ئایا هاوکاریی ئەوروپا و ئەمریکا لە هێرشی سووریادا، دەتوانێ برجام ڕزگار بکا؟

2018-05-01

ئایا هاوکاریی ئەوروپا و ئەمریکا لە هێرشی سووریادا، دەتوانێ "برجام" ڕزگار بکا؟

 

لۆرا ڕۆزێن

واشینتۆن- بەرپرسە ئەمریکی و ئەوروپییەکان دەڵێن کە پاش هاوپه‌یمانیی نێوان ئەمریکا، فه‌ڕەنسا و بریتانیا لە هێرشکردنە سەر ئەو دامەزراوانەی پێوەندییان بە چەکی کیمیایییەوە هەیە لە سووریا، متمانە و هاوکاریی نێوان تیمی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی سەرۆککۆمار ترامپ و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئەمریکا، پەرەی سەندووە.

یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی ترامپ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، ڕۆژی ٢٤ی ئەپریل، پاش هێرشی سێلایەنە بۆ سەر دامەزراوه‌كانی سەر بە چەکە کیمیایییەکانی سووریا گوتی: "شتێک کە خەریکە بەخێرایی ڕوو دەدا، پێوەندییە نزیکەکانی نێوان تیمەکانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یییە، کە گشتیان یەکتر دەناسن و ئاگاداری مەبەستی یەکترن... هەروەتر فه‌زایه‌كه‌ کە تیایدا دەرفەتگەلێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان هاتوونەتە دی."

له‌ كاتێكدا كه‌ پێوەندییەکانی نێوان ترامپ و ڕابەرە سەرەکییەکانی ئەوروپا هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە دیوە، ئەزموونەکانی هه‌ڵقووڵاو له‌ هاوکاری لە حاڵه‌ته‌‌ هەستیارەکانی په‌یوه‌ست بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەستان لە دژی زۆرکردنی چەکدا، دەتوانێ خۆشبینیگەلێک لەمەڕ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بهێنێتە دی. ترامپ لە ڕۆژی ٢٤ی ئەپریلدا میوانداریی یەکەمین سه‌ردانی فەرمیی ئیمانوێل مەکرۆن، سەرۆککۆماری فه‌ڕەنسا، لە ئەمریکا دەکا. ڕۆژی ٢٧ی ئەپریلیش ئانگێلا مێرکێل، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، لە کۆشکی سپیدا چاوی بە ترامپ دەکەوێ.

دۆناڵد ترامپ گوتوویەتی ئەگەر ئەمریکا و سێ هێزە ئەوروپییەكه‌- بریتانیا، فه‌ڕەنسا و ئەڵمانیا- نەتوانن بگه‌نه‌ ڕێککەوتنێک بۆ قورسترکردنی هەڵوێستەکانیان لە ئاست ئێراندا، ڕۆژی ١٢ی مانگی مایس درێژە بە هەڵپەساردنی بایکۆتە ناوکییەکان نادا. بەڵام یەکێ لە بەرپرسەکانی ئەوروپا ڕای گەیاند کە لە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکە، بۆ نووسینی دەقێک کە وەڵامدەری نیگەرانییەکانی ترامپ لە ئاست ئێراندا بێت، هەنگاوی چاک هەڵێنراون.

بەرپرسێکی ئەوروپی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، دوای نوێترین خولی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا، کە ڕۆژی ١١ی ئەپریل لە واشینگتۆن بەڕێوە چوو، گوتی: "ئێمە هەست دەکەین کە بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکا هەنگاوی چاک نراون." بەرپرسە ئەوروپییەکان دڵنیاییی خۆیان دەربڕی کە بەڕێوەبەرە سیاسییەکانی ئەمریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکە دەتوانن بۆ نووسینی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی هاوبەش بە ڕێککەوتنێک بگەن، کە وەڵامدەرەوەی نیگەرانییەکانی ترامپ لەمەڕ ئێران بێت. بەڵام ئەم بەرپرسانە جەختیان لەوە کردەوە کە ئەگەر بۆ نووسینی ئەو به‌ڵگه‌نامه‌ هاوبەشە بە ئاکامێکیش بگەن، دیار نییە ترامپ قبووڵ بکات یان نا.

یەکێک لە دیپلۆماتە ئەوروپییەکان، کە بەشداری دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکە بووە ڕای گەیاند، ئەگەر ترامپ بڕیارێکی سیاسیی بۆ دەرچوون لە ڕێککەوتنەکە دابێت، هیچ دیار نییە پێشکەوتنێکی تەکنیکی لە دەقێکی هاوبەشدا کارساز بێ یان نا. ئەم دیپلۆماتە ئەوروپییە بە ئێلمانیتۆری ڕاگەیاند: "دەتوانم بڵێم مشتومڕە تەکنیکییەکان پێشکەوتنیان هەبووە بەڵام لەوانەیە ئێمە تاقەکەس، یان کەسە سەرەکییەکانی بڕیاردەر نەبین."

ناوبراو هیوای خواست کە هاوکارییەکان لەمەڕ چەکە کیمیایییەکانی سووریا، هەوڵەکانی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران به‌رهه‌مدارتر بکەن، بەڵام گوتی دڵنیا نییە شتێکی وا ڕوو بدا. ئەو گوتی: "کەس نازانێ. ماقووڵتر ئەوەیە پێکەوە بەرەوڕووی چەکە کۆکوژەکان ببینەوە نەک تاکه‌تاکه‌ و جیاجیا کار بکەین."

ترامپ زۆرتر گلەیی لەوە دەکا کە وڵاتان ئه‌مریكا بۆ خۆیان به‌كار ده‌هێنن، بەڵام ئەم جارەیان لە ڕۆژی ١٣ی ئەپریلدا و لەمەڕ ڕاگەیاندنی ئامادەیییان بۆ هاوکاری لە چالاکییە هاوبەشەکانی دژ بە دامەزراوەکانی په‌یوه‌ست بە چەکە کیمیایییەکان لە سووریادا سوپاسی فه‌ڕەنسا و بریتانیای کرد. ڕوێژکارەکانی ترامپ دوای ئەم قسانە ڕایان گەیاند، کە هاوکاریی نزیکی نێوان سێ وڵاته‌كه‌ و تیمەکانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی لە هەفتەکانی ڕابردوودا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی متمانەیەکی زۆر و ئاشنابوونی زۆرتر بوو لەگەڵ یەکتردا.

ترامپ لە درێژەی قسەکانیدا لە کۆشکی سپی و لەمەڕ ڕاگەیاندنی هێرش بۆ سەر سووریا، گوتی: "ئێستا چالاکییەکی هاوبەشمان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی فه‌ڕەنسا و بریتانیادا هەیە. ئێمە سوپاسی ئەم دوو وڵاتە دەکەین." ئەو گوتی: "ئەمڕۆ وڵاتانی بریتانیا، فه‌ڕەنسا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزە چەکدارەکانی خۆیان لە بەرامبەر بەربەرییەت و زەبروزەنگدا تەیار کردووە." ڕاوێژکارانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی گوتیان، ترامپ لەو کاتەوە کە هەواڵی هێرشی کیمیایی بۆ سەر دووما، کە لە حەفتی ئەپریلدا و لە ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووی دا، بڵاو بووەتەوە، تا ئەو کاتەی کە هێرشی هاوبەش ئەنجام دراوە، ڕۆژانە لەگەڵ مەکرۆن و ترێزا مه‌ی، سەرۆکوەزیری بریتانیا، لە پەیوەندیی تەله‌فۆنیدا بووە.

بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی ترامپ گوتی: "بەرەبەرە پێوەندی و هاوکارییەکی نزیکی ستراتیژی و متمانەیەکی قووڵ لە نێوان سەرۆککۆمار ترامپ و سەرۆککۆمار مەکرۆن و سەرۆکوەزیران مه‌یدا هاتە دی؛ لە نێوان تیمەکانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییشدا هەروەتر." بەرپرسێکی تری فەرمی گوتی: "ئەم سێ ئەندامەی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆ بوونەوە، تا هەنگاوێکی زۆر پتەو لە مەشقێکی زۆر ورددا هەڵێنن. ئەم کارەیش لە سۆنگەی تواناکانی ترامپه‌وه‌ بۆ وەدیهێنانی ئەم هاوپەیمانییە و وەدەستهێنانی پشتگیریی فه‌ڕەنسا و بریتانیا هاتووەتە دی."

دیار نییە ئایا چالاکییە هاوبەشەکانی ئەمریکا، بریتانیا و فه‌ڕەنسا لە سووریا، بۆ پێشگیری لە هێرشێکی تری کیمیایی، دەتوانێ لە چارەکردنی گرفتی ترامپ لە ئاست ڕێکكەوتنی ناوکیی ئێران یارمەتیدەر بێت یان نا. زۆرێك له‌ بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا، کە کاریان لەسەر کێشەی ناوکیی ئێران کردووە، گوتیان ئەگەر ترامپ ویستبایه‌ ڕێککەوتنەکە ڕاگرێ، گەلێک ڕێکار هەبوون. بەڵام ئەوەیشیان گوت کە دانانی کەسانی دژ بە ڕێککەوتنی ناوکی، وەک جان بۆلتۆن بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و، هەڵبژاردنی مایک پۆمپیۆ، بەڕێوەبەری پێشووی "سی ئای ئه‌ی" بۆ وەزیری دەرەوە، هەواڵێکی خراپ بوو بۆ ئەو کەسانەی کە پێیان وایە هێشتنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران، بە سوودی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.

ئیلان گۆلدەنبێرگ، بەرپرسی پێشووی پێنتاگۆن و وەزیری ناوخۆ، کە لە کاروباری سەر بە ڕۆژهەڵاتدا کاری کردووە، بە ئێلمانیتۆری گوت: "بێ گومان ئه‌گه‌ری پێکهاتن هەیە بەڵام من لە هێندێک لە بەرپرسەکانی حکوومەتم بیستووە کە شانسی ڕێککەوتن دابه‌زیوه‌." گۆلدەنبێرگ، کە ئێستا لەگەڵ ناوەندێکی ئاسایشی ئەمریکای نوێدا کار دەکا، گوتی: "بە بۆچوونی من، ئەوان گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکەیان گرتبووە بەر و، چاکیش دەچوونە پێشەوە. پاشان، سەرۆککۆمار پێی گوتن کە دەبێ هەڵوێستێکی توندتر بنوێنن. هەر ئەمەیش، کارەکەی سەختتر کرد. جگە لەوەیش دانانی پۆمپیۆ و بۆلتۆنیش بەدبینی و نیگەرانییەکانی زۆرتر کردووە."

گولدەنبێرگ دەڵێ، سەختە بڵێم کە ئایا هاوکاری لە ئاست چەکە کیمیایییەکانی سووریا، دەبێتە هۆی هاوکارییەکی چاک بۆ تێکگەیشتن لە ئاست ئێراندا یان نا؛ ئەمەیش پەیوەندیی بە خوڕەوشتی ترامپەوە هەیە. گۆلدەنبێرگ گوتی: "مسۆگەر زیانی نییە، بەڵام ناتوانم بڵێم یارمەتیدەرە یان نا. ترامپ زۆر ڕاڕایە. ئێوە ناتوانن دڵنیا بن." گۆلدەنبێرگ پێشبینیی کرد کە حکوومەتی ترامپ لەوانەیە ڕۆژی ١٢ی مایس بڕیاری خۆی هەڵپەسێرێ، تا گوشارێکی زۆرتر بخاتە سەر ئەوروپییەکان کە ڕێککەوتنێکی سەختگیرانه‌تری لێ بكه‌وێته‌وه‌.

ڕیچارد نیفیۆ، ئەندامی پێشووی نوێنەرانی ئەمریکا لە گفتوگۆکانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا، گوتی، ئەویش سەبارەت بەوه‌ی كه‌ هاوکاریی ترامپ لەگەڵ ئەوروپییەکان بۆ هێرشبردنە سەر سووریا، بتوانێ لە بوارەکانی تریشدا، وەک بازرگانی و کێشەی ئێران پابه‌ندی بكا، ڕه‌شبینە. نیفیۆ کە ئێستا لە زانکۆی کۆلۆمبیایە، بە ئێلمانیتۆری گوت: "ئێمە سه‌باره‌ت به‌ سووریا، خەریکین شتەکان گەورە دەکەین." ئەو گوتی ئەمریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکە "پێشکەوتنێکی چاکیان هەبووە و وشەگەلێک هەن کە هەڵوێستی ترامپ نەرمتر و بۆچوونی ئەوروپییەکان سەختتر دەردەخەن. بەڵام ئەمە پێویستی بە جووڵەیەکە لە هەردوو لاوە. من ڕه‌شبینم. ئێمە ئەم یارییەمان پێشتریش بینیوە."

ژێرار ئارۆ، باڵیۆزی فه‌ڕەنسا لە ئەمریکا، ڕۆژی ١٢ی ئەپریل لە تویتەردا نووسیی: «فه‌ڕەنسا، ئەڵمانیا و بریتانیا گەڵاڵەی چاکیان خستە ڕوو کە وەڵامی نیگەرانییە هاوبەشەکانی ئێمە لەمەڕ هەوڵەکانی ئێران دەداتەوە، کەچی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دەهێڵێتەوە." داریل کیمبال، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کۆنترۆڵی چەک گوتی، ترامپ دەبێ وەڵامی ئەرێنی لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی خۆی قبووڵ بکا؛ ئەو هاوپەیمانانەی هەوڵێکی زۆریان دا تا وەڵامی نیگەرانییەکانی ترامپ لەمەڕ بەرجام بدەنەوە. کیمبال گوتی: "هاوکارییەکانی ئەم دوایییەی ئەمریکا و بریتانیا و فه‌ڕەنسا لە بەرامبەر سووریا لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاییدا، دەبێ متمانەی حکوومەتی ترامپ بۆ گرتنەئەستۆی شەریکە ئەوروپییەکانمان لەمەڕ چارەسەرکردنی گرفتەکانی تری ڕۆژهەڵاتیش بجووڵێنێ. ئەم کارە پێویستی بەوەیە کە واشنتۆن هاوکاری هاوپەیمانە ئەوروپییەکانمان بێ لە هێشتنەوەی بەرجامدا."

 

سەرچاوە:

https://www.al-monitor.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples