هه‌نارده‌كردنی شۆڕش و سیاسه‌تی كه‌لتووریی كۆماری ئیسلامیی ئێران
پەرویز ڕەحیم قادر- مامۆستای زانستە سیاسییەكان/ زانكۆی سەڵاحهددین پێشه‌كی لە كاتێكدا بە شێوەیەكی گشتی سیاسەتی دەرەكیی ده‌وڵه‌تان، بەرژەوەندی و ئامانجەكان لەخۆ دەگرێت، دیپلۆماسی ئامرازێكە یان میكانیزمێكە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانە، هەروەك چۆن ئابووری، پرۆپاگەندە، هێزی سەربازی، كه‌لتوور و ئایدیۆلۆژی، وەك ئامرازی سیاسەتی دەرەوە بەكار دێن. بەڵام دیپلۆماسیی گشتی، بەرفراوانتـرە لە دیپلۆماسیی فەرمی و، هەموو ئامرازە فەرمی و نافەرمییەكانیش دەگرێتەوە، بەتایبەت ئامرازەكانی پەیوەندی و ڕاگەیاندن كە بۆ كاریگەریخستنە سەر ڕای گشتی، جێبەجێكردنی بەرنامەی ستـراتیژی، بەرنامەی پەروەردە و كه‌لتووریی وڵاتێكە بە مەبەستی دروستكردنی پشتیوانیی دەرەكی لە سیاسەتی دەرەوەیدا. كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش له لایه‌ك وه‌كوو ده‌وڵه‌تیكی دراوسێی هه‌رێمی كوردستان و له داهاتوودا كۆماری كوردستان و، له لایه‌كی تریشه‌وه خاوه‌ن نفووز و پێگه‌یه‌كی زۆر له عێراقدا كه له ئێستادا زۆرترین دژایه‌تیی بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان هه‌یه و زیاتر له ده ملیۆن كوردیش له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا ده‌ژین، هه‌موو ئامراز و جۆره‌كانی هێز (ڕه‌ق و نه‌رم) بۆ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆی به مه‌به‌ستی دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی و ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی خۆی به‌كار دێنێت. باشترین ڕێگه‌یش كه‌ڵكوه‌رگرتن له هێزی نه‌رم و، به‌م پێیه‌یش دیپلۆماسیی كه‌لتوورییه له ڕێگه‌ی سیاسه‌تی كه‌لتوورییه‌وه، كه له كۆتاییدا له قازانجی ئامانجه‌كانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌دایه. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه هه‌نارده‌كردنی شۆڕش ته‌نیا له ڕێگه‌ی سه‌ربازییه‌وه نییه، به‌ڵكوو كۆماری ئیسلامی چه‌ندین ڕێگه و ڕێوشوێن و میكانیزمی جۆراوجۆری گرتۆته به‌ر، كه له‌و نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین تیشك بخه‌ینه سه‌ر دیپلۆماسی و سیاسه‌تی كه‌لتووریی كۆماری ئیسلامیی ئێران. دیپلۆماسیی كه‌لتووری: "دیپلۆماسیی گشتی" چه‌مكێكی نوێیه، كه ده‌وڵه‌تان له ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه و په‌ره‌پێدانی ئایدیۆلۆژی و به‌ها و پێوه‌ره كهلتوورییهكانیانهوه، له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه كه‌لتوور و په‌یامی خۆیان بۆ شوێندانه‌ری و كاریگه‌ریدروستكردن و نفووز په‌ره پێ بده‌ن. به‌شێك له ئامرازه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م دیپلۆماسییهیش بریتین له بڵاوكراوه‌كان، ڕاگه‌یاندنه‌كان كه له‌نێوان دوو نه‌ته‌وه و ڕێكخراو و دامه‌زراوه ناحكوومییهكانهوه ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌مه‌یش بۆ دروستكردنی وێنایه‌كی خوازراوه به مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی هێزی نه‌رم. له سه‌رده‌می شۆڕشی زانیاری و په‌یوه‌ندی و ته‌كنه‌لۆژیدا، یه‌كێك له ڕه‌گه‌زه‌كانی هێزی ده‌وڵه‌تان دروستكردنی په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر فه‌زای مه‌جازی و زانیارییه‌كانه. گرنگیدان به ڕه‌گه‌زه به‌هایی و كهلتوورییهكان له كایه‌ی دیپلۆماسی، یه‌كێكه له‌و ئامرازانه‌ی جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تان. لێره‌وه دیپلۆماسی، چیتر فه‌رمی و له‌نێوان ده‌وڵه‌تان نییه و، بواره‌كانی زانیاری و په‌یوه‌ندی و بازرگانی و زانستی و مه‌عریفی و په‌روه‌رده و فێركردن و... ده‌گرێته خۆ. دیپلۆماسیی كه‌لتووری، به‌ستێنی په‌یوه‌ندی و تێگه‌یشتن بۆ سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تان فه‌راهه‌م ده‌كات و ته‌نانه‌ت ڕێژه و ئاستی به‌رژه‌وه‌ندی و ئاسایشی ده‌وڵه‌تان به‌رزتر ده‌كاته‌وه. به‌م پێیه دیپلۆماسیی كه‌لتووری، پێگه و پرستیژی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌كان به‌رزتر ده‌كاته‌وه و ده‌رفه‌ت بۆ دروستكردنی كاریگه‌ری و نفووز له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تان دروست ده‌كات. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كان جێگیرتر و بهمتمانهتر ده‌بێت. بۆیه ده‌توانین بڵێین كه دیپلۆماسیی كه‌لتووری ڕه‌هه‌ندێكی دیپلۆماسییه، كه گرنگی به دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی تر له ڕێگه‌ی كه‌لتوور و هونه‌ر و زانست و مه‌عریفه‌وه ده‌دات. له ڕوانگه‌یه‌كی تریشه‌وه دیپلۆماسیی كه‌لتووری، بەها و ڕه‌گه‌زه كهلتوورییهكانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌خاته به‌رده‌م نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تانی تر و، په‌ره به بڵاوكردنه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و كه‌لتووره له ئاستی ناوچه‌یی و جیهانی ده‌دات. كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش به مه‌به‌ستی هه‌نارده‌كردنی شۆڕش به كه‌مترین تێچوو، سوود له ڕه‌گه‌زه‌كانی كه‌لتووری ئایینی - شۆڕشگێرانه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت. لێره‌وه ده‌توانین بوار و ڕه‌هه‌نده‌كانی دیپلۆماسیی كه‌لتووری كه ده‌وڵه‌تان به‌گشتی و كۆماری ئیسلامی به‌تایبه‌ت گرنگیی پێ ده‌ده‌ن، به‌م شێوه‌یه پۆلین بكه‌ین:
سیاسه‌تی كه‌لتووری به‌گشتی سیاسەتی كه‌لتووری بریتییه له داڕشتنی به‌رنامه و پلان بۆ ئاراسته‌كردنی ڕه‌گه‌ز و بنه‌ما و هێما كهلتوورییهكان و، به‌گشتی به‌كارهێنانی كه‌لتووره له بواری سیاسه‌تدا و، به‌تایبه‌ت بـریتییە لە ئاڵوگۆڕی ئایدیاكان، زانیارییەكان، هونەر، شێوەی ژیان، سیستەمی بەهایی و بیروبڕواكان، بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنی هاوبەش و بەهێزتـركردنی تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان نەتەوەكان و دەوڵەتەكاندا؛ بەگشتی بە واتای بەكارهێنانی هێزی نەرم لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتێكدا دێت. له لایه‌كی تریشه‌وه دەتوانین بڵێین كە دیپلۆماسیی گشتی لە سیاسەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەپێی بنەما هزرییه‌كانی حكوومەتی ئیسلامی و ڕێبەرانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە. بۆ نموونە ئایەتوڵڵا خومەینی لە وتەكانیدا زیاتـر بزووتنەوە و نەتەوەكانی دەوڵەتانی ئیسلامی دەكاتە ئامانج؛ كەواتە سیاسەتی كه‌لتووریی كۆماری ئیسلامی، سوودوەرگرتنە لە هێزی نەرم بۆ كاریگەریدروستكردن لەسەر ڕای گشتیی وڵاتانی موسڵمان. ئێران، بەتایبەت پاش شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی (1979)وە، لەسەر نفووزی ئایینی لە وڵاتانی تـر كار دەكات. پێشتـر ئەمە تەنیا لە سەردەمی ئایەتوڵڵا بـروجێردی، گەورە مەرجەعی شیعە، كراوە، كە نوێنەر و بانگخوازی ئایینیی ناردۆتە وڵاتانی ئەوروپی و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بۆ نموونە: لە ساڵی (1959)دا، مزگەوتی لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا دروست كردووە كە بە مزگەوتی "جەعفەریی هامبۆرگ" دەناسرێت. كۆماری ئیسلامیی ئێران ژمارەی دانیشتووانی، زیاتـر لە حەفتا و پێنج ملیۆن كەسە، كە (98%) موسڵمانن، كە لە (89%) شیعە و (9%) سوننە و چەندین كەمینەی تـری ئایینی، پێك دێت. كۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی ناسنامە تایبەتەكەیەوە، یەكێك لەو وڵاتانەیە كە لە ڕووی ئایینییه‌وه دەتوانێت كاریگەریی زۆری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت، چونكە (92,96%) لە دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست موسڵمانن و لەم ڕێژەیە نزیكەی (18,94%)، سه‌ر به مەزهەبی شیعه‌ن. ڕۆڵی ئێران وەكوو دەوڵەتێكی هەناردەكاری شۆڕش یەكێك لە گرنگترین تایبەتمەندییەكانی ناسنامەییی سیستەمی سیاسیی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە دەرهاوێشتەی ڕەهەندی شۆڕشگێرانە-ئیسلامیی ئەم دەوڵەتەیە، دەركەوتنی ئەم دەوڵەتەیە وەكوو دەوڵەتێكی هەناردەكاری شۆڕش. هەرچەندە كۆماری ئیسلامی دەوڵەتێكە بە ناسنامەی شۆڕشگێڕانە، كە پەیڕەوی لە مۆدێلی شۆڕشگێری دەكات و خوازیاری بڵاوكردنەوەی ئەو شۆڕشەیە، بەڵام بە هۆی سروشتە ئیسلامییەكەیهوه لە سیستەمە شۆڕشگێڕانەكانی تر جیاوازە. لە ڕاستیدا ئەم تایبەتمەندییە ناسنامەیییەی كۆماری ئیسلامی، دەكرێت لە بەرجەستەكردن و ڕاڤەی ڕادیكاڵی دەقە ئایینییەكان، كە پێكهێنەری ناسنامەی ئەم دەوڵەتەیە، ڕیشەكەی بدۆزرێتەوە. نۆرمەكانی وەكوو: هەوڵدان بە ئاراستەی دروستكردنی حكوومەتێكی ئیسلامیی یەكگرتوو و تاقانە، بڵاوكردنەوەی ئیسلام، یەكێتیی ئیسلامی، پاراستنی بەرژەوەندیی سیستەمی ئیسلامی، بنەمای بانگهێشتكردن و بانگەواز و بڵاوكردنەوەی ئیسلام و...، پەیوەندیی ئەم بنەما هزری و مانایییانەیە بە دەستووری ئەو دەوڵەتەوه دەربارەی بڵاوكردنەوەی شۆڕش و حكوومەتی ئیسلامی-شیعی. ئەمه‌یش دەبێتە هۆی ئەوەی كە كۆماری ئیسلامی، خۆی وەكوو دەوڵەتێكی هەناردەكاری شۆڕشی ئیسلامی بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بناسێنێت و پێناسە بكات. لە ڕوانگەی "ئایەتوڵڵا خومەینی"یه‌وه هەناردەكردنی شۆڕش هەم بۆ موسڵمانانە و هەم بۆ ناموسڵمانان و "موستەزعەفان"ی جیهان، تاوەكوو ئەوانیش ببنە ئیسلام و، ئۆمەتی ئیسلامیی یەكگرتوو بە شێوەیەكی بەرفراوان و گەورە پێك بێت. لە هەمان كاتدا هەناردەكردنی شۆڕش سەرەتای ئامانجێكی گەورەتر و گرنگترە، كە ئەویش یەكێتی و یەكانگیریی ئیسلامییە. ئایەتوڵڵا خومەینی یەئاشكرا دەڵێت: "ئێمە ئەم ڕاستییە و ههقیقەتەمان لە سیاسەتی دەرەكی و نێودەوڵەتیی ئیسلامیمان چەندین جار ڕاگەیاندووە، كە هەوڵی بڵاوكردنەوە و نفووزی ئیسلام لە جیهان دەدەین و هەوڵی كەمكردنەوەی دەسەڵاتی جیهان دەدەین و هەوڵی كەمكردنەوەی دەسەڵاتی جیهانخۆرەكان دەدەین. ئێستاكە ئەگەر نۆكەرانی ئەمریكا ناوی ئەم سیاسەتە دەنێن فراوانخوازی و ئیمپراتۆرییەت، ئەوە باكمان نییە و پێشوازییشی لێ دەكەین." هەناردەكردنی شۆڕش بە چوار واتا بەكار دێت كە ئەمه‌یش ڕۆڵ و ڕەفتاری تایبەت بەسەر كۆماری ئیسلامی‌دا دەسەپێنێت: 1- هۆشیاركردنەوەی خەڵك و نەتەوەكانی تر. 2- ڕزگاركردن و ئازادكردنی نەتەوە و كۆمەڵگەكانی تر. 3- دروستكردنی شۆڕشی بەردەوام لە دەوڵەتانی دیكە. 4- بڵاوكردنەوەی بەها و بیروباوه‌ڕ و ئایدیاكانی شۆڕشی ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورە جوگرافییەكانی ئێران. سیاسه‌تی كه‌لتووری: ئامرازی سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی كۆماری ئیسلامی یەكێك لە ئامرازەكانی جێبەجێكردنی سیاسەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی، گرنگیدانە بە سیاسەتی كه‌لتووری و هێزی نەرم بۆ پەرەپێدان و بڵاوكردنەوەی بەها و پێوەرەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران؛ هەروەها نفووز لە وڵاتانی تـر، دروستكردنی زەمینەی گونجاو بۆ كاریگەریی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی لە وڵاتانی تـردا یاخود ڕەوایەتیدان بە سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و بوون بە نموونەیەك لە حوكمڕانیی ئیسلامیی سەركهوتوو لە هەمبەر مۆدێلەكانی تـری ڕۆژاوایی، بەتایبەت لە وڵاتانی دراوسێ و ئیسلامیی ناوچەكە. لە ئەزموونی جەنگی ئێران و عێراق، بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەركەوت كە ئێران دەبێت ئەوە قبووڵ بكات كە لە ئاستی نێونەتەوەییدا ئەكتەری بەهێزی جۆراوجۆر هەیە، وەكوو: دەوڵەتانی دۆست و نەیار، ڕێكخراوە نێونەتەوەیییەكان، كۆمپانیا فرەڕەگەزەكان، ڕای گشتی، ڕاگەیاندن و...، هەروەها سیاسەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر ناونیشانی هێرشی كه‌لتووریدا، دوورەپەرێز و گۆشەگیر بووە و سیاسەتێكی پاسیڤی هەبووە. بە شێوەیەكی گشتی لە پاش ساڵی (1979)، كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕووی ناردنی بانگخوازانی مەزهەبی بۆ دەرەوەی ئێران و پەروەردەكردن و ڕاهێنانیان وەك فاكتەرێكی كه‌لتووری و مەزهەبی، زۆر چالاك بووە، كە دەتوانین ئاماژە بە چەندین ڕێكخراوی كه‌لتووری و پەیوەندیی ئیسلامی بكەین، وەكوو: ڕێكخراوی كه‌لتوور و پەیوەندییە ئیسلامییەكان، كە بەشێكی بە ناوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ناردنی بانگخوازانی مەزهەبی بۆ دەرەوەی وڵات هەبوو (ئێستا ناوی بۆ ناوەندی نێونەتەوەییی بانگخوازی گۆڕدڕاوە)، ساڵانە سەدان بانگخواز، یان بانگه‌شه‌كاری ئێرانی و بیانی پەروەردە دەكات و بۆ شوێنە جیاجیاكانی جیهان ڕەوانەیان دەكات، یاخود ناوەندی كاروباری خێزانی و ژنان كە سەر بە سەرۆكایەتیی كۆماری ئێرانە، كە بانگخوازی ژن پەروەردە و بۆ دەرەوەی وڵات ڕەوانەیان دەكات و، هەروەها خولی پەروەردەییی جیاجیایان بە ناوی "باڵیۆزی نوور" و "سەبا" و "شەمیم" بۆ ڕێك دەخات، بە مەبەستی ڕاهێنان و ئاشنابوونیان لەگەڵ كاری ڕێكخراوە نێونەتەوەیییەكان یاخود ڕێكخراوەكانی نێونەتەوەییی ژنان و شێوازەكانی بانگخوازی و بانگەشەی مەزهەبی. هەروەها سه‌باره‌ت به‌مه، دەتوانین ئاماژە بكەین بە ڕێكخراوی بانگخوازیی ئیسلامی، زانكۆی نێونەتەوەییی مسته‌فا لە شاری قوم، ڕێكخراوی مەعاریفی ئیسلامیی ئیمام ڕەزا و دامەزراوەی ناوەندی جیهانیی بڵاوكردنەوەی كه‌لتوور و مەعاریفی ئیسلامیی بانگخوازی، كە زیاتـر لە بواری بانگەشە و بڵاوكردنەوەی مەزهەبی شیعە لەسەر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئینتەرنێت كار دەكات؛ هەروەها ڕێكخراوی حەج و زیارەت كە لە وڵاتانی سعوودیا، عێراق و سووریا نوێنەرایەتیی هەیە و، بوودجە و ئامارەكانی تایبه‌ت و نهێنین. لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دەرەوەی سنوورەكانی خۆی كەناڵەكانی ئاسمانیی جامی جەم (1، 2، 3)، العالم، سەحەر، الكوثر و پرێس تیڤیی دامەزراندووە، كە بە ناوچەی دەرەوەی سنووری ڕێكخراوی دەنگ و ڕەنگ (ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن)ی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەناسرێت. هەروەها بە زیاتـر لە سی زمان ڕادیۆی هەیە لە دەرەوەی وڵات بۆ وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی، ئەفریقی، ئەوروپی و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. هەروەها دەیان پێگەی ئەلكتـرۆنیی لە تۆڕی ئینتەرنێتدا هەیە بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی بیرۆكە و ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی و ناساندنی شۆڕشی ئیسلامی و هزری ڕێبەرانی ئایینیی كۆماری ئیسلامیی ئێران و كاریگەریدانان لەسەر ڕای گشتیی وڵاتانی تـری جیهان. ئامراز و میكانیزمه‌كانی چالاكییه ده‌ره‌كییه‌كانی كۆماری ئیسلامی لە بواری چالاكییە جۆراوجۆرەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی سنوور، دەتوانین ئاماژە بە كۆمەڵەی مانگی سووری كۆماری ئیسلامی بكەین كە (26) نەخۆشخانەی لە وڵاتانی تـردا هەیە؛ هەروەها وەزارەتی جیهادی ئاوەدانكردنەوە لە نێوان ساڵانی (1986ـ1999)دا، لە وڵاتانی جیاوازدا لە بواری دابینكردنی دەرمان و دروستكردنی نەخۆشخانەدا كاری كردووە. ئەمە بێجگە لە دامەزراوەی "كۆمیتەی ئیمدادی ئیمام خومەینی" كە لە وڵاتانی ئەفغانستان، ئازەربایجان، عێراق، لوبنان، سووریا، تاجیكستان و فەلەستین، نوێنەرایەتیی هەیە و یارمەتیی دارایی و پزیشكی دەداتە خەڵك. هەروەها وەزارەتی جیهادی ئاوەدانكردنەوە نوێنەرایەتیی دەرەوەی سنوورەكانی لە وڵاتانی ئاسیایی (لوبنان، ئەفغانستان، پاكستان) و ئەفریقا (تانزانیا، غانا، سوودان و گامبیا) و لە ئەوروپا (بۆسنە و ئەڵبانیا) كردۆتەوە؛ ئەمە بێجگە لە ڕێكخراوەكانی سەر بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی كە لە بواری ئەندازیاری و بیناسازی و ئاوەدانكردنەوە لە دەرەوەی ئێران‌دا كار دەكەن. ناسنامه و سیاسه‌تی كه‌لتووریی ئێران ئەم چالاكییانە ئەوە نیشان دەدات كە كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سوودوەرگرتن لە هەڵكەوتەی جیۆپۆلیتیكیی خۆی، بنەما و ڕەگەزەكانی ئیسلامی و شیعیی خۆی بە میكانیزمی جۆراوجۆر بەكار دەهێنێت تا لە دەرەوەی سنوورەكانیدا ڕۆڵی كاریگەر ببینێت و بوارەكانی كه‌لتووری و مەزهەبی و پزیشكی و ئاوەدانكردنەوە و ڕاگەیاندن و ڕای گشتی، وەك بەشێك لە ئامرازەكانی جێبەجێكردنی سیاسەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە خزمەت ئایدیا و بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەم ڕژێمەدایە؛ بەم مانایە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران بەم ناسنامە تایبەتەی خۆی، لە ڕێگەی هێزی نەرمەوە هەوڵی كاریگەری و شوێندانەری لە دەرەوەی سنوورە جوگرافییەكانی خۆی دەدات. هەروەها لەم ڕێگەیەوە بنەمای بانگخوازی (دعوە)، كە بنەمایەكی هزری و فیقهیی شیعەیە، جێبەجێ دەكات، بەڵام بە میتۆد و ئامرازی نه‌رم و دیپلۆماسی و سەردەمییانە. ڕۆڵی كۆماری ئیسلامی وەكوو "ام القری" لە جیهانی ئیسلامدا: یەكێكی تر لە تایبەتمەندییە گرنگە ناسنامەیییەكانی سیستەمی كۆماری ئیسلامی، دەركەوتنی ئەم دەوڵەتەیە وەكوو "ناوەند و ڕێبەری جیهانی ئیسلام" یاخود "ام القری لە جیهانی ئیسلام"دا. ئەم ڕۆڵە ناسنامەیییە ڕیشەی لە سەرچاوە واتایییەكانی پێكهێنەری ناسنامەی سیستەمی ئیسلامیی ئێراندایە. سەرچاوەگەلێكی وەكوو: خستنەڕوو و بەرجەستەكردنی ئۆمەت لە بری نەتەوە و، هەوڵدان بۆ دروستكردنی حكوومەتێكی ئیسلامیی تاقانە لە جیهاندا، بەجیهانیكردنی ئیسلام و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەم سیستەمە ئیسلامییە. بەپێی ئەم تایبەتمەندییە و ڕاڤەی دەقەكان، "دارالاسلام" یەك وڵاتە و یەك دەسەڵات و سەروەریی هەیە و بەم پێیە یەك كۆمەڵگە یاخود ئۆمەتی هەیە. بۆیە ڕێبەرانی كۆماری ئیسلامی بەپێی ئەو تێگەیشتنەی كە لە پێگە و ڕۆڵی دەوڵەتەكەیان هەیانە، ئەوە دەوڵەتەكەیان ناوەندی ئەم "دارالاسلام"هیە، كە دەتوانێت ڕێبەرایه‌تیی ئۆمەتی ئیسلامی بگرێتە ئەستۆ. هەروەها بەپێی دكتۆرینی ناسراو بە "ام القری" ئەگەر دەوڵەتێك لە نێوان دەوڵەتانی ئیسلامی‌دا بوو بە "ام القری"ـی جیهانی ئیسلامی، ئەو كاتە سەركەوتن و شكستی ئەو دەوڵەتە بریتییە لە سەركەوتن و شكستی هەموو جیهانی ئیسلام. بۆیە پاراستنی ئاسایش و مانەوەی "ام القری"، لە سەرووی هەموو ئەولەوییەتێكە. دەربارەی ئەم ڕۆڵەی كۆماری ئیسلامی، ئایەتوڵڵا خومەینی دەڵێت: "ئیمڕۆكە جیهانی ئیسلام سیستەمی كۆماری ئیسلامیی وەكوو تابلۆیەكی گشتگیر بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خۆیان وێنا دەكات." بۆیە كۆماری ئیسلامی، خۆی بە "دڵی جیهان" دەزانێت و، ئاسایشی ئەم دەوڵەتە لە سەرووی ئاسایشی جیهانی ئیسلامدایە. بەم واتایە كە پاراستنی ئاسایشی كۆماری ئیسلامی، بە واتای پاراستنی ئاسایشی جیهانی ئیسلامە. بەپێی ئەم ڕۆڵە ناسنامەیییەی كۆماری ئیسلامی، پێگەی كۆماری ئیسلامی بە پێگەیەكی گرنگ دادەندرێت و، بۆیە ناكرێت لە سنوورە جوگرافییەكانی خۆیدا خۆی قەتیس بكاتەوە. بەم مانایە كە كۆماری ئیسلامی، پێویستە بە شێوازێك سیاسەت و دیپلۆماسیی خۆی دابڕێژێت كە لە ئاست پێگەكەی لە جیهانی ئیسلامدا بێت. به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م سیاسه‌ته كهلتوورییهكانی ئێران له ناوچه‌كه‌دا كۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ناوچەكە، بەتایبەت وڵاتانی ناوچەی كەنداو، لە ڕێگەی سیاسەتی كه‌لتوورییەوە هەوڵی زیاتـركردنی كاریگەریی ئێران و زیاتـركردنی نفووزی دەدات؛ ئەمه‌یش بەپێی ئەو هاوبەشییە ئایینی و مێژوویییانە و نزیكیی جوگرافی و بوونی ئێرانییەكان و شیعەكان لەم وڵاتانەدا، هەروەها لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە. بەڵام سیاسەتی كه‌لتووری و نفووزی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە لایەن ئەم وڵاتانەوە ڕووبەڕووی چەند بەربەستێك دەبێتەوە، بۆ نموونە: 1ـ بێمتمانەییی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه بەرامبەر بە ئێران، بەتایبەتی پاش شۆڕشی ئیسلامی و جەنگی ئێران و عێراق، هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی ئێران بۆ پڕچه‌ككردنی نه‌یاران و ڕێكخراوه توندڕه‌و و تیرۆریستییه‌كان و دەستێوەردان لە كاروباری ئەم وڵاتانەدا به مه‌به‌ستی گۆڕین و ڕووخانی سیسته‌مه سیاسییه‌كانیان. 2ـ ئایدیۆلۆژی و سیاسیبوونی كه‌لتووری شیعی-ئێرانی وای كردووه، لەم وڵاتانەدا كە زۆرینەیان عه‌ره‌ب یاخود سووننەمەزهەبن، كه‌لتووری ئێرانی و شیعەی سیاسی و شۆڕشی ئیسلامی بە مەتـرسی و هەڕەشەی سیاسی- ئاسایشی دەزانن. 3ـ ناسیۆنالیزمی عەرەبی و پان عەرەبیزم، كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی سیاسی لە لایەن ئەو وڵاتانەوە پەیڕەو دەكرێت، بەتایبەت دەستێوەردانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە لوبنان و فەلەستین. 4ـ بوونی كێشە و ناكۆكیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەم وڵاتانە بۆ نموونە: ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و ئێران كێشەیان لەسەر دوورگەكانی "تنب اكبـر"، "تنب اصغر" و "ابو موسی" هەیە. هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تانی تری ناوچه‌كه كۆمه‌ڵیك كێشه‌ی دیكه‌ی سیاسی‌یان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه. 5ـ بوونی جۆرێك لە سەلەفیگەری یاخود وەهابییەتی سیاسی، هەروەها ئایدیۆلۆژیی سیاسیی تایبەتی سوننە، وەك "اخوان المسلمین"، لە دژی ئیسلامی سیاسیی شیعی و شۆڕشگێرانەی كۆماری ئیسلامی. 6ـ سیاسەتی كه‌لتووریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەگشتی بەها و نۆرمە لیبـراڵەكانی ڕۆژاوایی و هاوپەیمانێتیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕۆژاوا. 7ـ ڕۆڵی ڕاگەیاندنی بەهێزی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دژی سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران. كۆبه‌ند: كۆماری ئیسلامی هه‌وڵ ده‌دات، له ڕێگه‌ی ئایینی ئیسلام و مه‌زهه‌بی شیعه‌وه هاوكێشه جیۆسیاسی و ستراتیژییه‌كان (بۆ نموونه پرسی جیۆپۆلیتیكیی شیعه و هیلالی شیعه) له ناوچه‌كه‌دا له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بگۆڕێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش بێجگه له سوودوه‌رگرتن له ئه‌كته‌ره توندڕه‌وه ناده‌وڵه‌تییه‌كان و ڕاهێنان و پشتیوانیكردنیان و، هه‌روه‌ها له لایه‌كی تریشه‌وه له ڕێگه‌ی هێزی سه‌ربازی و ڕه‌ق، كۆماری ئیسلامی گرنگیی زۆر به سیاسه‌تی كه‌لتووری به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته‌كانی ده‌دات. سه‌رچاوه‌یه‌كی دارایی و مرۆییی زۆریشی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ته‌رخان كردووه. بۆیه سوود له هه‌موو بوار و ڕه‌هه‌نده‌كانی دیپلۆماسی وه‌رده‌گرێت. ئه‌وه ئه‌و ڕاستییه ئاشكرا ده‌كات كه هه‌موو بوار و ڕه‌هه‌نده‌كانی دیپلۆماسی و كه‌لتووری له كۆماری ئیسلامی‌دا به‌سیاسی و ئاسایشی كراون و له خزمه‌تی مانه‌وه و به‌رده‌وامیی ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه‌دان. لێرەوە دەتوانین بڵێین كە كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا، بەپێی ناسنامە تایبەتە ئێرانی - ئیسلامی و شیعی - شۆڕشگێڕانەكەی، لە سیاسەتی دەرەوەدا ڕەفتار دەكات و بڕیار وەردەگرێت. بۆیه ئامرازه‌كانی نه‌رم و جۆره‌كانی دیپلۆماسی و سیاسه‌تی كه‌لتووری، به‌شێكن له ستراتیژیی ئێران بۆ دروستكردنی نفووز و هه‌وڵدان بۆ هه‌نارده‌كردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه به مه‌به‌ستی دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندی و ئاسایشی كۆماری ئیسلامیی ئێران. له لایه‌كی تریشه‌وه ناسنامه‌كه ده‌بێته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه بەرژەوەندییەكانی پێناسە دەكات، هەوڵ بۆ مانەوە و پاراستنی ئاسایشی خۆی دەدات و، هەروەها پەیوەندییەكانی لەسەر بنەماكانی هزری، بەهایی، پێوەری و بەگشتی ناسنامەیییانە (بە هەر دوو فاكتەری ماددی و مانایییەوە) یاخود پێكهاتەیی و بكەرایەتی، دادەمەزرێنێت. واتا سیاسەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر بنەمای تێڕوانین بۆ بەها، پێوەر، پێكهاتە و بكەرەكانی تری نێونەتەوەیی، هەروەها دەرفەت، هەڕەشە و مەترسییەكانی سیستەمی نێونەتەوەیی، لەژێر كاریگەریی ئەم تێگەیشتنەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە "خۆی" و لە "ئەوی تر"ە ناسنامەیییەكەیدایە.
پەراوێز: به‌گوێره‌ى شيكردنه‌وه‌يه‌كى پڕۆژه‌یاسای بوودجه‌ى 2018-2019، كه ئهلمۆنيتۆر كردوویه‌تی، به لانى كه‌مه‌وه 7 دامه‌زراوه، (634) مليۆن دۆلاريان بۆ ته‌رخان كراوه. (250) مليۆن دۆلارێكيش بۆ چاودێرى و خزمه‌تگوزاريى پزيشكى و باروبوى خانووبهكرێگرتن و خزمه‌تگوزاريى ديكه بۆ قوتابيانى حه‌وزه‌كانى قوم و مه‌شهه‌د و ئه‌سفه‌هان و شيراز و شاره‌كانى ديكه داندراوه. له كاتێكدا ڕێكخراوى په‌ره‌پێدانى ئيسلامى كه به‌رپرسه له بڵاوكردنه‌وه‌ى پرۆپاگه‌نده‌ى ئينقيلابى و كه‌لتوورى ئيسلامى له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، بهتهمايه (117) مليۆن دۆلارى به‌ربكه‌وێ. بوودجه‌ى ئايينيى 2018ى ئێران: سه‌نته‌ره‌كانى خزمه‌ت به حه‌وزه ئايينييه‌كان (246 مليۆن دۆلارى بۆ ته‌رخان كراوه): ئه‌م سه‌نته‌رانه خزمه‌تگوزاريى پزيشكى و خانووبهكرێگرتن و خزمه‌تى ديكه بۆ قوتابيانى حه‌وزه‌كانى قوم، مه‌شهه‌د، ئه‌سفه‌هان، شيراز و شاره‌كانى ديكه‌ى ئێران پێشكه‌ش ده‌كه‌ن (897 بليۆن تۆمان). ڕێكخراوى گه‌شه‌پێدانى ئيسلامى (117 مليۆن دۆلارى بۆ ته‌رخان كراوه): ئه‌م ڕێكخراوه گشتييه، به‌رپرسه له بهئيسلاميكردنهوهى كه‌لتوورى ئێرانى له بوارى جياجيادا وه‌ك هونه‌ر، خوێندن و په‌روه‌رده، ژيانى ئايينى.. (430 بليۆن تۆمان ڕێكخراوى كه‌لتوور و پێوه‌ندييه ئيسلامييه‌كان (89 مليۆن دۆلارى بۆ داندراوه): ئه‌م ڕێكخراوه، به‌رپرسه له بڵاوكردنه‌وه‌ى كه‌لتوورى ئيسلامى له ده‌ره‌وه‌ى ئێران (326 بليۆن تۆمان). زانكۆى ئه‌لموسته‌فا (83 مليۆن دۆلارى بۆ ته‌رخان كراوه): ئه‌مه قوتابخانه‌يه‌كى ئايينييه بۆ مه‌شقپێدان و بارهێنانى قوتابيانى ده‌ره‌وه‌ى ئێران بۆ هه‌نارده‌كردنى ئينقيلابى ئيسلامى و، ئێستا زێتر له 11000 قوتابیى هه‌يه (303.5 بليۆن تۆمان). ئه‌نجومه‌نى سياسيى حه‌وزه ئايينييه‌كانى ژنان (71 مليۆن دۆلارى بۆ ته‌رخان كراوه): به‌رپرسه له به‌ڕێوه‌بردنى حه‌زه ئايينييه‌كانى ژنان (258 بليۆن تومان). ئينيستيتۆى ئينتيشاراتى ئيمام خومه‌ينى (15 مليۆن دۆلار): سه‌نته‌رێكى توێژينه‌وه‌يه كه تايبه‌ته به بڵاوكردنه‌وه‌ى نووسراوهكانى دامه‌زرێنه‌رى كۆمارى ئيسلامى، ئهيهتوڵڵا خومه‌ينى و، ئه‌و نووسراوانه‌ى له‌باره‌ى وييهوه نووسراون (55 بليۆن تۆمان). ئه‌نجومه‌نى هاوئاههنگيكردن بۆ گه‌شه‌پێدانى ئيسلامى (13 مليۆن دۆلارى بۆ ته‌رخان كراوه): كارى نێوان ژماره‌يه‌ك ڕێكخراوى ئێرانى ڕێك ده‌خا، كه كه‌لتوورى ئيسلامى بڵاو ده‌كه‌نه‌وه (47.7 بليۆن تۆمان). بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: |