هێزی نەرم و تیژی چین

2018-05-07

هێزی نەرم و تیژی چین

 
*جۆزێف نای

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

چین چەندین ملیار دۆلاری بە مەبەستی زیادکردنی هێزه‌ نه‌رمه‌كه‌ی تەرخان کردووە، بەڵام لەم دوایییەدا ڕووبەڕووی کاردانەوەیەکی توند و گەورەی وڵاتە دیموکراتییەکان بۆتەوە. لە ڕاپۆرتێکی "سندووقی نیشتمانی بۆ گەشەپێدانی دیموکراتییەت" (NED)ئاماژە بەوە کراوە، کە هێزی نه‌رم پێویستی بە سەرلەنوێ بیرکردنەوە هەیە، چونکە ئەو مانایانەی کە لە دوای جەنگی ساردەوە بۆ ئەم چەمکە بەکار هاتووە، لە سات و کاتی ئێستادا چیتر ناتوانێت گوزارشتێکی ورد لە چەمکەکە بکات.

ڕاپۆرتەکە کاریگەریی دەسەڵاتە تۆتالیتێر (شموولی)یە نوێیەکان، کە لە جیهاندا هەستی پێ دەکرێت، بە "هێزی تیژ" وێنا دەکات و ناو دەبات. لەم دوایییانەدا گۆڤاری "ئیکۆنۆمیست" وتارێک بڵاو دەکاتەوە کە "هێزی تیژ" بە پشتبەستن بە گورزوەشاندن، لاوازکردن و گوشار پێناسە دەکات، کە دواجار هەموویان بەیەکەوە دەبنە هۆی پتەوکردن و ڕێکخستن بۆ خۆقایمکردن. ئەگەرچی هێزی نه‌رم خرۆشانی کەلتووری و بەهاکان بەیەکەوە بۆ بەهێزکردنی تواناکانی وڵات بەکار دێنێت، لە هەمان کاتدا هێزی تیژ یارمەتیی ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکان دەدات بۆ سەپاندنی بەها ئەخلاقییەکان لە ناوخۆ و دەستکاریکردنی ڕاسازییش لە دەرەوەدا.

دەستەواژەی "هێزی نەرم" توانای کاریگەریخستنە سەر ئەوانی دیكه‌یه‌ بە سەرنجڕاکێشان و ڕازیکردن، نەک بەکارهێنانی هێزی ڕه‌ق و ناچارکردن و سزادان. هەندێک جار وەک وێناکردن بۆ بەکارهێنانی هێز، کە هیچ هێزێکی ڕەق لەخۆ ناگرێت بەکار دێت. بەڵام ئەمە هەڵەیە. هێز هەندێک جار بریتییە لەوەی چ سوپا، یان ئابوورییەک براوەیە، بەڵام هەندێک جاریش تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە کام پرس براوەیە.

چیڕۆکی بەهێز، بە سەرچاوەی هێز دادەنرێت. سەرکەوتنی ئابووریی چین هەر یەک لە هێزی ڕه‌ق و هێزی نه‌رمی ئەو وڵاتەی لێ کەوتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی سنووردار. یارمەتییە ئابوورییەکانی چین کە لەژێر دەستپێشخەریی پڕۆژەی "پشتێنە و ڕێگه‌" دەیبەخشێت، پڕۆژەیەکی گونجاو و سەرنجڕاکێشە، بەڵام ئەگەر چین مەرج و داواکارییەکانی خۆی تێدا بسەپێنێت ئەوا سەرنجڕاکێشی و گونجاوییەکەی خۆی لەدەست دەدات. هەروەک لە دوایین کەیس لە سریلانکا، کە لە پڕۆژەی دروستکردنی بەندەرێکدا بینرا. بە هەمان شێوە، بەکارهێنانەکانی تری هێزی ئابووریی ڕەق، لاوازبوونی هێزی نه‌رمی چینی لێ دەکەوێتەوە. بۆ نموونە، چین سزای نەرویج دەدات لەبەر ئەوەی نەرویج خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی بەخشییە "لیۆ شیاوبۆ". هەروەها بە هۆی بڵاوکردنەوەی کتێبێک کە ڕەخنەی ئاڕاستەی چین کردبوو، هەڕەشەی سنووردارکردنی گەیشتنی بەرهەمی خانەیەکی بڵاوکردنەوەی ئوستڕاڵیی بۆ بازاڕی چین ده‌كات.

ئەگەر دەستەواژەی هێزی تیژ وەک هێما و کورتکراوەیەک بۆ جەنگی زانیاری بەکار بێنین، جیاوازییەکەی لەگەڵ هێزی نه‌رم ئاشکرا دەبێت. هێزی تیژ جۆرێکە لە هێزی ڕه‌ق. زانیارییەکان شی دەکاتەوە، کەچی زانیاری خۆی پڕۆسەیەکی هەستپێنەکراوە. بەڵام هەستپێنەکراوی، تایبەتمەندییەکانی هێزی نه‌رم لە یەکتر جیا ناکاتەوە. بۆ نموونە: هەڕەشە گوتراوەکان هەم هەستپێنەکراو و هەمیش زۆرلێکەرە.

کاتێک لە ساڵی ١٩٩٠دا چەمکی "هێزی نه‌رم"م ناساند، ئاماژەم بەوە کرد کە ئەم هێزە تایبەتمەندە بە خۆبەخشی و بێئاڕاستەیی و ناڕاستەوخۆیی. لە کاتێکدا هێزی ڕه‌ق تیشک دەخاتە سەر هەڕەشە و ڕازیکردن. ئەگەر کەسێک بە دەمانچەیەک ڕووبەڕووت وەستایەوە و داوای پارەکەی لێ کردی و دەستی بەسەر جزدانەکەتدا گرت، لەو کاتەدا ئەوەی تۆ بیری لێ دەکەیتەوە و دەتەوێت، هیچ نرخێکی نییە. ئەوە هێزی ڕه‌قە. ئەگەر ڕازیی کردی کەوا پارەکەی پێ بدەی و گۆڕانکاریی لەوە دروست کرد کە تۆ بڕوات پێیەتی و دەتەوێت، ئەوا هێزی نه‌رمە.

ڕاستی و کراوەیی، هێڵی جیاکەرەوەی نێوان هێزی نه‌رم و هێزی تیژە لە دیپلۆماسیی گشتیدا. کاتێک ئاژانسی فەرمیی هەواڵی چین، "شینخوا"، پەخشی خۆی بەئاشکرا لە وڵاتانی تر دەست پێ دەکات، ئەوا بە تەکنیکەکانی هێزی نه‌رم هەژمار دەکرێت و، دەبێت قبووڵیشی بکەین. لە هەمان کاتدا، ڕادیۆی نێودەوڵەتیی چین کە بە شێوەیەکی نهێنی کۆمەک بە (٣٣) ڕادیۆی تر لە (١٤) وڵاتی جیاوازدا دەکات، ئەمە تێپەڕاندنی سنوورەکانی هێزی تیژە و، دەبێت وەک شکاندنی سنوورەکانی خۆبەخشی بیخەینە ڕوو.

بێ گومان ڕیکلام و ڕازیکردن هەمیشە چوارچێوەیەک دادەڕێژن کە دەبێتە هۆی سنووردارکردنی خۆبەخشی، وەک ئەو تایبەتمەندییەی کە لە بونیادی ژینگەی کۆمەڵایەتیدا بەدی دەکرێت. بەڵام لەخشتەبردنی لەڕاددەبەدەر، دەکرێت وەک زۆرلێکردن وێنای بکەین؛ ئەگەرچی نابێتە توندوتیژی بەڵام ڕێگڕی لە بژاردەیەکی مانادار و باشتر دەکات.

تەکنیکەکانی دیپلۆماسییەتی گشتی کە بە شێوەیەکی فراوان لە پڕۆپاگەندەدا دەبینرێت، ناتوانێت هێزی نه‌رم بەرهەم بێنێت. لە سەردەمی زانیاریدا سەرچاوە زۆر دەگمەنەکان، سەرنجدان و ڕاستگۆیین. لەبەر ئەوەیە ئاڵوگۆڕی بەرنامە وەک بەشێک لە بەرهەمهێنانی هێزی نه‌رم، کە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی گەیاندن و پەیوەندییە کەسییەکان لە نێوان قوتابیان و سەرکردە گەنجەکان، زۆر جار کاریگەرترە لە پەخش و پرۆپاگەندە فەرمییەکان.

ویلایەتە یەکگرتووەکان دەمێکە بەرنامەی لەم شێوەیەی تەرخان کردووە، کە ڕێگە بە سەرکردە بیانییە گەنجەکان دەدات سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ن. لە ئێستادا چین هەمان بەرنامە بەسەرکەوتوویی جێبەجێ دەکات. ئەمە بەکارهێنانێکی زیرەکانەی هێزی نه‌رمە. بەڵام کاتێک ڤیزا/ مۆڵەتی هاتنەژوورەوەی وڵات بۆ زۆرلێکردن و سنووردارکردنی ڕەخنە و هاندانی خۆقایمکردن بەکار بهێنرێت، ئەوا بێ گومان بەرنامەکانی ئاڵوگۆڕکردن دەگۆڕێن و، دەبن بە هێزی تیژ.

کاتێک کە دیموکراتەکان وەڵامی هێزی تیژی چین و جەنگی زانیارییەکان دەدەنەوە، دەبێت ئاگادار بن، نەک کاردانەوەیان هەبێت؛ چونکە زۆربەی هێزی نه‌رمی دیموکراتەکان لە کۆمەڵگەی مەدەنییەوەیە، بە مانای ئەوەی کە کراوەیی سامانێکی بەهادار و بەنرخە بۆیان. چین دەتوانێت هێزی نه‌رمی زیاتر بەرهەم بێنێت ئەگەر ڕۆڵ و تارماییی حزب لەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی کەم بکاتەوە. بە هەمان شێوە چاودێریکردنی میدیا و پشتبەستن بە کەناڵ و ناوەندە نهێنییەکان، هێزی نه‌رمی چین کەم دەکەنەوە. دیموکراتەکانیش پێویستە، لە فریودان بۆ لاساییکردنەوەی ئەو ئامرازانەی دەسەڵاتخوازیی هێزی تیژ دوور بکەونەوە.

هەرچەندە، داخستنی ئامرازە شەرعییەکانی هێزی نه‌رمی چین، دەکرێت کاردانەوەی پێچەوانەی لێ بکەوێتەوە. هێزی نه‌رم، كه‌ زۆر جار بۆ کێبڕکێ بەکار دەهێنرێت، ڕەنگە دەرەنجامەکەی سفر بێت، بەڵام دەشکرێت بڕێک لە لایەنی ئەرێنیشی هەبێت. بۆ نموونە، ئەگەر چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، خوازیار بن لە ململانێ دوور بکەونەوە و، ئەو بەرنامانە ئاڵوگۆڕ بکەن وەک ڕێگه‌یەک بۆ سەرنجڕاکێشانی چین لە لایەن ئەمریکاوە و بەپێچەوانەوەیش، ئەوا هەر دوو لا سوودمەند دەبن. هه‌روه‌ها لە پرسە نێونەتەوەیییەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوایش، هەر دوو وڵات سوود لە هاریکارییەکانی یەکتر وەردەگرن. هێزی نه‌رم دەتوانێت پردی متمانە بونیاد بنێت و تۆڕێک دروست بکات کە ببێتە مایەی هاریکاریی گونجاو بۆ لایەنەکان.

لە کاتێکدا هەڵەیە ئەگەر ڕێگری لە هەوڵەکانی هێزی نه‌رمی چین بکرێت تەنیا لەبەر ئەوەی هەندێک جار دەبێت بە هێزی تیژ، لەگەڵ ئەوەیشدا گرنگە بەوریایییەوە چاودێریی دابەشبوونی هێڵەکە بکرێت. نموونەیەک لەسەر "هانبان"، "وەک دەزگه‌یەکی فەرمی (٥٠٠) پەیمانگه‌ی کۆنفۆشیۆسی بەڕێوە دەبات و (١٠٠٠) پۆل لە زانکۆ و قوتابخانەکان لە سەرتاسەری جیهاندا لەخۆ دەگرێت کە چین بۆ فێربوونی زمانی چینی و بڵاوکردنەوەی کەلتووری چینی پاڵپشتییان دەکات"، دەبێت ڕێگری لە سنووردارکردنی ئەو ئازادییە ئەکادیمییە بکرێت کە بۆتە هۆی داخستنی بەشێک لەو پەیمانگه‌ کۆنفۆشیۆسییانە.

هەروەک بۆمان دەردەکەوێت، باشترین بەرگری لە بەرامبەر بەکارهێنانی بەرنامەکانی ئەو هێزه‌ نه‌رمەی کە چین بەکاری دێنێت و دەیگۆڕێت بۆ ئامرازەکانی هێزی تیژ، بریتییە لە باسکردن و ئاشکراکردنی هەوڵەکان و، بەمەیش دیموکراتەکان تێیدا سوودمەند دەبن.

 

جۆزێف نای: پڕۆفیسۆرە لە زانکۆی هارڤارد و نووسەری په‌رتووكی "داهاتووی هێز"ە. ئەم وتارە بەهاوبەشی لەگەڵ سێندیکەیت پڕۆجێکت پێشکەش کراوە.

 

سەرچاوە:
https://www.aspistrategist.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples