2018-06-02
نیشانەکانی سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزمی عێراقی لە دوای ڕووخانی سەددام حوسێن
ڕادیۆ فەڕەنسا
کارناسانی عێراق هاوپەیمانیی "سائیرۆن" بە نیشانەی سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزمی عێراقی دەزانن کە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ناسیۆنالیزمەکەی سەددام حوسێندا هەیە. ئەم ناسیۆنالیزمە لە ساڵی ٢٠٠٤ دا و لە یەکەمین شەڕی فەللوجەدا، کە دانیشتووانەکەی سوننە سەلەفییەکان بوون، سەری هەڵدا. سوننە سەلەفییەکان و شیعەکانی لایەنگری سەدر، ناکۆکییە ئایینی و دوژمنایەتییە دێرینەکانی خۆیان لە دژی هێزەکانی ئەمریکادا خستە لایەک. ناسیۆنالیزمەکەی ئێستا، بە گوتەی کارناسان، ڕەنگوبۆیەکی تیرەگەری و گرووپی و خێڵایەتی و پانعەرەبیی نییە و، خوازیاری یەکگرتنی گشت عێراقییەکانە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و ڕزگارکردنی لە هێزەکانی بێگانە.
دەرەنجامی هەڵبژاردنی عێراق کە ڕۆژی شەممە ١٢ی مایس بەڕێوە چوو، لە ١٩ی مایسدا ڕاگەیەنرا و لە ئاکامدا هاوپەیمانیی سائیرۆن زۆرترین ژمارەی کورسییەکانی بەدەست هێنا. ئەم هاوپەیمانێتییه کە لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر (مەلای ناودار و قسەڕۆیشتووی شیعە) و کومۆنیستەکان و نەتەوەخوازە عێراقییەکان پێک هاتووە، ڕەوتێکی بەهێزی سیاسییە کە دژی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراقدا و هەبوونی دەستی ئێران لە کێشەکانی وڵاتدا و، هەروەتر گەندەڵییە ئیداری و حکوومییەکانە. هاوپەیمانیی سائیرۆن ناتوانێ بە تاقی تەنیا حکوومەت پێک بهێنێ، چونکە وێڕای پێشەنگبوون لە هەڵبژاردندا، نەیتوانیوە زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێ و، تەنیا ٥٤ کورسیی لە ٣٢٩ کورسییەکانی پەرلەمانی دەست کەوتووە. بۆیە موقتەدا سەدر، ڕابەری هاوپەیمانی، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی مایس لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڕابەری هاوپەیمانیی "نەسر"، لە پێناو دامەزراندنی حکوومەتی ئاییندەدا کەوتە گفتوگۆ. هەڵبەت موقتەدا سەدر چونکە لە هەڵبژاردندا بەشداریی نەکرد، ناتوانێ پۆستی سەرۆکوەزیران وەرگرێ. سەدر ماوەیەک بەر لە هەڵبژاردنیش ڕای گەیاندبوو، لەگەڵ ڕەوتە سیاسییەکانی نزیک بە ئێرانی وەک "ئەلفەتح" و "حکوومەتی یاسا" بە ڕابەرایەتیی نووری مالیکی و، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" هاوپەیمان نابێ.
کارناسانی عێراق هاوپەیمانیی "سائیرۆن" بە نیشانەی سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزمی عێراقی دەزانن کە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ناسیۆنالیزمەکەی سەددام حوسێندا هەیە. ئەم ناسیۆنالیزمە ڕەنگوبۆی تیرەیی، گرووپی، خێڵایەتی و پانعەرەبیی پێوە نییە و خوازیاری یەکگرتنی گشت عێراقییەکانە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و ڕزگارکردنی لە هێزەکانی بێگانە. ئەو بزووتنەوەیە کە موقتەدا سەدر ڕابەرایەتیی دەکا، لە ڕاستیدا درێژەی هەمان بزووتنەوەیە کە لە دەیەی ١٩٩٠دا و بە هەوڵی باوکی (ئایەتوڵڵا محەممەد سەدر) سەری هەڵداوە. بەڵام هاوپەیمانێتیی بێپێشینەی موقتەدا سەدر لەگەڵ کۆمۆنیستەکان لە هەڵبژاردنی پارلەمانیی دوو حەفتەی پێشوودا دەری خست، کە ئەم بزووتنەوەیە لە داواکانی پێشووی خۆی دوور کەوتووەتەوە و، لە هەلومەرجی ئێستای عێراقدا نەک ئایین بەڵکوو یەکپارچەیی و بەرژەوندیی عێراقی کردووەتە ئامانجی خۆی.
ئایەتوڵڵا سەید محەممەد سەدر (باوکی موقتەدا سەدر) لە پێناو دامەزراندنی حکوومەتێکی ئیسلامیدا هەوڵی دەدا و دژایەتیی حکوومەتی بەعسی عێراقی دەکرد. کاتێک سەددام حوسێن نوێژی هەینیی قەدەغە کرد، پەیڕەوانی ئایەتوڵڵا سەید محەممەد سەدر لەسەر داوای خۆی و لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی شیعەدا، کە بەعسییەکان کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەی بەدەستەوە نەمابوو، نوێژی هەینییان دەکرد. سەرەنجام حزبی بەعس لە ١٩ی فێبریوهری ١٩٩٩ دا سەید محەممەد سەدر و دوو کوڕەکەی تیرۆر کرد. ئەم مەلا شیعەیە هەرچەند لەژێر کاریگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بۆچوونەکانی ئایەتوڵڵا خومەینیدا بوو، بەڵام لەو بڕوایەدا بوو کە شیعەکانی عێراق، خۆیان دەبێ بەڕێوەبەری خۆیان بن. سەدر لە زەمینەی مەرجەعییەتی شیعەیشدا خەنیمە سەرەکییەکەی ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی بوو کە لە سەردەمی سەددام حوسێندا بێدەنگیی هەڵبژاردبوو و خۆی لە بەرەوڕووبوونەوەی دەپاراست. وێڕای ئەوە، سیستانییش کە بە ڕەچەلەک ئێرانییە، دژی دەستێورەدانەکانی وڵاتانی بێگانە و بەتایبەت ئێرانە لە عێراقدا. سیستانی، ساڵێک بەر لە کەوتنی سەددام حوسێن، پەرتەوازەییی خەڵکی عێراقی بە ناپاکی زانی و، داوای یەکگرتنی لە سەرجەمی عێراقییەکان (لە شیعە و سوننەکانەوە بگرە تا کورد و مەسیحی و تورکمانەکان) کرد. سیستانی دژایەتیی حکوومەتی ئایینی لە شێوەی کۆماری ئیسلامییش دەکا.
ناسیۆنالیزمی عێراقی، کە ئێستا هاوپەیمانیی "سائیرۆن" نوێنەرایەتیی دەکا، لە یەکەمین شەڕەکانی فەللوجەدا، کە دانیشتووانەکەی سوننە سەلەفییەکانن، سەری هەڵداوە. لەو شەڕانەدا، کە لە ٤ی ئەپریلی ٢٠٠٤ دەستیان پێ کرد و لە مانگی مایسی هەمان ساڵدا کۆتایییان پێ هات، هێزەکانی ئەمریکی و سوپا نوێباوەکەی عێراق، نەیانتوانی دەست بەسەر فەلووجەدا بگرن و ڕزگاری بکەن. لەو جهنگەدا پتر لە ٦٠٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و نزیکەی ٢٠٠ شەڕکەر کوژران. لە هەمان کاتدا شیعەکانی باشووری عێراقیش ڕاپەڕین و، ئەمریکییەکان لە پێناو کپکردنەوەی ڕاپەڕینەکەیاندا هەوڵی گرتنی موقتەدا سەدریان دا. بەڵام سیستانی دەستبەجێ دژی ئەمریکییەکان بانگهێشتی لایەنگران و چەکدارانی خۆی لە چەند شارێکی وەک نەجەف و کوفە و بەسرە و ناسرییە و ڕۆژهەڵاتی بەغدا کرد.
سوننە سەلەفییهكان و شیعەکانی لایەنگری سەدر لە ئاست ئەمریکییەکاندا وازیان لە دووبەرەکی و دوژمنایەتییە دێرینەکانی خۆیان هێنا. خەڵکی گەڕەکە شیعەنشینەکانی کازمییە و گەڕەکە دەوڵەمەندنشین و سوننەکانی ئەعزەمییە لە ڕۆژی ٨ی ئەپریلی ٢٠٠٤دا کاروانێکی خواردەمەنییان بۆ فەللوجە بەڕێ کرد کە لە ٦٠ کامیۆن پێک هاتبوون. ڕابەرە سوننەکان و تەنانەت گرووپە توندڕەوە سوننەکانی عێراقی، بۆ بەرگریکردن لە موقتەدا سەدر ڕاپەڕین و، وێنەکانی ئەویان بەرز کردەوە. ئایەتوڵڵا سیستانی گشت عێراقییەکانی بانگهێشتی یەکگرتن و یەکڕیزی کرد و بێزاریی خۆی لە ئاست چەند گرووپێکی شیعە ڕاگەیاند کە پەلاماری مزگەوتەکانیان دابوو. هەروەها داوای لێبووردنی لە مەلا سوننەکان کرد و پارە و کەلوپەلی بۆ بیناکردنەوەی مزگەوتەکانیان دابین کرد.
بەشێک لە کارناسانی عێراق لەو بڕوایەدان کە هەستی نەتەوایەتی لە نێوان عێراقییەکاندا دیاردەیەکی نوێ نییە. ئەم هەستە لە شۆڕشە مەزنەکەی ساڵی ١٩٢٠دا و دژ بە بریتانییەکان سەری هەڵدا. هەرچەند ئەم شۆڕشە لە لایەن مەلا شیعەکانەوە ڕابەرایەتی دەکرا، بەڵام سوننەکانی عێراقیش دەستێکی باڵایان لەو ڕاپەڕینەدا هەبوو. ئامانجی ئەو ڕاپەڕینە، دابڕان لە بریتانیا و دامەزراندنی حکوومەتێکی نەتەوەیی بوو. دیارە سەرهەڵدانەوەی هەستی نەتەوەییی عێراقییەکان، لە دوای کەوتنی سەددام حوسێن و بڕانەوەی فیتنەی داعش، هەلێکی چاکی بۆ ڕەخساوە.
سەرچاوە: