به‌مۆڵخواردنى ميليشياى چه‌كدار له‌سه‌ر سنوورى توركيا؛ ئاريشه‌ زۆر ده‌بێ

2018-04-26

به‌مۆڵخواردنى ميليشياى چه‌كدار له‌سه‌ر سنوورى توركيا؛ ئاريشه‌ زۆر ده‌بێ

 

فه‌هيم تاشته‌كين (ڕۆژنامه‌نووسێكى توركه‌)

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

له ‌ڕاستيدا، تۆمه‌ته‌كانى جه‌نگى كيميايى له‌ دۆما و گورزه‌كانى ئه‌مريكا‌- بريتانيا و فه‌ڕه‌نسا بۆ سزادانى ڕژێمه‌كه‌ى به‌شارى سه‌رۆككۆمارى سووريا، بارێكى گرانيان خستووه‌ته‌ ئه‌ستۆى توركيا كه له ‌بنه‌ڕه‌تدا‌ هه‌ڵوێستێكى ڕوونى له‌باره‌ى سوورياوه‌ نييه‌. چۆڵكردنى ئه‌و ناوچانه‌ى له ‌لايه‌ن سوپاى سووريا گيرانه‌وه‌ و پێشتر هێزه‌كانى ئۆپۆزيسيۆنی لێ بوون، ئه‌و ناوچه‌ و ده‌ڤه‌رانه‌ى كه‌ توركيا له‌ ئۆپه‌راسيۆنى قه‌ڵغانى فوراتدا كۆنترۆڵى كردبوون- له‌ هێرش و په‌لامارى توركيادا بۆ سه‌ر داعش و په‌كه‌كه‌ له‌ سووريا- بوونه‌ته‌ مه‌كۆى جيهادييه‌كان. له‌به‌ر هه‌ندێ هۆ، پێناچێ ئانكارا‌ به‌م ڕه‌وشه‌ نيگه‌ران بێ، كه‌ خه‌ته‌رى جددى بۆ سه‌ر توركيا‌ پێك ده‌هێنێ.

ئه‌و ناوچانه‌ هه‌ر له‌ 9ى ئادارى 2018‌وه‌، نزيكه‌ى 70,000 خه‌ڵكى سووريا – كه‌ چه‌كدار و خاوخێزانيشيان له‌ناودا بووه‌- غۆته‌ى ڕۆژهه‌ڵاتيان چۆڵ كردووه‌ و هاتوونه‌ته‌ سێگۆشه‌ى (ئه‌لباب- اعزاز، جه‌رابلووس)ى ژێر كۆنترۆڵى توركيا و ناوچه‌ى ئيدلب كه‌ له‌ژێر چاودێريى هێزه‌كانى توركيادايه‌.

هه‌وه‌ڵ جار چۆڵكردنى غۆته‌ى ڕۆژهه‌ڵات به‌گوێره‌ى ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ك‌ له‌گه‌ڵ گرووپه‌كانى هه‌يئه‌تى ته‌حريرى ئه‌لشام و هه‌يئه‌تى ئه‌حرارى ئه‌لشام و گرووپى ئۆپۆزيسيۆنى فه‌يله‌قى ڕه‌حماندا ده‌ستى پێ كرا و، به‌ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى 48,000 كه‌سى جه‌يشولئيسلام له‌ دۆما كه‌ 8,000 چه‌كداريشيان له‌نێودا بووه‌، كۆتايى هات.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرته‌كانى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان، ئه‌و كه‌سانه‌ى غۆته‌ى ڕۆژهه‌ڵاتيان جێ هێشتووه‌، 48,222 كه‌سيان چوونه‌ته‌ ئيدلب و، 7,395 كه‌سيشيان بۆ جه‌رابلووس. ده‌سته‌ى سوورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ ده‌ڵێ، نزيكه‌ى 67,000 كه‌س له‌ زمالكا، ئاربين، جوبار، حاراستا و دۆماوه‌ به‌ره‌و باكوور چوون. ئه‌و كه‌سانه‌ى غۆته‌ى ڕۆژهه‌ڵاتيان جێ هێشتووه،‌ به‌ پاس به‌ره‌و باكوور چوون و له‌نێو خێوه‌ت، مزگه‌وت و قوتابخانه‌ و خانووبه‌ره‌ى ته‌واونه‌كراودا نيشته‌جێ كراون. كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌ مرۆدۆسته‌كانى توركيا ڕايان گه‌ياند كه‌ چادريان له‌ ده‌وروبه‌رى ئيدلب بۆ هه‌ڵده‌ده‌ن. هه‌رچى ئه‌ندام و خێزانه‌كانى جه‌يشولئيسلامن، ئه‌وا له‌نێو كامپێكدا له‌ جه‌رابلووس ده‌مێننه‌وه‌.

له‌ ساڵ و نيوێكى ڕابردوودا، ده‌يان هه‌زار چه‌كدار كه‌ حه‌له‌ب، حومس، حه‌ما، گونده‌واره‌كانى ديمه‌شق، سنوورى سووريا- لوبنانيان جێ هێشتووه‌، له‌ به‌شى جوداجوداى ئيدلب دامه‌زرێنراونه‌ته‌وه‌. دامه‌زرانه‌وه‌ و نيشته‌جێبوونى ئه‌و گرووپه‌ جيهادييانه‌- چ له‌ ناوچه‌ى ژێر كۆنترۆڵى توركيا دابێ، يان له‌ ناوچه‌ى ژێر نفووزى ئه‌ودا- ئه‌وا هه‌ندێ چاودێر وه‌ك ئيماره‌تێكى تاليبان/ئه‌لقاعيده‌ كه‌ له‌بارى پێكهاتندا بێ له‌سه‌ر سنوورى توركيا، سه‌يرى ده‌كه‌ن. هه‌ندێ چاودێريش ده‌ڵێن، پارێزگه‌كانى سه‌ر سنوورى توركيا‌ بوونه‌ته‌ پيشاوه‌رى توركيا (پاكستان).

داخوا توركيا چ پلان و نه‌خشه‌يه‌كى بۆ ئه‌و گرووپانه‌ هه‌يه‌؟ پاش دوو ئۆپه‌راسيۆنى سه‌ره‌كى له‌ باكوورى سووريا، هه‌ندێ له‌و گرووپانه‌ خۆيان له‌ژێر ناوى سوپاى نيشتمانيى سووريدا ڕێك خستووه‌ته‌وه‌ و وه‌ك ميليشيايه‌ك به‌ سوپاى توركيا به‌ستراونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام تا ئێستا، هيچ كه‌س به‌ڕاستى وه‌ڵامى پرسيارێكى زۆر هه‌ستيارى نه‌داوه‌ته‌وه‌: توركيا كه‌ به‌ ئۆپه‌راسيۆنه‌ سه‌ربازييه‌كانى خۆى چاوه‌دێريى ڕه‌وشه‌كه‌ ده‌كا، لێ كاتێ كه‌ سوپاى ئه‌سه‌د بۆ گرتنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ بجووڵێ، ئه‌و ده‌يان هه‌زار چه‌كداره‌ ڕوو له‌ كوێ ده‌كه‌ن؟ كاتێ كه‌ داوا له‌ حكوومه‌تى توركيا كرا عه‌فرين ڕاده‌ستى حكوومه‌تى ئه‌سه‌د بكاته‌وه‌، ڕه‌تدانه‌وه‌ى توركيا ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌وه‌ ئانكارا‌يه‌ بڕيار ده‌دا كه‌ى عه‌فرين به‌جێ بهێڵێ و ڕاده‌ستى كێى بكاته‌وه‌. توركيا گوتى هيچ پێويست به‌ نيگه‌رانى ناكا، چونكه‌ ئه‌و گرووپانه‌ له‌ژێر ڕكێفى خۆيدان.

ئايا توركيا وه‌ك توخمگه‌لێكى كاته‌كى، سه‌يرى ئه‌و كۆڕ و كۆمه‌ڵانه‌ ده‌كا كه‌ زه‌وينه‌ بۆ بوونى توركيا له‌ مه‌يدانه‌كه‌دا خۆش ده‌كه‌ن؟ يان توركيا‌ وا بير ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌توانێ ئه‌و كۆڕ و كۆمه‌ڵانه‌ ساز بداته‌وه‌ و هه‌ر ده‌مێ هه‌لومه‌رج بخوازێ شه‌ڕى ڕژێمى سووريايان پێ بكا؟ يان ئه‌وه‌تا توركيا، پاش ئه‌وه‌ى شه‌راكه‌تى خۆى له‌گه‌ڵ ئێران و ڕووسيادا به‌هێز ده‌كا، به‌ڕه‌يان له‌بن پێ ڕاده‌كێشێ؟ ئايا توركیا له‌ ئه‌زموون و تاقيكردنه‌وه‌ى وڵاتانى ديكه‌ شتێك فێر بووه‌ كه‌ له‌ هه‌لومه‌رجى هاوشێوه‌دا ڕزگاريان بووه‌؟ ناڕوونييه‌ك له‌ خۆسازدان و مۆڵخواردنى جيهادييه‌كان له‌سه‌ر سنوورى توركيا‌ هه‌يه‌ له‌ كاتێكدا هێشتا توركيا خۆى ساغ نه‌كردووه‌ته‌وه ‌و له‌ دڵه‌دڵدايه‌، لێ خه‌ته‌رێكى نوێ له‌ چۆڵكردنى غۆته‌ى ڕۆژهه‌ڵات دێته ‌كايه‌وه‌. گرژى و ناخۆشیى نێوان گرووپه‌ جيهادييه‌كان له‌ باكوورى سووريا له‌وانه‌يه‌ په‌ره ‌بستێنێ، كاتێ كه‌ كۆڕ و كه‌ڵه‌ى ديكه‌ى نوێ ده‌گه‌نه‌ ئه‌وێ و، ئه‌مه‌یش خۆى له‌ خۆيدا سه‌رئێشه‌يه‌كى گه‌وره‌ ده‌بێ بۆ توركيا.

زۆر له‌و گرووپانه‌ى غۆته‌ى ڕۆژهه‌ڵاتيان جێ هێڵاوه‌، پێشتر شه‌ريان له‌گه‌ڵ يه‌كديدا كردووه‌. چه‌ند جارێك پاش 2016، فه‌يله‌قى ڕه‌حمان و هه‌يئه‌تى ته‌حريرى ئه‌لشام پێكه‌وه‌ شه‌ڕى جه‌يشولئيسلاميان كردووه‌. جه‌يشولئيسلام ئه‌و كۆريدۆره‌ى به‌ده‌سته‌وه‌ بوو كه‌ به‌ غۆته‌ى ڕۆژهه‌ڵات ده‌به‌سترايه‌وه‌. له ‌كاتێكدا جاروبار فه‌يله‌قى ڕه‌حمان و هه‌يئه‌تى ئه‌حرارى ئه‌لشام لێكيان داوه‌، هه‌رچه‌ند قه‌ته‌ر پاره‌وپووڵ به‌ هه‌ردووكيان ده‌دا. ئێستاكه‌، لقه‌كانى ئيدلبى ئه‌حرارى ئه‌لشام و ته‌حريرى ئه‌لشام له‌ ئيدلب شه‌ڕى يه‌كتر ده‌كه‌ن. بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ته‌حريرى ئه‌لشام، كه‌ هێزێكى باڵاده‌ستى ئيدلبه‌، گرووپه‌كانى ئه‌حرارى ئه‌لشام و ليواى نووره‌ددين زه‌نگى و سقورى ئه‌لشام يه‌كيان گرتووه ‌و به‌ره‌ى ئازاديى سووريايان پێك هێناوه‌. پێكدادان له ‌نێوان ئه‌و گرووپه‌ نوێيه‌ و ته‌حريرى ئه‌لشام له‌ مه‌عره‌تولنه‌عمان، له‌ جه‌به‌لئه‌لزاويه‌ و خون سه‌يحون گه‌يشتووه‌ته‌ ئاستێكى بێوێنه‌.

ڕێكخراوێكى هه‌ره‌ نه‌ويستراو له‌ ئيدلب، جه‌يشولئيسلامه كه‌ كێشه‌ و گرفتى زۆرى له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپانه‌دا هه‌يه‌ كه‌ گوايا سه‌روكارێكيان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانى سعووديدا هه‌يه‌. گرژى له ‌نێوان ئه‌و گرووپانه‌دا گه‌يشته‌ ڕادده‌يه‌كى ئه‌وتۆ كه‌ سازشێكى سه‌خت هاته‌ ئارا، كه‌ داخوا ده‌بێ چ گرووپێك له‌ ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى ئيدلب نيشته‌جێ بكرێ و دابمه‌زرێ. وه‌ك چاره‌سه‌رێكى ئه‌و گرژييه‌، له‌و بێنه‌وبه‌رده‌يه‌دا، باوه‌ڕ به‌ توركيا  هێنرا كه‌ ڕێگه‌ بدا جه‌رابلووس وه‌ك ئه‌لته‌رناتيڤێك به‌كار بهێنرێ. توخم و ئه‌ندامه‌كانى سه‌ر به‌ هه‌يئه‌تى ئه‌حرارى ئه‌لشام و فه‌يله‌قى ڕه‌حمان و هه‌يئه‌تى ته‌حريرى ئه‌لشام له ناوچه‌ى‌ ئۆپه‌راسيۆنى قه‌ڵغانى فوراتدا ‌كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵى توركيادايه‌، ڕووبه‌ڕووى هيچ گرفتێك نه‌بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سه‌ربازه‌كانى توركيا ده‌ستيان به‌سه‌ر ئه‌و چه‌كه‌ سووكانه‌دا گرت، كه‌ پاش ناوبژيوانيى ڕووسى، ڕێگه‌ به‌ چه‌كداره‌كانى جه‌يشولئيسلام درابوو، له‌گه‌ڵ خۆياندا بيبه‌ن.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ جه‌يشولئيسلام هيچ پێگه‌ و نفووزێكى له‌ باكوور نييه‌، مه‌زه‌نده‌ ده‌كرا كه‌ له‌وانه‌يه‌ به‌ره‌و باشوور ببزوێ كه‌ هاوپه‌يمانه‌كانى له‌وێ بوونيان هه‌يه‌، به‌ڵام له ‌برى ئه‌وه‌ به‌ره‌و سنوورى توركيا ڕۆيى. له‌ په‌يامێكى جه‌يشولئيسلامدا له‌ سۆشيال ميديا، سێ پرس له‌ نێوان جه‌يشولئيسلام و توركيادا هه‌يه‌: ڕه‌گوڕه‌گه‌ماى جه‌يشولئيسلام خۆى له‌نێو قوتابخانه‌ى سه‌له‌فيدا ده‌بينێته‌وه‌- لقێكى سه‌ختگرى كۆنه‌پارێزى ئيسلامى سوننه‌يه‌، كه‌ به‌گشتى له‌ توركيا ڕه‌خنه ‌و لۆمه‌ى لێ ده‌گيرێ؛ ئه‌و گرووپه‌ ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ خۆى بخاته‌ ژێر ڕكێفى هيچ هێزێكى ديكه‌‌ به‌ توركيایشه‌وه‌؛ پاشان هه‌ڕه‌شه‌يه‌كيشه‌ بۆ سه‌ر هاوپه‌يمانه‌كانى ئه‌سه‌د، واته‌ ڕووسيا و ئێران.

وێڕاى كه‌ هه‌يئه‌تى ئه‌حرار ئه‌لشام و هه‌يئه‌تى ته‌حرير ئه‌لشام به‌ شێوه‌يه‌كى توندوتيژ له‌گه‌ڵ جه‌يشولئيسلامدا به‌ره‌وڕوو بوون، لێ هه‌ر هه‌موويان ڕه‌گوڕيشه‌يان ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر سه‌له‌فيزم؛ گرفت و كێشه‌يان له‌ ڕاستيدا له‌سه‌ر وه‌هابيزمى سعووديا‌يه‌. وێڕاى كه‌ سه‌ركرده‌ى سياسيى جه‌يشولئيسلام، محه‌مه‌د عه‌لوش له‌ ئيستانبۆڵ داده‌نيشێ، لێ جڵه‌وى به‌ده‌ست توركياوه‌ نييه‌ و سه‌روكارى له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانى سعووديدا هه‌يه‌. عه‌لوش سه‌رنجى بۆ خۆى ڕاكێشا كاتێ ڕاي گه‌ياند، كه‌ گرووپه‌كه‌ى ئه‌و نابێته‌ به‌شێكى كێشه‌وبێشه‌كانى ئيدلب.

 شيكردنه‌وه‌يه‌كى مه‌نتيقييانه‌ى ڕه‌وشه‌كه‌ پێمان ده‌ڵێ، كه‌ هێنانى جه‌نگاوه‌رى نوێ بۆ ئيدلب ساده ‌و ڕه‌وان به ‌ماناى قايمكردنى پێگه‌ى ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌ دێ كه‌ ڕكابه‌رايه‌تيى يه‌كدى ده‌كه‌ن له ‌پێناو ده‌سه‌ڵاتدا. وێڕاى كه‌ هه‌ڵوێستى هه‌يئه‌تى ته‌حريرى شام و فه‌يله‌قى ڕه‌حمان به‌گشتى دياره‌، لێ ڕوون نييه‌ كه‌ داخوا فه‌يله‌قى ڕه‌حمان چ هه‌ڵويستێكى ده‌بێ، چونكه‌ له‌ غۆته‌ى ڕۆژهه‌ڵاتدا له‌گه‌ڵ هه‌يئه‌تى ته‌حريرى شامدا هاوكاریى يه‌كتر بوون، داخوا له‌ ئيدلبيش هه‌ر به‌م شێوه‌يه‌ ده‌مێننه‌وه‌؟ له‌وانه‌يه‌ ئه‌وان ڕێگه‌يه‌كى كرده‌نى بۆ خۆيان ببيننه‌وه ‌و  خۆيان ڕه‌گه‌ڵ سوپاى نيشتمانيى سوورى كه‌ توركيا پێكی هێناوه‌، بخه‌ن.

توركيا‌ له‌سه‌ر له‌ئامێزگرتنى هه‌موو گرووپه‌ جيهادييه‌كان به‌رده‌وامه‌ و، خۆى به‌ سپۆنسه‌رێكى سه‌رڕاست و دادپه‌روه‌رى ئه‌وان ده‌زانێ. ته‌نانه‌ت توركيا هه‌وڵيش ده‌دا ئه‌و گرووپانه‌ بكاته‌ ميانڕۆ. لێ به‌گشتى توخمه‌ ڕاديكاڵه‌كان پێيان خۆشتره‌ سه‌ربه‌خۆ بمێننه‌وه،‌ كاتێ كه‌ به‌ره‌و ميانڕۆيى پاڵ پێوه‌ ده‌نرێن. ئه‌مه‌ گه‌مه‌يه‌كى بێكۆتايیى توركيايه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ گرووپه‌ ڕاديكاڵه‌كانى ده‌كا و، وێشده‌چێ توركيا ئه‌م گه‌مه‌يه‌ى خۆش گه‌ره‌ك بێ.

 

سەرچاوە:

https://www.al-monitor.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples