوردەکانی داوە. دواتریش کە کوردەکان داوای یارمەتی لە ئەمریکا دەکەن و وەڵامیان نادرێتەوە، ئێران وەک دۆستی کوردەکان خۆی دەناسێنێت. ئێران لە دانوستانی نێوان کوردەکان و بەغدا بۆ هەڵگرتنی سزاکان ئاسانکاریی کرد. لە دەرەنجامدا ئێران توانیی کاریگەریی ئەمریکا لەسەر هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە؛ ئەو هەرێمەی کە وەک دڵ و قووڵاییی ستراتیژیی ئەمریکا دەبینرا.  

هیچ بەڵگەیەکیش نییە کە تاران بڕیاری لەسەر ئەو پاڵێوراوانە دابێت کە خۆی بەدڵیەتی بۆ بوون بە سەرۆکوەزیرانی عێراق. لە زۆربەی بازنەکانی هەڵبژاردن، لەوانەی کە شیعەکان تێیدا باڵادەستن، گرووپەکان دابەش دەکرێن. ستراتیژیی ئاشکرای ئێران پاڵپشتیکردنە لە چەند گرووپێک، بەو هیوایەی ببن بە بڕیاردەر و هێزی دەستڕۆیشتووی حکوومەتی داهاتووی عێراق.  

تاران هەندێک جار وا دەردەکەوێت، کە پاڵپشتی "حەیدەر عەبادی"ی سەرۆکوەزیرانە و، هەندێک جاریش پێدەچێت هەوڵ بدات لاوازی بکات. "قاسم سولەیمانی"، فەرماندەی هێزی قودسی ئێران، عەبادی و هێزە میلیشیاکانی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییه‌کی هەڵبژاردن هان داوە و، دروستیشیان کرد. ئەمەیش وەک ڕێککەوتنێکی باش بۆ سەرۆکوەزیران هەژمار کرا، لە پاڵپشتیکردنی عێراقییە سەربەخۆکان و گرووپەکانی تر و شاردنەوەی ویستی بونیادنانی هاوپەیمانێتییه‌كی فراوانی دوور لە ناسنامه‌ی نەتەوەیی و مەزهەبی. دواتر مەترسییەکان کە دەرکەوتن، هاوپەیمانێتییه‌کە لەناکاو کۆتایی هات. سەرەڕای ئەوەی گرووپەکەی عەبادی پێویستە بەباشی کاری خۆیان بکەن، چونکە لە جەنگی دژی داعش سەرکەوتوو بوونە.

لە ئێستادا لە بری چەکداماڵینیان، زۆرینەی میلیشیا ئێرانییەکان دەیانەوێت سەرکەوتنی جەنگەکە و دیفاکتۆیەکە لە زۆرینەی ناوچەکاندا لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بگۆڕن و کەسانی نزیک لە خۆیان لە پۆست و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی داهاتوودا دابنێن. یەکێک لەو کاندید و کەسانەیش "هادی عامری"یە، وەک کەسێکی عێراقی کە شەڕی بۆ ئێران کردووه‌ و، لە ماوەی جەنگی نێوان ئێران و عێراقدا و شان بە شانی گرووپی میلیشیای بەدر بۆ دوو دەیە بۆ ئێران تێ کۆشاوە. جیا لەمە، ئێران پشتگیریی گرووپێکی تر دەکات کە "نووری مالکی"، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق سەرکردایەتیی دەکات کە هاوبەشە لە تێکدانی هاوکاریی ئەمنیی نێوان ئەمریکا و عێراق. تاران لە هەموویان زیاتر دژی گرووپەکەی "ئەیاد عەلاوی"یە، کە سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و کەسێکی سێکیۆلار و نزیک لە جیهانی عەرەبییە.  بۆ دەورەدانی ئەو مەترسییە هەرێمییەی کە بە هۆی دەستدرێژی و فراوانخوازیی ئێرانەوە سەپێنراوە و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکان، ئەمریکا دەبێت پشتگیریی ئەم چوار ڕێگه‌ جیاوازە بکات:

یەکەم: ئەمریکا دەبێت شتێکی وا بکات کە ببێتە مایەی بەرزکردنەوەی ئاستی پڕۆسەی سیاسی؛ پشتگیریی ئەوانە بکات کە ئامانجی هاوبەشیان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە و ڕێگە بە زاڵبوون و هێژموونی بەردەوامی ئێران بەسەر حزبە عێراقییەکانەوە نەدات. هەڵوێستی ئەمریکا لەم بارەیەوە باش نەبووە. لە دوای ڕووخانی "سەددام حوسێن"ەوە، ئەمریکا مانگانە چەندین ملیار دۆلاری لە بواری سەربازیدا خەرج کردووە بەڵام یارمەتیدانی حزبەکانی فەرامۆش کردووە و، کەچی ویستوویەتی سەربەخۆیش بن و نەبن بە پاشکۆی ئێران.  

دووەم: ئەمریکا دەبێت وانە لە کشانەوە کارەساتاوییەکەی باراک ئۆباماوە وەربگرێت و، بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق، هێزی تەواوی له‌و وڵاته هەبێت. ئامادەبوونێک، کە ئەمریکا بکات بە هێزێکی کاریگەر و باوەڕپێکراو بۆ عێراقییەکان و هێزە هەرێمییەکان.

سێیەم: ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی مانگی ئایاری داهاتوو هەرچییەک بێت، ئەمریکا دەبێت کار بۆ ئەوە بکات بەخێرایی حکوومەتێکی نوێ پێک بهێنرێت و نەهێڵێت ئێران ئەنجامەکە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بشێوێنێت و، پشتگیری لەو ڕێککەوتنە سیاسییە بکات کە حکوومەتی نوێی لەسەر پێک دەهێنرێت.

چوارەم: پشتگیریکردنی ئەمریکا لە هاوپەیمان و هابەشە هەرێمییەکانی لە عێراقدا. ئەمریکا نابێت هەڵەی فەرامۆشکردنی عێراق دووبارە بکاتەوە، کە بووە هۆی لەدەستدانی دەرفەتی پتەوکردنی پایەکانی دیموکراسی لە دوای هەڵبژاردنەکەی ٢٠١٠ و خراپتربوونی دۆخەکە لە ٢٠١٤دا.

 

*زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە عێراق لە ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٧.

سەرچاوە:

https://www.wsj.com

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples