مایسی ٦٨ شۆڕش نەبوو، بەڵام ئەوروپای هەڵتەکاند

2018-05-26

مایسی ٦٨ شۆڕش نەبوو، بەڵام ئەوروپای هەڵتەکاند

 

ڕادیۆ ئەڵمانیا

ڕووداوەکانی مانگی مایس ١٩٦٨ لە فه‌ڕەنسا بە شۆڕش نەناسرا، بەڵام کاریگەرییەکەی لە هیچ شۆڕشێک کەمتر نەبوو. لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا کە ڕاپەڕینەکەیان بە ئاژاوەگێڕی، یان "هەرای خەڵکی ڕەمەک" له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌ندێ كه‌س ئەم ڕووداوە بە سپێدەی ئەوروپایەکی مودێرن و گەنج دەزانن.

لە مانگی مایسی ١٩٦٨ و لە فه‌ڕەنسادا ڕووداوی وا ترسناک ڕوویان دا کە سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسیی وڵاتی لە بناغەوە لەرزاند. شارل دۆگڵ، سەرۆککۆماری دەستڕۆیشتووی فه‌ڕەنسا کەوتە سەر لێواری ڕووخان و، لە جەرگەی ئاژاوەکاندا کۆمەڵگه‌یەک له‌دایك بوو کە هیچ لە ڕابردوو نەدەچوو و، بوو بە سەرمەشقێک بۆ ئه‌وروپای داهاتوو.

شۆڕشێکی كۆن، یان ڕاپەڕینێکی نوێ

مانگی مایسی ٦٨، لە درێژەی ئەو ڕاپەڕینە زۆروزه‌وه‌ندانەی پاش شۆڕشی مەزنی ١٧٨٩ لەم وڵاتەدا ڕوویان داوە، بە دوایین شۆڕشی گرنگی فه‌ڕەنسا دانراوە. له‌ هه‌مان كاتدا گوترا، كه‌ ئەم جووڵانەوەیە یەکەمین نموونەی بزووتنەوە شۆڕشگێرییەکانی شێوازی نوێ بوو کە بەبێ ڕێکخستن و ڕابەرایەتی و زۆرێك له‌ تایبەتمەندییەکانی شۆڕشە کلاسیکەکان، توانیی کۆمەڵگه‌ هەڵتەكێنێت.

لەوانەیە ئەمە یەکەمین شۆڕشی مەزنی ئاشتیخوازانە بووبێ، چونکە سەرەڕای ئەوەی سەنگەربەندییە به‌رفراوانه‌کان لە چەقی پاریسدا و، گرژییە جۆراوجۆره‌کانی نێوان پۆلیس و بەرهەڵستکاران لە سەرانسەری وڵاتدا ڕوویان دا، ژمارەی قوربانییەکان، بە کوژراو و بریندارەوە، لە دە کەس کەمتر بوون.

مانگی مایسی ٦٨ لە ڕووی تاو و خێرایی و کەڵەکەبوونی ڕووداوەکان، مانگێکی تاسێنەرە. لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا، لە ٣ تا ١٠ی مانگی مایس، ڕاپەڕینێک کە لە دەنگهەڵبڕینی گرووپێکی خوێندکارەوە دەستی پێ کردبوو، ملیۆنان شارنشینی فه‌ڕەنسای ڕاکێشایە نێو مەیدانی خەبات.

ڕاپەڕین هەر لەناکاو دەستی پێ کرد و هه‌مووان، به‌تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتی خافڵگیر کرد. ژەنەراڵ دۆگڵ لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٨دا بە لووتبەرزی و خۆشبینییەکی زۆرەوە باسی سەقامگیری سیاسی، ڕێکوپێکی (نه‌زم)ی کۆمەڵایەتی و گەشەی ئابووریی وڵاتەکەی کردبوو.

چوار حەفتەی تۆفانی

گوتراوە ڕاپەڕینی مانگی مایس ١٩٦٨ لە زانکۆی نانتیردا (لە ڕۆژاوای پاریس) نوتفەی بەست. خوێندکارانی نانتیر کە دژی بەڕێوەبەرایەتییە خۆسەپێنەرەکەی زانکۆ دەنگیان هەڵبڕیبوو، ڕۆژی ٢٢ی مانگ دەستیان بەسەر بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆدا گرت و پاش چەند ڕۆژێک بەرەنگاری پۆلیس بوونەوە. ئەم ڕووداوە بچووکە ڕه‌نگدانەوەیەکی بەرفراوانی هەبوو و بەتایبەت دوای گواستنه‌وه‌ی تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تی بۆ ناو زانکۆی سەرەکیی پاریس (لە سۆربۆن)، كۆمه‌ڵێك ڕەهەندی سیاسیی نوێی لێ کەوتەوە.

ڕۆژی ٣ی مانگی مایس، هێزەکانی پۆلیس بەتوندی کەوتنە ڕاونانی خوێندکارانی سۆربۆن کە بە لاساییی ڕووداوەکانی نانتیر نووسینگەی زانکۆیان داگیر کردبوو. خوێندکارەکان لە شەقامەکانی دەوروبەری زانکۆ خڕ بوونەوە و خەڵکیان بۆ ڕاپەرین هان دا؛ پەیامەکەیان هەر زوو گەیشتە گشت لایەکی وڵات و بەتایبەت پەلی هاوێشتە نێو گرووپە کرێکارییەکانەوە.

ڕۆژی ١٠ی مانگی مایس، نزیکەی ٣٠ هەزار کەس لەسەر بانگه‌وازی خوێندکاران لە پاریس ڕژانە سەر شەقام و دژ بە حکوومەت دروشمیان دا. پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللەی ئاگرین (حه‌ریق) کەوتە پەلاماری دژبەران. لاوان و خوێندکارە شۆڕشگێڕەکانیش تا كاتژمێر ١١ی شەو لە کۆڵان و شەقامەکانی دەوروبەری زانکۆ نزیکەی ٦٠ سەنگەریان، بە هەرشتێ کە دەستیان کەوتبا، دروست کرد و ئاڵای سووریان هەڵکرد.

دوای چەند ڕۆژێک دوو مانگرتنی سەرانسەری ڕاگەیەنران: ١٣ی مایس و پاشان له‌ 24ی مایس نزیکەی ١٠ ملیۆن کرێکار و کارمەند بۆ پشتگیری لە داواکانی خوێندکاران مانیان گرت. بەتایبەت مانگرتنەکەی فەرمانبەرانی هاتوچۆی گشتی، بوو بە هۆی په‌كکەوتنی ژیانی ئاسایی لە فه‌ڕەنسا. دوا حەفتەی مانگی مایس حکوومەت بە بنبەستێکی تەواو گەیشتبوو؛ نە دەیویست لە بەرامبەر گەنجە شۆڕشگێرەکان پاشەکشە بکا و، نە دەیشیتوانی کۆتایی بە ڕاپەڕینە بەرفراوانەکەیان بێنێ.

حکوومەت چارەی لەوەدا بینی کە سەرەتا کرێکاران لە گۆڕەپانی خەبات دوور بخاتەوە. بە تەکبیر و تەدبیری ژۆرژ پۆمپیدۆ، سەندیکاکانی کرێکاران كات و ساتی گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەت و خاوەنکارانیان بە هەل زانی و ئیمتیازی گرنگیان وەرگرت، کە هەڵبەت پەیوەندیی بە دروشمە زبرەکانی ڕاپەڕینەوە نەبوو کە سیستەمی سەرمایەدارییان خستبووە ژێر پرسیارەوە.

شەوی ٣٠ی مانگی مایس ژەنەرال دۆگڵ لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆندا به‌ ڕاگەیاندنی ئه‌وه‌ی كه‌: "من دەست لە کار ناکێشمەوە!"، بەڵێنی دا کە گەلێک ڕیفۆرمی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئه‌نجام بدات. دۆگڵ پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و ڕای گەیاند، تا مانگێکی تر هەڵبژاردنی پێشوەخته‌ و سەرانسەری بەڕێوە دەچێ.

دوای وتارەکەی دۆگڵ، ڕێپێوانێکی بەرفراوان بۆ پشتگیری لە قسەکانی کەوتە ڕێ. گشت هێزە كۆنه‌پارێز و ڕاستڕەوەکان ده‌ستیان خسته‌ نێو ده‌ستی یه‌كتری و، هێزی "زۆرینەی بێده‌نگ"یان نمایش كرد، تا پیشان بدەن کە فه‌ڕەنسا تەنیا وڵاتی "شۆڕشگێڕە سه‌ربه‌گێچه‌ڵەکان" نییە.

هەڵبژاردنی ٢٣ی ژوئه‌ن (حوزه‌یران)، به‌و سه‌ركه‌وتنه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ی كه‌ بۆ هێزە ڕاستڕەوەکان به‌دوای خۆیدا هێنا، زەبرێکی قورس بوو کە بەر بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەکەی خوێندکاران کەوت. دواتر ڕاپەڕینی مانگی مایس، تەنیا بیرەوەرییەکی خەیاڵئاسا بوو کە بۆ هەمیشە لە یادگەی کۆمەڵگه‌دا مایەوە.

هێندێک شرۆڤەکار لەو بڕوایەدان کە ئه‌گه‌ر مانگی مایس هی شۆڕش بوو، ئه‌وا مانگی ژوئه‌نیش هی دژەشۆڕش بوو. زۆرینەیەکی بەرچاو لە خەڵکی فه‌ڕەنسا دڵیان بە گۆڕانکارییەکان خۆش کردبوو، بەڵام نەک هێندە قووڵ و ڕادیکاڵانە کە لەسەر زمان و لە مێشكی خوێندکاراندا بوو.

خوێندکاران به‌بێ ئاوڕدانه‌وه‌ لە هەلومەرجی کۆمەڵگە و حەز و هۆگرییه‌کانی خەڵک، دروشمی سۆزاوی و توندیان دەدا، کە دیار بوو مه‌ودای سیاسییان کورتە و، توێژە کۆمەڵایەتییە به‌رفراوانه‌کان ئامادەییی ئه‌وه‌یان تێدا نییه‌ قبووڵیان بكه‌ن.

پەلاماربردن بۆ سەر هێز و ئۆتۆریتە

"دیسكۆرس (گوتار)ی مارکسیستی" و بەتایبەت خوێنده‌وه‌ی مائۆئیستی بەسەر ئەو لاوانەی لە مانگی مایسدا فه‌ڕەنسایان بەرەو هەلومەرجی جه‌نگی ناوخۆ برد، زاڵ بوو؛ بەڵام ناکرێ ئەم شۆڕشە بە پێودانگی مارکسیستییانەی "خەباتی چینایەتی" ڕوون بكرێته‌وه‌. بە بۆچوونی زۆربەی مێژوونووسان، زێتر لە بێدادی و مەودای چینایەتی، ئه‌وا پێکهاتەکانی بیناكراو له‌سه‌ر هێز و دەسەڵات (ئۆتۆریتە) بوون، کە بوونه‌ هۆی ورووژاندنی یاخیگه‌ریی لاوان و کرێکاران.

دوای جه‌نگی جیهانیی دووەم، له‌ سایه‌ی تەکنه‌لۆژیی پێشکەوتوو و پلاندانانی زانستییەوە، کۆمەڵگه‌ گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و لەمەڕ گوزەرانی خەڵکەوە گەیشتە قۆناغێکی بێوێنه‌. بەڵام لاوان هێشتا سەرقاڵی پێکهاتە کۆنەکان بوون، کە نەیاندەهێشت سوود لەو ئاسایش و ئاسوودەیییە ببینن کە به‌ده‌ست هاتبوون.

پێکهاتەی نوێی کۆمەڵگه‌، کە له‌ سایه‌ی خۆشگوزه‌رانیی مادییه‌وه‌ وه‌ده‌ست هاتبوو، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر هەستی بە گوشاری كۆنه‌پارێزی کۆمەڵایەتی و نەریتپەرستیی كه‌لتووری دەکرد. بەتایبەت لاوان بە ڕق و قین و جۆش و خرۆشەوە پەلاماری پێکهاتە کۆنەکان دەدا و، داوای کۆمەڵگەیەکی کراوەتر و هەلومەرجێکی ئازادتریان دەکرد.

توێژە هۆشیار و گه‌نجه‌کانی چینی کرێکار مەزنترین هێزی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانیان پێك ده‌هێنا، بەڵام تاکی کرێکار هێشتا بە "پاڵە" یان مزیار دەژمێردرا، کە حکوومەت و خاوەنکار بە هەمان ملهوڕی و لووتبەرزییەوە لێیان دەڕوانی.

بەم شێوەیە ئەو ناڕەزایەتییە پەنهانەی كه‌ لانی کەم لە سه‌ره‌تای شەستەکاندا پەنگی خواردبووەوە و چاوەڕێی هەلێکی لەبار بوو، لە دەمی کۆمەڵێک لاوی یاخییه‌وه‌ هاته‌ ده‌ر، کە له‌ناکاو هاواریان کرد: "ئیتر بەسە!"

وانەکان و دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین

زۆرێك له‌ بیرمه‌ندان لەو بڕوایەدان کە سەرەڕای ئەوەی ئەم ڕاپەڕینە بەس چەند حەفتەیەکی خایاند و، زۆری پێ نه‌چوو كه‌ خوێندکارەکان دڵشکاو و نائومێد گەڕانەوە بۆ پۆله‌کانیان، بەڵام ڕاپەڕین به‌پێچه‌وانه‌ی ته‌سه‌وڕه‌كان شکستی نەهێنا و، دەستکەوتەکانی لە هیچ شۆڕشێک کەمتر نەبوون.

ئالێن تۆرن، کۆمەڵناسی بەناوبانگی فه‌ڕەنسی کە لە ڕاپەڕینی ٦٨ دا بەشداریی کردبوو، مایسی ٦٨ی بە دەستپێکی سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان داده‌نێت کە شوێنی فۆرمە کلاسیکەکانی ناڕازیبوونیان گرتەوە و کۆمەڵگەی مەدەنییان لە بەرامبەر دەسەڵاتی تێکنۆبورۆکراتیکی زاڵدا بەهێز کرد. بە تێڕوانینی بیرمەندێکی تر، ئاندرێ گلۆکسمان، جەوهەری سەرەکیی ڕاپەڕینی ٦٨، کە لە گشت دەرکەوتە ڕەنگاوڕەنگەکانیدا بەڕوونی دیارە، دژایەتیکردنی ئەو پێكهاتانەیە کە لەسەر هێز و دەسەڵاتدارێتی هەڵچنراون. دژایەتیی بنەڕەتی لەگەڵ هەر جۆرە پەیوەندییەکی دەسەڵاتخوازانە بە گشت دەرکەوتەکانییه‌وه‌ و لە گشت كایەکانی ژیانی تاكه‌كه‌سی و کۆمەڵایەتیدا.

بە قسەی فەیلەسووفێک کە خۆی لە ئەزموونەکەی مانگی مایسدا بەشدار بووە: "جیلی ئێمە ئۆتۆریتەی دۆزییه‌وه‌ و لە هەمان کاتدا ڕەتی کردەوە. ئێمە بۆمان دەرکەوت کەوا کۆمەڵگه‌کەمان لەژێر ڕواڵەتە مودێرن و خەمڵیوەکاندا، لەسەر بناغەی ئۆتۆریتە و دەسەڵات شێوه‌ی گرتووه‌. ملهوڕی و حوکمڕانی لە گشت پێوەندییە مرۆڤایەتییەکاندا و هەموو كایه‌کاندا دیار و بەرچاو بوو. ڕاپەڕینه‌كه‌ جه‌نگی لە دژی گشت شێوەکانی دەسەڵات و ئۆتۆریتە ڕاگەیاند: دژایەتیكردنی ئۆتۆریتەی ڕه‌گه‌زی، فیمێنیزم و بزووتنەوەی ژنانی لێ كه‌وته‌وه‌؛ دژایەتیكردنی ئۆتۆریتەی حکوومی، بووە هۆی بوێری و خۆڕاگریی مەدەنی؛ دژایەتیكردنی ئۆتۆریتەی میللی، دەنگهەڵبڕین لە ئاست داگیركاری (كۆلۆنیالیزم) و پشتیوانیكردن له‌ جیهانی سێیه‌می به‌دوادا هات..."

دیموکراتیزەکردنی كه‌لتووری سیاسی

ڕاپەڕین هه‌ر له‌ سەرەتاوه‌ بە بانگەشەی كه‌لتوورێکی مۆدێرنتر، كراوه‌تر و مرۆڤانەتر هاتە مەیدان و، پاشان لە به‌رده‌وامیی خۆیدا توانیی، كۆمه‌ڵێک سەرمەشق و جێگرەوەی زیندوو لە ئاست به‌ها کۆن و کلاسیکەکاندا قوت بكاته‌وە، کە تا ڕاددەیەکی بێوێنه ئیمکانیاتی گەشە تاكه‌كه‌سییەکانی په‌ره‌ پێ دا‌.

لە ڕەوتی ڕاپەڕیندا و به‌ درێژاییی پرۆسەیەکی چەند ساڵە، دژایه‌تی له‌گه‌ڵ به‌ها كۆنه‌كانی بیناكراو له‌سه‌ر نایه‌كسانیی ڕه‌گه‌زی، نه‌ژادی و چینایه‌تی و پێویستیی چاوپێداخشاندنه‌وه‌یان، وه‌كوو ورده‌كه‌لتوورێكی به‌هێز له‌نێو لاواندا و پاشان له‌ گشت كۆمه‌ڵگه‌دا بڕشتی وه‌رگرت و، به‌تایبه‌ت له‌ كایه‌ هونه‌رییه‌كان، له‌ هه‌مووی گرنگتر له‌ موزیكدا، ڕه‌گی داكوتا.

ڕاپەڕین سروشتی ئایدیۆلۆژیکی سیستەمی پەروەردەی ناسی و، خستییە ژێر باری ڕەخنەوە. خوێندکاران لە پەلاماردانی پێكهاته‌ ئۆتۆریتییەکانەوە دەستیان پێ کرد و، گوتیان کە نۆرمە پەروەردەیییەکان، مرۆڤی ئازاد دەکەنە بوونەوەرێکی شوێنکەوتوو و دەستەمۆکراو. ئاشکراکردنی سیستەمی ئۆتۆریتەگەرا، سیستەمی پەرەوەردەی لە فه‌ڕەنسا و دواتر لە گشت وڵاتە ئەوروپییەکاندا لە بناغەوە گۆڕی.

دەستەکەوتەکانی مایسی ٦٨ لە بواری كه‌لتووریدا گەلێک بەرفراوان بوون. ڕاپەڕین پشتی به‌ كه‌لتوورێكی مودێرن، پێشکەوتوو و به‌دوور لە کۆتوبه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی، ڕه‌گه‌زی، چینایەتی و نه‌ژادی (ڕه‌چه‌ڵه‌ك) ده‌به‌ست و، ڕێگەی بۆ گەشەسەندنی جۆراوجۆرترین شێوازەکان و ڕەنگاوڕەنگترین مەیلەکان خۆش کرد. یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی ڕاپەڕین بریتی بوو لە: "قەدەغەکردن قەدەغەیە!"

ڕاپەڕین کاریگەرییەکی زۆری به‌تایبه‌ت لەسەر ئازادی و یه‌كسانیی ژنان هەبوو. ژنانی فه‌ڕەنسا و ئەوروپا، بەتایبەت لە ناوەڕاستی دەیەی حەفتادا بە زۆربەی مافە مەدەنی و تاكه‌كه‌سییەکانی خۆیان، وەک مافی لەباربردنی منداڵ، گەیشتن، بەڵام مایسی ٦٨ بوو، کە ئازادیی ژنانی بە خەتێکی پان لەسەر بەیداخەکەی نووسی.

پێداچوونەوە بە سیاسەتکاری

ڕاپەڕین سیاسەتی ڕاهاتوو بە کاری سیاسەتمەدارانی خستە بەر ڕەخنە و، بە لاوانی گوت کە هەر دەنگێک هێزێکە، مرۆڤی ئاگا و پێگەیشتوو هیچ پێویستیی بە مایك نییە و خۆی دەتوانێ بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار بکا.

ڕاپەڕین لە ئاست گوشاری ئۆرگانەکانی کۆنترۆڵکردنی حکوومیدا، سەربەخۆیی و خۆڕاگریی تاکەکەسیی بەهێز کرد و "جورئەتی مەدەنی"ی هاووڵاتیانی بەهه‌ند وەرگرت. بڕوابەخۆبوونی بە نزمترین تاکی کۆمەڵگه‌ دا کە چاوەڕێی بەرپرس و دامه‌زراوه‌ "بەرپرس"ەکان نەبێ، بەڵکوو خۆی لە پێناو گۆڕینی هەلومەرجی خۆی قۆڵ هەڵماڵێ.

مایسی ٦٨، بانگه‌وازێک بوو بۆ بەشداربوونی پتری هاووڵاتیان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا و، لە ماوەیەکی درێژخایەندا ڕێی پێشکەوتنی کۆمەڵگه‌ ئەوروپییەکانی بەرەو دیموکراسییەکی ڕاستەوخۆ و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر خۆش کرد. ئەم بزووتنەوەیە دیموکراسیی ناڕاستەوخۆ، یان نوێنەرانە، کە تەنیا لە کاتی هەڵبژاردن و لە پێناو بەدەستهێنانی دەنگی خەڵکدا کارا دەبێ، خستە ژێر باری ڕەخنە و، شێوازێکی نوێی لەسەر بنەمای دیموکراسییەکی بەهێز لە سیاسەتکاریدا بره‌و پێ دا.

جگه‌ له‌مه‌یش لە مانگی مایسدا، خوێندکارانی فه‌ڕەنسی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کرێکاران و زەحمەتکێشان نزیک کەوتنەوە. کرێکاره‌كان لە سەرانسەری فه‌ڕەنسادا هاواریان کرد: بەرەو زانکۆ! خوێندکارەکانیش دروشمیان دا: بەرەو کارگە! ئەم هاودەنگییە سیمبولی هێز و گەورەبوونی بزووتنەوەکە بوو و، هەڵبەت بەر لە هەموو شتێک ترسی خستە نێو دڵی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌.

 

سەرچاوە:

http://www.dw.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples