2018-05-18
ئاکامی هەڵبژاردنی عێراق، بە سوود یان زەرەری ئێران؟
ڕادیو ئهڵمانیا
ئاکامی هەڵبژاردنی عێراق تا ئێستا سەرکەوتنی هاوپەیمانیی سائیرون بە ڕابەرایەتیی سەدر نیشان دەدا. ئەو هەواڵنێرەی لە ساڵی ٢٠٠٨دا تاکەپێڵاوێکی لە "بووش" گرتبوو و پاڵێوڕاوی هەڵبژاردنی ئەم خولەیە دەڵێ، ئەم جارە دەیەوێ دژی ئێران بوەستێ. دوا ئاکامە ڕاگەیەندراوەکانی هەڵبژاردنی ڕۆژی ١٢/٥/٢٠١٨ی عێراق تا ئێستا، نیشاندەری ئەوەن کە هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر، ٥٤ کورسییان بەدەست هێناوە و لە ڕیزی یەکەمدان.
هاوپەیمانیی "فەتح" بە ڕابەرایەتیی هادی عامری، فەرماندەی سوپای بەدر و یەکێک لە هاوپەیمانەکانی ئێران بە ٤٥ کورسی و، "نەسر" بە ڕابەرایەتیی حەیدەر عەبادی بە ٣٩ کورسی، دەوڵەتی یاسا بە ڕابەرایەتیی نووری مالکی بە ٢٥ و، ڕەوتی حیکمەت بە ڕابەرایەتیی عەممار حەکیم بە ١٩ کورسی، زۆرترین نوێنەریان لە پەرلەمانی عێراقدا دەبێ. هەرچەند کۆتایی بە ژماردنی دەنگەکان نەهاتووە و ئاکامی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەوە ڕادەگەیەنرێن، بەڵام سەرکەوتنی هاوپەیمانی بە ڕابەرایەتیی سەدر مسۆگەر دێتە بەرچاو.
سەدر داوای چی دەکا؟
موقتەدا سەدر تاقە ڕێبەری سیاسیی عێراقە کە ههم دژی نفووزی ئێرانە و هەم دژی نفووزی ویلایەتە یەکگرتووەکان. سەدر خوازیاری چوونهدهرهوهی گشت هێزە بیانییەکان و، بەتایبەت ئێرانە لە عێراقدا. لەم نێوانەدا سەدر وەک ڕوخسارێکی پۆپۆلیستییانهی میللی دەرکەوتووە کە بەتەمایە هاوسەنگییەک لە نێوان بەرژەوەندییەکانی ئێران و عەرەبستانی سعوودیدا بێنێتە دی. ئەویش وەک عەبادی دژی دەستێوەردانەکانی ئێرانە لە کێشەکانی عێراقدا.
خاڵێکی گرنگی تر لە دروشمە مافخوازانە و دادخوازانەکانی موقتەدا سەدردان، کە بە سوودی ئەو چینە هەژارانەن کەوا هیچ پشکێکیان لە سەرمایە و داهاتی وڵاتدا نییە. بەم سیاسەتەیە کە سەدر هەم پاڵپشتیی چینی هەژاری بەدەست هێناوە و هەم کەوتووەتە نێو هاوپەیمانییەکهوه لەگەڵ حزبی شیوعی عێراقدا. شیوعییەکان گوتوویانە پاڵپشتی ئاراسته دادخوازانەکەی موقتەدا سەدرن لە ئاوڕدانەوە لە خەڵکی زەحمەتکێش و بهشخۆراوی كۆمهڵگه.
موقتەدا سەدر لە هەڵوێستە توییتییەکەی خۆیدا نووسیی، هاودەنگی ڕەوتی "حیکمەت" و "نەتەوەخوازەکان" و "ئیرادەی گەل"ە. بە گوتەی سەدر ئەم جڤاتە هێزێکی دیموکراتیکە و، بە پاڵپشتیی ئەوانە، حکوومەتێکی تهکنۆکراتی دوور لە ئینتیمای حزبی پێک دێنێ.
هەواڵنێرێک بە تاکەپێڵاوەوە!
لە یەکەمین هەڵبژاردنی پهرلهمانیی عێراقدا دوای شکانی داعش، ٥/٤٤ خەڵکی عێراق كه مهرجی دهنگدانیان تێدا بوو، چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان. بە بۆچوونی چاودێران، یەکێک لە هۆکارەکانی بەدەنگەوەنەهاتنی خەڵک لەم خولەی هەڵبژاردندا، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دهموچاوی نوێ لە گۆڕەپانی سیاسەتدا. یەکێک لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق، ئەو هەواڵنێرەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەگەریدا پێڵاوەکەی لە جۆرج بووش گرت. ئەم هەواڵنێرە گەنجە کە ناوی "مونتەزیر ئەلزەیدی"یە، بە دروشمی "خەبات دژی گەندەڵی و گەندەڵکاران" لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار بووە.
میدیاکانی ئێرانیش لەبارەی ئەلزەید و کاندیدبوونەکەی، بە ناونیشانی جۆراوجۆری وهك "هەواڵنێرێک کە پێڵاوی لە بووش گرت" ههندێ ڕاپۆرتیان بڵاو کردەوە. لە چاوپێکەوتنێكدا لەگەڵ سایتی "ئیشپیگێل"ی ئەڵمانیدا، له پاڵ ئهو هۆكارانهی كه بۆ خۆپاڵاوتنی له ههڵبژاردندا ئاماژهی بۆ كردوون، ئاماژەی بۆ پرسی ئێران کردووە. ئەم کاندیدە دەڵێ بەشداریی لەم هەڵبژاردندا کردووە چونکە حکوومەتی عێراق دەسکەڵای دەستی دراوسێکانە. هەروەتر ئاماژەی بە ڕۆڵی ئێران و عەرەبستان لە عێراقدا کردووە و دەڵێ، بەتایبەت ئێران کە لە چەندین لاوە دەست دەخاتە نێو کێشەکانی عێراق و دوا قسەیش ئەو دەیکا.
ئەلزەیدی دەڵێ: "ساڵی ٢٠٠٨ بەو پێڵاوەی کە لە بووشم گرت، دژایەتیی خۆم بۆ داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە ڕاگەیاند. ئەمڕۆیش بهرهنگاری دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێراقدا دهبمهوه."
ناڕازیبوونی ئێران لە سەرۆکوەزیران عەبادی
هێشتا دیار نییە کێ سەرۆکایەتیی حکوومەتی داهاتووی عێراق دەگرێتە دەست.
هاوپهیمانییەک بە سەرکردایەتیی سەدر بۆ پێکهێنانی حکوومەت، تا ئێرە دەتوانێت عەبادی بێت، ئەمەش ئەو ڕووداوهیە کە ئێران لهگهڵیدا نییە. بەشێک لە میدیاکانی ئێران بە ئاماژە بۆ "ئەو بەڵگانەی كه دەرخەری پشتگیریی عەرەبستان و ئەمریکان لە بەردەوامبوونی سەرۆکایەتیی عەبادیدا"، ناڕازیبوونی ئێران لەم پێشبینییە دەخەنە بەرچاو.
هادی عامری و نووری مالکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، ئەو کاندیدانەن کە ئێران پشتگیرییان دەکا. ئێران و میلیشیا شیعەکانی عێراق، پشتگیری لە لیستی عامری دەکەن. زۆربەی خەڵکی عێراق بە هۆی ڕۆڵیان له شکستپێهێنان بە داعش، وەک پاڵەوان سەیری ئەم گرووپە دەکەن.
دانوستانی داهاتوو لەمەڕ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی مەزن لە عێراقدا، دەرخەری ئەوە دەبێت کە لە داهاتوودا كێ دوا قسەی لە گۆڕەپانی سیاسەتدا دەبێ؟ ئایا دیسان دراوسێکان؟
سەرچاوە: