له‌ ئێران، نازناوى ئايينى له‌نێو جه‌رگه‌ى گه‌مه‌ سياسييه‌كاندايه

2018-05-14

له‌ ئێران، نازناوى ئايينى له‌نێو جه‌رگه‌ى گه‌مه‌ سياسييه‌كاندايه

ڕۆحوڵڵا فه‌قيهى

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

وێڕاى به‌ره‌نگاريى هه‌ندێ كه‌سايه‌تيى ديار و به‌رچاوى وه‌ك ئايوتوڵڵاى عوزما عه‌لى سيستانى، هێشتا و بێ په‌روا به‌سياسيكردنى نازناو و پله ‌و پايه‌ى ئايينى و مه‌زهه‌بى له‌ ئێران به‌رده‌واميى هه‌يه‌‌.

له‌ ئێران، ڕێوڕه‌سمى ئايينى كه‌ بۆ ئه‌حمه‌د خومه‌ينى، نه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ى دامه‌زرێنه‌رى كۆمارى ئيسلامى، ئايه‌توڵڵا ڕۆحوڵڵا خومه‌ينى ساز كرا، هه‌ندێ ديبه‌يتى له‌باره‌ى ئاخونده‌كانى شيعه‌ نايه‌وه‌. ڕێوڕه‌سمى نه‌ريتئاساى له‌م بابه‌ته‌ كه‌ مێزه‌ر تێدا له‌سه‌ر ده‌نرێ، دژ به‌ پێشينه‌ى پرۆسه‌يه‌كه‌ كه‌ هه‌نووكه‌‌ نازناو و ناونيشانى ئايينيى له‌ وڵاتدا زێتر له‌به‌ر ئيعتوباراتى سياسى نه‌ك ئيعتوباراتى فيقهى به‌م و به‌و ده‌درێ و، به‌كرده‌وه‌یش هه‌موو گرووپ و حزب و لايه‌نه‌كان ئه‌و پله‌ و پايه ‌و نازناوانه‌ له‌ سيسته‌مى پله‌به‌نديى تيۆلۆژيى شيعه‌دا بۆ مه‌به‌ستى سياسيى خۆيان به‌كار ده‌هێنن. لێ داخوا له‌ ئێران، پێشانيش هه‌ر به‌م جۆره‌ى ئێسته‌ بووه‌؟

به‌ر له‌وه‌ى بچينه‌ ناو ئه‌م ديبه‌يته‌وه‌ له‌باره‌ى به‌ سياسيكردنى ناونيشان و پله‌ و پايه‌ى مه‌زهه‌بييه‌وه‌، له‌وانه‌يه‌ باشتر بێ كه باس له‌‌ بنه‌وانى ئه‌و پرسه‌ بكه‌ين. به‌گشتى، ئاخونده‌كانى شيعه‌، به‌سه‌ر پێنج جۆر دابه‌ش ده‌بن: سيقه‌تولئيسلام، حوججه‌تولئيسلام، حوججه‌تولئيسلام وه‌لموسلملين، ئايه‌توڵڵا، ئايوتوڵڵاى عوزما. [خومه‌ينى خۆى به‌ جێگرى ئيمامى غائب داده‌نا- ئاسۆ.]

پێش حوكمڕانيى بنه‌ماڵه‌ى په‌هله‌وى (1925- 1979)، ناونيشانى وه‌ك ئايه‌توڵڵا، يان سيقه‌تولئيسلام به‌ شێوه‌يه‌كى سه‌ره‌كى ته‌نيا بۆ پالێنانه‌وه ‌و وه‌فادارى به‌كار ‌هاتوون؛ هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌یش زۆر ده‌گمه‌ن بووه‌ و ته‌نيا وه‌ك ئاماژه‌كردنێك‌ بۆ ژماره‌يه‌كى ئێكجار كه‌مى فوقه‌هاى ناوبه‌ده‌ره‌وه‌ى ئيسلامى به‌كار هاتوون؛ بۆ نموونه‌، موحه‌مه‌د ئيبن يه‌عقوب ئه‌لكولينى (864-941) كه‌ فه‌قيهێكى زۆر ناسراوى شيعه‌ و كۆكه‌ره‌وه‌ى فه‌رمووده‌كانى پێغه‌مبه‌ره‌. په‌رتووكی "الكافي"ى ئه‌لكولينى‌ كه‌ په‌رتووكێكى گرنگى كۆكردنه‌وه‌ى فه‌رمووده‌كانى پێغه‌مبه‌ره‌، هه‌م  له ‌لايه‌ن سوننه‌ و هه‌م له ‌لايه‌ن شيعه‌كانه‌وه‌ ڕێزى لێ ده‌گيرێ. ئه‌م په‌رتووكه‌ ناونيشانى "ثقة الاسلام"ى به‌ ئه‌لكولينى به‌خشى كه‌ به‌ ماناى متمانه‌پێكراوى ئيسلام دێ. له ‌ڕاستيدا،  تا ئه‌مڕۆ، فه‌قيهگه‌لى ئيسلامى به‌گشتى ئاماژه‌ بۆ ئه‌لكولينى ده‌كه‌ن كاتێ كه‌ ناوى ده‌سته‌واژه‌ى سيقه‌تولئيسلام ده‌هێنن. هه‌روا، بۆ نموونه‌ ئه‌بو حاميد ئيبن موحه‌مه‌د ئه‌لغه‌زالى له‌دايكبووى ئێران، به‌ فه‌يله‌سووف، به‌ فه‌قيه و سۆفييه‌كى هه‌ره‌ گه‌وره‌ى ئيسلامى سوننى داده‌نرێ. زۆر جاران ئاماژه‌ بۆ ئه‌لغه‌زالى ده‌كرێ وه‌ك حوججه‌تولئيسلام، كه‌ به‌ ماناى پێسه‌لماندنى ئيسلام دێ.

له‌ سه‌رده‌مى قاجارييه‌وه‌ (1794- 1925) تا ده‌سپێكى سه‌رده‌مى په‌هله‌وى، زۆر فه‌قیھ و ئاخوندى پله‌ و پايه‌ باڵاى ئێرانى به ‌ناونيشانى ساده،‌ قامكيان بۆ ڕاده‌كێشرا. وشه‌ى شێخ‌ بۆ ئه‌و ئاخوندانه‌ به‌كار ده‌هات كه‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك نه‌ده‌چوونه‌وه‌ سه‌ر  موحه‌مه‌د پێغه‌مبه‌ر.

له‌ 1921دا، شێخ عه‌بدولكه‌ريم حائيرى يه‌زدى، كه‌ مامۆستايه‌كى پله‌ باڵا بوو له‌ شارى پيرۆزى عێراق، كه‌ربه‌لا، حه‌وزه‌يه‌كى سه‌ركه‌وتووى له‌ شارێكى ناوه‌ڕاستى ئێران، له‌ ئه‌راك، حه‌وزه‌ى قومى دامه‌زراند. ئه‌و پياوه‌ كه‌ به‌ "ئايه‌توڵڵاى دامه‌زرێنه‌ر" ناسراوه‌، كاروباره‌كانى حه‌وزه‌ى ڕێك خست، كۆرس و پله‌ و پايه‌كانى به‌ستاندارد كرد. ئيدى له‌و ده‌مه‌وه‌ ناونيشان و نازناوى مه‌زهه‌بى  به‌ره‌ به‌ره‌  بۆ ده‌ستنيشانكردنى به‌رهه‌مه‌ فيقهييه‌كان به‌كار هێنران. بۆ زانين، دامه‌زرێنه‌رى كۆمارى ئيسلامى، ئايه‌توڵڵا ڕۆحوڵڵا خومه‌ينى، يه‌كێ بووه‌ له‌ قوتابييه‌كانى حائيرى يه‌زدى.

ئه‌مڕۆ خوێندكارانى لاهوت له‌ حه‌وزه‌كانى ئێراندا، ده‌بێ چه‌ند كۆرسێك بخوێنن و ته‌واو بكه‌ن تا ناونيشان و نازناوى ئايينى به‌ده‌ست بهێنن. بۆ نموونه‌ ئه‌وانه‌ى تازه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و كۆرسگه‌لێكى سه‌ره‌تايى ده‌خوێنن، ئه‌وا ناونيشانێكى ته‌شريفاتيیان پێ ده‌درێ به‌ ناوى سوقاتولئيسلام؛ هه‌ڵبه‌ت ئێسته‌ ئه‌و ناونيشانه‌ به‌ده‌گمه‌ن له‌ ئێران به‌كار ده‌هێنرێ. حوججه‌تولئيسلام بۆ ئه‌و ئاخوندانه‌ به‌كار دێ كه‌ پله‌ى "سه‌تح- ده‌وره‌ى سطح"يان بڕيوه‌ و چوونه‌ته‌ ناو پله‌ى "ده‌وره‌ى خاريج"ه‌وه‌ كه‌ لێكۆڵينه‌وه‌ى پێشكه‌وتووى فيقهى (ئيجتيهاد) تێدا ئه‌نجام ده‌درێ. پله‌ى ئايينيى ئايه‌توڵڵا كه‌ به‌ ماناى "نيشانه و به‌ڵگه‌‌ى خودا" دێ، به‌و كه‌سانه‌ ده‌درێ كه‌ پله‌ى "خه‌واريج"يان بڕيوه‌ و بوونه‌ته‌ موجته‌هيد. دواجار، پله‌يه‌كى هه‌ره‌ باڵا هه‌يه‌ كه‌ پێى ده‌گوترێ ئايه‌توڵڵاى عوزما، كه‌ ده‌توانێ بۆ جێبه‌جێكردنى شه‌ريعه‌تى ئيسلامى، فه‌تواى ئايينى بدا.

له‌و ده‌ ساڵانه‌ى دواى شۆڕشى 1979ى ئيسلامى، هه‌م ڕيفۆرميسته‌كان و هه‌م كۆنه‌پارێزه‌كان هه‌وڵيان داوه‌ سوود له‌م ناونيشان و نازناوانه‌ وه‌ربگرن؛ چ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى پێگه‌ى به‌رانبه‌ر و چ بۆ قايمكردنى ستاتۆى سه‌ركرده‌كانى خۆيان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا. بۆ نموونه‌، به‌ر له‌وه‌ى ڕه‌فسه‌نجانى له‌ 2017دا بمرێ، كۆنه‌پارێزه‌ سه‌رسه‌خت و توندڕۆ‌كان زۆر جاران به‌ سه‌رۆككۆمار، "ئه‌كبه‌ر هاشمى ڕه‌فسه‌نجانى"يان ده‌گوت حوججه‌تولئيسلام، كه‌چى ڕيفۆرميسته‌كان، ميانرۆكان و كۆنه‌پارێزه‌ پراگماتيسته‌كان پێیان ده‌گوت ئايه‌توڵڵا. ڕه‌فسه‌نجانى كه‌ بۆ دوو خوڵ سه‌رۆككۆمار بووه‌، كه‌سێكى ديارى سه‌ر به‌ باڵ و كامپى ميانڕۆ له‌ ئێران بووه‌ و له‌ لايه‌ن ڕيفۆرميسته‌كانيشه‌وه‌، به‌تايبه‌تى له‌م ساڵانه‌ى دواييدا ڕێزى لێ ده‌نرا.

تا هه‌نووكه‌ ئايه‌توڵڵاى عوزما يوسف ئه‌لسانعی، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ساڵى 2009ى سه‌رۆكايه‌تيى كۆمارى خستبووه‌ ژێر پرسياره‌وه‌، هێرش و په‌لامارى ده‌كرێته ‌سه‌ر و له ‌لايه‌ن سه‌ختگره‌ كۆنه‌پارێزه‌كانه‌وه‌ به‌ شێخ ناوى ده‌هێنرێ؛ ئه‌وه‌ ميتۆدێكه‌ ساده ‌و ڕه‌وان بۆ سووكايه‌تيپێكردن به‌كار دێ. به‌ هه‌ر حاڵ، ڕيفۆرميسته‌كانيش، بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ى خۆيان هه‌مان ڕێسا به‌كار ده‌هێنن.

نازناوى گه‌وره‌ى وه‌ك ئايه‌توڵڵا، هه‌ندێ جار به‌و ئاخوندانه‌ ده‌درێ كه‌ له‌ پله ‌و پێگه‌ى ئايينيى باڵا داده‌نرێن، يان كه‌ خۆيان بۆ پۆستێك هه‌ڵده‌بژێرن و ئاماده‌ ده‌كه‌ن. ئه‌م ئاراسته‌يه‌ به‌زۆرى له‌نێو كه‌سايه‌تييه‌ سه‌رسه‌خت و توندڕۆ و كۆنه‌پارێزه‌كاندا ده‌بينرێ. بۆ نموونه‌، پێش هه‌ڵبژاردنى ساڵى 2017ى سه‌رۆكايه‌تيى كۆمار، به‌ پاڵێوراوى كۆنه‌پارێزه‌كان، ئيبراهيم ڕه‌ئيسى ده‌گوترا حوججه‌تولئيسلام، لێ به‌ره‌ به‌ره‌ ميدياى توندڕۆ، وه‌ك هه‌ر دوو ئاژانسى هه‌واڵه‌كانى "ته‌سنيم" و "فارس"، پێيان ده‌گوت ئايه‌توڵڵا. ئه‌م پرۆسه‌ى ناونيشان و پله‌به‌رزكردنه‌وه‌يه‌، له‌ پاش خۆپاڵاوتنى ڕه‌ئيسى بووه‌ و له‌گه‌ڵ دانانى له‌ ئادارى 2016دا، وه‌ك پارێزه‌رى مه‌رقه‌دى پيرۆزى ئيمام ڕه‌زا له‌ شارى مه‌شهه‌د كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوورى ڕۆژهه‌ڵاتى ئێرانه‌وه، ده‌ستى پێ كراوه‌‌. ئه‌م پۆسته‌ ڕێگه‌ى به‌ ڕه‌ئيسى ده‌دا كه‌ كۆنترۆڵى ڕێكخراوى "ئاستانی قودسی ڕه‌زه‌وی"، كه‌ دامه‌زراوه‌يه‌كى هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندى ئێرانه‌، بكا. ڕه‌ئيسى وه‌ك پاڵێوڕاوێكى كۆنه‌پارێز له‌ هه‌ڵبژاردنى 2017دا، زێتر له‌ 16 مليۆن ده‌نگى به‌ده‌ست هێنا و له ‌به‌رامبه‌ر حه‌سه‌ن ڕۆحانى كه‌ زێتر له‌ 23 مليۆن ده‌نگى برده‌وه‌، تێك شكا.

به‌سياسيكردنى نازناوى ئايينى و مه‌زهه‌بى، به‌ به‌كارهێنانيان چ بۆ سووكايه‌تيكردن به‌ ناحه‌ز و نه‌يار بێ، چ بۆ به‌ده‌ستهێنانى پله‌ و پۆست بێ، به‌بێ گه‌نگه‌شه ‌و ديبه‌يت تێ نه‌په‌ڕيوه‌ و وه‌رنه‌گيراوه‌. له ‌ڕاستيدا، ئايه‌توڵڵا عوزماكانى وه‌ك وه‌حيدى خوراسانى و عه‌بدوڵكه‌ريم موسه‌ويى ئه‌رده‌بيلی، ئه‌م جۆره‌ به‌كارهێنانه‌ى نازناوى ئايينييان پێ په‌سند نه‌بووه‌‌. بۆ جه‌نگى ڕه‌مزييانه‌ى ئه‌م ئاراسته‌يه‌ و كێبه‌ركێى نێوان ئاخونده‌كان، ژماره‌يه‌ك له‌ ئايه‌توڵڵا عوزماكان، به‌ "عه‌لى سيستانى"یشه‌وه‌، فه‌رمانيان به‌ نووسينگه‌كانى خۆيان داوه‌ كه‌ ده‌سته‌واژه‌ى ئايه‌توڵڵاى عوزما له‌ وێبه‌سايته‌ فارسييه‌كاندا له‌ پێش ناوه‌كانياندا بسڕنه‌وه‌. سه‌ربارى ئه‌م ڕێوشوێنانه‌ كه‌ جێگه‌ى پالێنانه‌وه‌ن، لێ نه‌یانتوانی به‌ڕوونى ڕێگه‌ له‌و خوليايه‌ بگرن كه‌ يارى به‌ نازناو و ناونيشانى ئايينى و مه‌زهه‌بييه‌وه‌ ده‌كا. له ‌ڕاستيدا، بۆ كۆتاييهێنان به‌ به‌سياسيكردنى پله ‌و پێگه‌ى ئايينى و فيقهى، پێويست به‌وه‌ ده‌كا حه‌وزه‌ى قوم بڕيارێكى يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و جێگير بدات و ئايه‌توڵڵا عوزماكان هاوهه‌ڵوێست بن دژى خراپ به‌كارهێنانى نازناوه‌كانيان.

وێڕاى شوێنه‌وارى چه‌وتى ئه‌م جۆره‌ به‌كارهێنانه‌، لێ وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ قازانجى بۆ گرووپێكى تايبه‌تى هه‌يه‌: بۆ ڕۆژنامه‌نووسان و شرۆڤه‌كاره‌ سياسييه‌كان. بۆ ئه‌وه‌ى له‌وه‌ بگه‌ى كه‌ باڵێك، يان كامپێكى سياسى به‌ته‌مايه‌ ئاخوندێكى دياريكراو بۆ هه‌ڵبژاردنێك بپاڵێوێ- جا چ بۆ پۆستى سه‌رۆكايه‌تيى كۆمار بێ، چ بۆ ئه‌نجومه‌نى شاره‌زايان (خبرگان) بێ، چ بۆ پله ‌و پۆستى ناوخۆى حزبى بێ- ته‌نيا چاوێك به‌ خێرايیى پێشكه‌وتنى پله ‌و پايه‌ى ئايينيى ئه‌و كه‌سه‌ بخشێنه‌ كه‌ به‌ چ شێوه‌يه‌ك ئه‌و پله‌ و پايه ‌و نازناو و ناونيشانانه‌ى وه‌ده‌ست هێناوه‌.

 

سەرچاوە:

http://www.al-monitor.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples