مانا و مه‌غزاكانى گوتاره‌ ١٢ى خاڵييه‌كه‌ى مايك پۆمپيۆ

2018-05-26

مانا و مه‌غزاكانى گوتاره‌ ١٢ى خاڵييه‌كه‌ى مايك پۆمپيۆ

 

دورون فيلدمان*

وەرگێڕانی کە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

گوتاره‌ پێگير و گشتگيره‌ 12 خاڵييه‌كه‌ى مايك پۆمپيۆ له‌ 21ى ئاياردا، هه‌نگاوێكى گرنگه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى مه‌زهه‌بى ترامپ (1). به‌ڕێوه‌به‌رى پێشووى CIA  له‌ قسه‌كانى خۆيدا له‌ دامه‌زراوه‌ى كۆنه‌پارێزى ‌Heritage Foundationدا (2) په‌رده‌ى له‌سه‌ر ستراتيژیى ئه‌مريكا بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى چه‌كى نوكليارى دژ به‌ ئێران لا دا. ئه‌م ستراتيژييه‌ هه‌وڵ ده‌دا كه‌ به‌رده‌وام گوشار بخرێته‌ سه‌ر تاران تا به‌ ڕێككه‌وتنێكى نوێى نوكليارى ڕازى ببێ، به‌بێ ئه‌وه‌ى په‌نا بۆ هێزى چه‌كدار ببردرێ.

به‌پێچه‌وانه‌ى گريمانه‌ى باو، له‌ پلانه‌كه‌‌ى پۆمپيۆدا، به‌ئاشكرا نياز و مه‌رامێك بۆ گۆڕينى ڕژێم له‌ تاران له ‌ئارادا نييه‌، هه‌رچه‌نده‌ كاربگێڕيى ئه‌مريكا له‌ ئه‌نجامێكى وا، مسۆگه‌ر په‌شيمان نييه‌. له ‌برى ئه‌وه‌، 12 داخوازييه‌كه‌ له ‌ته‌ك هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌پاندنى سزاگه‌لێكى ئابوورى، به‌شێكن له‌ ستراتيژيى ناحه‌زانه‌ى دانوستاندن و، به‌و ئامانجه‌ داڕێژراون كه‌ ترسى زێتر بدرێته‌ به‌ر ئێران و له‌وانه‌يه‌ دواجار گۆڕينى ڕژێميش ڕوو بدا. كاربگێڕيى ترامپ به‌و‌ ئومێده‌يه‌‌ كه‌ تاران ناچار بكرێ بير له‌ سياسه‌ته‌ نه‌ريتى و نوكليارييه‌كانى بكاته‌وه ‌و به‌ ڕێككه‌وتننامه‌يه‌كى نوێى نوكليارى ڕازى ببێ.

وتاره‌كه‌ى پۆمپيۆ ئاماژه‌ بۆ پێگيريى كاربگێڕيى ترامپ ده‌كا كه‌ نايه‌وێ هه‌ڵه‌كانى سه‌رۆكى پێشه‌ خۆى دوباره‌ بكاته‌وه‌ و ڕێگه‌ به‌ تاران بدا پێش ئه‌وه‌ى چه‌كى نوكليارى دروست بكا، ئامانجه‌ هێژموونييه‌كانى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌ده‌ست بهێنێ. ئه‌و شته‌ى ئێران له‌ دواى گرێدانى JCPOA كردوويه‌ (3)، پاشوپێشكردنى ئه‌وله‌ویياته‌ ستراتيژييه‌كانى خۆى بووه‌ و له ‌برى په‌ره‌پێدانى چه‌كى نوكليارى وه‌ك ئامراز و كه‌رسته‌يه‌ك بۆ به‌ديهێنانى ئامانجه‌ هێژموونييه‌كانى خۆى، له‌ ڕێگه‌ى ئه‌و سه‌دان بليۆن دۆلاره‌ى له‌ JCPOA ده‌ستى كه‌وتووه‌، خێرا خه‌ريكى خۆقايمكردن و هێژموونى خۆى بووه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا. ئێران ئه‌م پاشوپێشخستنه‌ى ئه‌وله‌ویياته‌كانى به‌و ڕوانگه‌يه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ قۆناغێكى دواتردا بتوانێ توانا نوكليارييه‌كانى خۆى بۆ داكۆكيكردن و په‌ره‌پێدانى ده‌سكه‌وته‌ سه‌ربازى و سياسييه‌كانى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌دا په‌ره‌ پێ بدا.

 له‌به‌ر ڕۆشنايیى ستراتيژيى كۆتايیى تاران، كاربگێڕيى ترامپ ده‌يه‌وێ ته‌واوى ژێرخانى نوكلياریى ئێرانى و زانين و شاره‌زايى له‌م باره‌وه‌ له‌به‌ريه‌ك هه‌ڵته‌كێنێ. هه‌روا ئه‌مريكا ده‌يه‌وێ تاران له‌ ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازى له‌ هه‌موو ناوچه‌كاندا، چ ڕاسته‌وخۆ و چ ناراسته‌وخۆ، واز بهێنێ.

وه‌ك به‌شێكى ئه‌وه‌، پێده‌چێ كاربگێڕيى ئه‌مريكا داواى ئه‌وه‌ بكا كه‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى كۆتايیى نوكليارى كۆتوبه‌ندى تێدا بێ بۆ سه‌ر فراوانخوازيى ناوچه‌يیى ئێرانى و كار و كرده‌ى تيرۆريستى له‌ سه‌رانسه‌رى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و جيهاندا؛ هه‌روابێته‌وه‌ سنووردانان بۆ به‌رنامه‌ى په‌ره‌پێدانى مووشه‌كى بالستيكى. بۆ ئه‌وه‌ى تاران داخوازييه‌كانى ئه‌مريكا په‌سند بكا، پۆمپيۆ هه‌ندێ چه‌شه‌ى*‌ بۆ ئێران ڕوو كردووه‌ له‌ شێوه‌ى ئاساييكردنه‌وه‌ى پێوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا- ئێران، دامه‌زراندنه‌وه‌ى پێوه‌نديى ديپلۆماتى، پشتيوانيى ئه‌مريكا بۆ مۆدێرنكردنه‌وه‌ى ئابووريى ئێرانى و چاكردنه‌وه‌ى ڕايه‌ڵكه‌ دووقۆڵييه‌ ئابوورييه‌كان. گريمانه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئێران به‌ده‌م داخوازييه‌ 12 خاڵييه‌كه‌ى پۆمپيۆ به‌گشتى نايێ و، داخوازييه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى كاربگێڕيى ئه‌مريكايى به‌تايبه‌تى.

ترامپ له‌ گوتارى كشانه‌وه‌ له‌ JCPOA تارانى ئاگادار كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ده‌م داخوازييه‌كانى ئه‌مريكاوه‌ نه‌يێ، ئه‌وا خۆى تووشى "به‌هێزترين سزا له‌ مێژوودا" ده‌كاته‌وه‌. ئامانج له‌و سزايانه‌ زيانگه‌ياندنه‌ به‌ ئابووریى ئێرانى و كاربه‌ڕێوه‌بردنى سياسى له‌ ئێراندا، لێ مه‌رج نييه‌ ئه‌و سزايانه‌ داڕمان و داته‌پينى ڕژێميان لێ بكه‌وێته‌وه‌.

پێده‌چێ كاربگێڕيى ترامپ له‌سه‌ر له‌ نزيكه‌وه‌ هاوكارى له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانێتيى ناوچه‌يیى دژه‌ئێرانى، كه‌ له‌م چه‌ند مانگه‌ى دواييدا ده‌ستى پێ كراوه‌، به‌رده‌وام بێ. ئه‌م هاوپه‌يمانێتييه‌ له‌ عه‌ره‌بستانى سعوودى، به‌حرێن، ميرنشينه‌ يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌ب و ئيسڕائيل پێك دێ، بگره‌ به‌ته‌واوى هاوئاهه‌نگييان له ‌نێواندا هه‌يه‌. ئا به‌م پێيه‌ تاران ڕووبه‌ڕووى گۆشه‌گيرييه‌كى قووڵى نێوده‌وڵه‌تى، گورزى به‌رده‌وامى ئیسڕائيل له‌ بنكه‌ و باره‌گاكانى له‌ سووريا و ناجێگيريى زۆرى ناوخۆيى له‌به‌ر مه‌ينه‌تييه‌ ئابووری و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان ده‌بێته‌وه‌.

كاربگێڕيى ترامپ باوه‌ڕى وايه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانه‌كانيدا پێكه‌وه‌، ده‌توانێ گوشاره‌كانى خۆى بۆ سه‌ر تاران زێده‌تر بكا. ئه‌و كاربگێڕييه‌ ده‌توانێ ئه‌مه‌ بكا له‌ ڕێگه‌ى توندكردن و كشتكردنى** گرژييه‌ ناوخۆييیه‌كانى ئێران، له‌ ڕێگه‌ى پشتيوانيكردن له‌ نا‌ڕه‌زايه‌تييه‌ كارا و ناكاراكانى خه‌ڵكه‌وه‌، ته‌نانه‌ت تا ڕادده‌ى پێدانى چه‌كوچۆڵ به‌ ئۆپۆزيسيۆنى كه‌مينه‌یشه‌وه‌. ديسان، ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا نايه‌وێ ڕژێم له‌ ئێران بگۆڕێ و بيگه‌يه‌نێته‌ خاڵى ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڕاسته‌وخۆى سوپايى. كاربگێڕيى ترامپ به‌رده‌وام ده‌بێ له‌ گرتنه‌به‌رى ستراتيژييه‌كى توندوتۆڵ، پێگير، به‌ڵام كۆنه‌پارێز كه‌ به‌ توانا ئابوورى و سه‌ربازييه‌كانى خۆى  بكارێ ئێران ناچار بكات به‌ ئامانجه‌كانى خۆيدا بچێته‌وه ‌و، له‌ كۆتادا سه‌ر بۆ داخوازييه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى ئه‌مريكا بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ به‌رنامه‌ی نوكليارى و فروانخوازيى نه‌ريتيیانه‌ى [ئێران- ئاسۆ]‌ شۆڕ بكا. ڕووداوه‌كان به‌م شێوه‌يه‌ بكه‌ونه‌وه‌‌، زۆر به‌ قازانجى ئيسڕائيل ده‌بێ.

په‌راوێزه‌كان وه‌رگێر بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ دای ناون:

(1) دوازده‌ مه‌رجه‌كه‌ كه‌ مايك پۆمپيۆى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ى هيرتج له‌ ڕۆژى دووشه‌ممه‌، 21ى ئايار باسى لێ كردن، ئه‌مانه‌ن: 1) ئاشكراكردنى هه‌ر ورده‌كارييه‌ك كه‌ پێوه‌نديى به‌ به‌رنامه‌ نوكليارييه‌كه‌ى ئێرانه‌وه‌ هه‌بێ و ڕێگه‌دان به‌ ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تيى وزه‌ى ئه‌تۆمى، به‌رده‌وام شوێنه‌كان بپشكنێ. 2) ڕاگرتنى پيتاندنى يۆرانيۆم  و نه‌پاڵاوتنى پلۆتۆنيۆم و پێوه‌دانى ئه‌و كووره‌ ئه‌تۆمييانه‌ى به‌ ئاوى قوڕس كار ده‌كه‌ن. 3) ڕێگه‌ به‌ ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تيى وزه‌ى ئه‌تۆمى بدرێ بچێته‌ ناو هه‌موو وێستگه‌ نوكليارييه‌كانى ئێرانه‌وه‌. 4) دانانى سنوورێك بۆ مووشه‌كى باليستيكى و ئه‌و مووشه‌كانه‌ى ده‌كرێ سه‌رى نوكليارى هه‌ڵبگرن. 5) به‌ر‌هه‌ڵداكردنى هه‌موو ئه‌و ئه‌مريكى و هاووڵاتييانه‌ى كه‌ ده‌وڵه‌تنامه‌ى وڵاتانى هاوپه‌يمانى "واشنتۆن"يان هه‌يه ‌و له‌ ئێران ڕاگيراون و به‌ند كراون. 6) دانانى ڕادده‌يه‌ك بۆ پشتيوانيكردن له‌ گرووپه‌ تيرۆريستييه‌كان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، به‌ حزبوڵڵاى لوبنانى و بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماس و بزووتنه‌وه‌ى جيهادى ئيسلامیيشه‌وه‌، پشتيوانینه‌كردن له‌ بزووتنه‌وه‌ى تاڵيبان و تيرۆريسته‌كانى ديكه‌ له‌ ئه‌فغانستان و نه‌حه‌واندنه‌وه‌ى چه‌كداره‌كانى قاعيده‌ و پشتيوانینه‌كردن له‌ حوسييه‌كانى يه‌مه‌ن و، قاعيده‌ و گرۆ و ده‌سته‌ تيرۆريستييه‌كانى ديكه‌. 7) پشتيوانینه‌كردن له‌ تيرۆريزم له‌ ڕێگه‌ى فه‌يله‌قى قودسى سه‌ر به‌ سوپاى پاسدارانه‌وه‌. 8) دانانى ڕادده‌يه‌ك بۆ ڕه‌فتاره‌كانى تاران ده‌رهه‌ق به‌ ئيسڕائيل و ده‌وڵه‌ته‌ هاوپه‌يمانه‌كانى واشنتۆن له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا وه‌ك عه‌ره‌بستانى سعوودى و ميرنشينه‌كان. 9) به‌ڕيزه‌وه‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقدا و، كۆسپ و ته‌گه‌ره‌نه‌خستنه‌ به‌رده‌م چه‌ككردنى ميليشيا شيعه‌كان له‌ عێراق. 10) هه‌ڕه‌شه‌نه‌كردن له‌ پرۆسه‌كانى گواستنه‌وه‌ى ده‌ريايیى نێوده‌وڵه‌تى. 11) كێشانه‌وه‌ى سه‌رجه‌م ئه‌و هێزانه‌ى له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیى ئێراندان له‌ سووريا. 12) ڕاگرتنى شاڵاو و هێرشى سایبێرى.

(2) Heritage Foundation: دامه‌زراوه‌يه‌كى كۆنه‌پارێزى لێكۆڵينه‌وه‌يه ‌و له‌ 1973دا له‌ واشنتۆن دامه‌زراوه‌ و ڕۆڵێكى گرنگ له‌ سياسه‌تسازكردن له‌ ئه‌مريكا ده‌گێڕێ و يه‌كێكه‌ له‌و سه‌نته‌ره‌ كۆنه‌پارێزانه‌ى كه‌ كاريگه‌رييان زۆره‌ و هه‌ندێ له‌ كه‌سايه‌تييه‌ دامه‌زرێنه‌كانى ئه‌و دامه‌زراوه‌يه‌، له‌وانه‌ پۆل بريمه‌ر، پێگه‌ى گرنگيان له‌ كاربگێڕيى ئه‌مريكيدا پێ دراوه‌.

(3) JCPOA  كورتكراوه‌ى The Joint Comprehensive Plan of Action: واته‌ پلانى هاوبه‌شى هه‌مه‌لايه‌نه‌ بۆ كار؛ واته‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى نوكليارى له‌گه‌ڵ ئێران كه‌ له‌ 14ى ته‌مووزى 2015ه‌وه‌ مۆر كرا و له‌ 16ى 1ى 2016یشه‌وه‌ كه‌وته‌ كارپێكردن. لايه‌نه‌كانى ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ بريتى بوون له‌: ئه‌مريكا، ڕووسيا، چين، فه‌ڕه‌نسا، بريتانيا، ئه‌ڵمانيا و يه‌كێتيى ئه‌وروپا) له‌گه‌ڵ ئێران. لێ ئه‌مريكا به‌ بڕيارى 8ى ئايارى ئه‌مساڵ له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ كشايه‌وه‌.

 

  • دورون فيلدمان: كارمه‌ندى به‌شى پلاندانانه‌ له‌ ده‌سته‌ى نيشتمانيى ئيسڕائيلى بۆ ئيداره‌دانى بارى له‌ناكاو و، ماسته‌رى له‌ به‌رنامه‌ى ديراساتى ته‌ناهييه‌وه‌ هه‌يه‌؛ كۆلێژى زانسته‌ سياسييه‌كان و كاروباره‌كانى حكوومه‌ت و نێوده‌وڵه‌تى، زانكۆى ته‌لئه‌بيب.

 

وشه‌كان:

* چه‌شه‌: به‌ ورده‌ نان و خۆراك ده‌گوترێ كه‌ ڕاوچى بۆ نێچيرى ڕۆ ده‌كا. بۆ نموونه‌، بۆ ماسيگرتن له‌ ڕووبار و گۆماوه‌كاندا...

** كشتكردن: داوه‌ ده‌زوو، يان داوه‌ به‌ن كه‌ با بدرێ، پێى ده‌ڵێن كشتكردن.

 

سەرچاوە:

https://besacenter.org

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples