١٢ مه‌رجی ئه‌مریكا بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئێران بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتنی نوێ چییه‌؟

2018-05-23

١٢ مه‌رجی ئه‌مریكا بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئێران بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتنی نوێ چییه‌؟

 

وه‌رگێڕانی له‌ فارسییه‌وه‌: ته‌حسین ته‌ها

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ستراتیژیی نوێی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر ئێرانی ڕوون كرده‌وه‌ و، سه‌ره‌ڕای ڕاگه‌یاندنی گوشاری زیاتر له‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی، ئه‌وه‌یشی ڕاگه‌یاند كه‌ واشینتۆن ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ تاران دانوستاندن بكات، ئه‌گه‌ر بێت و ڕه‌فتاری ڕژێمی ئێران بگۆڕێت.

مایك پۆمپیۆ بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئێران بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتنێكی نوێ، كۆمه‌ڵه‌ مه‌رجێكی خسته‌ ڕوو كه‌ ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ داواكاریی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بوو له‌ كۆماری ئیسلامی، یان به‌ واتایه‌كی تر ورده‌كاریی گۆڕانی ڕه‌فتاری ڕژێمی ئێران بوو، كه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی خواره‌وه‌:

  1. پێویسته‌ ئێران گشت ورده‌كارییه‌كانی ڕه‌هه‌نده‌ سه‌ربازییه‌كانی پلانی ئه‌تۆمیی پێشووی خۆی، به‌ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی ڕابگه‌یه‌نێت.
  2. ئێران ده‌بێت پیتاندنی یۆرانیۆم بوه‌ستێنێت و هه‌رگیز به‌ دوای دروستكردن و به‌رهه‌مهێنانی پلۆتۆنیۆمه‌وه‌ نه‌بێت؛ ئه‌مه‌ داخستنی ڕیئه‌كتۆری ئاوی قورسیش ده‌گرێته‌وه‌.
  3. ئێران ده‌بێت ڕێگه‌ به‌ پشكنه‌رانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی بدات كه‌ به‌بێ هیچ سنوورێك سه‌رجه‌م ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر‌انسه‌ری وڵات بپشكنن.
  4. پێویسته‌ په‌ره‌پێدانی به‌رنامه‌ی مووشه‌كیی بالستیكی ئێران بوه‌ستێنرێت و، هه‌ڵدانی سیسته‌مه‌ مووشه‌كییه‌ نوێیه‌كان كه‌ توانای هه‌ڵگرتنی چه‌كی ناوكییان هه‌یه‌، چیتر ئه‌نجام نه‌درێت.
  5. ده‌بێت سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی ئه‌مریكا و، هه‌روه‌ها هاوڵاتیانی وڵاتانی دیكه‌ی دۆست و هاوپه‌یمانی ئێمه‌، كه‌ به‌ تۆمه‌تی هه‌ڵبه‌ستراو له‌ ئێراندا زیندانین، ئازاد بكرێن.
  6. ئێران پێویسته‌ واز له‌ پشتگیریكردن له‌ گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست- له‌وانه‌ حزبوڵڵای لوینان، حه‌ماس و گرووپی فه‌ڵه‌ستینیی جیهادی ئیسلامی- بهێنێت.

7- ئێران ده‌بێت دان به‌ سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تی عێراقدا بنێت و، ڕێگه‌ بدات میلیشیا شیعه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ چه‌ك بكرێن و هه‌ڵوه‌شێنرێنه‌وه‌ و، دیسانه‌وه‌ ته‌یاریان نه‌كاته‌وه‌.

8- ئێران پێویسته‌ واز له‌ پشتگیریی میلیشیا شیعه‌ حوسییه‌كان بهێنێت و، به‌ره‌و گه‌یشتن به‌ ڕێگه‌چاره‌یه‌كی سیاسیی ئاشتییانه‌ له‌ یه‌مه‌ندا هه‌نگاو بنێت.

9- گشت هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ژێرفه‌رمانی ئێران له‌ سه‌رانسه‌ری سووریا، ده‌بێت له‌و وڵاته بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.‌

10- ئێران ده‌بێت پشتگیریكردن له‌ تاڵیبان و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانی دیكه‌ له‌ ئه‌فغانستان و ناوچه‌كه‌ و، په‌نادان به‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانی ئه‌لقاعیده كۆتایی پێ‌ بێنێت.

11- ‌پشتگیریكردنی هێزی "قودس"ی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی له‌ تیرۆریزم و هاوپه‌یمانه‌ میلیشیاكانی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا، پێویسته بوه‌ستێت.

12- هه‌روه‌ها ئێران ده‌بێت كۆتایی به‌ ڕه‌فتاری هه‌ڕه‌شه‌ئامێز له‌ به‌رامبه‌ر دراوسێكانی- كه‌ زۆربه‌یان هاوپه‌یمانی ئه‌مریكان- بهێنێت، له‌وانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوبردنی ئیسڕائیل و، هه‌ڵدانی مووشه‌ك بۆ عه‌ره‌بستانی سعوودی و میرنشینه‌ یه‌كگرتووه‌كانی عه‌ره‌بی (ئیمارات). ئه‌مه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌شتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی و ئۆپه‌راسیۆنی تێكده‌رانه‌ی "سایبێری"یش ده‌گرێته‌وه‌.

 

ڕاگه‌یاندنی سیاسه‌تی نوێی ئه‌مریكا‌ به‌رامبه‌ر كۆماری ئیسلامی

 

مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ستراتیژیی نوێی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر ئێرانی ڕوون كرده‌وه‌ و، سه‌ره‌ڕای ڕاگه‌یاندنی هه‌واڵی زیادكردنی گوشار له‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی، ڕای گه‌یاند كه‌ واشینتۆن ئاماده‌ی دانوستاندنه‌ له‌گه‌ڵ تاران، ئه‌گه‌ر بێت و ڕه‌فتاری حكوومه‌تی مه‌زهه‌بیی ئێران بگۆڕێت.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی سه‌رۆك ترامپ هه‌روه‌ها گوتی كه‌ ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی كۆتایی به‌ ڕه‌فتاری توندوتیژانه‌ی خۆی بهێنێت، واشینتۆن ئاماده‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی له‌گه‌ڵ تاران ده‌ست پێ بكاته‌وه‌ و، یارمه‌تیی‌ ئابووریی ئێران و، هه‌روه‌ها به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمیی ئاشتییانه‌ی ئه‌و وڵاته بدات‌.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا به‌یان ده‌كرێ كه‌ دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆككۆماری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 17ی مایس له‌ كۆبوونه‌وه‌ی حكوومه‌ت له‌ كۆشكی سپی، كه‌ سكرتێری گشتیی "ناتۆ"یش له‌وێ بوو، گوتی، بۆ هه‌ر كوێ بچن شوێنپێی چالاكییه‌كانی ناسه‌قامگیركه‌رانه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌بینرێت.

 پرێزدێنت ترامپ به‌ ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی كه‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی پابه‌نده‌ به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان بۆ كۆتاییهێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتخوازییه‌ ناوكییه‌كانی ئێران و چالاكییه‌كانی ناسه‌قامگیركه‌رانه‌ی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هۆیه‌كانی ئه‌مریكای بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌كی جیهانی له‌ دژی كۆماری ئیسلامی ڕوون كرده‌وه‌.

هه‌روه‌ها وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ی‌ كه‌ هاوپه‌یمانێتیی واشینتۆن وه‌كوو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ نییه‌ كه‌ پێشتر له‌ دژی داعش پێك هێنرا، گوتی كه‌ ده‌مانه‌وێ زۆر وڵات له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان به‌ ئامانجێكی دیاریكراو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕژێمی ئێران و، به‌ تێڕوانینێكی واقعیتر، له‌ ده‌وری یه‌ك كۆ بكه‌ینه‌وه‌.

هێزه‌ر ناوێرت به‌ ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م تێڕوانینه‌ ته‌نیا ڕووی له‌ ڕێككه‌وتن نییه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ناوكیی ئێران و، هه‌موو چالاكییه‌كانی ناسه‌قامگیركه‌رانه‌ی كۆماری ئیسلامی ده‌گرێته‌ خۆ، گوتی كه‌ ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی ئێران ته‌نیا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك نییه‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵكوو به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر جیهان هه‌ژمار ده‌كرێت.

 

سەرچاوە:

https://ir.voanews.com

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples